ئێڤەنێسنس (ئەلبومی ئێڤەنێسنس)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

Disambig RTL.svg  ئەم وتارە سەبارەت بە ئەلبومی ئێڤەنێسنس نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە ئێڤەنێسنس (ڕوونکردنەوە).

ئێڤەنێسنس
Evanescence Album.jpg
ئەلبومی ستودیۆ لە لایەن ئێڤەنێسنس
بڵاوبوونەوە ١٠ی تەموزی ٢٠١١
تۆماربوون شوباتی ٢٠١٠ – حوزەیرانی ٢٠١١ لە ستودیۆی بلاکبێرد لە ناشڤیڵ
چەشن
ماوە ٤٧:١٥ (ستاندارد)
٦١:٤٢ (دیلەکس)
بڵاوکەرەوە وایند-ئەپ
بەرھەمھێنەر نیک راسکیولینێکز
ئێڤەنێسنس

دەرگا کراوەکە
(٢٠٠٦)
ئێڤەنێسنس
(٢٠١١)
چرپە ونبووەکان
(٢٠١٧)
تاکەگۆرانییەکانی ئێڤەنێسنس
  1. «ئەوەی دەتەوێت»
    بڵاوبوونەوە: ٩ی ئابی ٢٠١١
  2. «دڵم شکاوە»
    بڵاوبوونەوە: ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١١
  3. «ونبوو لە بەھەشت»
    بڵاوبوونەوە: ٢٥ی ئایاری ٢٠١٢

ئێڤەنێسنس (بە ئینگلیزی: Evanescence) ئەلبومێکی خۆ-ناونراو و سێھەم ئەلبومی گرووپی ڕۆکی ئەمریکی ئێڤەنێسنسە. ئەلبومەکە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ بڵاوکراوەتە لە ڕێگەی تۆمارەکانی وایند-ئەپەوە. گرووپەکە لە حوزەیرانی ٢٠٠٩ دەستیان بە نووسینەوە کرد. ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەکەی چەندجارێک دواخرا: لە ٢٢ی شوباتی ٢٠١٠، گرووپەکە لەگەڵ بەرھەمھێنەر ستیڤ لیلیوایت ڕوویانکردە ستودیۆ، بەڵام دواتر وەستان لە کارکردن لەگەڵی لەبەر ئەوەی «گونجاو نەبوو.» لەو کاتەدا ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی ئەلبومەکە ئاب یاخود ئەیلوولی ٢٠١٠ بوو، بەڵام دواتر ئەیمی لی ڕایگەیاند کە تۆمارکردنیان ڕاگرتووە تاکو بەرھەمی زیاتر بنووسنەوە. لە ١١ی ئازاری ٢٠١١ گرووپەکە گەڕانەوە بۆ ناو ستودیۆ لەگەڵ بەرھەمھێنەر نیک ڕاسکیولینێکز.

بەپێی لی، گرووپەکە ھاندراوە لە ھونەرمەندانی وەک بیۆرک، دیپێکێ مۆد، ماسڤ ئەتاک، MGMT و پۆرتسھێد. گۆرانییەکانی سەر ئەلبومەکە دەنگی نیو مێتاڵ، ھارد ڕۆک و ئێلێکترۆی لەخۆ گرتووە. ھەرچەندە ئەلبومەکە ڕای گشتی لەسەری باش بوو ھەروەھا دەنگی لی دەستخۆشی لێکرا، ھەندێک لە سەرچاوەکان ھەستیان بە لێکچوونێک کرد لەگەڵ ئەلبومەکە و کارە کۆنترەکانی گرووپەکە. ئێڤەنێسنس توانی بگاتە ژمارە یەک لە بیلبۆرد ٢٠٠ بە ١٢٧,٠٠٠ فرۆشەوە لە یەکەم ھەفتەی دەرچوونی، وە سەرکەوت بەسەر چوار ئەلبومی تریشدا: ڕۆک ئەلبومز، دیجیتاڵ ئەلبومز، ئاڵتەرنەتڤ ئەلبومز و ھارد ڕۆک ئەلبومز. ئەلبومەکە سەرکەوتنێکی جیھانی بەدەستھێنا و لەسەر چارتەکان دەرکەوت لە زیاتر لە ٢٠ وڵات. گرووپەکە ئەلبومەکەیان سەرخست بە بڵاوکردنەوەی ھەندێک لە گۆرانییەکان لەسەر چەند ماڵپەڕێک و چەند کۆنسێرتێکی جیاواز جیاوازیش.

یەکەم تاکەگۆرانیی ئەلبومەکە، ئەوەی دەتەوێت، لە ٩ی ئابی ٢٠١١ بڵاوکرایەوە؛ دڵم شکاوە، دووەم تاکی ئەلبومەکە، لە ١١ی تشرینی دووەم بڵاوکرایەوە؛ ونبوو لە بەھەشت بە جیھانی لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٢ بڵاوکرایەوە و گۆرانی «دیوەکەی تر» وەک تاکێکی ڕێکلامی بۆ ڕادیۆی مۆدێرن ڕۆک لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠١١ بڵاوکرایەوە. گرووپەکە گەشتی ئێڤەنێسنس، سێھەم گەشتی جیھانییان بۆ ڕێکلامکردن بۆ ئەلبومەکەیان ئەنجامدا، لە پەنا ھونەرمەندانی وەک دە پریتی ڕێکلێس و فەیر تو میدلاند.

