ئەحمەد کایا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ئەستێرەی وتاری باش
ئەم وتارە لە ئێستادا کاندید کراوە تا ببێت بە وتارێکی باش، یەکێکە لەو وتارانەی کە لەگەڵ سیاسەتە فەرمییەکانی وتاری باش دەگونجێت و پابەندە بە یاساکانییەوە. سەیری پڕۆسەی پاڵاوتنەکە بکە و ڕای خۆت بڵێ لەم پەڕەیە.
ڕێکەوتی پاڵاوتن: {{{1}}}
ئەحمەد کایا
لەدایکبوون٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧
مەلەدی، باکووری کوردستان،تورکیا
مەرگ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠(٢٠٠٠-11-١٦) (٤٣ ساڵ ژیاوە)
پاریس، فەرەنسا
نەژادکورد
پیشەشاعیر، گۆرانیبێژ، چالاکی سیاسی
ساڵانی چالاکی١٩٨٥ - ٢٠٠٠
خەڵاتەکان
  • خەڵاتی گۆرانیبێژی ساڵ - ١٩٩٩ - ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی تابلۆید (شەوی ئاژاوەکە)
  • خەڵاتی سەرۆکایەتی تورکیا - پاشمەرگ[١]
  • خەڵاتی داوای لێبوردن - ٢٠١٢ - ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی تابلۆید (ھەمان ڕێکخراوی شەوی ئاژاوەکە)[٢]
ماڵپەڕ
www.ahmetkaya.com

ئەحمەد کایا (٢٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٧ - ١٦ی تشرینی دوەمی ساڵی ٢٠٠٠)[٣][٤] گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنێکی کورد بوو کە لە شاری مەلەدیی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە دوای ئەوەی باوکی سازێکی بۆ کڕی، ئەحمەد لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریکی مۆسیقا بووە.[٥][٦] پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەرکەوێت، ماوەیەک لە ئەستەمبوڵ شۆفێری تەکسی بووە[٥] ھەروەھا لەگەڵ دۆستێکی خۆشەویستی بەناوی بەشار ئابی کاری شۆفێری پاسیشی کردووە.[٤]

کایا لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئەلبومی خۆی بە ناوی "مەگری کۆرپەکەم" بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوکاری بکات.[ژێدەر پێویستە] ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆکاری ساردبوونەوەی و بەھاوکاری دۆستەکانی یەکەمین ئەلبومی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام حکوومەت ئەلبومەکەی قەدەغە کرد.[٤]

کایا لە مناڵییەوە ڕۆحێکی یاخی ھەبووە و ھەندێک جاران لەگەڵ یاسا تووشی کێشە بووە، ھەر لەو کاتەوەی لە ١٦ ساڵیدا لەسەر چاپکردنی لافیتەی نایاسایی گیرا.[٦] لەگەڵ ھاوڕێکانیدا بەردەوام بوو لە مۆسیقا و گۆرانی لە «یانەی زانستەکانی خەڵک» کە وای کرد کایا زیاتر برەو بدا بە گیانە یاخییەکەی.[٦] ئەمەش دواتر لە زۆربەی ئەلبوم و گۆرانییەکانی کایادا ڕەنگ دەداتەوە و ڕووداوەکانی تری ژیانی کایاش بەدوای خۆیدا ئەھێنێت.[٧][١] لەیەکەم ھەوڵیشیدا بۆ دەرکەوتن، دوای کۆنسێرتێکی سازژەنی بەناوبانگ بە ناوی «ڕووحی سو»، چووە زانکۆی «بۆغاز ئیچی» و داوای لە ڕووحی کرد کە گوێ لە سازژەنینەکەی بگرێ. دوای ئەوەی داواکارییەکەی قبووڵ کرد، ڕووحی لە نیوەی ژەنینەکەی کایادا سازەکەی لەدەست وەرگرت و پێی وت «ساز نابێ بە شێوەیەک بژەنرێ وەک ئەوەی سواری ئەسپ بی، بەڵکو دەبێت بە نەرمی بیژەنی.» کایا لەسەر شێوازی ژەنینەکەی خۆی سوور بوو.[٤]

ژیانی[دەستکاری]

سەرەتای ژیانی[دەستکاری]

