بۆ ناوەڕۆک بازبدە

نیکۆلا تێسلا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە تێسلاەوە ڕەوانە کراوە)
نیکۆلا تێسلا

نیکۆلا تێسلا لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا لە ساڵی ١٨٩٠
لەدایکبوون
نیکۆلا تێسلا

(١٨٥٦-0٧-١٠) ١٠ی تەممووزی ١٨٥٦
مەرگ٧ی کانوونی دووەمی ١٩٤٣(١٩٤٣-٠١-٠٧) (٨٦ ساڵ ژیاوە)
واژوو


نیکۆلا تێسلا (بە ئینگلیزی: Nikola Tesla) داھێنەر و ئەندازیارێکی میکانیکی و کارەبایی و فیزیکزانی سیربیی ئەمریکی بوو، کە لە شاری سمیلجان لە کرواتیا لەدایکبووە لە ساڵی ١٨٥٦، ئێستا سمیلجان بەشێکە لە کرواتیا کە پێشووتر لەژێر دەسەڵات و سنووری پاشای نەمسادا بوو، باوکی تێسلا قەشە بوو، ھەرچەندە دایکی بێ ئیش و کار بووە و خوێندەوارییەکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام خاوەنی مێشکێکی بەھێز بووە و ئارەزووی لە بەکار ھێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنی و میکانیکییەکان بووە، تێسلا دواتر ڕەگەزنامەی ئەمریکی وەرگرتووە، بەھۆی داھێنان و شۆڕشەکانی لە بواری فیزیک و کارەبا و میکانیک کردووە بەتایبەت لە وزەی کارۆموگناتیسی، ئەویش لە کۆتاییی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ەم ناوبانگی دەرکرد.[١]

ساڵانی دەست بەکاربوون (١٨٨١–١٨٨٤)

[دەستکاری]

تێسلا سەرەتای دەست بەکاربوونی وەکو داھێنەرێکی سەرەتاییی ھاتە پێش و ھەروەھا ئەندازیاری کارەبا بوو کاتێک لە نووسینگەی ناوەندی تەلەگرافی لە ناوچەی بۆدابست کاری دەکرد، لە ساڵی ١٨٨١ بۆ ساڵی ١٨٨٢ پەیوەندیی کرد بە کۆمپانیای Continental Edison لە پاریس لەو ماوەیەدا بەپێی ھەندێک ھەواڵ و ڕاپۆرت بێت کە بڵاوبووبوویەوە تێسلا باسی لەوە کردبوو کە ھەستاوە بە کێشانی نەخشەیەکی بنچینە و بنەماکانی بواری کارۆموگناتیسی گۆڕاو، کە وەکو دیارە ئێستا لە زۆرێک لەو ئامێرانە بەکاردێت کە لەسەر بنچینەی کارۆموگناتیسی کار دەکەن، ئەم داھێنانە سەرەتا بوو بۆ ھاتنە ناو جیھانی تەکنەلۆژیا و ھەروەھا دروستبوونی ئاژاوەش لە ھەمان کاتدا لەگەڵ ئەدیسۆن و چەند لایەنێکی تر، ھەر ئەم داھێنانە بوویە ھۆی بناغەی ئامێر و تەکنەلۆژیاکانی ئێستا و داھاتوو، وەکو دروستکردنی یەکەم مەکینە کە لەسەر بنچینەی کارەبای تەزوو گۆڕ کاری دەکرد، پاشان بەرەو نیویۆرک ئەویش لە ساڵی ١٨٨٤ ھەموو ئەمانە لە تەمەنی گەنجییەتیدا ئەنجامی دان، تێسلا داوای لە ئەدیسۆن کردبوو کە وەکو کارمەندێک لای خۆی وەری بگرێت و بیبات بەرەو نیویۆرک. ئەدیسۆنیش وەری گرت و بەیەکەوە بەرەو نیویۆرک گەشتیان کرد، خەوی منداڵیی تێسلا ئەوە بوو کە بتوانێت بچێت بەرەو ئەمریکا و دەست بەسەر وزەی تاڤگەکانی نیاگارادا بگرێت.[٢]

تاقیگەی تێسلا بۆ ڕووناکیی کارەبایی و دروستکردن

[دەستکاری]

