بۆ ناوەڕۆک بازبدە

بۆشایی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەم وتارە لەبارەی چوارچێوەی گشتیی ئاراستە و دوورییەوە نووسراوە. بۆ بۆشاییی ئەوپەڕی کەشی زەوی، بۆشاییی دەرەکی ببینە. بۆ گشت بەکارچوونەکانی تر، بۆشایی (ڕوونکردنەوە) ببینە.
سیستمی پۆتانەکانی کارتێزییەنی سێ ڕەھەندی

بۆشایی یان فەزا ئەو بەرفرەیییە بێسنوور و سێ ڕەھەندییەیە کە شتەکان و پێشھاتەکان تێیدا ڕوو دەدەن و ئاراستە و شوێنیان بەگوێرەیییە.

لە فیزیکدا، زۆرتر بۆشایی لە سێ ڕەھەنددا (پانی و درێژی و بەرزی) لە بەرچاو دەگیردرێ. ھەرچەند کە فیزیکزانەکانی ئەم سەردەمە بۆشایی وێڕای کات، بە بەشێک لە تێکتەنراوییەکی چوار ڕەھەندیی بێسنوور ناسراو بە کاتجێ دەزانن.

لە ماتماتیکدا، ژمارەی ڕەھەندەکانی بۆشایی دەتوانێ ھەر چییەک بێ.

دەوترێت کە چەمکی بۆشایی گرنگی و بایەخی بنەڕەتیی ھەیە بۆ تێگەیشتن لە گەردوونی فیزیکی. ئەمە لەگەڵ ئەوەدایە کە نایەکدەنگیی نێوان فەیلەسووفەکان لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ بۆشایی خۆی بوونێکە، یان پێوەندییەکە لە نێوان بوونەکاندا، یان بەشێکە لە چوارچێوەیەکی تێگەیشتەیی، ھەر بەردەوامە.

زۆرێک لە پرسە فەلسەفییەکان لە سەدەی حەڤدەھەم و لە سەرەتای گەشەی میکانیکی کلاسیکدا سەریان ھەڵدا. لە ڕوانگەی ئیساک نیوتنەوە، بۆشایی ڕەھا (absolute) بوو - بە واتای ئەوە کە ئازاد و سەربەخۆ لە بوونی ماددە تێیدا، ھەردەم ھەبووە. دیکەی فەیلەسووفە سروشتییەکان، وەکوو گۆتفرید لایبنیتز، وا بیریان دەکردەوە کە بۆشایی کۆمەڵێک پێوەندی لە نێوان شتەکان بێت کە ئاراستە و دوورییان لە یەکتر، داویەتی بە دەستەوە. لە سەدەی ١٨ھەمدا، ئیمانوێل کانت بۆشایی و کاتی وەکوو ھێمانەکانی چوارچێوەیەکی ڕێکخراو وەسف کرد کە مرۆڤەکان بۆ شێوەدان بە ئەزموونەکانیان کەڵکی لێ وەردەگرن.

لە سەدەکانی نۆزدەھەم و بیستەمدا، ماتماتیکزانان دەستیان کرد بە تاوتوێکردنی ئەندازەی نائیقلیدسی کە تێیدا بۆشایی بۆی ھەیە چەماوە بێت، نەک تەخت.

وشەڕەتناسی[دەستکاری]

وشەی بۆشایی لە «بۆش»ی تورکی و پاشگری «-ایی»یەوە دروست بووە. بۆش بە ھەر شتێکی بەتاڵ و ھڵۆڵ دەوترێ.[١]

بۆشایی لە فەلسەفەدا[دەستکاری]

نیوتن و لایبنیتز[دەستکاری]

