عومەر خەییام

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە عومەر خەیامەوە ڕەوانە کراوە)

ئەبوولفەتح عومەر کوڕی ئیبراھیم خەییام، ناسراو بە «عومەر خەییام» لە ساڵی ٤٣٩ی کۆچی مانگی لە شاری نه‌یشابووری ئێران لە دایک بووە. خەییام یەکێک لەو مەزنە تۆرەڤانانەی ئێران و تەنانەت جیھانیشە کە نەک تەنیا بۆ وڵاتەکەی تەنانەت بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش جێگەی فەخر و سەربەرزییە. ئەو مرۆڤە بلیمەتە لە زۆربەی زانست و ھونەر و… سەردەمی خۆیدا شارەزا و وەستا بووە و لە حیکەمت و ئەستێرەناسیدا کەموێنە بووە. زۆر لە خەڵکان ھەرکات گرێیەکیان لە کارەکانیان دەرکەوت و بۆیان نەکردایەوە ھانایان وەبەر خەییام دەبرد. خەییام یەکێک لە لایەنگرانیئیبنی سینا بووە. خەییام گەلێ سەفەری بۆ ئەملاوئەولایان کردووە وەک: ئیسفەھان، بەلخ، ھەرات، سەمەرقەند، بوخارا و حیجاز و… ھتد. عومەر خەییام لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا بە دەستووری جەلالەدین مەلەکشای سەلجووقی ڕۆژژمێری ئێرانیی دەستکاری و نۆژەن کردەوە و زۆر کاری دیکەی لەو بوارەدا بە ئەنجام گەیاند. سەرەنجام خەییامی نەیشابووری لە ساڵی ٥١٧ی کۆچیی مانگی بۆ ھەمیشە بەرەو ھەوارگەی باوەجێ ڕۆیشت و لە «ئیمامزادە محروق» لە نیشابوور بەخاک ئەسپێردراوە. ھەنووکە گۆڕی خەییام بووەتە زیارەتگەیەکی پیرۆز بۆ ئەدەبدۆست و ھونەرمەندانی ئێران و جیھان.

ناوبانگی خەییام لە سەردەمی خۆیدا زۆرتر لە بوارەکانی حێکمەت، پزیشکی، ئەستێرەناسی و بیرکاریدا بووە. لەو کاتەدا بە ھیچ شێوەیەک شاعیری نەکردووەتە پیشەی خۆی و سەرەڕای چوارینە ڕەنگینەکانی بانگەشەی شاعێرێتی نەکردووە. بەڵام ھەنووکە ناسراویی و ناوبانگی خەییام زۆرتر بە خاتری چوارینە فەلسەفییەکانییەتی. خەییام سەرەڕای نێوبەدەرەوەیی زانستی و کەسایەتیی و بلیمەتی، لە ھۆنینەوەی ھەڵبەستەکانی (چوارینەکانی) دا ھەرچەندە کەم، بەڵام پاراو و پڕ نێوەرۆک خەییامی گەیاندووەتە لووتکە، چوارینەکانی خەییام لەوپەڕی ڕەوانی و پاراویدا، بەدوورن لە ھەر چەشنە ڕواڵەت سازییەک. ھەڵبەست و ھۆنراوە ڕەنگینەکانی سەرەڕای سادە و ساکار و ڕەوان بوونیان، لێوڕێژ و پڕن لە واتا و چەمکی فەلسەفیانە. ھەربۆیەش تاکوو ئێستا بەچەندین زمانی زیندووی جیھان وەڕگێردراون.

لە ڕاستیدا خەییام لە ھەڵکەوتووترین ھەڵبەستڤانێکە کە، ھەڵبەستی بۆ بیروەزری فەلسەفی خۆی بەکار ھێناوە و ھەڵبەستەکانی زۆر بە ڕوونی و جوانی توانیویانە پەیامە فەلەسەفییەکانی بۆ سەرانسەری جیھان و کۆمەڵگەی مرۆیی بگوازێتەوە.

سەرسووڕمان لە خولی دەوران، نەگەیشتن بە ڕاز و نیازەکان، مەرگ و نەمانی مرۆڤ، ناپایەداری گەردوون، لەدەستنەدانی ھەل و کات، بێتوانایی و دەستەوەستانیی مرۆڤەکان لەھەمبەر سووڕی زەمەن لە چەمکە سەرەکییەکانی ھەڵبەستەکانی خەییام پێک دێنن.

خەییام مرۆڤێکی سەمەرە (فوق العادە) بووە کە پایە و کۆڵەکەی ھزر و ئەندیشە فەلسەفییەکانی لە شوێن و کاتێک دامەزران کە لێواولێو بووە لە نەزانی و جەھل و دەمارگرژی.