ھەندێک جار وتراوە تێسلا لەگەڵ ئەوەی زانایەکی زۆر زیرەک و درەوشاوە بووە لە ھەمان کاتیشدا پیاوێکی بازرگانیی شکستخواردوو بووە، ھەرچەندە داھێنانەکانی لەڕووی بازرگانییەوە دەکرا سامانێکی زۆر کۆبکەنەوە، بەڵام ئەدیسۆن پیاوێکی بازرگان بوو و ھەمیشە لە ھەوڵی سامان کۆکردنەوە بوو لەگەڵ ئەوەی داھێنەریش بوو، بەڵام بەراورد بە تێسلا داھێنانەکانی ئەدیسۆن وەکو شتێکی سادە بوون، ئەمانە و ھەندێک ھۆکاری بیرکردنەوە و ئایدۆلۆجی جیاوازیان وای لێ کردن نەتوانن زۆر بەیەکەوە بمێننەوە و ئەمەش بووە ھۆکاری ئەوەی تێسلا دوای ماوەیەک واز لە کارەکەی بھێنێت و کارگەکەی ئەدیسۆنی جێھێشت. تێسلا تا کۆتاییی ژیانی، کە نزیکی ٥٩ ساڵ دەبوو، ھەستا بە دروستکردنی تاقیگەیەکی تایبەتیی خۆی لەژێر ناوی «ڕووناکیی کارەباییی تێسلا و بەرھەمھێنان» ھەر لەوێ بوو تیشکە-ئێکسی دۆزییەوە و تاقیکردنەوەی لەسەر خۆی کرد و ھەندێک تاقیکردنەوە و داھێنانی تر کە تەنھا خۆی لێی تێدەگەیشت، دوای ئەوەی تێسلا گەشتێکی بەرەو کۆلۆرادۆ کرد، پاشان دوای ماوەیەک گەڕایەوە بۆ نیویۆرک لەگەڵ بەرەوپێشچوونێکی زۆری زانستی، یەکەم وێستگەی وزەی کارۆئاوی(Hydroelectric) دروست کرد، ئەویش لەسەر تاڤگەکانی نیاگرا، لە ھەموویشی گرینگتر تەواوکردنی سیستەمی تەزووی گۆڕاو بوو.[٣]

تێسلا لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا لە ساڵی ١٨٩٦

پەڕاوێزخستنی تێسلا

[دەستکاری]

چیرۆکی پەڕاوێزخستنی تێسلا لە ساڵی ١٨٨٤ەوە دەستی پێکرد، تێسلا ھەڵسا بە دۆزینەوەی ئامێرێکی نوێ کە توانای دروستکردنی تەزووی A.Cی ھەبوو (کە زۆر باشتر بوو لە تەزووی D.C) پاش ئەم دۆزینەوەیە ئەدیسۆن وای بۆ چوو کە پێشکەوتنی دۆزینەوەکانی تێسلا دەبێتە ھۆی ڕکابەرییەکی گەورە بۆ دۆزینەوەکانی خۆی، بۆیە ئەدیسۆن تەنھا بە دژایەتیکردنی دۆزینەوەکەی تێسلا نەوەستا، بەڵکو دەستیکرد بە بانگەشە کردن دژی تیسلا و وای بڵاوکردەوە کە تەزووی A.C مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ و تێسلاش ھۆکاری سەرەکیی ئەم مەترسییەیە، ئەدیسۆن خاوەنی سەرمایە و ناوبانگێکی زۆر بوو کە یارمەتیدەریبوون لە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی لە دژی تێسلا، لە بەرامبەردا تێسلا سەرمایەکەی بەشی سەرکەوتنی دۆزینەوەکانی نەدەکرد، ئەدیسۆن ڕای گەیاند کە شەڕی ئەو لە دژی تێسلا نییە بەڵکو لە دژی تەزووی A.Cییە. پڕوپاگەندەکانی ئەدیسۆن زۆری نەخایاند کاتێک لە ساڵی ١٨٨٨ تێسلا جۆرج ویستھاونسی بینی کە پیشتگیریی دۆزینەوەکانی دەکرد و بووە پشتگیرییەکی باش بۆی، و لە ساڵی ١٨٩٧ شەری نێوان ئەدیسۆن و تێسلا بە سەرکەوتنی تێسلا کۆتاییی ھات کاتێک جیھان تەزووی A.Cی بەکارھێنا لەجیاتی تەزووی D.C.[٤][٥]

پێشبینی و بینینەکانی تێسلا

[دەستکاری]

تێسلا بە گەورەترین زانا و داھێنەری مێژوو بە درێژای سەدەکان دانراوە و ھیچ گومانێکیش لە لێھاتووییی ئەم کەسە نییە، پێشبینی و بینینەکانی تێسلا زۆر گەورەتر و لەپێشتر بوو لەچاو ئەو سەدەیەی تێیدا دەژیا و ھەروەھا زۆر لە پێش زاناکانی تر بوو، کە ئەو کاتە گەورەترین ڕکابەری ئەدیسۆن بوو، سەرەتای خوێندنی لە قوتابخانەیەک بوو بە ناوی پۆلیتەکنیک پاشان خوێندنی زانکۆشی لە براگ تشیکییە تەواوکردووە و بڕوانامەی وەرگرتووە، سەرەتا لەگەڵ فیزیا و بیرکاری خۆی خەریککردووە، شارەزایییەکی زۆر باشی ھەبووە بەڵام زووبەزوو بیرکردنەوەی گۆڕا و ھاتە ناو بواری کارەبا و میکانیک چونکە کارەبا شتێک بوو لای ئەو تووشی سەرسووڕمانی کردبوو.[٦]

