ئەخۆل
ئەحمەد دەروێش عەبدوڵڵا ناسراو بە ئەخۆل شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە. لە ساڵی ١٩١١ لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی دەرگەزێن لە ناوچەی سەرگوڵ ھاتۆتە دنیاوە.[١] لە ساڵی ١٩٨٨ کۆچی دوایی کردووە، ئێستاش گۆڕەکەی لە گردی سەیوانی سلێمانییە.
سەرەتای ژیان
[دەستکاری]ئەخۆل لە بارەی ژیانی خۆیەوە دەڵێت:
١- ناوم ئەحمەد، باوکم دەروێش، باپیرم عەبدوڵڵایە؛ ناوبانگم «ئەخۆل»ە و لە ساڵی ١٩١١ز لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی دەرگەزێن لە ناوچەی سەرگوڵ ھاتوومەتە دنیاوە.
٢- پایەی خوێندەواریم
پایەی خوێندەواریم بەداخەوە زۆر کەمە چونکە ئەو کاتەی من گەیشتوومەتە تەمەنی خوێندن، پاش جەنگی جیھانی یەکەم بوو، گرانی و پشێوی لە سلێمانیدا ھەبووە و قوتابخانەش نەبوو لە لایەنی مامۆستایەکی ناوخۆیی، حوجرە ھەبوو، توانیم قورئانی پیرۆز بخوێنم، ئینجا کە لەشکری ئینگلیز ھاتە سلێمانییەوە قوتابخانەیەک بەناوی نموونەی سەعادەت کرایەوە، چوومە ئەو قوتابخانەیە لەوێ مامەوە ھەتا پۆلی یەکەمم تەواو کرد.[١]
لەسەردەمی شۆڕشەکەی خوارووی کوردستاندا بەھۆی بۆمبارانەوە خوێندنگەکە نامێنێ و تا دوای گەڕانەوەی شۆڕشگێڕان بۆ شاری سلێمانی و کرانەوەی ھەردوو قوتابخانەی مەحموودیە و قادری ئەخۆل دەچێتە قوتابخانەی قادری تا پۆلی سێیەم دەخوێنێت دیسان شاری سلێمانی دەکەوێتە ژێر تۆپبارانی ھێزەکانی ئینگلیزەوە و شار چۆڵ دەکرێ قوتابخانەکەش دادەخرێت. دوایی ھاتنەوە تا پۆلی پێنجەم لەھەمان قوتابخانە تەواو دەکات.
نازناوی ئەخۆل
[دەستکاری]وەک خۆی دەڵێ:
کە لە دایکبووم باوکم و دایکم و خێزانەکەمان لە جیاتی ئەحمەد پێیان وتووم «ئەحۆل» و ھەر لەو کاتەدا ئامۆزایەکم بووە زمانی گرتووە بەڵام زمانی باش نەپژاوە نەیتوانیوە بڵێ «ئەحۆل»، پێی وتووم «ئەخۆل»، ئیتر لەو کاتەوە لە ناو خێزان و خزم و گەڕەکدا ھەر بە «ئەخۆل» ناویان بردووم ھەتا ئێستا.[١]
بنەماڵەکەشی لەئێستادا ئەم نازناوەیان ھەڵگرتووە.
ژیان و ھونەر
[دەستکاری]ئەخۆلی شاعیر لەساڵی ١٩٢٩ ل ەچاپخانەی شارەوانی لەشاری سلێمانی کە رۆژنامەی ژین و ژیانی دەردەکرد، چوار ساڵان لەو چاپخانەیە کاری کرد ھەتا ڕۆژی داخستنی، دواتر دەبێ بە نووسەر لە دادگا ھەتا ساڵی ١٩٧٠ خانەنشین بووە.
ئەخۆلی شاعیر دۆستایەتی لەگەڵ شێخانی بیارە ھەبووە ھەروەھا پەیوەندیی زۆری نزیکی لەگەڵ شاعیرانی سەردەمی خۆی ھەبووە لەوانە مەدھۆش کە زۆر ھاوەڵی بووە ھەروەھا فایەق بێکەس و شێخ نوری شێخ ساڵح و شێخ سەلامی شاعیر و ئیبراھیم ئەحمەد و رەمزی قەزاز و عەلی عارف ئاغا و چەندانی تر بەمەش توانیویەتی زیاتر بچێتە ناو وێژە و فەرھەنگی کوردییەوە، ھەر ئەمەش وایکرد کە دواتر بابەت بۆ رۆژنامەی ژین و ژیان و گۆڤاری گەلاوێژ و ڕۆژی نوێ بنووسێ و تا ئەوە بوو لەساڵی ١٩٧٠ یەکەم بەرھەمی ئەخۆلی شاعیر بەناوی پەیمان و شیوەن کە دیوانە شیعرێک بوو لە دایک بوو.