پشتینە و نووسین[دەستکاری]

دوای کۆتا ھێنان بە گەشتێکی جیھانی بۆ بەرزکردنەوەی ئەلبومی پێشووی گرووپەکە، دەرگا کراوەکە، ئەیمی لی وتی ئەو «ڕۆیشت و نەیزانی چی تر بکات دوای ئەوە.» بەپێی لی، ئەو کاتە دڵیا نەبوو کە ئێڤەنێسنس دەتوانێت بەردەوام بێت. دوای ئەوەی بۆ ماوەی ١٨ مانگ پشوویەکی درێژخایەنی دا لە مۆسیقا، ئەو بڕیاری دا کە دووبارە کار بکات لەگەڵ ئەندامانی گرووپەکە و وەک «پڕۆژەیەکی گرووپی لێھات.» لی دانی بە کارەساتێکی دەروونی دا نا: «ھەمووشتێک لەگەڵ کەوتوو زۆر بە خێرایی ڕوویاندا و ئێمەش ھەر بەردەوام و بەردەوام بووین بۆ چەند ساڵێک، دوای ئەوەش یەکسەر دەستمانکرد بە نووسینەوەی تۆماری دوایی [دەرگا کراوەکە]. من پێویست بوو پرسیار لەخۆم بکەم 'ئایا من کێم وەک پێگەیشتوویەک؟'» لە ماوەی پشووەکەیدا، لی دەستی کرد بە وێنەکێشان، سەردانی کۆنسێرتی دەرکرد و دەستی کرد بە گوێگرتن لە گۆرانی فۆڵک و سەربەخۆ.

لە پۆستێکدا بۆ سەر وێبگەی ئێڤەنێسنس لە ساڵی ٢٠٠٩، لی نووسیبووی کە گرووپەکە لە پڕۆسەی نووسینەوەی کاری نوێدان بۆ ئەلبومێک بۆ ساڵی داھاتوو (٢٠١٠). بەپێی وەسفەکەی لی، گۆرانییەکان و مۆسیقاکانی ناو ئەلبومەکە پەرەسەندنێکی کارە کۆنەکانە و «باشتر و بەھێزتر و سەرنجڕاکێشترن.» ئەو مۆسیقاکەی ئەلبومەکەی بە ئێپیک، تاریک، گەورە و جوان وەسف دەکرد. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سپن، لی تۆمارەکەی بە «خۆش» ناوبرد، و لە ڕووانگەی ئەویشەوە ئەلبومەکە «کارێکی تەواو نوێ بوو» بۆ گرووپەکە: «کاتێک گوێ لە مۆسیقا کۆنەکانمان دەگرم دەبینم لەوکاتەدا لەو ئاستەی ژیانمدا بووم. ئەمە گەشتێکی گەورە بوو و ھەندێک بەش لێی قورس بوون، بەڵام ئەمجارە [ئەلبومەکە] لەبارەی ئەوەوە بوو کە شتەکان زۆر جددی وەرنەگرم.»

نووسین بۆ ئەلبومەکە ساڵی ٢٠٠٩ دەستی پێ کرد، کاتێک لی گۆرانییەکی ئەلیکترۆنی نووسییەوە کە جیاواز بوو لە ستایلەکەی. وتی: «بیرم یەت کە بەردەوام [گۆرانییەکەم] دووبارەم دەکردەوە، ئالوودەی ببووم وەک ئەوەی چۆن جاران ئالوودەی مۆسیقاکەی ئێڤەنێسنس دەبووم. ئەمەش ڕووناکی من بوو—ڕووناکی ئەوەی کە بە ئاڕاستەی ئەلیکترۆنیدا بڕۆم و ھەندێک لەوەش بێنمە ناو ئەوەی ئێڤەنێسنس دەیکرد.» بە پێچەوانەی دوو ئەلبومەکەی پێش ئەم دانەیە (کە بە گشتی لەلایەن لی خۆیەوە نووسرابوونەوە)، ھەموو ئەندامانی گرووپەکە ئەمجارە بەشدارییان لە نووسین کرد.

تۆمارکردن و پەرەپێدان[دەستکاری]

ستیڤ لیلیوایت، بەرھەمھێنەری سەرەتای ئەلبومەکە

ئێڤەنێسنس لە ٢٢ی شوباتی ٢٠١٠ چوونە ستودیۆ بۆ تۆمارکردنی ئەلبومەکە. ویڵ ھەنت وەک تەپڵژەنی دووەم و پڕۆگرامساز گەڕایەوە، ویڵ «ساینس» ھەنت بانگھێشتکرا بۆ بەشداربوون لە نووسین، بەڵام نەبووە ئەندامێکی گرووپەکە. دەیڤد کامبڵ، کە پێشووتر کاری لەسەر دەرگا کراوەکە کردبوو، بانگکرایەوە تاکوو بەشی ئامێرە تەلدارەکان بنووسێتەوە و ئەلبومەکەش لەلایەن ستیڤ لیلیوایتەوە بۆ بڵاوکردنەوە داندرابوو. لی دواتر وتی کە لیلیوایت کەسێکی «شیاو نییە» بۆ ئەو کارە و ڕایگەیاند کە گرووپەکە تاقیکردنەوەیان ئەنجام دەدا و بەبێ بەشداربوونی گرووپەکە لە پڕۆسەی تۆمارکردندا «شتەکە ڕاست نەبوو»، بەو واتایەی تاقیکردنەوەکەیان شکستی ھێنا. بەپێی لی، گۆرانییە خاو و ئەکوستیکەکانی لەگەڵ لیلیوایت تۆمار کرابوون «لەگەڵ دەنگی ئێڤەنێسنسدا ڕێک نەدەکەوتن.»

کاتێک گرووپەکە لەگەڵ لیلیوایت دەستیان بە تۆمارکردن کرد، وا داندرابوو کە ئەلبومەکە لە ئەیلوول یان ئابی ٢٠١٠ بڵاو بکرێتەوە، بەڵام لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١٠، لی لەسەر وێبگەکەی ئێڤەنێسنس وتی کە گرووپەکە لە تۆمارکردن وەستاون بۆ ئەوەی زیاتر کار لەسەر ئەلبومەکە بکەن. بەپێی لی، وایند-ئەپیش تووشی چەند کێشەیەک ھاتبوو کە وای کرد زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەلبومەکە دوا بکەوێت. سەرۆکی کۆمپانیای وایند-ئەپ پشتگیری بڕیارەکەی لی کرد لە دواخستنی بڵاوبوونەوەی ئەلبومەکە و وتی «ئەو شتەی ئێمە لە وایند-ئەپ دەیکەین ئارامگرتنە. ئەگەر [بەرھەمەکە] باش نەبێت، بڵاو ناکرێتەوە. ئەگەر ساڵێک یان چوار ساڵ بخاێنێت، ئێمە کاتیان پێ دەدەین تاکوو تۆمارێکی باش بنووسین.» دوای سەردانکردنی ستودیۆ بۆ بیستنی تۆمارەکان، سەرۆکی کۆمپانیاکە وتی کە «گوێگرەکانی لی زۆر دڵخۆش دەبن.»