کایا پێنجەم و دوا مناڵی خێزانەکەی بووە، باوکی کورد و دایکی تورک بوو. باوکی بە ئەسڵ خەڵکی سەمسوور بووە و ڕۆیشتۆتە مەلەدی بۆ دۆزینەوەی کار. کاتێک کایا لەدایک بوو، باوکی لە کارگەیەکی دەوڵەتدا کاری دەکرد. دایک و باوکی و ھەر پێنج مناڵەکە لە خانوویەکی بچووکی کارگەکەدا دەژیان.[٧] لە نۆ ساڵیدا لە کارگەکەی باوکی دەستی بە گۆرانیبێژی کرد بۆ کرێکارەکانی تر لە شەوی جەژنی کرێکاراندا.[٤]

دوای ئەوەی گەورەتر بوو، کایا دەچوو بۆ خوێندنگە و کاتەکانی تریش لە فرۆشگەیەکی فرۆشتنی قەوان و کاسێتدا کاری دەکرد.[٤] ئیشکردن لەو فرۆشگایەدا وای لە کایا کرد کە بە شێوەیەکی باشتر شارەزای مۆسیقا و ئاوازدانان بێت.

ھاوسەرگیری لەگەڵ گولتەن[دەستکاری]

گولتەن کایا (پێش شووکردن بە کایا نازناوی خەیاڵئۆغڵوو بووە) دوای بڵاوکردنەوەی دووەم ئەلبوومی بەناوی "تێکئاڵان بە ئازار" ھاوسەرگیری ئەکات لەگەڵ کایا. لە ساڵی ١٩٨٥دا گویلتەن ھەڵبەستی "ئاوازی شەبەق"ی نەوزاد چەلیک ئەگەیەنێتە کایا کە بۆ دایکی نەوزاد نوسراوە لە سجنەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦یشدا "کاتێک دێ" بڵاو ئەکاتەوە. لەدوای ھاوسەرگیری لەگەڵ گویلتەن، کایا ئەبێتە ناسراوی یوسف خەیاڵئۆغڵوی برای گویلتەن کە زۆرێک لە گۆرانیەکانی کایا ھۆنراوەی ئەون.[٦]

شەوی خەڵاتەکە[دەستکاری]

گۆڕی ئەحمەد کایا لە پاریس. بە تورکی نوسراوە: لەلایەن کچەکەی مەلیس و ژنەکەی گولتەنەوە دروستکراوە بەو وزە و شەرەفەی بۆی بەجێ هێشتن

ئەحمەد کایا کە بە گۆرانییە کۆمەلایەتییەکانی لایەنگری خەڵکی ھەژار و کوردی تورکیا دەکات، ئەم شێوازەی گۆرانیوتن و لایەنگری کەمینەکان دەبێتە ھۆی لە بەندیخانە کران و قەدەغە بوونی گۆرانییەکانی کایا و ھەروەھا رێگای گۆرانی گوتنیشی لێ تەنگ دەکرێتەوە.

لە ١٠ی شوباتی ١٩٩٩ کایا براوەی خەڵاتێکی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسانی چاپی تابلۆید ئەبێت و براوەی خەڵاتەکە دەر ئەچێت.[٥] کاتێک خەلاتی باشترین گۆرانیبێژی ساڵ کە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا پەخش ئەکرێ وەردەگرێ، رایدەگەیەنێ: "من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبۆمە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم. گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبۆمە تازەکەم بڵاوبکەنەوە."[٧] دوای تەواو بوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێکی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: (خاین! بڕۆ دەرێ).

دادگایی کردن و دەرکران لە تورکیا[دەستکاری]

دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی خەیانەت بە نیشتمانی، دایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ رۆژنامەو دەزگای ڕاگەیاندن داوای حوکمی ئیعدامیشیان بۆ کرد. لەوانە ڕۆژنامەی حوڕییەت بوو کە یەکەم بابەتی دوو ڕۆژ دوای پەلامارەکەی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە یەکەم بابەتی دژی کایا بڵاوکردوە بە وێنەیەکی دروستکراو گوایە کایا لە بەرلین کۆنسێرتی کردوە و پارەی بۆ پەکەکە کۆکردۆتەوە کە ھەڵبەستراو بوو[٨][٩]. دواتریش چەن بابەتی دیکەی بە دواتا ھات[١٠]. بەڵام ئەحمەد کایا، لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە درابوونە پاڵی. لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەورووپا. دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٠ دە ساڵ زیندانی بۆ ئەو دا. ئەمەی خوارەوە بەشێکە لەو داکۆکینامەیەی ئەحمەد کایا لەبەردەم دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا پێشکەشی کرد لە ساڵی ١٩٩٩دا:

"لەساڵی ١٩٨٥ەوە مۆسیقارێکی پیشەییم. ژنم ھێناوە و دوو کیژی حەڤدەو دوازدە ساڵەم ھەیە. سەدان سترانم داناوەو گەلێ ئاوازیشم بۆ کەسانی دیکە داناوە. حەڤدە ئەلبومم بلاوکردۆتەوە کە چەندان میلیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە."..."لەولاتانی دنیا کۆنسێرتم کردوە و چەند جارێک وەک گۆرانیبێژی ساڵ لەلایەن دەزگا ھونەرییە جۆراوجۆرەکانەوە ھەڵبژێردراوم و خاوەن دەیان خەڵاتم. تا تەمەنی چلودوو ساڵی لەم وڵاتەدا بە تورکی بیرم کردۆتەوە، بە تورکی گۆرانیم نوسیوە و گوتوە. ھاوولاتییەکی ئەم دنیایەم کە خۆی بەموڵکی ھیچ ناوچەیەک نازانێ و ھەست و سۆزم سنوردار نەکردوە بە ھیچ شێوەیەک تا ئەو ڕادەیە کەسێکی مۆسیقاژەنم. دڵم ئەوەندە گەورەیە جێگای چاکەی گشت زمان و کولتوور و باوەڕو گۆرانییەکانی دنیای تێدا دەبێتەوە. خەڵاتێکی ترم وەرگرت (مەبەستی شەوی ١٠ی شوباتی ١٩٩٩یە) کەچی دنیام لێگۆڕا. لەلایەن ھەندێ ھێزی دیار و نادیارەوە بە یەک شەو تۆمەتی خەیانەت، دووبەرەکی خواز، ئەڵقە لەگوێ و بێئەدەب و بێئەقڵ و شێت یان دایە پاڵم."... "روانگەو قسەی مرۆڤێک، کە بنەمای ھەموو ئەم تۆمەتانە، لە ھیچ ولاتێکی پێشکەوتوو و یاسا پەروەردا بە تاوان و تۆمەت ناژمێردرێن".[١١]

کۆچی دوایی[دەستکاری]

لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، کاتێ بۆ سازکردنی کونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس "پیرلاشیز"[٣] بەخاک سپێردرا. یڵماز گونەیش ھەر لەوێ بەخاک سپێردراوە کە کایا گۆرانی "ناوی یڵماز"ەی بۆ وتوە. گویلتەنی خێزانی وتویەتی: "تا لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا بە کوردی گۆرانی نەوترێ ئەمەوێ مەزاری لە فەڕەنسا بێت".[٣]

ئەلبومەکانی[دەستکاری]

  • مەگری کۆرپەکەم (١٩٨٥)
  • تێکئاڵان بە ئازار (١٩٨٥)
  • ئاوازی شەبەق (١٩٨٦)
  • کاتێ دێ (١٩٨٦)
  • دیموکراتی ماندوو (١٩٨٧)
  • سەربەرزدەکەمەوە (١٩٨٨)
  • خوێندنەوە-١ (١٩٨٩)
  • گوڵێکی نیەت چاک - کۆد ناوی بەختیار (١٩٨٩)
  • خوێندنەوە-٢ (١٩٩٠)
  • دیواری خۆشەویستی (١٩٩٠)
  • توشی بەڵا بووم (١٩٩١)
  • بەرم مەکەوە ئەسوتێی (١٩٩٢)
  • ناجێگیر (١٩٩٣)
  • گۆرانیەکانم بۆ شاخەکانە (١٩٩٤)
  • بمدۆزەوە (١٩٩٥)
  • ئەستێرە و مانگاشەو (١٩٩٦)
  • بەرامبەر دۆست و دوژمن (١٩٩٨)

پاشمەرگ:

  • خوات لەگەڵ چاوەکەم (٢٠٠١)
  • تۆزێکیش تۆ بگری (٢٠٠٣)
  • با داواکەم بمێنێ (٢٠٠٥)
  • فرمێسکەکانم بوونە ھەزارساڵە (٢٠٠٦)
  • بابا-ئەرۆ تەنھام ئەحمەد کایا (٢٠١٢)

پاش کۆچی دوایی[دەستکاری]