گەڕانەوەی نازناوی دۆزەرەوەی ڕادیۆ

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٨٩٨دا، بەھۆی ئەوەی تێسلا ھەوڵی گەڕانەوەی نازناوی دۆزەرەوەی ڕادیۆی دا بۆ خۆی کە لێی دزرابوو، کارگەکەی تێسلا ئاگری تێبەربوو و بەھۆیەوە گشت کەلوپەل و دۆزینەوەکانی ناوی لەناوچوون. لە ماوەیەکی کەمدا تێسلا توانی گشت کەلوپەلەکان دروستبکاتەوە و دەستبکاتەوە بە دۆزینەوەکانی. لە ساڵی ١٩٤٩ دادگایەکی ئەمریکی مافی دۆزەرەوەی ڕادیۆی گەڕاندەوە بۆ تێسلا کە خاوەنی ڕەسەنی دۆزینەوەکە بوو و لە ساڵی ١٨٩٣ دۆزیبویەوە لەجیاتی مارکۆنی کە لە ساڵی ١٨٩٤ دۆزینەوەی ڕادیۆی دەخستبوو، و بەھۆیەوە توانیبووی خەڵاتی نۆبڵ لە فیزیا بەدەستبھێنێت، لە ساڵی ١٩١٦ بڕیاردرا خەڵاتی نۆبڵ لە فیزیا و بە ھاوبەشی بدرێتە ئەدیسۆن و تێسلا بەڵام ھەریەکەیان ڕەتیان کردەوە خەڵاتەکە لەگەڵ ئەوی تردا وەربگرێت.[٧]


دیزاین و نەخشەکێشان لە مێشکیدا

[دەستکاری]

وێنەی ڕاستیگیراوی تێسلا لەژێر یەکێک لە ئامێرەکانی دانیشتووە کە پریشک و برووسلە دەرچووەکەی ملیۆنەھا ڤۆڵت بووە، بەڵام تێسلا بە ئاسایی دانیشتووە و کتێب دەخوێنێتەوە، ئەویش لەبەرئەوەی دەستی گرتووە بەسەر تەزوو و ڤۆڵتییەکەدا و دەزانێت چۆن کار دەکات، تێسلا لە شەو و ڕۆژێکدا تەنھا ٢ کاتژمێر خەوتووە، زۆرینەی کاتەکانی بە کتێب خوێندنەوە و داھێنان بەسەربردووە، تێسلا زۆرینەی داھێنانەکانی لەڕێگەی خەیاڵ و بینینی ناو مێشکی بووە و زۆر پەیوەست بووە بە ئینجیلەوە، ھەروەھا یەکێک بووە لەو زانایانەی خاوەنی ھزرێکی فۆتۆگرافی بووە، لەناو مێشکیدا بەشێوەی ٣ دووری دیزاینی تەنەکانی کردووە، پێش ئەوەی ئامێرێک یا تەکنەلۆژیایەکی نوێی دروست کردبێت ئەوا دیزاین و تایبەتمەندییەکانی لە مێشکی خۆیدا نەخشە کێشاوە پاشان نموونەکەی بە دەستی دروست کردووە. کاتێک بابەت دەھاتە سەر زانست و داھێنان و زیرەکی، ئەوا تێسلا لەپێش ھەموو مرۆڤێکەوە بوو، بەڵام لەبواری بازرگانیدا لاواز بوو چونکە بە جۆرێک کاری دەکرد دەیویست ئەوەی دروستی دەکات و داھێنانی تێدا دەکات خەڵکی بە ئاسانی و بێ پارە بتوانن سوودی لێ وەربگرن.[٨]

تیشکی ئێکسی دەستی تێسلا لە تاقیکردنەوە سەرەتاکانیدا
تێسلا کۆیڵ

داھێنانە دیارەکانی تێسلا کە لە ژیانی ئەمڕۆدا بەکاردێن

[دەستکاری]
وێنەی تێسلا کە لەلایەن شاژنی ئەوکاتی ھەنگاریا ڤیلما-لوۆف پارلاگی وێنەکە کێشراوە

داھێنانە نادیارەکان

[دەستکاری]

تێسلا لەنێوان ھەموو مرۆڤەکانی پێش خۆی و سەدەی ئێستا و داھاتوو تاکە کەسە زۆرترین داھێنانی ھەبووبێت، بۆیە ئەگەر سەیری مێژووی بکەین و سەیری ئێستا بکەین ھەرگیز کەسێکی تری وەکو ئەو نادۆزینەوە، ئەوە تەنھا چەند داھێنانێی کەمی بوو ھەرچەندە زیاتر لە ٧٥٠ دانەی تری ھەیە بەڵام زۆرێکیان لە ساڵی ١٩٤٣ دوای مردنی تا ئێستا نازانرێت، تەنھا حکوومەتی ئەمریکا و دەزگاکانی سی ئای ئەی و ئێف بی ئای دەزانن و ھەروەھا ھەندێکیان ھەرگیز ئاشکرای نەکردووە تەنھا ئاماژەیەکی کەمی پێداون.

داھێنانێکی گرینگ و شێتانەی نھێنیی تێسلا بریتی بوو لە Oscillator کە بە شێوەیەکی میکانیکی لەرەلەر دروست دەکات کە ناونرابوو Tesla Oscillator، لە ڕێگەی ئەم جۆرە داھێنانە دەتوانرێت زەمین لەرزەی دەستکرد ئەنجام بدرێت و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩٣دا دروستی کرد، لەرەلەرکەری کارەباییی میکانیکی کە لە ڕێگەی وزەی بەھەڵمبوونی کارەبایییەوە بەرھەم دێت، دوای چەند ساڵێک لە ژیانی ئەوەی ڕاگەیاند بەھۆی یەک جار تاقیکردنەوەی ئەم ئامێرە کە دروستی کردبوو، لە ساڵی ١٨٩٨دا لە شاری نیویۆرک تاقی کردبوویەوە بووە ھۆی زەمین لەرزەیەک، پاش بڵاو بوونەوەی ھەواڵەکە پاشان ناونرا ئامێری زەمین لەرزەی تێسلا Tesla earthquake machine.

