محەمەد مستەفا کوردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
محەمەد مستەفا کوردی

محەمەد مستەفا کوردی :(١٩٠٩-١٩٨٨) نووسەر و شاعیر ، مامۆستای ئاینی ، قەڵەمێکی بەبڕشتی لە (نموونەی کوردیە پەتی)دا ھەبووە.

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

ناوی محەمەد و تاقەکوڕی حاجی مەلا مستەفای کورد کوڕی عەلی کوڕی مستەفا و لە تیرەی یووسف جانیی خێڵی شاتریی ھۆزی جافە، ١٩٠٩ لە گەڕەکی (سابوونکەران)ی شاری سلێمانی لەدایک بووە. لای باوکی و شێخ عیسامەدینی عەوداڵان دەستی بە خوێندنی دینی کردووە، وردەکتێبی وەک (ئەحمەدی،أی شدە، صەرف و نەحو و جامی)ی خوێندووە. ئەمجا باوکی داویەتە دەستی حاجی شێخ ئەمینی خاڵ و سەرەنجام ساڵی ١٩٢٧ ئیجازەی لێ وەرگرتووە.[١][٢]

مامۆستایەتی[دەستکاری]

ساڵانی ١٩٢٧-١٩٣٨ لە جێی باوکی کراوە بە ئیمام و مامۆستای (مزگەوتی حاجی سەیید حەسەن) لە گەڕەکی (سابوونکەران). ھاوزەمان مامۆستای (قوتابخانەی زانستی)ش بووە.[١][٢]

شەھیدانی ٦ی ئەیلوول[دەستکاری]

یەکەم کەسیش بووە کە ساڵی ١٩٣٠ تەڵقینی شەھیدانی ٦ی ئەیلوولی بە کوردی داوە لە (گردی سەیوان).[١][٢]

وەزیفەی لە حكومەت[دەستکاری]

١٩٣٨ بە ھۆی سەختیی باری ئابوورییەوە، وەزیفەی حکوومەتی وەرگرووە. ماوەی شەش ساڵ و تا ١٩٤١ مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بووە لە ھەڵەبجە، بەکرەجۆ و پاشان قوتابخانەی ئەیووبییەی شاری سلێمانی. وەزیفەی دیکەی فەرمانبەریی دیوە، وەک کاتبی واردیدات ١٩٤٠-١٩٤٣، مودەقیق لە شارەوانیی سلێمانی، ژمێریاری دائیرەی کارەبا و ئاو ١٩٤٣-١٩٦٥، دوایی خزمەتەکەیی لە شارەوانیی سلێمانی تەواوکردووە و ١٩٦٥-١٩٧٢ پلەکەی گەیشتووەتە بەڕێوەبەری کارگێڕی و خۆیی. ١٩٧٤ بە پلەی سەرتێبین (رئيس ملاحظين) خانەنشین کراوە.[١][٢]

بەرهەمەكانی[دەستکاری]

مەلا محەمەد، ١٩٥٩-١٩٦١ ئەندامی دەستەی نووسینی گۆڤاری "ڕۆژی نوێ" و ١٩٦٧-١٩٦٩ بەڕێوەبەری بەرپرسی گۆڤاری "سلێمانی" بووە. جگە لەوە، نووسین و پەخشانی لە (گەلاوێژ، بڵێسە، ھیوا، ڕۆژی نوێ، سلێمانی، برایەتی)دا بڵاوبووەتەوە. ٢٥ ساڵ ھاوکارییەکی لێبڕاوانەی شێخ محەمەدی خاڵی لە دانانی (فەرھەنگی خاڵ)دا کردووە. بە بۆنە و بۆ یادگار و ناوبەناو شیعری نووسیوە. شارەزایییەکی باشی لە ئەدەبیاتی کوردی و زمانەکانی عەرەبی و فارسیدا ھەبووە، لێی وەرگێڕاونەتە سەر کوردی. قەڵەمێکی بەبڕشتی لە (نموونەی کوردیە پەتی)دا ھەبووە.[١][٢]

بڵاوكراوەكانی:[١][٢]

سێ دەستنووسیشی لەپاش بەجێ ماوە:[١][٢]

جێی وتنە، مەلا محەمەد -پێش لەدنیادەرچوون- کتێبخانە و دەستنووسە تایبەتەکانی خۆیشیی پێشکەشی (کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی) کردووە.

کۆڕی زانیاری کورد[دەستکاری]

یه كێتی نوسه‌رانی كورد لقی سلێمانی

ئەندامی لقی سلێمانیی یەکێتیی نووسەرانی کورد و ئەندامی لیژنەی زمانی یەکێتی و ئەندامی یاریدەدەری (کۆڕی زانیاری کورد)یش بووە. لە لیژنەی دانانی ڕێزمانی کوردیی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیشدا کاری کردووە. لە ڕۆژی ١٤/٣/١٩٧٣وە بە ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی پارێزگای سلێمانی ھەڵبژێردراوە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی شەممەی ڕێکەوتی ٣٠/٣/١٩٨٨ کۆچی دواییی کردووە و لە (گردی شێخ محێدین) بە خاک سپێردراوە.[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ أعلام كرد العراق، ص751-752؛ من و بولبول: چەند مەڵۆیەک لە خەرمانی محەمەد مستەفا کوردی، (لە بڵاوکراوەکانی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوە)، چاپخانەی دێکان- سلێمانی، ٢٠٠٥، ل٣-٨؛ ئەحمەد حسێن ئەحمەد، سەربوردەی سەربازێکی گومناو: مەلا محەمەی کوردی، گۆڤاری "مرۆڤایەتی"، سلێمانی، ژمارە ٩-١٠، فبرایر- مارس ١٩٩٩، ل٣٠-٣٤؛ نووسراوی ژمارە ٥/١١٥٩ی ١٨/٣/١٩٧٣ی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن (المجلس الاداري)ى پارێزگای سلێمانی.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8183-8185