ئێستا پێم زانی کە من [پێشووتر] تۆمارێکی تەنیاییم بەرھەم دەھێنا، ئەگەر بمانویستایە تۆمارێک بۆ ئێڤەنێسنس بەرھەم بھێنین، وا پێویستی دەکرد ھەموومان بە گرووپ وا بکەین. ئەوە کاتێکی قورس بوو بۆ من. وامزانی دەمزانی چیم دەوێت بەڵام بە شێوەیەک ئەوە دەرنەچوو کە من دەمویست... بەڵام دەبێت بڵێم کە ھەستم زۆر بەھێزە دەربارەی ئەوەی ئێستا دەیکەین... ئێمە ھێشتا ھەندێک لە گۆرانییەکانی [بەرھەمھێنانی لیلیوایتمان] ماوە، بەڵام وامان لێ کردوون کە دەربارەی ئێڤەنێسنس بن.

— ئەیمی لی، دەربارەی تۆمارکردن لەگەڵ لیلیوایت[١]

ئێڤەنێسنس لە نیسانی ٢٠١٠ لە ستودیۆی بلاکبێرد لە ناشڤیل دەستیان بە تۆمارکردن کردەوە لەگەڵ بەرھەمھێنەرە نوێکەیان بە ناوی نیک ڕاسکیولێنێکز بۆ تۆمارکردنی ١٩ گۆرانیی نوێ. لە ١٢ی حوزەیراندا، لی ڕایگەیاند کە ترۆی مەکلاوەرن بە فەرمی گەڕاوەتەوە ناو گرووپەکە، ھەرچەندە پێشووتر بەڕێوەبەرایەتی گرووپە ئەم شتەی ڕەت کرربۆوە. لی ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەلبومەکە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ بڵاو دەبێتەوە؛ دواتر ڕێکەوتەکە لەلایەن وایند-ئەپەوە یەک ھەفتە دواخرا. بەپێی لی، کاتێک ئێڤەنێسنس گەڕایەوە بۆ ستودیۆ، ئەو ویستی ئەلبومەکە ھەتا زووە بڵاو ببێتەوە بەھۆی ئەو کاتە زۆرەی نێوانیان لەگەڵ دەرگا کراوەکە. ھەموو ئامێرەکانی تر لە پڕۆسەی تۆمارکردندا پێش پیانۆ خرابوون و دواتریش لە کۆتاییدا دەنگی لیان خرایە سەر؛ لی وتی کە گۆرانییەکان قورس بوون و وایان لێ کرد کە «پاڵ بە خۆیەوە بنێ.» لی وتی کە بەرھەمھێنانەکەی ڕاسکیولێنێکز ئێڤەنێسنسی کرد بە ئەلبومێکی ڕۆک. لی خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرھەمھێنەرەکە دەربڕی و وتی:

نیک بەرھەمھێنەرێکی نایابە. ئەو بەڕاستی لە پلانەکە تێیگەیاندم و یارمەتی دام کە بڕوام بەو بڕیارە ھەبێت کە ئنجاممان دا. بۆ خۆم زۆر بیرۆکەم ھەیە و ھەندێک جار وای لێ دەھات دەموت «باشە، من دوو ھەڵبژاردەم ھەیە لە ھەموو ئەو شتانەی دەیانکەم!» ئەو نایابە، لەبەر ئەوەی ھەندێک جار لە ڕووی گۆرانیبێژییەوە یان لەکاتی [پیانۆژەنیدا] پرسیارم لێ دەکرد «بەڕای تۆ کامیان بکەم؟» ئەو لە یارمەتیدانم لە بڕیاردانێکی خێرا باشە. من بەڕاستی بڕوام بە بۆچوونەکانی ھەیە چوونکە تۆماری زۆر باش بەرھەم دێنێت.

لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٥دا، لی لە پرۆژەیەکی سەربەخۆدا کەڤەرێکی بۆ گۆرانی «ئازیزەکەم شتێکی خراپ خراپی کرد» ئەنجام دا، کە بە ڕەسەنی گۆرانیی کریس ئیساکە. بەپێی لی، ئەو گۆرانییە لەسەر ئەو تۆمارە بوو کە لەگەڵ لیلیوایت بەرھەمیانھێنابوو لە ساڵی ٢٠١٠دا. لی وتیشی کە ھیچ کام لە گۆرانییەکانی لەگەڵ لیلیوایت نووسیبوویان لەسەر ئەو ئەلبومە نییە کە لەگەڵ ڕاسکیولێنێکز بەرھەم ھاتووە، چوونکە کۆمپانیای تۆمارکردنەکە ڕەتی کردبوونەوە. ئەو ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی دەربارەی ئەوەی کە چۆن ناچار بووە ھەموو تۆمارەکە دووبارە لە سەرەتاوە بنووسێتەوە کە بە سەختترین ئەلبومی ئێڤەنێسنس ناسراوە.