دوای خۆی، "گوڵتەن"ی ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی بەناوی "گوێ بگرە وڵاتە خۆشەویستەکەم" بڵاوکردەوە. چەن ئەلبومێکی تریش دوای خۆی بڵاوکرانەوە و بەھاتنە سەر حوکمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش ناوبانگی کایا زیاتر گەشەی سەند. ھەر لە ماوەی ئەوەی بە "کرانەوەی دیموکراسی" ناوزەندکرا، بۆ یەکەمجار دەزگای پەخشی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا TRT قەدەغەی ھەڵگرت لەسەر بەرھەمەکانی ئەحمەد کایا.[١٢]

ڕێزلێنانی ئەردۆغان[دەستکاری]

ڕەجەب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە ٢٦-٩-١٩٩٩دا کاتێک لەسەر خوێندنەوەی شیعرێکی سیاسی ١٠ مانگ زیندانی ئەکرێ ئەو ڕۆژە بۆ زیندان ئەبرێ، کایا بەیادی ئەو گۆرانی "ئاوازی شەبەق" ئەڵێت و ئەڵێ "ئەمە بۆ ھەموو ئەوانەی لە زیندانن و ئەچنە زیندان"[١٣][١٠] بۆیە ئەردۆغانیش دوای ھاتنە سەر حوکوم ئەوەی لە یاد بوە و ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی دواتر بە فەرمی کایا دوای مەرگی ڕێزی لێ بگیرێت. لە کاتی ڕووداوەکانی پارکی گێزی ئەستەمبوڵیشدا، دەستەواژەی "ھەتیو ھەمووتان لەوێ بوون" بڵاو بوەوە کاتێ ئەردۆغان باسی ئەو ھونەرمەندانەی ئەکرد کە ئەیانوت ئەو شەوەی کایا لەوێ نەبوون.[١٤]

خەڵاتی سەرۆکایەتی تورکیا[دەستکاری]

عەبدوڵا گولی سەرۆکی تورکیا خەڵاتی "گەورە"ی بەخشیە کایا پاش مەرگی لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣دا.[١] یەکێ لەو ھۆیانەی ئەکرێ ئەم سەرۆکەی تورکیا ئەو کارەی کردبێ ئەوەیە کە سەرۆک وەزیران ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕێزی تایبەتی لە کایا گرت دوای ھاتنە سەر حوکم.[١٠]

ناوبانگی[دەستکاری]

ڕێزلێنانێک لە ناوبانگی کایا لە ئۆکمەیدانی، ئەستەنبوڵ، گرافیتیەکە نوسراوە: "تەنها دەرمانێک بە گوێ بکێشرێ ئەحمەد کایایە"

لە تورکیا[دەستکاری]

پێش دەرچوونی لە تورکیا، جگە لە دەرکەوتنی تر، ١٣ ئەڵقە بەرنامەی کەناڵ Dی تورکی لە ١٩٩٥ بەناوەوە بوە بەناوی "کەشتیەکەی کاک ئەحمەد" (بە تورکی: Ahmet Abinin Vapury).[١٥] ھەم بەھۆی ئاست و ئاخاوتنی لەگەڵ گوێگر، ھەم بەھۆی ڕووداوەکانی شەوی خەڵاتەکەوە، ناوبانگی کایا گەورەیە. جگە لەوەی ھەم ئەوانەی شەوی خەڵاتەکە ئازاریاندا دوای مەرگی داوای لێبوردنیان لێکرد ھەم لەناو خەڵکیشدا باوە (بڕوانە وێنەکە). ھەروا کتێبیش نوسراوە چ دەربارەی خۆی چ دەربارەی ھونەر و گۆرانیەکان، بۆ نمونە کتێبی "خوات لەگەڵ چاوەکەم" کە ھەمان ناونیشانی ئەلبومەکەی ٢٠٠١یەکە.[١٦] زۆر لە ھونەرمەندە تورکەکانیش گۆرانیەکانی کایایان وتۆتەوە و بەناوبانگتریان کردوە.[١٧]

لەناو کورد[دەستکاری]

زۆرێک لە گۆرانیەکان و کلیپەکانی کایا وەگێڕدراون بۆ سەر سۆرانی.[١٨] زۆرێک لە شوێنەکانی باشووری کوردستان بەناوی ئەحمەد کایاوە ناونراون، لەوانە شەقامی کایا و پارکی ئەحمەد کایا لە سلێمانی.[ژێدەر پێویستە] چەندین بەرنامە و دۆکومێنتاری لەسەر ژیانی کایا لەلایەن کەناڵە کوردیەکانیشەوە ئامادەکران و بڵاوکراونەتەوە. لەوانە، "کۆلارەکەم بوو بە تەلەوە" وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی بەناوی "ئەستێرەیەک ناوی ئەحمەد قایا بوو" لە کەناڵی گەلی کوردستان.[١٩]

