محەممەد خاڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
محەممەدی خاڵ
لەدایکبوون١ی کانوونی دووەمی ١٩٠٤
سلێمانی، عێراق
مردن١ی کانوونی دووەمی ١٩٨٩(١٩٨٩-01-0١) (٨٥  ساڵ ژیاوە)
پیشەIslamicist
ئایینسوننە

شێخ محەممەدی خاڵ (١٩٠٤-١٩٨٩) زانای ئایینی، دادوەر و نووسەری بەناوبانگی کورد بوو.[١]

ژیان[دەستکاری]

شێخ محەممەدی خاڵ کوڕی شێخ عەلی کوڕی شێخ ئەمینی خاڵە، کە بە پێنج پشت دەگاتەوە بە مەلا مستەفای موفتی بابانەکان، مەلا مستەفای باپیرەگەورەی شێخ محەممەدی خاڵ پاش گواستنەوەی میرنشینی بابان لە قەلاچوالانەوە بۆ سلێمانی، ساڵی ١٧٨٤ لەگەڵ خۆیدا دەستنووسەکانی ھێناوە، ئەو دەستنووسانە لە باپیرە گەورەیەوە، کە مەلا ئەبوبەکری موسەنیفە بۆی ماوەتەوە، ئێستا مێژووی بەشێک لە دەستنووسەکانی شێخی خاڵ، کە نزیکەی ٦٣٦ دەستنووسە دەگەڕێتەوە بۆ چوارسەد ساڵ لەمەوبەر. مامۆستا خاڵ لە ساڵی ١٩٠٤ لە شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی ئایینی ناوداری کوردستان لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٤ باوکی بە نەخۆشی کۆچی دوایی دەکات، باپیری حاجی شێخ ئەمینی خاڵ، کە پیاوێکی ناوداری خواپەرست بووە، خاڵ و ھەر چوار براکەی بەخێو کردووە، سەرەتای خوێندنی لای باپیری بووە و لەقوتابخانەی باپیریدا بەڕاستگۆیی و دەستپاکی و خواپەرستی و ڕازیبوون و دوورکەوتنەوە لە ھەڵپەی جیھان پەروەردە بووە. مامۆستای خاڵ ھەر لە منداڵییەوە ئەوینی خوێندن و نووسین و خولیای پەرتووک و دەستنووس بووە، بەشی زۆری خوێندنی لای مامۆستا شێخ عومەری قەرەداغی بووە، کە زانایەکی ئایینی بەناوبانگ بوو، نەک ھەر لە کوردستاندا، بەڵکوو لەناو زانا ئایینییە عەرەبەکانی ئێراقیشدا، بەشێکیش لە خوێندنی لای مەلا حوسێنی پیسکەندی و شێخ جەلالی قەرەداغی بووە. لە ساڵی ١٩٣١ باپیری کۆچی دوایی دەکات، ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ لەو سەردەمەدا بەڕێکاری سلێمانی بووە، ئاھەنگێکی گەورە لە مزگەوتی حاجی شێخ ئەمینی خاڵ ساز دەکات، کە زۆربەی پیاو ماقووڵانی سلێمانی بانگھێشت دەکرێن و ھەر لەم ئاھەنگەدا بەفەرمانی فەڕمیی شێخ خاڵ دەکرێت بە پێشنوێژ و وانەبێژی مزگەوتەکەی باپیری. لە کۆتایی ساڵی ١٩٣١ تا کۆتای ساڵی ١٩٣٨ بە وانەوتنەوە و پڕۆژەی دانانی فەرھەنگی خاڵ و ڕێزمانی کوردی و چەند پەرتووکێکی ئایینی وەک فەلسەفەی ئایینی ئیسلام و ژیانی پێغەمبەرەوە سەرقاڵ دەبێت. ھەر لەم ماوە کورتەدا دوو پەرتووک بەچاپ دەگەیێنێت، پاشان لە ساڵی ١٩٣٩ لەلایەن شالیارێتی دادەوە بانگەواز دەکرێت بۆ پێویستی چەند قازییەک، ئەویش بەشێوەی تاقیکردنەوە. شێخ خاڵ یەکێک دەبێت لەوانەی تاقیکردنەوە ئەنجام دەدات و پلەی یەکەمی بەدەست دەھێنێت. بە فەرمانی پادشایەتی دەکرێت بە قازی و لە ھەڵەبجە دادەمەزرێت، ئیتر ناچار دەبێت دوور بکەوێتەوە لە وانەوتنەوە، لە ژیانی فەرمانبەرێتیدا یەکێک بووە لە قازییە ناودارە شارەزاکانی ئێراق و لە ماوەی ٢٨ ساڵ کار وەک قازی لە چەمچەماڵ و سولێمانی و کەرکووک و مووسڵ ئەنجام داوە. لە ساڵی ١٩٦٢دا لەناو ھەموو قازییەکانی ئێراقدا ھەڵبژێراوە بە ئەندامی دادگای جیاکردنەوەی شەرعی لە بەغدا، لەم ماوە زۆرەدا جێ پەنجەی لە شالیارێتی داددا دیار و ناسراو بووە، بەوەی کە بە ھیچ جۆرێک لە یاسا و شەریعەت لاینەداوە، ھەرچەندە چەند جارێک لەلایەن کاربەدەستانی زۆر گەورەوە فشاریان خستووەتە سەر بۆ ئەوەی لە یاسا لابدات، بەڵام بێ سوود بووە. شێخی خاڵ لەبەرئەوەی