بەھرەی شیعر نووسینی ئەخۆل لەتەمەنی ٢٠ ساڵییەوە دەستی پێکردووە ئەویش بەھۆی باری ناھەمواری ژیانییەوە بووە کە ھەر لە منداڵییەوە بێ باوک بووە و باوکی لە شەڕی سەفەر بەرلکدا شەھید کراوە و لەلای مامەکانی پەروەردە بووە. ئەو شیعرانەی لە ساڵانی ١٩٣٠ تا ١٩٣٠دا نووسیویەتی شێوەی ئەو سەردەمەی پێوە دیارە ئەخۆل بەڕاستی کەسێکی ناسیۆنالیزم و نەتەوەدۆست بووە برای گەورەی شۆڕشگێڕیی نەتەوەیی نوری ئەحمەد تەھا و شاعیری گەورە و کوردپەروەر کامەران موکری بووە ئەم کوڕانەی لەسەر دەستی خۆی لە جێگەی باوک پەروەردە کردووە بەرۆحێکی زۆر کوردانە و نیشتمان پەروەرانەوە ھەمیشە لەگەڵ ئازاری نیشتمانەکەیدا بووە و ڕەنگدانەوەی زوڵم و زۆر لە نەتەوەکەی بەشیعرەکانیەوە دیارە. ئەخۆلی شاعیر ھەمیشە براکانی بەو گیانە گۆش کردووە کە تۆوی نەتەوەیی لە گیانیاندا بچێنن قەت رێگر نەبووە لەبەردەم کاری نھێنی و رێکخراوەیی کە لە پێناوی نیشتماندا بەئەنجامی بگەیەنن.
ئەخۆل وێڕای ئەوەی کە پلەی خوێندەواریی کەم بووە بەڵام شارەزاییەکی تەواوی لەزمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکی، و فارسی دا ھەبووە و کەمێکیش ئینگلیزی زانیوە تەنانەت ھەندێ جاریش شیعری فارسی ئەگۆڕییە سەر زمانی کوردی یان تێکەڵکێشی دەکرد.
ئەخۆلی شاعیر جگە لەنووسینی شیعری ئەوین، شیعری شیوەنیشی بۆ شاعیران و گەورەپیاوانی کورد نووسیوە و زۆر بەئاواتەوە بووە کە ئاڵای کوردستان ھەڵکرێ و ھەمیشە شەکاوە بێ ئەوەتا لە چوارینەیەکدا ڕازی دڵی دەرخستووە کە دەڵێ:
لەو شوێنەی رێک کەوت، ئاڵای کورد ھەڵکەن | شایەد ئەو جێیە سەخت بوو و ڕەقەن | |
بێن سەرم بەرن بە خوێناوەکەم | بیخوێننەوە جێگای بۆ خۆشکەن |
یان دەڵێ:
خۆ ئەگەر چووبمە ڕیزی مردووان | ھەڵکەنن گۆڕم لە گردی سەیوان | |
بە ئێسکی لەشی پڕ لە ژانی گەل | ھەڵکەنن جێگای ئاڵای کوردستان |
عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ لەسەر بەرھەمەکانی ئەخۆل دەڵێ:
چوارینەکانی ئەخۆل نابن بە پارچەیەکی تەواو، بەڵکو شاعیر دێت و بیرێکی خۆی لە یەک چوارینەدا خەست ئەکاتەوە و دەری ئەبڕێت و بیرەکەی خۆی تەنیا لە سنووری ئەو چوارینەیەدا جێگە ئەکاتەوە و ھەر چوارینە لە ڕووی بیر و ناوەڕۆک و ڕووخسارەوە بەشێکی تەواو سەربەخۆیە
ھەروەک دەڵێ:
لەخوێن و خۆڵا گەر بتلێمەوە | ناگریم، ناناڵم، ناکڕووزێمەوە | |
چاوم تاریک بێ گەر لە برسانا | لە ھیچ نامەردێ ناپاڕێمەوە |
شاعیر بیری کۆڵنەدان و سەرشۆڕنەکردن و پتەوی لەم چوار نیوەدێڕەوە و لەم ھاواری نەبەزینەدا جێگە کردوەتەوە. ھەروەھا عیزەدین مستەفا لە لێکدانەوەکەیدا دەڵێ: مەیدانی ھەست و سۆزی نیشتمانی و گیانی خوێن گەرمی تیژکردن و کۆڵنەدان دەربڕین و مەیدانی شیعری رۆمانتیکی و سۆزی عەشق و ئەڤینێکی راستەقینە و ھەست دەربڕینێکی شاعیرانە، ھەر لەسەر پێڕەوی پارچەی گردی سەیوان بۆ تەواو کردنی بیری ئەو پارچەیە شاعیر دەڵێ:
ئەم خاکە پاکە: ھی تۆیەو ھی من | تیایا ڕزیوە بەحەو جۆر مردن | |
ئێسک و پروسکی باووباپیرمان | نایدەین بەفیڕۆ و تاڵان بە دوژمن |
ئەخۆل کەسێکی جوامێر و قسەخۆش بوو، سەرگوزشتە و باس و خواسی زۆر لەلا بوو، زۆر کات لە دەوری کۆ دەبوونەوەو گوێیان لە قسە خۆشەکانی دەگرت.
مردن
[دەستکاری]ئەخۆل لە ڕۆژی ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٨٨ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردوو و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گردی سەیوان بەخاک سپێردرا.
بەرھەمەکان
[دەستکاری]- دیوانە شیعری پەیمان و شیوەن