ئارکیمیدز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ئارکیمیدز
Archimedes
(یۆنانی: Ἀρχιμήδης)
لێدوان=
ئارکیمیدز لە ساڵی ١٦٢٠ -وێنە لەلایەن دۆمینکۆ فێتی
لەدایکبوون٢٨٧ پ. ز
سیراکوز - ئیتالیا
مردن٢١٢ پ. ز
نیشتەجێسیراکوز
نەتەوەیۆنانی
بواری زانستیبیرکاری، فیزیا، ئەندازە، گەردوونناسی، داھێنان
ناسراو بە ھۆییاسای ئارکیمیدزیاسای ئارکیمیدز

ئەرخەمێدسی کوڕی سێرەکیوس (یۆنانی کۆن: Ἀρχιμήδης، ڕۆمانی: Arkhimḗdēs، یۆنانیی دۆری [ar.kʰi.mɛː.dɛ̂ːs];، ٢٨٧ پێش زایین - ٢١٢ پێش زایین) بیرکاریناس، فیزیاناس، ئەندازیار، داھێنەر و گەردوونناسێکی یۆنانی بوو. ئەگەرچی شتگەلێکی کەم لەبارەی ژیانییەوە زانراوە، ئەو بە یەکێک لە زانا پێشڕەوەکانی چاخی کلاسیک دادەنرێت. بە گشتی بە مەزنترین بیرکاریزانی چاخی کلاسیک و یەکێک لە مەزنترینی ھەموو سەردەمەکان دادەنرێت. ئەرخەمێدس پێشبینی جیاکاری و تەواوکاریی و شیکاریی مۆدێرنی کرد بە جێبەجێکردنی بنچینەی نەژمێردراوەکان و شێوازی دۆزینەوەی ڕووبەری ھاوکێشە بۆ دەرھێنان و بە وردیی سەلماندنی ژمارەیەک تێۆری ئەندازەیی لەوانە ڕووبەری بازنە، ڕووبەری ڕوو و بارستایی تەنی گۆیی و ڕووبەری ژێر چەماوە.[١]

دەستکەوتە بیرکارییەکانی دیکەی بریتی بوون لە دەرھێنانی وردیی ڕێژەی پای، دیاریکردن و لێکۆڵینەوەی لولەک کە بە ناوی ئەرخەمێدس خۆیەوە ناونرا و دروستکردنی سیستمێک بە بەکارھێنانی توان بۆ دەرخستنی ژمارەی گەورە. ھەروەھا یەکێک بوو لە یەکەمینەکان بۆ پراکتیزەکردنی بیرکاری لە دیاردەی فیزیاییدا، دۆزینەوەی گیراوەی نەگۆڕ و سەرژمێری، بە شیکردنەوەیەک بۆ بنەمای بەرزکەرەوەشەوە. ئەو بەناوبانگە بە دیزاین کردنی ئامێری وەکو پەمپی ئاو، بەرزکەرەوەی قورسایی، ئامێری بەرگریی جەنگیی بۆ پاراستنی شارەکەی، سێراکیوز، لە داگیرکردن.[٢][٣]

ئەرخەمێدس لەمیانەی دەستبەرسەراگرتنی سێراکیوزدا کۆچی دوایی کرد پاش ئەوەی لەلایەن سەربازێکی ڕۆمانییەوە کوژرا سەرەڕای ئەوەی فەرمانی ئەوەی پێکرابوو کە نابێت ئازاری پێ بگەیەنرێت. سیسرۆ ئەوە دەگێرێتەوە کە کاتێک سەردانی گۆری ئەرخەمێدسی کردووە، گۆڕەکەی سەرڕێژ کراوە بە گۆ و لولەک، کە داواکاریی ئەرخەمێدس خۆی بووە کە لەسەر کێڵەکەی دابنرێت وەک دەرخەری دۆزینەوە بیرکارییەکانی.[٤]