لە سەدەی حەڤدەھەمدا فەلسەفەی بۆشایی و کات وەکوو مژارێکی ناوەندی لە مەعریفەتناسی و مێتافیزیک‌دا خۆی نواند. لە ناودڵیدا، گۆتفرید لایبنیتس، فەیلەسووف و بیرکاری ئاڵمانی، و ئیساک نیوتن، فیزیکزان و بیرکاری ئینگلیزی، دوو بیردۆزی دژبەیەکیان سەبارەتی گەوھەری بۆشایی شرۆڤە کرد. لایبنیتس بۆشاییی بە بوونەوەرێک کە سەربەخۆیانە لە سەرووی ماددەوە بوونی ھەیە نەدەزانی؛ بە لای ئەوەوە، بۆشایی، زیاتر لە کۆمەڵێک پێوەندیی نێوان تەنەکانی ناو جیھاندا ھیچی تر نەبوو. ئەو دەیگوت: «بۆشایی ئەوەیە کە لە دانانی جێگاکان لە پاڵ یەکتردا بەرھەم دێت». بۆ لایبنیتز، بۆشایی دەرھەستکارییەکی ئارمانی بوو لە پێوەندییەکانی نێوان بوونەوەرە تاکەکان یان شوێنەکانیان (کە بۆیان ھەیە بیانبێت) و بەو بۆنەوە نەیدەتوانی بێناوبڕ بێت و پێویست بوو ناوبەناو و پچڕ پچڕ بێت. لەم ڕوانگەیەوە، بۆشایی وەکوو پێوەندیی نێوان ئەندامانی بنەماڵە وایە. ئەگەرچی ئەندامان لەگەڵ یەکتردا پێوەندییان ھەیە، بەڵام پێوەندییەکان سەربەخۆ و بەبێ ئەندامان بوونیان نییە.

نیوتن بە چەشنێک بۆشاییی لێکدەدایەوە کە لە پێوەندییەکانی نێوان شتە ماددییەکان زیاتر بێت و ھەڵوێستی خۆی لەسەر ڕوانین و تاقیکاری‌یەوە ڕۆدەنا. بۆ کەسێکی پێوەندیخواز ناکرێت ھیچ جیاوازییەکی ڕاستەقینە ھەبێت لە نێوان جووڵەی سرەوت (خاو)، کە تێیدا شتەکە بە خێرایییەکی نەگۆڕەوە ڕێگە دەبڕێت، و جووڵەی نەسرەوت، کە تێیدا خێرایی لەگەڵ کاتدا دەگۆڕێت.

کانت[دەستکاری]

لە سەدەی ھەژدەیەم ئیمانوێل کانت -ی فەیلەسووفی ئەڵمانی تیۆرییەکی مەعریفەناسانەی بنیات نا کە تێیدا ناسیاریی مرۆڤ لەبارەی بۆشایییەوە بە پێشینی (a priori) و تێکەڵ (synthetic) دانرابوو. کە دەوترێ پێشینی، مەبەست ئەوەیە کە لە ئەزموونەوە نەھاتووە و پێشتر لە زەیندا ھەبووە. ئەوەش کە دەوترێ تێکەڵە، مەبەست ئەوەیە کە ھەر قسەیەک کە مرۆڤ لە بابەت بۆشایییەوە دەیکات، ناکرێ تەنیا بە ھۆی مانای دانەدانەی وشەکانیەوە، ڕاست یا درۆی دیاری بکرێ. کانت، لە بەرھەمەکانی خۆیدا، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە بۆشایی و کات جەوھەر یا پەیوەندی بن. ئەو دەڵێ بۆشایی و کات خاوەن عەینییەت نین و، لە لایەن زەینی مرۆڤە دەخرێنە سەر ھەستپێکراوەکانیەوە، بۆ ئەوەی ئەزموونەکانی ڕێک بخات.[٢]

گاوس و پوانکارە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ نانەوازادە, عەلی (2017). فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی. Vol. بەرگی یەکەم. ستۆکھۆڵم. pp. 450, 451.
  2. ^ Lucas, John Randolph (1984). Space, Time and Causality. p. 149. ISBN 978-0-19-875057-4.