پیری ڕەئیس
پیری ڕەئیس | |
---|---|
حاجی ئەحمەد محێدین پیری | |
لەدایکبوون | ئەحمەد محێدین پیری ١٤٦٥ |
مەرگ | ١٥٥٣ (٨٧–٨٨ ژیاوە) |
نەتەوە | کورد |
سەردەم | ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی |
کارە ناودارەکان | کێشانی نەخشەی پیری ڕەئیس |
ئایین | موسڵمان |
خزمەکان | کەمال ڕەئیس (مام) |
حاجی ئەحمەد محێدین پیری (بە کوردیی باکووری: Ehmed Muhîdîn Pîrî) ناسراو بە پیری ڕەئیس (یان ڕەیس)، گەورە زانا و ئەدمیڕاڵێکی کورد[ژێدەر پێویستە] بوو لە کەشتی گەلیی عوسمانییەکان، نەخشەی تەواوی زەوی کێشاوە زۆر بە وردی. ئەم زانا کوردە لە نێوان ساڵەکانی ١٤٦٥ بۆ ١٥٥٣ ژیاوە.[١]
زانایەکی موسڵمانی کورد بوو و شارەزا بووە لە جوگرافیا و ئەندازیاریی نەخشەسازی، بەتایبەتی زۆر شارەزا و تێگەیشتوو بووە لە نەخشە دێرینەکاندا. ھۆکاری ناسرانی بە پیری ڕەئیس بۆ ئەو شوێنە دەگەڕێتەوە کە لێی لەدایکبووە کە خەڵکی ناوچەی پیرانە لە باکووری کوردستان.[ئ] وشەی ڕەئیس دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆک بووە لە سوپای کەشتی گەلی عوسمانییەکان و سەرکردایەتی زۆربەی شەڕەکانی کردووە دژی پورتوگالییەکان. ئەم زانایە لەگەڵ کەشتی گەلی عوسمانییەکاندا زۆر شوێنی جیھان گەڕاوە تا زانیاری لەسەر جوگرافیای زەوی کۆبکاتەوە لەگەڵ ھەموو ئەو نەخشە کۆنانەی ھەبوون و دەستی کەوتووە تا بیانکاتە نەخشەیەکی تەواو؛ بۆیە سوپای دەریایی عوسمانی ڕێیان پێدا بوو سوود لە کتێبخانەی قوستەنتینە وەربگرێت وەک سەرچاوەی کارەکانی.[٢] نووسەر محەممەد عەلی سەلمان بەدرێژای ٣ ساڵ لێکۆڵینەوەی لەسەر ژیانی پیری ڕەئیس کردوە، و کوردبونی ئەم زانا کوردەی لەسەر دەستنوسەکەی دۆزییەوە وەک لە کتێبەکەیدا باسی کردووە بە ناوی پیری ڕەئیس: ئەو کوردەی ئەمریکای دۆزییەوە.
لە کۆشکی تۆپکای شاری ئەستەمبوڵ لە ساڵی ١٩٢٩ نەخشەکانی ئەم زانایە دۆزرایەوە لەگەڵ کتێبەکەیدا بە ناوی «پەڕتووکی دەریا» کە باسی وردەکاری نەخشەکەی تێدایە، بەزۆریی سەبارەت بە دەریای ناوەڕاست، دەریای سوور، دەریای ڕەش، زەریای ئەتڵەسی، کیشوەرەکان، ڕووبارەکان، کەشوھەوا، بەرز و نزمی ڕووی زەوی و زنجیرە شاخەکان.[٣] ئەم زانایە توانیویەتی ھەموو نەخشەی جیھان زۆر بە وردی لەسەر پێستی ئاسک بکێشێت بە سوود بینین لە توانای خۆی و نەخشە دێرینەکان کە دەستی کەوتوون، کە شارەزایییەکی زۆری پێویستە بۆ تێگەیشتن لەو نەخشانە کە ھەندێکیان ھی ئەسکەندەری گەورە و زۆر پێش ئەویشە وەک لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێ داوە. پیری ڕەئیس، لە ساڵانی ١٥١٣ بەشێکی زۆری کارەکانی لە نەخشەی زەوی تەواو کردبوو، یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی نەخشەکەی ھەردوو کیشوەری ئەمریکا و بەستەڵەکی باشوورە کە بە وردی لەسەر نەخشەکە دیاری کردبوو، پاشان لە ساڵی ١٥٢٨ ھەموو نەخشەی زەوی تەواو کرد.[٤] لە نەخشەکەیدا زۆر بەوردی ھێڵەکانی درێژی و پانی جوگرافیای زەوی کێشاوە.
پیری ڕەئیس زۆر بە وردی پۆتانەکانی پانی و درێژی زەوی لەسەر نەخشەکە داناوە، ئەمەش کارێکی ئەستەمە و چۆنییەتی ئەم وردەکارییە تا ئێستا سەری لێ دەرناکرێت؛ چونکە لە ساڵی ١٧٦١ ئامێری کێشانی پۆتانەکانی درێژی و پانی زەوی دۆزرایەوە، کە ئەویش لەلایەن زانای بەڕیتانی، جۆن ھاریسن بوو. ھەر لەبەر ئەوەیە کە نەخشەکەی پیری ڕەئیس ھەتا ئەمڕۆ جێی سەرسووڕمانە، و زانیاری و شوێنی نەزانراوی وەھای تێدایە کە تەنھا لەو نەخشەیەدا ھەیە، بۆ نموونە لە کتێبەکەیدا لە ساڵی ١٥٥٩ نەخشەی خاکێکی تێدایە پانتایییەکەی ١٦٠٠ کم ھەردوو ئالاسکا و سیبیریا وەک پردێک بە یەک دەگەیەنێت بەڵام بەھۆی توانەوەی بەفری جەمسەری باکوور و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا، ئەو پردی بەیەکبەستنە ئێستا دیار نەماوە.
تێبینییەکان
[دەستکاری]- ^ ئەو شوێنەی کە شێخ سەعیدی پیران لێی لەدایکبووە
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ كهریم، ماكوان (2019). «Piri Reis». DBpedia. له كتێبی ئهزمونێك له مێژووی گهلان. 2019. pp. 29–30.
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: url-status (بەستەر) - ^ Nizamoglu، Cem (2002-06-01). «Piri Reis and his Place in Ottoman Maritime History». Muslim Heritage. لە 2023-08-28 ھێنراوە.
- ^ Nizamoglu، Cem (2010-02-13). «Piri Reis: A Genius 16th-Century Ottoman Cartographer and Navigator». Muslim Heritage. لە 2023-08-28 ھێنراوە.
- ^ «Piri Reis map». DBpedia.
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: url-status (بەستەر)
- دەروازەی ئیسلام
- دەروازەی ژیاننامە
- دەروازەی جوگرافیا
- دەروازەی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی
- دەروازەی تورکیا
- دەروازەی کوردستان
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە پیری ڕەئیس تێدایە. |