ناو و بیرۆکە[دەستکاری]

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی کیڕانگ لە حوزەیرانی ٢٠١١، لی وتی کە ئەلبومەکە بە ناوی گرووپەکەوە ناو دەنرێت، و «لە بارەی گرووپەکەوەیە، زیاتر وەک تۆمارێکی گرووپەکەیە.» لە ڕوونکردنەوەکانیدا وتی «ئەم ئەلبومە دەرەنجامی گەڕانەوەی منە بۆ خۆشویستنی کارەکەم، بۆ ئێڤەنێسنس، بۆ ئەو شتەی کە هۆگری بووم بۆ ماوەی دەیەیەک و بگرە زیاتریش.» لە سەرەتادا بیرۆکەی زۆر هەبوو بۆ ناوی ئەلبومەکە، بەڵام لی وتی «کە کارەکە بە کۆمەڵ بەرەوپێش برا، هەستمان کرد کە ئەم کارە شووناسی ئێمە و گرووپەکەمانە و بەهۆی ئەو هەستانەی لە مۆسیقاکەماندا بوو، تەنیا ناو بوو کە دەگونجا [بۆ ئەلبومەکە]، گەڕانەوەی خۆشەویستیەکەمان بوو بۆ کارەکە بە بەهێزی.» لە چاوپێکەوتنێکی دا وتی کە ١٦ گۆرانی تۆمارکراون، بەڵام هەموویان لە ئەلبومەکەدا نابن، دواتر بڕیار درا کە دوو جۆر لە ئەلبومەکە دەربچێت: جورێ دیلەکس کە هەر ١٦ گۆرانیەکەی تێدایە، لەگەڵ جۆری ئاسایی کە ١٢ گۆرانی تێدایە.

وێنەی ئەلبومەکە لە ماڵپەڕی گرووپەکە لە ٣٠ی ئابی ٢٠١١ دەرکەوت. ئەلبومەکە یەکەم ئەلبومی گرووپەکەیە بەبێ وێنەی لی لەسەر بەرگەکەی. لە چاوپێکەوتنێکیدا باسی بەرگی ئەلبومەکەی کرد و وتی: «هەردوو ئەلبومی پێشوومان من لەسەر وێنەی بەرگەکەیان بووم، و خۆشە بەلامەوە کەسانێک وێنەکە ببینن و بڵێن «ئەوە ئەو کەسەیە» بەڵام ئێستا وا هەست دەکەم کە ناسراوین و ویستم ئەمەیان جیاواز بێت. ویستم شتێکی نامۆ و سەرسوڕهێنەر بێت وەکوو ئێڤەنێسنس خۆی نەک تەنیا من.» بەرگەکە کە تاریک و تەماوییە، بەستراوە بە ناوی گرووپەکەوە، کە بە واتای «ونبوون وەکو هەڵم دێت.»

نووسینەوە[دەستکاری]

شێوەی مۆسیقی و ئیلھام[دەستکاری]

بیۆرک، کە لە وێنەکەدا دەرکەوتووە، لەلایەن لییەوە بە ئیلھام بۆ سەر ئێڤەنێسنس ناودەبرێت.

لەکاتی تۆمارکردن لەگەڵ ستیڤ لیلیوایت، لی ئەلبومەکەیانی بە «پەلکەزێڕینەی دەنگی» ناساند، کە گۆرانی بەھێز پێکی ھێناوە. بە پێی وتەکانی لی، کاریگەری مۆسیقای ئەلیکترۆنی لەسەر بوو، ھەروەھا کارێکی زۆریش لە پڕۆگرامسازیی تەپڵەکانیدا ئەنجام درابوو. دوای چەند تۆمارکردنێکی زیاتر لەگەڵ نیک ڕاسکیولێنێکس، لی باسی لە ئامانج و نامەی ئەلبومەکە کرد و دوو باسی سەرەکی ئەلبومەکەی خستە ڕوو، کە پێکھاتوون لە: ڕووخاوی («ڕوخاوی بوە بە نامەیەکی ئەلبومەکە، بە بێ ئەوەی باسی چارەسەر بکات») لەگەڵ ئۆقیانووسەکان. لە بەرنامەیەکی تردا لەگەڵ ئێم تیڤی، لی باسی چەند نامەیەکی تری کرد: «ھەوڵدان بۆ ئازادی، ھەروەھا گۆرانی تێدایە کە تەنیا لەبارەی ئەوەن کە [خۆشەویستی بکەیت].» لی وتی کە ئێڤەنێسنس ئامێری نوێ و کۆنی وەک ھارپ، سینتسایزەر لەگەڵ پەیدانی «مووگ تۆرس»یان لەکاتی تۆمارکردنی گۆرانی «دەرگای نھێنی» و «دڵم شکاوە» بەکارھێناوە. لە چاوپێکەوتنێکی دا لەگەڵ ڕۆژنامەی کیرانگ، لی وتی کە ئیلھامی لە ژیان و ئەزموونی پەیوەندییەکانی خۆی وەرگرتووە.

لی بیۆرکی بە گاریگەر لەسەر ئیڤەنێسنس ناساند. بەپێی قسەکانی لی، تۆمارکردنی ئەلبومەکە خۆش بووە، بەڵام بە شێوازێکی «پۆپی» نا. ھەروەھا ئیلھامی لە ھەوادارانی ئێڤەنێسنسەوە بۆ ھاتووە: «بەڕاستی گوێم لە خۆمە گۆرانی بۆ پەیوەندی خۆم بە ئیڤەنێسنس و گوێگرەکانم دەڵێم. ھەمیشە یەک پەیوەندی گەورە ھەیە کە زۆرترین گۆرانیم بۆ وتووە. وا ھەست دەکەم پەیوەندییە گەورەکەم لەم ئەلبومەدا لەگەڵ ئیڤەنێسنس خۆیەتی، لەگەڵ گوێگرەکان. وابزانم لە ڕووی ھۆنراوەوە زۆر لەبارەی پەیوەندییەک دەبیستن، شەونخوونی لەگەڵ پەیوەندییەک یان خۆشەویستی لە پەیوەندییەکدا، بە زۆری گۆرانی لەو بارەیەوە دەڵێم.»