جیاواز لە داھێنانەکانی، نووسینەکانی ئەرخەمێدس لە بواری بیرکارییدا زۆر کەم ناسراو بوون لە چاخی کلاسیکدا. بیرکاریزانانی سەردەمی ئەلیکساندەر دەیانخوێندەوە و لێیان وەردەگرت بەڵام یەکەم کۆکردنەوەی تەواو و گشتگیری نووسینەکانی لە ساڵی ٥٣٠ پاش زایین لە لایەن ئیزیدۆری کوڕی میڵێتیسەوە لە قوستەنتینییەی بێزەنتی ئەنجامدرا لەکاتێکدا سەرنج لەسەر کارەکانی ئەرخەمێدس کە لە لایەن یوتۆشییەسەوە و لە سەدەی شەشەمی پاش زاییندا نووسرا، بۆ یەکەمجار بازنەی خوێندنەوەی کارەکانی فراوانتر کرد. ئەو چەند لەبەرگیراوەیەی نوسینەکانی ئەرخەمێدس کە لە چاخەکانی ناوەڕاستەوە مابوونەوە، سەرچاوەیەکی کاریگەر بوون بۆ زانایان لە سەردەمی ڕێنیسانسدا، لە کاتێکدا دۆزینەوەی چەند کارێکی ئەرخەمێدس لە ساڵی ١٩٠٦ دا کە پێشتر نەزانرابوون لە کتێبی Archimedes Palimpsest دا دەرچەی تری خستە ڕوو لە بارەی ئەوەی کە چۆن گەیشتووە بە دەرئەنجامە بیرکارییەکانی.[٥]

ژیاننامە[دەستکاری]

ئەرخەمێدس لە ساڵی ٢٨٧ ی پێش زایین لە بەندەری شاری سێراکیوز لە سیسیلی لەدایکبووە کە لەو کاتەدا شارەکە داگیرکراوێکی خۆ بەڕیوەبەر بوو لە ناوچەی ماگنا گریشیا. ڕێکەوتی لەدایکبوونی لەسەر بنەمای وتەیەکی مێژووناسی بێزەنتینی یۆنانیی جۆن سێتزسە کە گوتبووی ئەرخەمێدس ٧٥ ساڵ ژیاوە. لە کتێبی The Sand Reckonerدا ئەرخەمێدس باوکی بە ناوی فیدییەس دەناسێنێت، گەردوونناسێک کە ھیچی وای لەبارەوە نازانرێت. پلوتارخ لە کتێبی Parallel Lives دا نووسیویەتی کە ئەرخەمێدس پەیوەندی بە پاشا ھییەرۆی دووھەمەوە ھەبووە کە حاکمی شاری سیراکیوز بوو. ژیاننامەیەکی ئەرخەمێدس لە لایەن ھیرەکڵایدسی ھاوڕێیەوە نوسرا بەڵام کارەکەی ون بوو و ئەوەش وردەکاری ژیانی ئەرخەمێدسی بە نادیاری ھێشتەوە. بۆ نموونە نازانرێت گەر ھاوسەرگیری کردبێت یانیش منداڵی ھەبووبێت. لە ماوەی تەمەنی گەنجیدا ئەرخەمێدس وا پێ دەچێت لە شاری ئەسکەندەرییەی میسڕ خوێندبێتی کە کانۆنی کوڕی سەیمۆس و ئێرۆتاسبنیسی کوڕی سایرونی ھاوزەمانی بوون. وەکو ھاوڕێ ئاماژەی بە کانۆنی کوڕی سەیمۆس داوە بەڵام دوو لە کتێبەکانی The Method of Mechanical Theorems و the Cattle Problemپێشەکییەکەیانی پیشکەش بە ئێرۆتاسبنیس کردووە.