سەرەتا تێسلا ئەوەی وتبوو کە ئۆسیلەیتەرێکی بچووکی دروست کردووە و کاتێک داوییەتییەتی لە نووسینگەکەی و دای گیرساندووە لەو کاتە لەرەلەرێکی گەورەی بەرھەمھێناوە و ئەو بینایەی ئەمی تێدا بووە تووشی لەرزەیەکی گەورە بووە و ھەتا کاری کردووەتە باڵەخانەکانی دەوروبەری، ھەرچەندە کێشی ئامێرەکە چەند پاوەندێکی کەم بووە، بەڵام تێسلا بە جۆرێک لەرەلەرەکەی دیاریکردبوو ئەوەندە گەورەبوو دەیتوانی بینایەک بەتەواوی بھێنێتە لەرزە، ئەو کەسەی کە لەگەڵ تێسلا بووە و ئاگای لەم تاقیکردنەوەیە بووە بە پێکەنینەوە گێڕاوییەتییەوە و دەڵێت: تێسلا چەکوشێکی لەگەڵ خۆی ھەڵگرتبوو پاش ئەو ڕووداوە بۆ شکاندنی ئامێرەکە بۆ ئەوەی خەڵک ھەستی پێ نەکەن و دوایی کێشەی بۆ دروست نەکەن، ھەروەھا وتبووی بە یاریدەدەرەکەی تۆش خۆت وەکو نەزانێک دەربخە.[٩]

تێسلا لەکاتی کتێب خوێندنەوە لە تاقیگەکەی

سروشتی ژیانی تێسلا

[دەستکاری]

تێسلا جگە لەلایەنی زانستییەوە جێی سەرسووڕمان بوو، لە لایەکی تریشەوە بەھۆی سروشتی ژیانی و ھەندێک ھەڵسوکەوتی تەواو ناسرا بوو:

  • لەگەڵ ژمارە ٣دا پەیوەندییەکی سەیری ھەبوو بە جۆرێک ٣ جار دەستی دەشۆرد یان ٣ جار بەدەوری باڵاخانەیەکدا دەسووڕایەوە پێش ئەوەی بچێتە ناوی، لەوە دەچێ تووشی نەخۆشیی واسواسی و دەروونی بووبێت.
  • زۆر ڕقی لە مرواری بوو، بەجۆرێک خەریک دەبوو شێت بێت کە دەیبینی، ھەر ژنێک مرواریی لەخۆی بەستبووبێت تێسلا قسەی لەگەڵ نەکردووە و نەشزانرا بۆ ئاوا ڕقی لێیەتی.
  • تێسلا ژیانی پڕ و لە مەینەتی و ئازار، ژنیشی نەھێناوە، ژیانی ھاوسەرییەتی بە ھیچ جۆرێک بۆ ئەم ڕێکنەدەکەوت، پێی وابوو ئەگەر زانایەک ژن بێنێت ئەوا داھێنانی گەورەی بۆ ناکرێت و ژن دەبێتە ڕێگر لەبەردەم کارەکانی.
  • تێسلا ئەوەی وتبوو کە ئەنجامدانی سێکس دەبێتە ھۆی لاوازبوونی بیری و سەرنج لەدەست دەدات، بەمەش نایەوێت کاربکاتە سەر داھێنان و پرۆژەکانی.
  • ھەموو کۆتاییی ژیانی لە نیویۆرک بەسەر برد، دوو ساڵی کۆتا لە ئوتێلی نیو یۆرکەر لە ژووری ژمارە ٣٣٢٧ کە دەکەوتنە نھۆمی سێیەم.
  • لەگەڵ ئەوەی تێسلا خاوەنی ئەو ھەموو داھێنان و پرۆژانە بوو، بەڵام وەکو کەسێکی ھەژار و بێ کەس دەژیا.
  • تێسلا کۆترباز بوو، زۆر حەزی بە کۆتر دەکرد، نەک تەنھا خواردنیان پێ بدات و بەخێویان بکات بەڵکو کۆتری نەخۆش و برینداری ھەڵدەگرت لەگەڵ خۆی و دەیبردن بۆ ژوورەکەی بۆ ئەوەی چارەسەریان بکات، وەکو دەڵێن کۆترێک دڵی تێسلای بردووە، تێسلا لەسەر کۆترێک ھەندێک کتێبی نووسیوە نازانرێت بۆ.
  • تێسلا باوەڕی تەواوی بە زانستی باشکردنی وەچەنانەوە ھەبوو و دەیووت ھەندێک مرۆڤ بۆ ئەوە ناشێن وەچە بنێنەوە و مناڵیان ببێت، چونکە ئەو کەسانە نازانن بژین و ناتوانن سوود بگەیەنن، ئەویش لە ڕۆژنامەی سمیتسۆنیان بڵاوبوویەوە لە ساڵی ١٩٣٥ کە خۆی نووسیبووی.