بۆ ئەم ئەلبومە، گرووپەکە کاریگەری ھونەرمەندانی وەکو بیۆرک و دیپیشێ مۆد و ماسڤ ئەتاک و ئێم جی ئێم تی و پۆرسێدیان لەسەر بووە. لویز کۆرنر لە وێبگەی دیجیتاڵ سپای تێبینی ئەوەی کرد کە گیتاری بەھێز و ئامێری تولداری تیژ لە زۆربەی گۆرانییەکانی گرووپەکەدا ھەیە: «ئەیمی لی دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەرییە کۆنەکانی سەر گرووپەکە بە گیتارە بەھێزەکان و ئامێرە تەلدارەکان، بە پێچەوانەی ئەو دەنگە ئەلیکترۆنییەی بەرەو ڕووی دەڕۆیشتن.»

مۆسیقا و ھۆنراوە[دەستکاری]

لی لەگەڵ گرووپەکەدا ١١ لە ١٢ی گۆرانییەکانی ئەلبومە ستانداردەکەیان نووسیوەتەوە، کە لە ١٢ تراک پێکھاتووە. بەھۆی ئاوازی گیتارەکان و دەنگە بەھێزەکەی تەپڵەکان و باسکردنی ئازادییەوە، گۆرانی ئەوەی دەتەوێت، کە یەکەم تراک و تاکەگۆرانیی نوێنەری ئەلبومەکەیە، بە نائاساییترین گۆرانیی ئەلبومەکە وەسف دەکرێت. لە سەرەتادا بە تەپڵ و سینتسایزەر دەست پێ دەکات؛ پێش دەستپێکردنی ئاوازی گیتارەکان، لی لەگەڵ کوتانی تەپڵەکاندا دەبێژێت: «ئەوە بکە کە دەتەوێت / ئەگەر خەون بە باشترەوە دەبینی / ئەوە بکە کە دەتەوێت / تا ئەو کاتەی ناتەوێت.» لە ڕووی ھۆنراوەییەوە، گۆرانییەکە باسی پەیوەندییەکی ئەوینی دەکات کە ناگونجێت، ھەرچەندە خۆشەویستیش بوونی ھەیە لە ناویدا. «دروستکراو لە بەرد» یەکێک لە کۆنترین گۆرانییەکانی ئەو ئەلبومەیە و کاریگەریی ھێڤی مێتاڵی لەسەرە. «گۆڕانەکە» (کە سەرەتا ناوی «مۆر» بوو) بە نەرمی دەست پێ دەکات و بەرە بەرە توندتر دەبێت، کە بەراورد کراوە بە گۆرانیی «دیجیتاڵ بات»ی گرووپی ئاڵتەرنەتڤ مێتاڵی ئەمریکی دێفتۆنز. چوارەم گۆرانی، «دڵم شکاوە»، باڵدێکە کە بۆ ھارپ نووسراوە، بەڵام بە پیانۆ تۆمارکراوە. گۆرانییەکە بە پیانۆ و دەنگی لی دەستپێدەکات، کە بەرە بەرە بۆ ڕیتمی گیتار و پیانۆ دەڕوات. لە کۆرسەکە دا لی دەڵێت: «ھەرگیز ڕێگەیەک نادۆزمەوە کە گیانمی پێ ساڕێژ بکەم / و ھەتا ماوم دەگەڕێم / لە دووری تۆ / دڵم شکاوە.»

پێنجەم گۆرانی بە ناوی «دیوەکەی تر» لە گیتاری پڕ و تەپڵی بەیس و دەنگە «ھوایی و گونجاوەکەی لی» لەگەڵ چەند بەشێکی ستایلی ڕیتم و بلووز پێکھاتووە. لە ڕووی ھۆنراوەوە، گۆرانییەکە لەبارەی مردنەوەیە. «ئەمە بسڕەوە»، کە پێشتر ناوی «ڤانێلا» بوو، لەلایەن ماری ویلێتی گۆڤاری لاودوایەرەوە بە یەکێک لەو گۆرانییانە ناسێنراوە کە لە کۆنسێرتەکان و بە کەسی خۆشترە بەراورد بەوەی بە ھێدفۆن گوێبیستی بیت، ھاوشێوەی «ئەوەی دەتەوێت.». «ونبوو لە بەھەشت» گۆرانییەکی سیمفۆنیک ڕۆکە کە بە پیانۆ دەست پێ دەکات لەگەڵ ئامێری ژێدار و دەنگی لی بە بێ زیادکردنی توێی زیاتر و دواتر زیادکردنی دەنگی گرووپەکە بۆ بەھێزترین بەشی گۆرانیەکە؛ ھۆنراوەکە وێنەدانەوەی ئەزموونی ململانێکانی ڕابردووی لییە، و داوای لێبوردنە بۆ گوێگرەکانی لەبەر بێدەنگیی پێنج ساڵی ڕابردوویان. شێوازی بنیادی گۆرانییەکە بەراورد دەکرێ بە گۆرانی «یۆگا»ی ھونەرمەندی ئایسلەندی بیۆرک. «بێزار» لە ئاوازێکی تەمەڵ و کۆرسێکی دووبارەکراوەی سروود ئاسا پێکھاتووە، یەکێکە لە یەکەمین ئەو گۆرانییانەی بۆ ئەلبومەکە نووسراوە، ڕێڕەوێکی بەھێز بۆ گۆرانییە دواھاتەکانی ئەلبومەکە دادەنێت.