ئەرخەمێدس لە ساڵی ٢١٢ ی پێش زایین لە شەڕی پەنییکدا کۆچی دوایی کرد کاتێک ھێزەکانی ئیمراتۆرییەتی ڕۆمانی بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵ مارکۆس کلۆدیۆس مارسیلۆس دوای دوو ساڵ گەمارۆدان دەستیان گرت بەسەر شاری سارکیوزدا. بە پێی وادانانێکی پلوتارخ، لە کاتی دەتبەسەراگرتنی شارەکەدا، ئەرخەمێدس بیری لە دانانی ھێلکارییەکی بیرکاریی کردۆتەوە. سەربازێکی ڕۆمانی فەرمانی پێکرد کە بڕوات بۆ بینینی جەنەراڵ مارسیلۆس بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە بڕوات و گوتبووی کە دەیەوێت کارکردن لەسەر ئەو ھێڵکارییە تەواو بکات. سەربازەکە بەمە ھەڵچوو و بە شمشێرەکەی ئەرخەمێدسی کوشت. پلوتارخ وادانانێکی کەمتر ناسراویش دەخاتە ڕوو کە دەکرێت ئەرخەمێدس لە ھەوڵی خۆبەدەستەوەدانی بۆ سەربازێکی ڕۆمانی کوژرابێت. بە پێی ئەم چیرۆکە ئەرخەمێدس کەرەستەی بیرکاری ھەڵگرتبوو و لەبەر ئەوە کوژرا کە سەربازەکە وای بیرکردەوە کەرەستەی بەنرخ بن. دەگوترێت جەنەڕاڵ مارسیلۆس بە مەرگی ئەرخەمێدس زۆر تووڕە بووە و ئەوی بە سەرمایەیەکی زانستیی بەنرخ داناوە و فەرمانی دابوو کە ھیچ زیانێکی پێ نەگات. مارسیلۆس بە ئەرخەمێدسی دەگوت «زەبەلاحی ئەندازە».[٦]

دوایین وتەکانی ئەرخەمێدس "بازنەکانم تێک مەدەن"ە وەکو ئاماژەیەک بە بازنەکانی نێو کێشراوە بیرکارییەکانی کە دەبوو لێکۆڵێنەوەیان لەسەر بکات کاتێک لەلایەن سەربازە ڕۆمانییەکەوە تێک و پێکدران. ئەم وتەیە زۆرجار لە زمانی لاتینییدا بە "Noli turbare circulos meos," دێت بەلام بەڵگەیەکی پشتپێبەرستراو نییە پیشانی بدات کە ئەرخەمێدس ئەوەی گووتبێت و لە گریمانەکەی پلوتارخیشدا نەھاتووە. ڤالیریۆس ماکسیمس لە پەڕتووکی " ئەو وتە و کردانەی بیرناچنەوە" لە سەردەی یەکەمی پێش زاییندا، دەستەواژەکە بەم جۆرە دەنوسێت" ...sed protecto manibus puluere 'noli' inquit, 'obsecro, istum disturbare'" بە مانای " بەڵام بۆ پاراستنی دەستکەوتەکەی گوتی 'لێتان دەپاڕێمەوە ئەمە تێک مەدەن'." ئەم دەستەواژەیە لە یۆنانی کاسرۆڤیساشدا بەم جۆرە ھاتووە

""μὴ μου τοὺς κύκλους τάραττε!" (Mē mou tous kuklous taratte!