وزەی سەربەست

[دەستکاری]

زۆرینە کار و ھەوڵەکانی تێسلا بۆ ئەوەبوو کە وزە بۆ جیھان دابین بکات بە خۆرایی بێ ئەوەی کەس دینارێک بدات، ئەویش ئەوەبوو کە وزەی کارەبا بە شێوەی بێ وایەر بۆ ھەموو جیھان بڵاوبکرێتەوە ئەویش لە ڕێگەی ھەواوە بەناو زەوی خۆیدا و پێویستیی بە ھیچ جۆرە ھێڵێکی وزە نەبوو، ھەرچەندە زۆر ھەوڵیدا تەواوی بکات، بەڵام پارەیەکی وای نەبوو تەواوی بکات و حکوومەتیش بە ھیچ جۆرێک یارمەتیی نەدا چونکە دەیانزانی ئەگەر ئەم پڕۆژەیە تەواوبێت ئیتر ناتوانن پارە لە خەڵک وەربگرن، ئەمە گەورەترین خەونی تێسلا بوو، ئەو کاتەی تێسلا لە ژیاندا بوو ھەندێک ھەواڵ بڵاوبوویەوە گوایە تێسلا ھەندێک ئامێر و داھێنانی نوێی کردووە بە شاراوەیی، ئەم داھێنان و ئامێرانە تەواو سەرنجی سوپای ئەمریکا و ئەڵمانیای ڕاکێشابوو، زیاتر لە ٣٥٠ داھێنانی تێسلا لە ٢٥ وڵات سەریھەڵدا و زۆریان دووربوون لە تێگەشتن و باوەڕ پێ کردن.

میلوتین، باوکی نیکۆلا تێسلا

باری ژیان و گووزەرانی

[دەستکاری]

تێسلا لە ساڵی ١٩٠٠ەوە لە ناوچەی واڵدۆرف لە شاری نیویۆرک ژیانی بەسەربرد و قەرزێکی زۆریشی لەسەر بوو. لە ساڵی ١٩٢٢ لە میوانخانەی سەینت ڕێگیس دەمایەوە ئیتر دوای ئەوە بەم شێوەیە چەند ساڵ جارێک ھەڵسا بە گۆڕینی ئەو میوانخانەیەی تێیدا دەمایەوە.

ڕۆژانە تێسلا ڕێی دەکرد بەرەو باخچە و خواردنی بە کۆترەکانی دەدا. لە سەرەتادا لە پەنجەرەی ژوورەکەی لە میوانخانە دەستی بە ناندانی کۆترەکان کرد و چارەسەری کۆترە بریندارەکانیشی دەکرد. بە گووتەی خۆی ڕۆژانە کۆترێکی سپی بریندار چووەتە لای. زیاتر لە ٢٠٠٠ دۆلاری خەرجکرد تاوەکو ئاگاداری ئەو کۆترەیەیان بێت و تەنانەت ئامێرێکی بۆ دروستکردووە تا یارمەتی بدات لەکاتی چاکبوونەوەی باڵ و قاچێکی. تێسلا وتوویەتی: من بە درێژاییی چەندین ساڵ ھەزارەھا کۆترم نانداوە؛ بەڵام یەکێکیان جیاواز بوو، ئەو دانەیان باڵندەیەکی جوان بوو کە تەنیا کۆتاییی باڵەکانی خۆڵەمێشیی کاڵ بوو، ئەگینا سەرتاپای سپی پۆشبوو. ئەو دانەیە مێیینە بوو. من تەنیا ئاواتم دەخواست و بانگیم دەکرد ئەویش یەکسەر لە شەقەی باڵی دەداو دەفڕییە لام. من ئەو کۆترەم خۆشدەویست وەک چۆن پیاوێک ژنێکی خۆشبوێت. تا ئەو کاتەی ئەوم ھەبوو، لە ژیانمدا مانا و مەبەستم ھەبوو.

لە ساڵی ١٩٢٣دا، تێسلا لە میوانخانەی سەینت ڕێگیس دەرکرا بە ھۆکاری نەدانی پارەی وەسڵەکانی، ھەروەھا خڕبوونەوەی کۆترێکی زۆر لەوێ. بەھەمان شێوە لە ساڵی ١٩٣٠ لە میوانخانەی پێنسیڵڤانیا و لە ساڵی ١٩٣٤یش لە میوانخانەی کلینتن دەرکرا. لەماوەی ژیانیدا لە میوانخانەی مارگریش ماوەتەوە.

لە ساڵی ١٩٣٤دا، تێسلا چووە میوانخانەی نیویۆرکەر. لەم ماوەیەدا کۆمپانیای وێستینگھاوس ئلێکتریک ئاند مانیوفاکچەرینگ مانگانە بڕی ١٢٥ دۆلاری لەگەڵ کرێی شوێنی مانەوەی بۆ دابین دەکرد. وردەکاریی چۆنییەتیی ئەم پارەدانە جیاوازە. ھەندێک سەرچاوە دەڵێن کە وێستینگھاوس نیگەران بووە، یان دەکرێت ئاگادار کرابێتەوە، دەربارەی ئەوەی کە ئەستێرە داھێنەرەکەی پێشوویان دەکرێت بەھۆی خراپیی باری گوزەرانی ناوبانگی خراپی بۆ دروست ببێت لەناو خەڵکدا. بۆ ئەوەی خۆیان بە دووربگرن لە ڕقی تێسلا ناونیشانی تێچووی ڕاوێژکارییان بەکارھێنابوو تاوەکو ئەم یارمەتیدانەیان لێ قبووڵ بکات. مارک سێیفەر، نووسەری ژیاننامەی تێسلا، وەک دابینکردنێکی دیارینەکراو ئاماژەی بەم پارەدانەی وێستینگھاوسی کردووە. بە ھەر جۆرێک بووبێت، وێستینگھاوس خەرجییەکانی تێسلای تا کۆتاییی ژیانی لەئەستۆ گرت.