کۆمەڵێک خەییام بە سۆفی دەزانن و واتا و چەمکی سۆفیانە لە چوارینەکانیدا ھەڵدەھێنجن. ئەگەرچی لە ھەندێک پەیڤ و ھۆنراوە و چوارینەکانی وتار و چەمکی سۆفیانە ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە: بێبایەخ کردنی دنیا و زەمەن و کات! ئیدی ئەوە ھۆی ئەوە نییە کە خەییام سۆفی بووە. دەکرێ بڵێین کە خەییام لەو تاقانە بلیمەت و زانایانەیە کە ئێستاشی لەگەڵ دابێ ھزر و ئەندیشە و بیرەکانی چرای ڕێگای داھاتوون. ھێڵی سەرەکی ھزر و ئەندیشەی خەییام خوێندنەوە، ئاگاکردنەوەی مرۆڤ لە گەردوون و مەرگ و ژیانە. بۆ ئەوەی بێ وەفایی و بێ برەویی گەردوون و جیھان باشتر بۆ مرۆڤەکان دەربخا و سام و قەڵافەتی مەرگ ڕوونتر دەکاتەوە باسی مەرگی «پەری ڕوومەتان» دەکا و دەڵێ:

خاکێ کە لەژێر پێ و پلی شوانانە سنگ و مەمک و کوڵم و دەمی جوانانە یان بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتدران و خاوەن کۆشک و قەڵایان نیشان بدا کە، مەرگ ڕۆژێک بەرۆکی ئەویش دەگرێ، دەڵێ:

ھەر خشتێ لە لا قوژبنی دیوارێکە
یان شانی وەزیرەیان سەری سوڵتانێکە
ئەم گۆزە کە جێ ئاوی کرێکارێکە
چاو و دڵی چەندە وەزیر و خونکارێکە

خەییام باوەڕی وابوو کە مرۆڤ لەھەمبەر چەرخی گەردوون لاواز و دۆش دامانە. واتە ھەرچەندە بەرزبێتەوە و ھەرچەندە نزم بێتەوە و چەندە کەم و زۆر کات سەرەنجام ڕۆژێک مەرگ بەرۆکی دەگرێ!؟ ڕاوێژی خەییام لە ھەندێک بارودۆخدا سەرەڕای «لێبڕاوێتی» لە پەیڤدا، سارد دەبێتەوە و بۆ وێنە: مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی دەستەوەستان و بێدەسەڵات نیشان دەدا و لە ھاتن و چوونی مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێ:

ھاتوومە جیھان چم بە چ کرد؟ تێگەی: ھیچ
ھەر بنج و بنەوانی جیھان دەرخەی: ھیچ

یان:

ئەم کۆنە سەراو پەردەکە دنیای ناوە
شایی لەبەرێک، شینە لە پیێنسەد لاوە

یان:

لەم ھاتنە بێھوودەیە بیرم شاشە
سەرباری خەمان بیروخەمی ئەولاشە

لە ڕوانگەی خەییامەوە ڕاز و نێھنییەکانی سروشت زۆر لەوە قووڵتر و پڕماناترن، کە گرێی ئەو ڕازە ھەروا بە ئاسانی بکرێتەوە. بەڵام بنەمای گەردوون لە ھاتن و چووندا دەبینێتەوە!! قسە لەسەر خەییام و، بیرو باوەڕی خەییام بێکۆتایییە. خەییام ھەڵکەوتوویەک بووە کە لە چاخی خۆیدا ئەگەر لە ھەموو خەڵکی دەورووبەری خۆی زاناتر نەبووبێ، لە ھەمووان ئازاتر و بوێرتر بووە." لە جیھان ورد بووەتەوە و تێی ڕوانیوە و زانیویە کە ئەم کردارە ڕەنگین و سەنگینە بە بێ وەستا نەکەوتووەتە گەڕ و دانەر و ڕانەرێکی ھەر دەبێ ھەبێ".

خەییام لە ھەموو لێکدانەوەکانیدا گەیشتووەتە سەر ئەو قەناعەت و باوەڕە کە تێگەییوە کە ھیچی لێ تێناگا؟! ئەوەش بەڕاستی پایە و بنەمایەکی بەرزە لە زانستدا و، بۆ ئێمەی مرۆڤی ئەو سەردەمە دەبێ وەک قوتابخانەیەک سەیری بکەین و لێی فێربین.

سوقرات دەڵێ: من و خەڵکی ئاتینا نەزانین. من دەزانم کە نەزانم. بەڵام ئەوان ئەوەندە زانا نین کە بزانن نەزانن. ھەر ئەوە جیاوازییە گەورەیەش دەبێتە ھۆی کوشتنم.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]