نووسەرێکی خاوەن بیر و لێھاتوو بووە، خاوەنی بەرھەمی زۆر و بەکەڵک بووە، بۆیە یەکێکە لەو کوردە زۆر دەگمەنانەی کە لە زۆر زووەوە بووە بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری ئێراقدا، تەنھا خوالێخۆشبوو تۆفیق وەھبی بەگ لەپێش ئەوەوەیە لەم بوارەدا، شێخی خاڵ لە ساڵی ١٩٥٣وە ئەندامی کۆڕی زانیاری ئێراق بووە و لە ساڵی ١٩٧٢ەوە جێگری سەرۆکی کۆڕی زانیاری کوردیش بووە، جێ پەنجەی زۆر دیارە لە ھەردوو کۆڕەکەدا، بەرھەمەکانی باشترین بەڵگەن لەم ڕووەوە و توانیوەتی خزمەتی نەتەوەکەی بکات لە بواری ڕۆشنبیریدا و لەڕێی ھەردوو کۆڕی زانیارییەوە ناوی گەورەپیاوانی کورد بگەیەنێ بەجیھان، وەک موفتی زەھاوی، کە باوکی شاعیری گەورەی بەناوبانگ جەمیل سدیق زەھاوییە، ھەروەھا بێتوش، شێخ ئەحمەد فائیز بەرزنجی، بابە تاھیری ھەمەدانی، مەلا محەممەدی خاکی و چەندین زانای دیکەی ناودار. مامۆستای خاڵ کەسایەتییەکی کۆمەڵاتی ڕەوشت جوان و زمانپاک و دڵفراوان و مێشک کراوە و لەسەرخۆ بووە و تا ڕادەی خواپەرستی باوەڕی بەڕاستگۆیی و لێبووردن و ڕێزگرتن لە ماف و دادوەری ھەبوو، لەو باوەڕەدا بوو، کە کوردایەتی خواپەرستییە، بۆیە لەناخی دەروونییەوە دژی ھەموو جەور و ستەمێک بوو، کە لە نەتەوەکەی دەکرا. یەکەم وتاری کە گۆڤاری گەلاوێژدا لە کانوونی دووەمی ١٩٤٠دا لەژێر ناونیشانی خۆشەویستی نیشتمان دایە کەسانی تر، ئەگەر تەنیا ھەستی نەتەوایەتی ھاندەر بوایە بۆ بەربەرەکانی ئەو ڕژێمانەی کە بەردەوامبوون لە کاولکردنی کوردستان و زەوتکردنی خاکی کوردستان، مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ لەگەڵ ھەستی نەتەوایەتیدا ھەستی ئایینیش ڕۆڵێکی گەورەی ھەبوو لەزیادکردنی گڕ و بڵێسەی تۆڵەسەندن تێیدا بەرامبەر بە دوژمنانی کورد و کوردستان، و لەو باوەڕەدا بوو، کە دەبێت ئایین ئاوێتەی نیشتمانی و نەتەوییەتی بێت و خەباتی نیشتمانیش پێویستییەکی ئایینی بێت. شێخ محەممەد خاڵ ڕۆژانە ١٠ کاژمێر بە نووسین و خوێندنەوەوە سەرقاڵ دەبوو، لەسەر ئەم پڕۆگرامەش تامردن ھەر بەردەوام بوو، سەرەتای خوێندنەوەی لە دەمەوبەیانییەکی زووەوە تا نزیکی نیوەڕۆ، کە دەیکردە نزیکەی ٦ کاژمێر لە جیھانی پەڕتووک و دەستنووسدا و دوانیوەڕوانیش پێش ئەوەی بڕوات بۆ مزگەوت ٣ کاژمێر لەخوێندنەوە و پێداچوونەوەی ئەو پەرتووکانەی، کە لەژێر چاپدابوون و ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانیان، شەوانەش پێش نووستن ماوەی کاژمێرێک بە خوێندنەوەوە خەریک دەبوو، لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە تەنھا یەک چاوی مابوو و بەردەوام زەڕەبینی بەکاردەھێنا بۆ خوێندنەوەو ھەندێک جار پێیان دەگوت: کەوتویتەتە تەمەنەوە و ئیتر ئەوەندەخۆت ماندوومەکە لەوڵامدا دەیگوت: تەندروستیم بەندە بە خوێندنەوە و نووسینەوە، ئەگەر دوورم بخەنەوە لێی، نەک ھەر تەندروستیم خراپ دەبێت، بەڵکوو لەوانەشە بمرم، من وەک ماسی چۆن، کە لە ئاو دەرت ھێنا دەمرێت، منیش گەر دوورم بخەنەوە لە پەرتووک و نووسین ئەوا دەبێ ماڵاواییتان لێبکەم، بۆ نیوەچاوەکەشم، تو خوا چاوێک لەم ڕێگایەدا کوێر نەبێت بۆچی باشە؟ مامۆستای خاڵ لە ڕۆژی ١٥ی تەممووزی ١٩٨٩دا ماڵاوایی لە جیھانی زانست و زانیاری کرد و بەرەو جیھانی کۆتایی کەوتەڕێ، مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ لەدوای خۆی ٤٠ پەرتووکی لەچاپدراوی بەجێھێشتووە، کە زانستەکانی لێکدانەوە، زمانەوانی، وێژەیی، بانگخوازی، مێژوویی، .... ھتد لەخۆی دەگرێت.[٢]