«کۆتایی خەونەکە» بە «گیتاری بەھێز دەست پێ دەکات و دواتر بۆ ڕیتمێکی نەرم بە پیانۆ و دەنگە تایبەت و ناسراوەکەی لی دێتەوە خوارەوە.» لە کۆرسەکە دا لی دەڵێت: «دوای دڵت بکەوە تا خوێنی لێ دێت» کە زیاتر پەیامی گۆرانییەکە دەردەخات کە ئەویش «کۆنترۆڵ کردنی ژیانی خۆتە.» لی دەربارەی گۆرانییەکە دەڵێت: «لەبارەی ئەوەیە کە تێبگەیت ئەم ژیانە کۆتایی نەھاتووە و چۆن دەبێت بژیت و ژیان لە ئامێز بگریت بە ئازارەکانیشیەوە، پێش ئەوەی ھەموو شتێک کۆتایی بێت. ھەرچەندە ئازارت بدات، واتا تۆ ھێندە زیندوویت. بۆیە ھێندە لە ئازارپێگەیشتن مەترسە کە ژیانت لەدەست بچێت.» «ئۆقیانووسەکان» بە سینتی نزم و دەنگی لی، پێش ئەوەی گرووپەکەش دەنگیان بێت، دەست پێ دەکات. بە پێی لی، گۆرانییەکە «گەورەیە و خۆشی زۆریان بینیوە لە یاریپێکردنی.» «ھەرگیز مەگەڕێوە» لە سەرەتادا ناوی «پرتەقاڵی» بووە، و لە لەدەستدان دەڕوانێت لە سۆنگەی کەسێکەوە کە کەسێکی لە کارەساتدا لەدەستداوە. لی وتی کە بۆ گۆرانیەکە و ھۆنراوەکەی کە دەڵێت «ھەموو لە دەست چوو، تەنیا جیھان کە دەمناسی» سروشی لە ڕووداووەکانی بوومەلەرزە و تسونامی ساڵی ٢٠١١ی تۆھۆکو وەرگرتووە. «مەلەکردن بەرەو ماڵەوە» گۆرانییەکی ئێلێکترۆ پۆپی باندەکەیە کە گیتاری گرژ و پیانۆی دڵتەنگ لەخۆ دەگرێت.

بڵاوبوونەوە[دەستکاری]

پێش بڵاوبوونەوەی ئەلبومەکە، ھەندێک بڕگەی کورتی تراکەکانی بڵاودەکرانەوە، لەوانە تراکەکانی «ئەوەی دەتەوێت» و «دیوەکەی تر»، «ونبوو لە بەھەشت» کە دوابەدوای یەکتری لەسەر ھەواڵەکانی ئێم تیڤی بڵاو دەکرانەوە. ھەندێک لە گۆرانییەکان لەسەر ھێڵ بڵاوکرانەوە، وەک «دیوەکەی تر»، کە بۆ یەکەمین جار لە ھۆت تۆپیک پەخش کرا لە ٢١ی ئەیلوول؛ «دڵم شکاوە» لە ٢٧ی ئەیلوول، لەگەڵ «کۆتایی خەونەکە» لە سپین لە ٤ی تشرینی یەکەم. ھەموو گۆرانییەکان لەسەر سپین بڵاوکرانەوە لە ٧ی تشرینی یەکەم. گۆرانیی «دروستکراو لە بەرد» ڕیمیکسێکی لەلایەن دانی لۆھنەر، ناسراو بە «ڕێنھۆڵدەر»، بۆ کرا، کە لە کۆتایی فیلمی جیھانی ژێرەوە: خەبەربوونەوە لێدرا. گۆرانیی «شێوەیەکی نوێ بۆ برینداربوون» لەلایەن ھونەرمەند «فۆتێک» ڕیمیکسی بۆ کرا و لەسەر ساوندتراکی فیلمی تۆڵەسێنەکان دەبیسترێ.

لە ٨ی ئابدا، ئێڤەنێسنس لەسەر بەرنامەی «ئێم تیڤی یەکەمجار: ئێڤەنێسنس» دەرکەوتن بۆ ناساندنی یەکەم تاکەگۆرانیی ئەلبومەکە بە ناوی «ئەوەی دەتەوێت»، کە نمایشێکی ڕاستەوخۆیان بۆ کرد و چاوپێکەوتنێکی درێژخایەنیشیان لەسەر ئەنجام دا. لە ٢٢ی ئابدا، لی سەردانی ستودیۆی «لیبرتی ستودیۆز» کرد بۆ بیستنی پێنج تراکی ماستەرکراو، کە پێکھاتبوون لە: «ئەوەی دەتەوێت»، «گۆڕانەکە»، «دیوەکەی تر»، «دڵم شکاوە» لەگەڵ «ونبوو لە بەھەشت»، ھەروەھا تراکەکانی بۆ ٣٠ کەسی دیاریکراویش پەخش کرد. ئێڤەنێسنس لە فیستیڤاڵی «ڕۆک لە ڕیۆ» دەرکەوتن لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١، کە گۆرانییەکانی «ئەوەی دەتەوێت»، «دروستکراو لە بەرد»، «گۆڕانەکە»، «دیوەکەی تر»، «دڵم شکاوە»، «بێزار» و چەند گۆرانییەکی تر لە دوو ئەلبومەکەی پێشوویان. پێش بڵاوبوونەوەی فەرمیی ئەلبومەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەیمی لی لەسەر بیلبۆرد دەرکەوتن بۆ بانگەشەکردن بۆ ئەلبومەکە. گرووپەکە چەند جارێکی تر نمایشیان کردووە لە: جیمی کیمێڵ ڕاستەوخۆ!، کۆنسێرتی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، بەرنامەی ئەمشەو لەگەڵ جان لینۆ» و «کۆنان».

گەشت[دەستکاری]

تاکەگۆرانییەکان[دەستکاری]

«ئەوەی دەتەوێت»، یەکەم تاکەگۆرانیی ئەلبومەکە، لە ٩ی ئابی ٢٠١١ بە شێوەیەکی دیجیتاڵی بڵاوکرایەوە. ھۆنراوەی گۆرانییەکە دەربارەی ئازادییە، کە یەکێکە لە ناوەڕۆکی گۆرانییەکانی گرووپەکە. گۆرانییەکە ژمارە ١ی چارتەکانی شانشینی یەکگرتووی بەرکەوت، کە وای کرد ئێڤەنێسنس ببێتە تەنیا ھونەرمەند بە زیاترین فرۆشی تاکەگۆرانییەوە لە ساڵی ٢٠١١دا. گۆرانییەکە لە ژمارە ٦٨ دواتریش ٧٢ی «بیلبۆرد ھۆت ١٠٠» و چارتەکانی شانشینی یەکگرتوو جێگیر بوو. ڤیدیۆکلیپی ئەلبومەکە لە بڕۆکلینی نیویۆرک گیراوە؛ بەشێکی ڤیدیۆکە لە خانوویەکی کۆندا گیراوە کە ئێڤەنێسنس لەکاتی نمایشکردنی گۆرانییەکە پیشان دەدات. ڤیدیۆکە لەلایەن مێرت ئەیڤس دەرھێنراوە و لە ١٣ی ئەیلوول بڵاوکراوەتەوە.

