دەروازە:مۆسیقای کوردی/وتاری ھەڵبژێردراو
وتاری ھەڵبژێردراو ١
دەروازە:مۆسیقای کوردی/وتاری ھەڵبژێردراو/١
حەسەن عەبدوڵڵا ناسراو بە حەسەن زیرەک (٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان – ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە بۆکان) ھونەرمەند و گۆرانیبێژێکی کورد بوو، بە بەناوبانگترین ھونەرمەندی کورد لە تەواوی کوردستان دادەنرێت. بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ئاواز و گۆرانی تۆمارکراویی کوردییە بە دەنگی خۆی کە ژمارەیان لە نێوان ١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ گۆرانییە. حەسەن زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور ناسراوە. لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان، پارێزگای ورمێ کۆچی دواییی کرد و ھەر لەوێش بە خاک سپێردرا.
ھەرچەندە حەسەن زیرەک بەھۆی سەختی بارودۆخی ژیانەوە سوودی لە خوێندن وەرنەگرت، بەڵام بەھرەیەکی ناوازەی ھەبوو لە ئاوازدانانی شیعر و مۆسیقای کوردی، ئەم بەھرەیە لەگەڵ دەنگە ناوازەکەی، گۆرانییەکانی لە سەرانسەری ناوچە کوردنشینییەکاندا جێی بایەخ کردوە. دەنگە کوردییەکەی تا ئێستاش لە ناوچە کوردنشینەکان بە تایبەت لە ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان لە کوچە و کۆڵانەکان لە ماڵ و سەیرانگا و ئاھەنگەکان دەبیسترێت. حەسەن زیرەک جگە لە زمانی کوردیی زگماکی خۆی (سۆرانی، بە زمانەکانی فارسی، تورکی، ئازەری، ئەرمەنی و شێوەزاری لوڕیش گۆرانی وتووە و خاوەنی ٣ مەقامە بە زمانی تورکی، ٨ مەقام بە فارسی، ٢ مەقام بە ھەورامی و ٦٤ مەقام بە کوردیی سۆرانی. زیرەک لەگەڵ ئۆرکێستراکانی مۆسیقای کوردیی برایانی یوسف زەمانی، ئۆرکێسترای موشیر ھومایۆن شەھرەدار لە تاران و ئۆرکێسترای موجتەبا میرزادە لە کرماشان گۆرانی پێشکەش کردووە. جیا لە ڕادیۆی کرماشان و تاران، زیرەک سەردانی ڕادیۆکانی تەورێز، سنە و مەھابادی کردوە و گۆرانی لێ تۆمار کردون.
وتاری ھەڵبژێردراو ٢
دەروازە:مۆسیقای کوردی/وتاری ھەڵبژێردراو/٢
محەممەد ماملێ (لەدایکبوون ١٩٢٥ - کۆچی دوایی ١٩٩٩) ھونەرمەندی گۆرانیبێژ و مەقامبێژی کوردی، خەڵکی مەھابادە. ماملێ لە ساڵی ١٩٢٥ز بەرامبەر بە ١٣٠٤ی ھەتاوی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری مەھاباد بە ناوی (خڕێ) لەدایکبووە. ماملێ ناوی محەممەد کوڕی سەعید کوڕی عەلییە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پەھلەوی و سەعادەت لە مەھاباد تەواو کردووە. نازناوی ماملێ لە باپیرییەوە بۆی ماوەتەوە، وەک خۆی باسی دەکات کە باوکی نەخوێندەوار بووە و کاتێک سەرژمێری گشتی ھاتووە بۆ نووسینی لێی پرسیوە ناوی خۆت و باوکت چییە ئەویش ووتویەتی سەعید مام عەلی، ئەوانیش نووسیویانە سەعید ماملی چونکە زمانی فارسی پیتی (ع) لە قسەکردندا بەکار ناھێنن ئیتر خەڵک لەوە بەولاوە ھەر دەڵێن ماملێ. محەممەد ماملێ پیاوێکی لەسەرخۆ و ھێمن و لێبووردە بووە و زۆر بە وەفا بووە بەرامبەر خزم و دۆست و ناسیاوەکانی. ماملێ سێ ژنی ھێناوە. دوا ھاوسەری کە تا ئێستا لە ژیاندا ماوە ناوی ئامینە خانە. ھەروەھا حەوت کوڕ و دوو کچی ھەیە. ئەمەش ناوی ھەندێکیانە (عەزیز کە بە خانە ناسراوە، خەسرەو، چالاک، وریا، نەجات، شەونم، خوبی) ماملێ خۆی دەڵێت کە ئەوەندە ئاشنای گۆرانییەکانی ڕەفیق چالاک بووم بە خۆشی ئەوەوە کوڕێکم ناونا چالاک. ماملێ چوار برای ھەیە ناویان (حەسەن، حوسەین، موتتەلیب و جەعفەر)ە وە خوشکێکی ھەیە ناوی تووبایە. بنەماڵەی ماملێ ھەموویان لە سەرەتاوە تا ئێستا دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان ھەبووە. ھەر ئەم بۆمانەوەشە بۆتە ھۆی ئەوەی ھانی ئەم ھونەرمەندە بدات ھەر لە منداڵییەوە ھونەر بکاتە ھاوڕێی خۆی و ببێت بە یەکێک لە شۆڕەسوارانی ھونەری کوردی. یەکەم گۆرانی کە دەرگای ھونەری پێ کردەوە گۆرانی (ڕۆیی بەجێی ھێشتم)ە. ھەروەھا سەعید ماملێی باوکیشی ھەر دەنگی خۆش بووە. ڕەحمانی براشی واتە مامی محەممەد ماملێ ئەوەندە دەنگی خۆش بووە دانیشتوانی قەڵادزێ ئەوەی ھاوسێی بوون و لە دووریش دەھاتن شەویان لەلای ڕۆژ کردووەتەوە. محەممەد ماملێ لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتیدا چەند جارێک بەند و دەست بەسەر کراوە و دوور خراوەتەوە.