لە جیھان[دەستکاری]

کاتێ گۆرانی بێژی ئینگلیز ئەدێڵ گۆرانی Million Years Ago - میلیۆنێک ساڵ لەمەوپێش -ی بڵاوکردەوە لە میدیاکانی بەریتانیا ھەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەکرێ ئەدێڵ ئاوازی "تێکئاڵان بە ئازار"ی کایای بەکارھێنابێ لەبەر لێکچوونی ئاوازەکان.[٢٠] ڕەخنەگری تورک نەعیم دیلمەنەر بە تەلەگرافی بەریتانی وتوە: "باوەڕناکەم ئەدێڵ گوێی لە کایا گرتبێت".[٢٠] ئەکرێ ھەواڵەکان تەنھا وروژاندن بێ بەڵام دەری ئەخات کە کایا دەنگێکی ناسراوە لەدەرەوەی تورکیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.[٢١]

ھەڵبەستەکانی[دەستکاری]

جۆر[دەستکاری]

زۆرێک لە گۆرانیەکانی کایا ھۆنراوەی شاعیری کورد یوسف خەیاڵۆغڵوو بوون و ئەم کردوونی بە گۆرانی. بە گشتی ئەو ھەڵبەستانەی کردوە بە گۆرانی کە لەگەڵ حەز و کەش و ھەوای ئەو دەمەی تورکیادا ئەگونجان. ئەمەش وای کردوە دوای خۆشی خەڵکێک لە تورکیا ھەن کە گوێگرتن لە گۆرانیەکانی ئەو بە گوێگرتن لە کەسێکی "خائین و تیرۆریست" ناو ئەبەن.[٢٢] ناونیشانی ئەلبومەکانیش زیاتر ئەمە نیشان ئەدەن، بۆ نمونە "تێکئاڵان بە ئازار"، "بەرم مەکەوە ئەسوتێی"[٢٣] و ھتد. ھەروا دوای دەرچوونی لە تورکیاش ئاشکراتر خۆی وەک دژی سیستمی دەوڵەتی تورکیا و پشتیوانی بۆ پەکەکە و جوڵانەوەی کورد لە تورکیا تۆختر کردەوە بۆ نمونە گۆرانی وتن بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان بە گۆڕینی وشەکانی گۆرانی "بیری ئاشتی ئەکەین" لە ڤیستیڤاڵی ئازادی و دیموکراسی لە میونیخ.[٢٤]

سەردێڕی ھەندێکیان[دەستکاری]

  • یاخی دەبم
  • فریام کەوە
  • تۆو
  • ئیدی بەسە
  • مەرگیش دەلەرزێ
    • پارچەیەکی:

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ ی ا ب ڕۆژنامەی زەمان Archived ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣, لە وەیبەک مەشین. خەڵاتی سەرۆکی تورکیا بۆ کایا دواین سەردان ٦/١١/٢٠١٣
  2. ^ ڕێکخراوی ڕۆژنامەنوسان ڕێز لە کایا ئەگرن، ڕۆژنامەی حوڕیەت. ١٩-٦-٢٠١٢. دوا سەردان ٢٩-٩-٢٠١٨
  3. ^ ی ا ب ھەواڵی مردنی، ڕۆژنامەی حوڕیەت، ١٧٫١١٫٢٠٠٠. دوا سەردان ١٩٫٥. ٢٠١٤
  4. ^ ی ا ب پ ت ج ژیاننامەی ئەحمەد کایا (ئینگلیزی) ماڵپەڕی فەرمی دواین سەردان ٢٨/٩/٢٠١٨
  5. ^ ی ا ب "IMDb". ئای ئێم دی بی. لە ڕێکەوتی ٢٨-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  6. ^ ی ا ب پ "ئەحمەد کایا کێیە؟ (تورکی)". ڕۆژنامەی سەباح. لە ڕێکەوتی ٢٨-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  7. ^ ی ا ب ئەرسلانبەنزەر، ھاکان (١٧-٤-٢٠١٥). "ئەحمەد کایا: لە ئامێزگرتنی خەفەت.". دەیلی سەباح. لە ڕێکەوتی ٢٨-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  8. ^ ئەرشیڤی حوڕیەت چاوەکەم عەیبت کرد، بابەتەکەی حوڕیەت، دواین سەردان ٦/١١/٢٠١٣
  9. ^ کایا نەیویست ئەو شەوە بڕوات - بەتورکی. گۆڤاری ئاکسیۆن چاوپێکەوتن لەگەڵ ئومێد یڵماز. ١٤/١٢/٢٠٠٩. دوا سەردان ١١/٤/٢٠١٥[بەستەری مردوو][بەستەری مردوو]
  10. ^ ی ا ب ئەلمۆنیتەر Archived ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤, لە وەیبەک مەشین. ڕۆژنامە تورکیەکان چۆن گۆرانیبێژێکی کوردیان بەبێ مەحکەمە کوشت، دواین سەردان ٦/١١/٢٠١٣
  11. ^ باڵجی، موحەڕڕەم. "دەقی بەرگریکردنەکەی کایا لە دادگا" (PDF). لە ڕێکەوتی ٢٩-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  12. ^ Gunes، Cengiz (٢٠١٤). The Kurdish Question in Turkey: New Perspectives on Violence, Representation and Reconciliation. New York: Routledge. پەڕەکان ٢٣٣. ISBN 978-0-415-83015-7. 
  13. ^ "ئەردۆغان کایای بیرنەکرد". ڕۆژنامەی حوڕیەت. ١٦-١١-٢٠١٣. لە ڕێکەوتی ٢٩-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  14. ^ یەنی شەفەق (١٩-١١-٢٠١٣). "ئەوانەی پەلاماری ئەحمەد کایایان دا لە پارکی غازی بوون". ماڵپەڕی یەنی شەفەق. لە ڕێکەوتی ٢٩-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  15. ^ "تۆماری Ahmet Abi'nin vapuru لە ئای ئێم دی بی". ئای ئێم دی بی. لە ڕێکەوتی ٢٩-٨-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  16. ^ ئۆزتورک، بیرۆڵ (٢٠١٥). خوات لەگەڵ چاوەکەم (٢٨٨ پەڕە). ئەستەنبوڵ: چاپخانەی یاسۆن. ISBN 6059869009. 
  17. ^ خەبەرلەر (٢٢-٢-٢٠١٤). "گۆرانیەکانی کایا بە دەنگی ٢٧ گۆرانیبێژ". ماڵپەڕی خەبەرلەر. لە ڕێکەوتی ٢٩-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  18. ^ نەریمان، سیامەند، مافی بڵاوکردنەوەی کۆمپانیای غەم موزیک. "گۆرانیەکانی ئەحمەد کایا". یوتیوب. لە ڕێکەوتی ٢٩-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  19. ^ گەلی کوردستان (١٧-١١-٢٠١٨). "ئەستێرەیەک ناوی ئەحمەد قایا بوو". یوتیوب. گەلی کوردستان، ھەولێر. لە ڕێکەوتی ٢٩-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  20. ^ ی ا سۆندەرز، تریسترام فرانس (٨-١٢-٢٠١٨). "بەڕاست ئەدێڵ کۆپی گۆرانی بێژی کورد ئەحمەد کایای کرد بە ئاوازی میلیۆنێک ساڵ لەمەوپێش؟". ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی. لە ڕێکەوتی ٢٩-٨-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  21. ^ بی بی سی (٨-١٢-٢٠١٥). "ئەدێڵ تۆمەتبار ئەکرێ بە قۆپیکردن لەلایەن ھەوادارانی مۆسیقاری تورک ئەحمەد کایاوە". بی بی سی. لە ڕێکەوتی ٢٩-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  22. ^ سیاسی خەبەر (٣-٨-٢٠١٥). "لە کۆلێژی پزیشکی گوێگرتن لە ئەحمەد کایا یاساغە". ماڵپەڕی سیاسی خەبەر. لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ١١ی ئەیلوولی ٢٠١٧. لە ڕێکەوتی ٢٩-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  23. ^ سپۆتیفای. "ئەلبومی بەرم مەکەوە ئەسوتێیی لە سپۆتیفای". سپۆتییفای. ھەژماری ئەحمەد کایا لە سپۆتیفای. لە ڕێکەوتی ٢٩-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 
  24. ^ حوڕییەت (٢٧-١٢-١٩٩٩). "بیری ئاپۆ ئەکات". ڕۆژنامەی حوڕییەت. لە ڕێکەوتی ٢٩-٩-٢٠١٨ ھێنراوە. 

سەرچاوەکان[دەستکاری]