بەرھەمەکان[دەستکاری]

یەکەم وتاری لە گۆڤاری گەلاوێژدا لە کانوونی دووەمی ١٩٤٠دا لەژێر ناونیشانی «خۆشەویستی نیشتمان» بڵاو کردووەتەوە. لەو باوەڕەدا بوو، کە دەبێت ئایین ئاوێتەی نیشتمانی و نەتەوییەتی بێت و خەباتی نیشتمانیش پێویستییەکی ئایینی بێت. شێخ محەممەدی خاڵ بوارەکانی لێکدانەوە، زمانەوانی، وێژە، ئایین و مێژوو، ٤٠ کتێبی لە چاپ داوە.

  1. بەرگی یەکەم، ٢١٨ لاپەڕە، بەغدا، ١٩٦٩.
  2. بەرگی دووەم، ١٩٨ لاپەڕە، سلێمانی، ١٩٧٢.
  3. بەرگی سێیەم، ٢٢٤ لاپەڕە، سلێمانی، ١٩٧٩.
  4. بەرگی چوارەم، ١٣٦ لاپەڕە، سلێمانی، ١٩٨١.
  1. بەرگی یەکەم ٣٣٨ لاپەڕە، سلێمانی، ١٩٦٠.
  2. بەرگی دووەەم، ٣٣٨ لاپەڕە، سلێمانی ١٩٦٤.
  3. بەرگی سێیەم، ٥١١ لاپەڕە، ١٩٧٦.
  • «پەندی پێشینان»، بەغدا، ١٩٧٥.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Wayback Machine". web.archive.org. 2019-12-13. Retrieved 2021-05-06.
  2. ^ web.archive.org https://web.archive.org/web/20191213052218/https://id.loc.gov/authorities/no2003102356. Retrieved 2021-05-06. Missing or empty |title= (help)