دەروازە:مۆسیقای کوردی/وتاری ھەڵبژێردراو/١

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

حەسەن زیرەک گۆرانیبێژی ناوداری کورد، ھونەرمەند و مۆسیقازانی سرووشتی (لەدایکبووی ١٩٢١ - کۆچی دوایی ١٩٧٢) لە شاری بۆکان ھاتۆتە دنیاوە. ئەو یەکێکە لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد. بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاواز و گۆرانی کوردییە کە بە دەنگی ئەو وتراوەتەوە. ئەو بە ھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ئێران و عێراق ناسراوە. ئەو لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوای ئێران کۆچی دوایی کردووە و بە خاک سپێردراوە.

حەسەن زیرەک لە مەڵبەندی موکریان لە دایک بووە. لە ڕۆژی ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢١ی زایینی (ساڵی ١٣٠٠ی ھەتاوی). شوێنی لە دایکبوونی زۆر ڕوون نییە، بە گوێرەی قسەی خەڵکی شاری بۆکانە و زیرەک لە گەریکی قەڵای سرداری ئەم شارە لە دایک بووە و زۆر کەسیش لەوانەی کە لە نزیکەوە دەیناسن، گوندی «ھەرمێلە» کە لە نێوان شاری سەقز و بۆکان ھەڵکەوتووە بە شوێنی لە دایکبوونی دەزانن. باوکی ناوی عەبدوڵڵایە و دایکی ئامینی ناو بووە. باوکی لەلای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە کاری کردووە، لەبەر لێھاتووی بە زیرەک ناوی دەرکردووە. ناوبراو جگە لە حەسەن دوو کوڕی دیکەی بە ناوەکانی حوسێن و مینە ھەبووە. لە تەمەنی ژێر دە ساڵیدا لەگەڵ چەند کەس لە دەنگخۆشانی بۆکان لە شاییەکانی ناو شار و گوندەکانی بۆکان گۆرانی وتووەتەوە. لە حەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی دەکات و ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکانی بۆکانی کردووە. زیرەک منداڵ دەبێ کە باوکی دەمرێ (تەمەنی ١١ ساڵان دەبێ کە باوکی کۆچی دوایی دەکات). بە دوای مردنی باوکیدا بنەماڵەکەیان لە دێ بار دەکات و دەچنە شاری سەقز.

زیاتر...