بۆ ناوەڕۆک بازبدە

یۆزێف مێنگلێ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھەڵەی لوا لە مۆدیوول:Databox لە ڕیزی 434:attempt to index a nil value.

یۆزێف مێنگلێ (بە ئەڵمانی: Josef Mengele) (١٦ی ئازاری ١٩١١ – ٧ی شوباتی ١٩٧٩)، ناسراو بە فریشتەی ڕۆحکێشان یان فریشتەی سپی. پزیشک و ئەفسەرێکی ئەڵمانی بوو لە کەتیبەی شوتزستافڵ (SS) لە کاتی جەنگی جیھانیی دووەمدا. بە شێوەیەکی سەرەکیی ناسراوە بە کارەکانی لە ئۆردووگای کۆکردنەوەی ئاوشڤیتز، کە تاقیکردنەوەی کوشندەی لەسەر زیندانییەکان ئەنجامداوە و ئەندامی ئەو تیمە پزیشکییانە بوو کە قوربانییەکانیان ھەڵدەبژارد بۆ ئەوەی لە ژووری غازەکاندا بکوژرێن. لەکاتێکدا ھێزەکانی سوپای سووری یەکێتیی سۆڤیەت ھێرشیان کردە سەر پۆڵەندا، لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥ لە ئاوشڤیتزەوە گواسترایەوە بۆ ئۆردووگای کۆکردنەوەی گڕۆس-ڕۆزن، ١٠ ڕۆژ پێش گەیشتنی ھێزەکانی سۆڤیەت بۆ ئاوشڤیتز.

پێش جەنگ، مێنگلێ بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری مرۆڤناسی و پزیشکیدا بەدەستھێنابوو، ھەروەھا وەک توێژەر دەستی بە کارەکانی کردووە. لە ساڵی ١٩٣٧ پەیوەندی بە پارتی نازییەوە کرد و لە ساڵی ١٩٣٨ پەیوەندی بە شوتزستافڵ (SS) کرد، لە سەرەتای جەنگی جیھانیی دووەمدا وەک ئەفسەری پزیشکی کەتیبە ڕاسپێردرا، لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٣ گواسترایەوە بۆ خزمەتکردنی ئۆردووگای کۆکردنەوەی نازی و لە ئاوشڤیتز دانرا، لەوێ بینی کە دەرفەتی ئەنجامدانی توێژینەوەی جینی ھەیە لەسەر مرۆڤ. تاقیکردنەوەکانی بە پلەی یەکەم لەسەر دووانەکان دەکران، زۆر کەم یان ھیچ ڕەچاوکردنێکی تەندروستی یان سەلامەتی بۆ قوربانییەکان بوونی نەبوو.

دوای کۆتایی ھاتنی شەڕ و ڕووخانی ئەڵمانیای نازی مێنگلێ بە ھاوکاری تۆڕێک لە ئەندامانی پێشووی ئێس ئێس لە مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٤٩ بەرەو ئەمریکای باشوور بۆ ئەرژەنتین ھەڵھات. سەرەتا لە بوینس ئایرێس و دەوروبەریدا ژیاوە، دواتر لە ساڵی ١٩٥٩ بەرەو پاراگوای و لە ساڵی ١٩٦٠ بەرەو بەڕازیل ھەڵھاتووە، ھەموو ئەو ماوەیە لەلایەن ئەڵمانیای ڕۆژاوا و ئیسرائیل و شوێنپێھەڵگرانی نازییەکانی وەک سیمۆن ڤیزنتاڵەوە بەدوایدا دەگەڕان، کە دەیانویست دادگایی بکەن. مێنگلێ سەرەڕای داوای ڕادەستکردنەوەی لەلایەن حکوومەتی ئەڵمانیای ڕۆژاوا و ئۆپەراسیۆنە نھێنییەکانی دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیلی مۆساد، خۆی لە دەستگیرکردن ڕزگار کرد. لە ساڵی ١٩٧٩ لەکاتی مەلەکردندا لە کەناراوەکانی بێرتیۆگا لە بەڕازیل تووشی جەڵدەی مێشک بوو و خنکا، و لەژێر ناوە درۆینەکەی خۆییەوە (ڤۆڵفگانگ گێرھارد) بە خاک سپێردرا.

لە ساڵی ١٩٨٥ گۆڕەکەی ھەڵکەندرا، نموونە لە پاشماوەکانی وەرگیرا و پشکنینی پزیشکی دادوەری بەرفراوان بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئاماژەی بەوەدا کە بەڕاستی ئەمە تەرمی یۆزێف مێنگلێیە.[١] [٢] [٣]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]