«دڵم شکاوە» لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ بەسەر ڕادیۆکاندا دابەشکرا. تاکەگۆرانییەکە بە یەکەمین تاکەگۆرانی مەینستریمی گرووپەکە ناسراوە. ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٢ بڵاوکرایەوە. تاکەگۆرانی مەینستریمی «ونبوو لە بەھەشت» لە ٢٥ی ئایار لە جیھاندا بڵاوبووەوە. ڤیدیۆکلیپەکەی لە ١٤ی شوباتی ٢٠١٣ بڵاوکرایەوە، پێکھاتووە لە ئێڤەنێسنس لەکاتی نمایشکردنی گۆرانییەکە. ڤیدیۆکان لەلایەن گوێگرەکانی ئەلبومەکەوە گیراون لەکاتی گەشتی گرووپەکە بە جیھاندا. «دیوەکەی تر» تاکەگۆرانییەکی ڕێکلامی بوو بۆ زیادکردنی فرۆشی ئەلبومەکە کە لە ١١ی حوزەیران بەسەر ڕادیۆکاندا دابەشکرا. ڤیدیۆیەکی لیریکی بۆ گۆرانییەکە دروست کرا کە لە ٣٠ی ئابی ٢٠١٢ لەسەر کەناڵی فەرمیی یوتیووبی گرووپەکە بڵاوکرایەوە، لی وتی کە ڤیدیۆی زیاتر بۆ گۆرانییەکە دروست ناکرێ.

پێشوازیی ڕەخنەدار[دەستکاری]

ھەڵسەنگاندنی شارەزایان
خاڵە کۆکراوەکان
سەرچاوە خاڵ
مێتاکریتیک ٦٣/١٠٠[٢]
ئەنجامی ھەڵسەنگاندنەکان
سەرچاوە خاڵ
ئۆڵمیوزیک 3.5/5 ستاره[٣]
دیجیتاڵ سپای 4/5 ستاره[٤]
ئینتەرتەینمێنت ویکڵی B[٥]
ئای جی ئێن ٨/١٠[٦]
کێرانگ! 5/5 ستاره[٧]
لۆس ئەینجلس تایمز 2.5/4 ستاره[٨]
پاپ ماتەرز ٥/١٠[٩]
ڕۆڵینگ ستۆن 2.5/5 ستاره[١٠]
سپین ٥/١٠[١١]
یوو ئێس ئەی تودەی 2.5/4 ستاره[١٢]

بە شێوەیەکی گشتی، ئەلبومەکە ڕەخنەی باش و ئەرێنی لێ گیراوە لەلایەن ڕەخنەگرانی مۆسیقاوە. مێتاکریتیک ڕێژەیەکی مامناوەندی بە ئەلبومەکە دا: ٦٣/١٠٠، کە لەسەر بنەمای ٩ ھەڵسەنگاندن داندرا، کە بە شێوەیەکی گشتی وەڵامدانەوەیەکی باشیان لەسەر ئەلبومەکە ھەبووە. پێش بڵاوبوونەوەی، ئەلبومەکە لەسەر چەند پێڕستێک دەرکەوتووە، وەک پێڕستی سپین بە ناوی «٢٦ ئەلبوم کە گرنگترینن»، پێڕستی ئینتەرتەینمێنت ویکڵی بە ناوی «ئەلبومەکانی ئەم پایزە کە ناتوانین چاوەڕێ بکەین تا گوێمان لێیان بێ»، لەگەڵ پێڕستێکی ڕۆڵینگ ستۆن بە ناوی «پێشبینینی مۆسیقای پایز: بەناوبانگترین ئەلبومەکانی وەرزەکە.» ستیڤ بیبی سەر بە کێرانگ! ٥ ئەستێرەی بە ئەلبومەکە دا و وتی کە بە بێ ڕکابەری یەکێکە لە باشترین و پڕمتمانەترین ئەلبومی گرووپەکە و «باشترین ئەلبومیان ھەتاکوو ئێستا.» ڕیک فلۆرینۆی ئارتیست دایرێکت وتی کە ئێڤەنێسنس باشترین ئەلبومی گرووپەکەیە ھەتاکوو ئێستا و گرووپەکە توانیویانە تاقیکردنەوە بکەن بەبێ ئەوەی دەنگی خۆیان لەدەست بدەن و کەم کەس دەتوانن ئاوا بن.

سەرکەوتنی بازرگانی[دەستکاری]

بڵێم چی، بەپەرۆشین بۆی! ئێمە ئەلبومێکمان دروست کرد کە بەڕاستی شانازی پێوە دەکەین و ئێستاش سەیری دەکەین بفڕێت. پێشبینی ئەمەمان نەدەکرد و سوپاسگوزاری گوێگرەکانمانین.

— ئەیمی لی دەربارەی سەرکەوتنی بازرگانیی ئەلبومەکە[١٣]

ئەلبومی ئێڤەنێسنس لە ژمارەی یەکی بیلبۆرد ٢٠٠ جێگیر بوو بە ١٢٧,٠٠٠ فرۆشەوە لە یەکەم ھەفتەی بڵاوبوونەوەی دا، کە بووبە دووەم ئەلبومی گرووپەکە کە لە ژمارە یەکی چارتەکەدا خۆی ببینێتەوە. فرۆشەکانی ئەلبومەکە لە ھەفتەی یەکەمدا بەراورد بە ئەلبومی پێشووی گرووپەکە، دەرگا کراوەکە، کەمتر بوو، کە ٤٤٧,٠٠٠ دانەی لێ فرۆشرا. دوای یەک ھەفتە، ئەلبومەکە کەوتە ژمارە چواری چارتەکەوە بە ٤٠,٠٠٠ فرۆشەوە. ئەلبومەکە کەوتە ژمارە یەکی چەند چارتێکی تریشەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ١٤١ەمین باشترین ئەلبومی فرۆشراوە لەو وڵاتە. ھەتاکوو ئابی ٢٠١٢، ئەلبومەکە ٤٢١,٠٠٠ دانەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لێ فرۆشراوە.