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکانی ڕێکەوتی لەدایکبوونی

لە ساڵی ١٩٣١دا، نووسەرێکی خەیاڵی زانستی بە ناوی کێنێس سوێزێی کە ھاوڕێی تێسلا بوو ئاھەنگی ٧٥ ساڵەی لەدایکبوونی داھێنەرەکەی ڕێکخست. تێسلا نامەی پیرۆزباییی لەلایەن زیاتر لە ٧٠ کەسی پێشەنگ لە بواری زانست و ئەندازیاری پێگەیشت لەوانە ئەلبێرت ئەنیشتاین، ھەروەھا لەسەر بەرگی گۆڤاری تایم دەرکەوت. لەژێر وێنەکەی نوسرابوو (ھەموو جیھان کۆگای وزەکەیەتی) کە ئاماژەیەک بوو بۆ کارەکانی لە بواری بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا. ئاھەنگەکە بەشێوەیەک بە باشی بەڕێوەچوو کە تێسلا وەک ڕووداوێکی ساڵانە دووبارەی دەکردەوە و بووبوو بە بۆنەیەک کە تێسلا خواردن و خواردنەوەیەکی زۆری پێشکەش دەکرد—تایبەتمەندیی دەبەخشییە ڕووداوەکە بە پێشکەشکردنی چێشتی دروستکراوی خۆی.

لە ئاھەنگی ساڵی ١٩٣٢دا، تێسلا بانگەشەی داھێنانی بزوێنەرێکی کرد کە بە تیشکی گەردوونی کار دەکات. لە ساڵی ١٩٣٣ و لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا، تێسلا لە میانی ئاھەنگەکەدا بە ڕۆژنامەوانانی وت کە دوای ٣٥ ساڵ کارکردن گەشتووەتە لێواری سەلماندنی شێوازێکی نوێی وزە. تێسلا بانگەشەی ئەوەی کرد کە بیردۆزی ئەم وزەیە بە شێوەیەکە کە (تەواو پێچەوانەی) فیزیای ئەنیشتاینە، کە دەکرێت بە ئامێرێکی تایبەتەوە ببەسترێتەوە و بەشێوەیەکی ھەرزان بەکاربھێنرێت بۆ ماوەی ٥٠٠ ساڵ. ھەروەھا بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند کە خەریکی کارکردنە لەسەر شێوازێکی گواستنەوەی درێژەشەپۆلی ڕادیۆییت تایبەتیی تاکەکەسی، شێوازێکی پێداتێپەڕبوون بەنێو کانزاسازی ھەروەھا گەشەپێدانی ڕێگەیەک بۆ وێنەگرتنی تۆڕی چاو بۆ تۆمارکردنی بیرکردنەوە.

لە بۆنەی ساڵی ١٩٣٤دا، تێسلا بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند کە چەکێکی نایابی نەخشاندووە و بانگەشەی کۆتاییھێنانی ھەموو جەنگەکانی پێکرد. ناوینا (تێلەفۆرس)، بەڵام ھەمیشە وەکو تیشکی مردنی تێسلا ئاماژەیان پێدەکرد. تێسلا وەک چەکێکی بەرگریکار باسی دەکرد کە لەسەر سنووری وڵاتێک دادەنرێت و بەکاردەھێنرێت لەدژی ھێرشی زەمینی یاخوود ئاسمانی. تێسلا لەماوەی ژیانیدا ھەرگیز باسی وردەکاریی پلانی چۆنییەتی کارکردنی چەکەکەی نەکرد، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٤ لە نێو ئەرشیفی (مۆزەخانەی نیکۆلا تێسلا) وردەکاریی پلانەکانی بەدەرکەوت. زانستنامەکە (ھونەری نوێی پڕۆژەی وزەی پەرتنەبووی چڕکراوە لە ڕێگەی ناوەندەکانی سروشتییەوە) باسی بۆڕییەکی سەرکراوەی دەکرد لەگەڵ ئامێرێکی گاز فیچقاندن کە ڕێگەی بە چوونەدەرەوەی تەنۆچکە دەدا، ئەمە ڕێگەیەکە بۆ بارگاویکردنی توخمی (تەنگستنی درێژ)یان توخمی (مێرکەری) بە ملیۆنان ڤۆڵت و ئاڕاستەکردنیان بە تەووژم (لە ڕێگەی تەووژمەھێزی ئەلکترۆستاتی). تێسلا ھەوڵی دەدا سەرنجی بەشی جەنگ لە حکوومەتی ئەمریکا، شانشینی یەکگرتوو، یەکێتیی سۆڤیەت و یۆگوسلاڤیا بۆلای ئامێرەکە ڕابکێشێت.Carlson, W. Bernard (2013). Tesla: Inventor of the Electrical Age, Princeton University Press, p. 218