گۆڕەکەی ئەرخەمێدس ھەڵکۆڵینێکی پێوە بوو کە نمونەی سەلماندنە بیرکارییە دڵخوازەکەیەتی و پێکھاتووە لە گۆیەک و لولەکێک بە ھەمان بەرزی و تیرەی بازنەوە. ئەرخەمێدس ئەوەی سەلماند کە قەبارە و ڕووبەری ڕووی گۆ دەکاتە دوو لەسەر سێی لولەک بە بنەکەکەشییەوە. لە ساڵی ٧٥ ی پێش زایین و ١٣٧ ساڵ پاش مردنی، وتاربێژی ڕۆمانی سیسیریۆ وەکو ژمێریار لە سیسیلی کاری دەکرد. گوێبیستی چیرۆک دەبوو لە بارەی گۆڕەکەی ئەرخەمێدسەوە بەڵام ھیچ یەک لە خەڵکی ئەو دەڤەرە شوێنی گۆڕەکەیان نەدەزانی. دواجار گۆڕەکەی لە نزیک دەرگای ئەگرجەنتینەوە لە سەراکیوز دۆزییەوە کە لە دۆخێکی بایەخپێنەدراو و پڕ لە گژوگیای کێویدا بوو. سیسیریۆ گٶڕەکەی پاک کردەوە و توانی نەخشیندراوەکەی سەر گۆڕەکە ببینێت و چەند دێڕە شیعرێکیش کە وەکو نووسین بۆی دانرابوون. لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٦٠دا گۆڕێک لە زەوییە دەشتایییەکانی دەوروبەری ئۆتێل پانۆراما لە سێرکویز دۆزرایەوە و وا ناسێنرا کە گۆڕی ئەرخەمێدس بێت بەڵام ھیچ بەڵگەیەکی قایلکەر بۆ ئەوە بوونی نەبوو و لە ئەمڕۆدا شوێنی گۆڕەکە نادیارە.[٧]

سەرچاوە ستانداردەکانی ژیانی ئەرخەمێدس پاش ماوەیەکی درێژ لە مردنی لەلایەن مێژوونووسانی کۆنی ڕۆمەوە نووسراون. وادانانەکەی پۆلیبییەسیش لە بارەی گەمارۆدانی سیرەکویز لە کتێبی The Histories دا بە نزیکەی حەفتا ساڵ پاش مردنی نووسراوە و دواتریش لە لایەن ھەریەک لە پلوتارخ و لیڤییەوە بەکارھێنراوە. لەوێدا پەردە لەسەر ژیانی ئەرخەمێدس وەکو کەسایەتییەک ھەڵدەداتەوە و تیشک دەخاتە سەر ئەو ئامێرە جەنگییانەی کە دەیگوت بۆ پارێزگاریکردن لە شارەکەی دروستی کردووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Knorr، Wilbur R. (1978). "Archimedes and the spirals: The heuristic background". Historia Mathematica. 5 (1): 43–75. doi:10.1016/0315-0860(78)90134-9Freely accessible. "To be sure, Pappus does twice mention the theorem on the tangent to the spiral [IV, 36, 54]. But in both instances the issue is Archimedes' inappropriate use of a "solid neusis," that is, of a construction involving the sections of solids, in the solution of a plane problem. Yet Pappus' own resolution of the difficulty [IV, 54] is by his own classification a "solid" method, as it makes use of conic sections." (p. 48) 
  2. ^ "Archimedes". Collins Dictionary. n.d. لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  3. ^ "Archimedes (c. 287 – c. 212 BC)". BBC History. لە ڕێکەوتی 2012-06-07 ھێنراوە. 
  4. ^ John M. Henshaw (10 September 2014). An Equation for Every Occasion: Fifty-Two Formulas and Why They Matter. JHU Press. پەڕە 68. ISBN 978-1-4214-1492-8. Archimedes is on most lists of the greatest mathematicians of all time and is considered the greatest mathematician of antiquity. 
  5. ^ Stephen Hawking (29 March 2007). God Created The Integers: The Mathematical Breakthroughs that Changed History. Running Press. پەڕە 12. ISBN 978-0-7624-3272-1. Archimedes, the greatest mathematician of antiquity, ... 
  6. ^ Rorres، Chris. "Tomb of Archimedes – Illustrations". Courant Institute of Mathematical Sciences. لە ڕێکەوتی 2011-03-15 ھێنراوە. 
  7. ^ Rorres، Chris. "Siege of Syracuse". Courant Institute of Mathematical Sciences. لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە 9 June 2007. لە ڕێکەوتی 2007-07-23 ھێنراوە.