پارمێنیدیس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە پارمێنیدسەوە ڕەوانە کراوە)
پارمێنیدس
Parmenides
Παρμενίδης
پارمێنیدس
سەردەمسەرەتای فەلسەفەی سوقراتی
ناوچەفەلسەفەی ڕۆژئاوایی
بایەخی داوە بەمیتافیزیک، ئۆنتۆلۆجی
بیرۆکە گرنگەکانفەلسەفەی چارەنووسی، ڕاستی بنچینەیی

پارمێنیدس فەیلەسووفێکی یۆنانیی سەر بە فێرگەی ئیلیایییەکانە کە لە سەدەکانی ٥ و ٦ی پێش زایینیدا ژیاوە. ئەو لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و ناودار لە کۆلۆنیی یۆنانیی ئێلیا ھاتە دنیاوە. ڕێکەوتی لەدایکبوون و مردنی تەواو ڕوون نییە و یەکلایی نەبووەتەوە. دیۆژێنیس لائێرتیۆس دەڵێ بەر لە ۵۰۰ی پێش زایین گەورە و پێگەیشتوو بووە، کە ئەمە ساڵی لەدایکبوونی دەخاتە دەوروبەری ۵۴۰ی پێش زایینەوە. بەڵام، لە دیالۆگی پارمێنیدیسدا، ئەفلاتوون دەڵێ ئەو کاتەی پارمێنیدیس سەردانی ئاتینای کردووە ۶۵ ساڵی بووە، سوقراتیش لاو بووە، کە دەکاتە ۴۵۰ی پێش زایین. ئەگەر ئەمە ڕاست بێ، ساڵی بەدنیاھاتنی دەبێتە ۵۱۵ی پێش زایین. ھەر چۆنێک بووبێ، وا بیر دەکرێتەوە کە لە ۴۷۵ی پێش زاییندا زیندوو و چالاک بووە.

تاقە کاری ناسراوی پارمێنیدیس شیعرێکە کە ناونیشانە سەرەکییەکەی نەزانراوە، بەڵام، ئەغڵەب بە ناوی «لە بابەت سروشتەوە» دەناسرێ. تەنیا پارچەگەلێکیشی لێ ماوەتەوە. لەو شیعرەدا، پارمێنیدیس دوو ڕوانگە بۆ واقیع دەنوێنێ. یەکەم ڕوانگە لە ڕێگای ڕاستییەوە بۆی دەچێ و، دووەم ڕوانگە لە ڕێگای بیروڕاوە. لە ڕوانگەی یەکەمەوە، گشت واقیع یەکە و، گۆڕان دەستنەداوە و، ھەبوونیش ھەمیشەیی و یەکشێوەیە. لە ڕوانگەی دووەمەوە، جیھان جیھانی ڕواڵەتەکانە، کە تێیدا ھەستەکانی ئینسان بەرەو تێگەیشتنێکی ھەڵەی دەبەن و دەیخەڵەتێنن.

پارمێنیدێس وەکوو بناخەدانەری ئۆنتۆلۆجی ڕەچاو دەکرێ و، بەھۆی ئەو کاریگەرییە کە لەسەر ئەفلاتوون ھەیبووە، کاریگەری لەسەر گشت مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوایی داناوە.

فەلسەفەی پارمێنیدیس[دەستکاری]

پارمێنیدس بوون بە شتێکی ھەمەکی دادەنێت و پێی وایە نەگۆڕە و نەجووڵاوە. چونکە کاتێک بوون دەگۆڕێت، دەبێت لە فۆرمێکەوە بۆ فۆرمێکی تر بێت، وەک گەرمکردنی ئاو و بوونی بە ھەڵم. ئەگەر بێت و بوون بگۆڕێت دەبێت ببێت بە شتێک کە بەدەر بێت لە بوون. گریمان ببێت بە نەبوون، بەڵام ئەو باوەڕی بە نەبوون نییە، کەواتە گۆڕانەکە لە «بوون»ەوە بۆ «بوون»ە و، ئەمەش گۆڕان نییە. ئەو بوونەی کە پارمێنیدیس باسی دەکات ھەمەکییە و ھەموو بابەتێکی ھەمەکیش تەنیا لە ڕێگەی ئەقڵەوە پێ دەزانرێت و ھەست پەی پێنابات و نایدۆزێتەوە. چونکە ئەم فەیلەسووفە بە ھەموو شێوەیەک ھەستەکان ڕەت دەکاتەوە و بە بڕوای ئەو ھەبوون ھەیە و ناتوانیت بڵێیت نییە، نەبوونیش نییە و ناتوانیت بڵێیت ھەیە و بیری لێ بکەیتەوە.

پارمێنیدیس باوەڕی وایە بۆ زانین دوو ڕێگا ھەیە: یەکەمیان ھەستە کە ڕێگای گومانە و پێ ناوترێت زانین. دووەمیشیان ئەقڵە و یەقینە و دەتوانرێت پشتی پێببەسترێت.

سەرچاوە[دەستکاری]

ماڵپەڕی نووسین - پارمێنیدس

پەراوێزەکان[دەستکاری]