لە ساڵی ١٩٣٥دا و لە ئاھەنگی ٧٩ ساڵەی یادی لە دایکبوونی، تێسلا باسی چەندین بابەتی کرد. بانگەشەی دۆزینەوەی تیشکی گەردوونی کرد لە ساڵی ١٨٩٦ ھەروەھا بانگەشەی زۆری کرد دەربارەی تەکنیکی ئامێرەکەی بۆ بەرھەمھێنانی تەزوو یان ڤۆڵتەی کارەبایی. لە میانی باسکردنی ئامێرەکەی (کە پێی وابوو بەو ھۆیەوە ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە ماوەی دوو ساڵدا قازانج دەکات) بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند کە دانەیەک لە ئامێرەکەی بووەتە ھۆکاری بوومەلەرزە لە تاقیگەکەی لە شەقامی ٤٦ ئیست ھیوستن و شەقامەکانی تری ئەو ناوچەیە لە (لۆوەر مانھاتن) لە ساڵی ١٨٩٨. بەردەوام بوو لە قسە و بە ڕۆژنامەوانانی وت دەکرا ئامێرەکەی باڵەخانەی ئیمپایەر ستەیت بڕووخێنێت بە پاڵەپەستۆی ھەوا بە قوڕساییی ٥ پاوەند (کە دەکاتە ٢٫٢٦٨ کیلۆ). ھەروەھا ڕوونیکردەوە کە تەکنیکێکی نوێی گەشەپێداوە بە بەکارھێنانی ئامێرەکەی کە ناوینابوو (تێلێجیۆداینامیک)، بە بەکارھێنانی دەکرێت لەرەلەر بگوازرێتەوە بۆ ژێر زەوی کە دەیووت دەکرێت لە ھەر دوورییەک کار بکات و بۆ پەیوەندیکردن یان بۆ دیاریکردنی چینی کانزایی بەکاربھێنرێت.

لە ساڵی ١٩٣٧دا، لە ڕووداوی گەورە ژووری سەما لە میوانخانەی نیویۆرکەر، تێسلا (ئۆردەر ئۆڤ دە ڵایەن)ی لەلایەن باڵوێزی چیکوسلۆڤاکیا پێبەخشرا لەگەڵ مەدالیایەک لەلایەن باڵوێزی یۆگوسلاڤیا. لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانان دەربارەی (تیشکی مردن)، تێسلا وتی «بەڵام ئەوە تاقیکردنەوە نییە… من دروستم کرد، نیشانمدا و بەکارمھێنا. تەنیا پاش ماوەیەکی کەم ئینجا دەتوانم بیدەم بە جیھان.»

لە ساڵی ١٩٥٢دا، لەسەر پێداگریی برازاکەی، ساڤا کۆسانۆڤیچ، گشت موڵکی تێسلا لەنێو ٨٠ کارتۆن کە پیتەکانی ن.ت. لەسەریان درابوون بە بەلەم گەیەندرایە بێڵگرەید. لە ساڵی ١٩٥٧دا، سکرتێری کۆسانۆڤیچ، شارڵۆت موزار، خۆڵەمێشی تێسلای لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گواستەوە بۆ بێڵگرەید. خۆڵەمێشەکە لە قاپێکی زێڕیی بازنەیی لەسەر ستونێکی مەڕمەڕی لە مۆزەخانەی تێسلا نیکۆلا نمایشکراوە

.

بڕوانامەی داھێنان

[دەستکاری]

تێسلا نزیکەی ٣٠٠ بڕوانامەی داھێنانی لە سەرانسەری جیھان بۆ داھێنانەکانی بەدەست ھێناوە. ھەندێک لە بڕوانامەکانی تێسلا ئاماژەیان پێنەکراوە و چەند سەرچاوەیەکی جیاواز ھەندێکی دۆزیوەتەوە لەنێو ئەرشیفی بڕوانامەکان. بەلایەنی کەمەوە ٢٧٨ بڕوانامەی ناسراو ھەیە کە دراوە بە تێسلا لە ٢٦ وڵاتەوە. زۆربەی بڕوانامەکانی تێسلا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڕیتانیا و کەنەداوە بوون، بەڵام چەندین بڕوانامەی تری لە سەرانسەری جیھان پەسند کراوە. زۆر لەو داھێنانەی کە تێسلا گەشەی پێداون نەخراونەتە لیستی بڕوانامەی داھێنان.

زانیاریی کەسی

[دەستکاری]

درێژی تێسلا ٦ پێ و ٢ ئینچ (١٫٨٨م) بوو، کێشیشی ١٤٢ پاوەند (٦٤ کگم) بوو کە ئەم کێشەی لەشی خۆی بە نزیکەیی پاراستووە بەدرێژاییی ساڵانی ١٨٨٨ بۆ ١٩٢٦. شێوەی تێسلا لەلایەن ئارتەر سەرنووسەری ڕۆژنامە بەم شێوەیە باسکرابوو «بە نزیکەییی درێژترین، بە نزیکەییی لاوازترین و بە دڵنیایییەوە جددیترین پیاو بوو کە بەردەوام دەچوو بۆ دێلمۆنیکۆ». تێسلا کەسایەتییەکی ڕێکوپێک و شیکپۆشی شاری نیویۆرک بوو، کەسێک بوو گرینگی بە شێوە و ڕوخساری خۆی دەدا تاوەکو پەیوەندییەکانی کار و پیشەکەی گەشە پێبدات. ھەروەھا خاوەنی چاوی کاڵ، دوو دەستی گەورە و پەنجە گەورەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو مەزن بوو.

