عەبدوڵڵا بەگ بێناری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
وێنەى عەبدوڵڵا بەگى بێنارى لە نزیک رەواندز ١٩١٧

عەبدوڵڵا بەگی بێنارێ (بە عەرەبی: عبدالله بيگ بينارى)، (١٨٨٠ — ١٩٣٩) دوامین میری میرنشینی برادۆستی مەرگەوەڕ و ورمێ. عەبدوڵڵا بەگ کوڕی جەھانگیر کوڕی میر سوڵتان لە نەوەی خانی لەپزێڕینی پاڵەوانی داستانی قەڵای دمدم.[١] کە ھەردووکیان بە دەستی عەجەمان نامەردانە کوژراون. خانی دمدم لە ١٦٠٩[٢] و سولتان ئەحمەد لە ١٨٥٤.[٣] قەلای بێنار کەوتۆتە سێکوچکەی سنووری ئێران عیڕاق و تورکیا دوا پێگەی میرانی برادۆست بووە کە نەکەوتبووە ژێر دەسەلاتی عەجەمان. رۆژگاری میرایەتی عەبدولا بەگ پڕ بووە لە ئالنگاری ناوخۆیی و دەرەکی.

پاش نەمانی زۆربەی میرنشینە کوردیەکانی نێو رچەی میرانی شەرەفنامە، دەوڵەتی عوسمانی پشتگیری بنەماڵەی شێخی نەھری شەمزینان[٤] وسەرۆک ھۆزەکانی ھەرکی و شکاکی دەکرد تا لە شەڕی رووس و یاخی بووە ئەرمەنەکان کەلکیان لێ وەربگرێت و ھەژموونی ئێران لەسەر سنوورەکانی رۆژھەلاتی دەوڵەتەکەی کز بکات.

دەڤەری سۆمابرادۆست و مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ کە زێدی میرانی بەگزادەى برادۆستە، کەوتە ژێر کاریگەری ئەم دۆخە پەشێوەی که دوای بەرپابوونی جەنگی جیھانی یەکەم (١٩١٤-١٩١٧) ھاتبووە کایەوە و بوو بە شەڕگەی نێوان لەشکری رووسیای قەیسەری و لەشکری دەوڵەتى عوسمانى .

کە ئاسووریەکانی ھەکاری ناچار بوون زێدی خۆیان جێبھێڵن و پەنایان بۆ لەشکری رووس برد لە سەڵماس و ورمێ، سمکۆی شکاک بەهۆکارێکى نەزانراو، مارشەموونی گەورەی ئاسووریەکانی لە نزیک سەڵماس کوشت . ئاگرى دووبەرەکى نێوان کورد و ئاسوورى پەرەى سەند و بەسەدان کەس بوونە قوربانى. گوندەکانی دەشتی ورمێ تا رەواندز کەوتنە بەر پەلاماری لەشکری رووس و ھاوپەیمانە ئەرمەنی و ئاسووریەکان.

عەبدوڵڵابەگی بێناری لە شۆرشی سمکۆی شکاک دژ بە ئێران [٥] و لە بەرگریکردنی لەشکری رووس لە رەواندز رۆڵی دیاری ھەبووە. نورالله ى برای لە شەڕی تیاریەکان لە نزیک ورمێ کوژرا.

لە دوای دامرکانەوی ئاگری شۆڕشی سمکۆ و کشانەوەی رووسەکان لە ١٩١٧ عەبدولابەگی بێناری لەلایەن دەوڵەتی ئێران دەستبەسەر دەکرێت و نەفی دەکرێت بۆ قەزوین و زەنجان. فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، بەلام بە ھۆی مەیانگیری پیاوماقولانی ئەفشاری ورمێ عەفوو دەکرێت و دەگەڕێتەوە کوردستان .

دواى ساڵى 1922 ناچار زێد و موڵکى باپیرانى خۆی لە مەرگەوەڕ و دۆڵێ جێدەهێلێت لەگەڵ سمکۆ و زۆرێک لە سەرناسانی کوردی ورمێ دەپەڕنەوە دیوی سیدەکان کە ئەوسا لەژێر حوکمڕانی ئینگلیزدا بوو. کە سمکۆ ساڵی ١٩٣٠ بە پیلانێکی حکومەتی ئێران لە شنۆیە کوژرا، عەبدوللا بەگ ئومێدبڕ دەبێت لەگەڕانەوە بۆ سەر زێدو موڵک وماڵی خۆی ، سیدەکان دەببێتە دوامەنزڵگای. لە دەورى سالی ١٩٤٠ کۆچی دووایی دەکا و لە گۆرستانی شیشکانى سیدەکان دەنێژرێت.

عەبدوڵڵا بەگ لە نێو خەڵکی برادۆست و ھەرکی و شکاک و ئەفشاری ئورمیە ناسراو بووەو خاوەن کەسایەتیێکی بەڕێز بووە. بەسەرھاتەکانی وەک لاوک لەسەر مێرخاسی ئەو کەڵەمێردە تا ئێستاش دەگوترێنەوە.

نەوەکانی عەبدوللابەگی بێناری ئەمڕۆ لەھەردوو دیوی برادۆست لە ورمێ (مەرگەوەر) و ھەولێردا دەژین و لەسەر رێچکەی باپیرەی خۆیان خزمەت بە نیشتمان و گەلەکەیان دەکەن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ دمدم، قەڵاى. ئیرانیکا ئۆنلاین http://www.iranicaonline.org/articles/dimdim.  ون یان واڵا |title= (یارمەتی)
  2. ^ "بابەتى برادۆست لە ئیرانیکا.". http://www.iranicaonline.org/articles/baradust-kurdish-bradost-name-of-kurdish-tribe-region-mountain-range-river-and-amirate. لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨.  بەستەرە دەرەکییەکان لە |website= (یارمەتی)
  3. ^ http://www.loghatnaameh.com/dehkhodaworddetail-5e7c1be8f86741169288603aa3fbe942-fa.html [لغتنامه دهخدا / واژه برادوست لغتنامه دهخدا / واژه برادوست] لە بەھای |url= دڵنیا ببەرەوە (یارمەتی).  ون یان واڵا |title= (یارمەتی); بەستەرە دەرەکییەکان لە |website= (یارمەتی)
  4. ^ لازاریف، واسیلییه‌وا (٢٠٠٥). تاریخ کردستان. تاران: نشر فروغ. پەڕەکان لا ١٣١–١٣٥. 
  5. ^ جینۆسایدى ئاسووریەکان، ١٩١٥. "مێژووى ورمێ". http://i-cias.com/e.o/assyrian_gc.htm. لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ١٥ی تەممووزی ٢٠١٧.  بەستەرە دەرەکییەکان لە |website= (یارمەتی)