لە یەکەم ڕۆژی بڵاوبوونەوەی لە شانشینی یەکگرتوو، ئەلبومەکە زیاتر لە ٢,٠٠٠ دانەی لێ فرۆشرا و ژمارەی ٤ی چارتەکانی شانشینی یەکگرتووی بەرکەوت بە ٢٦,٢٢١ فرۆشەوە لە ھەفتەی یەکەمی بڵاوبوونەوەی. ئەلبومەکە بڕوانامەی زێڕی وەرگرت لە بەریتانیا لە ٢٢ی ئابی ٢٠١٤، دوای زیاتر لە ١٠٠,٠٠٠ فرۆش. ئەلبومەکە ژمارە ٢ی چارتەکانی کەنەدای بەرکەوت بە ٩,٠٠٠ فرۆشەوە لە ھەفتەی یەکەمی بڵاوبوونەوەی. لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢، ئەلبومەکە لە کەنەدا بڕوانامەی زێڕی پێ درا بەھۆی زیاتر لە ٤٠,٠٠٠ فرۆشەوە. ئێڤەنێسنس ژمارە ٥ی چارتەکانی ئوسترالیای بەرکەوت و بڕوانامەی زێڕی پێ درا بەھۆی زیاتر لە ٣٥,٠٠٠ فرۆشەوە.

پێڕستی تراکەکان[دەستکاری]

ھەموو گۆرانییەکان لەلایەن ئێڤەنێسنس نووسراون، جگە لەوانەی لە چەماوەدا ئاماژە بە نووسەرەکانیان کراوە. گۆرانییەکان لەلایەن نیک ڕاسکیولێنیکز دەرھێندراون.

# ناوناو بە ئینگلیزی ماوە
١. «ئەوەی دەتەوێت»  What You Want ٣:٤١
٢. «دروستکراو لە بەرد» (نووسەرەکان: ئێڤەنێسنس، ویڵ بی. ھەنت)Made of Stone ٣:٣٢
٣. «گۆڕانەکە»  The Change ٣:٤٢
٤. «دڵم شکاوە» (ھۆنراوەی زیاتر: زاک ویڵیەمز)My Heart Is Broken ٤:٢٩
٥. «دیوەکەی تر»  The Other Side ٤:٠٥
٦. «ئەمە بسڕەوە»  Erase This ٣:٥٥
٧. «ونبوو لە بەھەشت»  Lost in Paradise ٤:٤٢
٨. «بێزار» (نووسەرەکان: ئێڤەنێسنس، ھەنت)Sick ٣:٣٠
٩. «کۆتایی خەونەکە»  End of the Dream ٣:٤٩
١٠. «ئۆقیانووسەکان»  Oceans ٣:٣٨
١١. «ھەرگیز مەگەڕێرەوە»  Never Go Back ٤:٢٧
١٢. «مەلەکەردن بەرەو ماڵەوە» (نووسەرەکان: ئێڤەنێسنس، ھەنت)Swimming Home ٣:٤٣
ماوەی گشتی:
٤٧:١٥
تراکی زیادە بۆ وەشانی ژاپۆنی[١٤]
# ناو ماوە
١٣. «کۆتا گۆرانی کە لە تۆدا سەرفی دەکەم» (بە ڕەسەنی بیسایدێکی لیتیۆم بوو) ٤:٠٧
ماوەی گشتی:
٥١:٢٢
تراکە زیادەکانی وەشانی دیلەکس[١٥]
# ناو ماوە
١٣. «شێوەیەکی نوێ بۆ برینداربوون[١٥]»   ٣:٤٦
١٤. «بڵێ وا دەکەیت»   ٣:٤٤
١٥. «ونبە»   ٣:٠٧
١٦. «دەرگای نھێنی»   ٣:٥٣
ماوەی گشتی:
٦١:٤٤
خەڵاتی کڕینی پێشوەخت لە ئایتیوونز[١٥]
# ناو ماوە
١٧. «ئەوەی دەتەوێت» (ڕیمیکسی ئێڵدەر جیپسن) ٣:١٨
ماوەی گشتی:
٦٥:٠٢
دیڤیدی دیلەکس[١٦]
# ناو ماوە
١. «ئەوەی دەتەوێت» (ڤیدیۆ کلیپ) ٣:٤١
٢. «دروستکردنی ڤیدیۆ کلیپی ئەوەی دەتەوێت – ڕۆژی ١»   ٦:٤٣
٣. «دروستکردنی ڤیدیۆ کلیپی ئەوەی دەتەوێت – ڕۆژی ٢»   ١٠:٠٥
٤. «لە پشت کامێراوە - لە ستودیۆ»   ٨:٢٥
٥. «لە پشت کامێراوە لەکاتی وێنەگرتندا»   ٣:٠٣
٦. «لەبارەی گۆرانییەکانەوە»   ٨:٤١
ماوەی گشتی:
٤٠:٣٨

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری billjune نەدراوە
  2. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری Metacritic نەدراوە
  3. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری erlewine نەدراوە
  4. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری Digital Spy نەدراوە
  5. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری EW نەدراوە
  6. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری Chad Grischow نەدراوە
  7. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری kerralbums نەدراوە
  8. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری latimes نەدراوە
  9. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری Prokofiev نەدراوە
  10. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری roll20111011 نەدراوە
  11. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری Weber نەدراوە
  12. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری usatoday50723828 نەدراوە
  13. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری mtv1672782 نەدراوە
  14. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری japanrelease نەدراوە
  15. ^ ی ا ب ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری itunesrelease نەدراوە
  16. ^ ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری bonusdvd نەدراوە
  • ویکیپیدیای ئینگلیزی