بیرێکی تیژ

[دەستکاری]

تێسلا زۆر پەڕتووکی دەخوێندەوە، ھەندێک پەڕتووکی بەتەواوی ئەزبەر دەکرد و وا دادەنرا کە زەینێکی وای ھەبووبێت کە توانای بیرکەوتنەوەی بەڕوونی ھەبووبێت. ئەو فرەزمانزان بووە و ھەشت زمانی زانیوە: سڕبی-کڕواتی، چیکی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئەڵمانی، ھەنگاری، ئیتاڵی و لاتینی. لەنێو ژیاننامەکەی کە خۆی نووسیویەتی و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەزموونی ساتی تەواو ئیلھامبەخشی کردووە. لە سەرەتاکانی ژیانیدا، تێسلا بە بەردەوامی نەخۆش کەوتووە. ئازارێکی بێوێنەی چەشتووە کە تیشکی زۆر بەھێزی ڕووناکیی بە بەرچاوی کەوتووە و ھەردەم دوای ئەوە ئیلھامی بۆ ھاتووە. ھەردەم ئیلھامەکانی گرێدراوی وشەیەک یان بیرۆکەیەک بوون کە لەوانەبووە لەکاتێک لە کاتەکاندا بە مێشکیدا ھاتبووبن؛ لە کاتەکانی تردا ئیلھامەکانی چارەسەری ئەو کێشانەیان بۆ دۆزیوەتەوە کە ھاتوونەتە پێشی. تەنیا بە بیستنی ناوی شتێک، توانیوییەتی بە وردەکارییەکی ڕاستەقینەوە بەرجەستەی بکات. تێسلا وێنای داھێنانێکی لەناو مێشکی کردووە لەگەڵ تەواوی وردەکارییەکانی بە دوورییەکانییەوە پێش ئەوەی بچێتە قۆناغی دروستکردنی، ئەمە تەکنیکێکە کە پێی دەگوترێت بیرکردنەوەی وێنەیی. ئەو بە دەستەکانی وێنەی بۆ نەکێشاون تەنیا لەنێو مێشکی وێنای کردووە. لە منداڵییەوە، تێسلا بەردەوام پاشڕوانی (گەڕانەوە بۆ ڕابردوو یان وەبیرکەتنەوەی ڕابردوو)ی ھەبووە بۆ ئەو ڕووداوانەی کە لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانی ڕوویاندابوو.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  • مۆزەخانەی نیکۆلا تێسلا
  • جیھانی ژیاننامەی زانستی
  • ئەرشیفی سەرھێڵی تێسلا بۆ نووسین و وتار و پەڕە بڵاوکراوەکان
  • کارەکانی نیکۆلا تێسلا لە وێبگەی فەرمیی ئەرشیفی ئینتەرنێت
  • بنکەی زانستیی تێسلا لە واڕدنکلیف تاوەر
  • ژیان و کاری نیکۆلا تێسلا
  • بەڵگەفیلمی سەرچاوەی تێسلا - مامۆستای برووسکە

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ Laplante، Phillip A. (1999). Comprehensive Dictionary of Electrical Engineering 1999. Springer. p. 635. ISBN 978-3-540-64835-2.
  2. ^ «No, Nikola Tesla's Remains Aren't Sparking Devil Worship In Belgrade». Radio Free Europe/Radio Liberty. ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٥.
  3. ^ «Tesla Tower in Shoreham Long Island (1901 - 1917) meant to be the 'World Wireless' Broadcasting system». Tesla Memorial Society of New York. لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٢ ھێنراوە.
  4. ^ Van Riper 2011, p. 150
  5. ^ Tesla does not mention which professor this was by name, but some sources point conclude this was Prof Martin Sekulić.
  6. ^ From Colorado Springs to Long Island: research notes. Belgrade: Nikola Tesla Museum. 2008. ISBN 978-86-81243-44-2.
  7. ^ «NYHOTEL». Tesla Society of NY. لە ١٧ی ئابی ٢٠١٢ ھێنراوە.
  8. ^ «Nikola Tesla: The Genius Who Lit the World». Top Documentary Films.
  9. ^ Fritz E. Froehlich, Allen Kent (December 1998). The Froehlich/Kent Encyclopedia of Telecommunications: Volume 17. p. 36. ISBN 978-0-8247-2915-8. لە 10 September 2012 ھێنراوە. {{cite book}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate= (یارمەتی)

Tesla، Nikola (8 December 2017). Nikola Tesla on His Work with Alternating Currents and Their Application to Wireless Telegraphy, Telephony, and Transmission of Power: An Extended Interview. 21st Century Books. ISBN 978-1-893817-01-2 – via Google Books. {{cite book}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |date= (یارمەتی)