ڕێزمانی کوردی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

کەرەستەکانی نووسین[دەستکاری]

ھێڵکاری پێکھێنانی ڕستە
دەنگ >>> پیت >>> وشە >>> گرێ >>> ڕستە


"لە دوای ڕستە دەتوانرێت بۆ ھەر مەبەستێک بەکار بھێنرێت وەک ئەم نوسینەی ئەیخوێنیتەوە"


دەنگ[دەستکاری]

بچووکترین بێژەیە کە لە دەمەوە دەردەپەڕێت.

وشە[دەستکاری]

بەکۆمەڵە پیتێک کە مانای شتێک یان مانایەکی تەواو بدات لەزمانی کوردی دەڵێن وشە.


گرێ[دەستکاری]

بریتییە لە وشەگەلێک کە بەتەنیا واتای نییە و بەشێک لە رستە پێک دێنێت. سادەترین گرێی ناوی لە ناوێک یان جێناوێک پێک دێت و سادەترین گرێی کاریش لە رەگی کار و جێناوێک پێک دێت.


ڕستە[دەستکاری]

لە گۆڕەپانی زمانناسیدا، ڕستە دەربڕینێکە لە زمانی سروشتیدا. ڕستە یەکەیێکی ڕێزمانی و پەیڤی‌یە کە لە یەک یان چەند وشە (ھەر وشە نوێنەرایەتیی چەمکێک دەکات) پێکھاتووە. ڕستەیەک دەتوانێت بریتی بێت لە چەند وشەی دەستەکراو بۆ دەربڕینی وتەیەک، پرسیارێک، سەرسووڕمانێک، داخوازێک یان فەرمانێک. و ئەرکە سەرەکیەکانی ڕستە بریتین لە(بکەر ، کار) واتە بێ ئەم دوانە ڕستە پێک نایەت.

بزوێن[دەستکاری]

بزوێنەکان بەو دەنگانە دەوترێن کە لە کاتی بێژەیاندا (وتنیاندا)، دەم و زار تۆزێ زیاتر دەکرێنەوە و زیاتر دەکێشرێن. بزوێنەکان جووڵە و بزواندن دەخەنە ناو وشەوە.

پیتە بزوێنەکان لە کوردیدا:[دەستکاری]

لە زمانی کوردی ٨ دانە بزوێنی ھەیە بەڵام بە ئەلفوبێی سۆرانی (عەرەبی) تەنیا ٧ دانەیان پیتیان بۆ دانراوە و دەنووسرێن و بریتین لە:

(ا ـ و ـ ۆ ـ وو ـ ە ـ ی ـ ێ - بزرۆکە(i))


بزرۆکە[دەستکاری]

ھەشتەمین پیتەبزوێنی زمانی کوردییە کە لە ئەلفبێی کوردیی لاتینیدا بە پیتی "i" ھێما دەکرێت بەڵام لە ئەلفبێی کوردیی عەرەبیدا نابینرێت و بزرە(ونە) بۆیە ناونراوە بزرۆکە. ھەندێ لەو وشانەی کە لە ڕواڵەتدا بزوێنیان تێدا نابینرێ، وەکو: (بردن، من، ژن، چل، مردن، بزن، خستن)، بەڵام لەڕاستیدا دەنگی بزوێنیان تێدایە.

  • بردن >>> birdin
  • من >>> min
  • ژن >>> jin
  • چل >>> çil
  • مردن >>> mirdin
  • بزن >>> bizin
  • خستن >>> xistin


یاسا: ھەر وشەیەکی کوردی لانی کەم بزوێنێکی تێدا بەکار دێت.


  • (ناو naw) ـ (کورد Kurd) ـ (کۆمار komar) ـ (سوور sûr) ـ (بەرد berd) ـ (سێ sê).


پیتە ناوبەندەکان[دەستکاری]

تەنھا دوو پیتی ناوبەند ھەیە لە زمانی کوردیدا، کە ئەوانیش پیتی (و، ی)ـن. ھەروەھا ھەردوو پیتی ناوبەند ھەندێک جار لە وشەدا دەبنە بزوێن و ھەندێک جار نابنە بزوێن. نمونە بۆ پیتە ناوبەندەکان:

  1. ھەموویان ..... [ی]
  2. بردییان ..... [ی]
  3. وڵاتە یەکگرتووەکان ..... [و]


ناو[دەستکاری]

بریتیە لەو وشەیەی کە بەکاردەھێنریت بۆ ناساندنی ھەر شتێک کە گیاندار بێت یان بی گیان (وەک: کوردستان، بەھار، کوڕ، کچ، تەختە، چیا، ھەوا و ھتد) و دەتوانێت سەرجەم ئەرکە سەرەکیەکانی ڕستە ببینێت (بکەر، کردا، بەرکار، تەواوکەری کار، ........)

بکەر[دەستکاری]

(ناو، ھاوەڵناو، جێناو)ـێکە کە کاری سەکی لە ڕستەدا ئەنجام دەدات:


(من لە کوردستان دەژیم.)

  • من: بکەری ڕستەکەیە کە کاری سەرەکی "دەژیم" لە ڕستەکەدا ئەنجام داوە

کردار[دەستکاری]

بریتیە لەو کردارەی کە بکەری ڕستەکە ئەنجامی داوە.

کردار ی ڕابردوو[دەستکاری]

ئەو کردار ەیە کە لە پێش کاتی باسکردنەکەیدا ئەنجام دراوە، بۆ دروستکردنی ئەم کارە، قەدی چاوگ وەردەگرین کە بە لابردنی نوونی چاوگ دروستدەکرێ.

کرداری ڕابردووی نزیک[دەستکاری]

ئەو کردارەی ڕابردوەیە کە بە شیوەیەکی سادە دیت و وا پیشان دەدات کە کاری ڕستە لە ماوەیەکی نزیکی پێش ئێستادا روی داوە. ھیچ پاسگرێکی پیوەنیە.

  • خەوت
  • ڕۆییشت
  • ئازاد ڕۆییشت بۆ بازاڕ.

کرداری ڕابردووی دوور[دەستکاری]

ئەو کردارەی ڕابردوەیە کە وا پیشان دەدات، کاتی باسکردنی کارەکە زۆر (دوور) لەمەو پێش ئەنجام دراوە. پاشگری (بوو) ی پێوەیە.

  • خەوتبوو
  • ڕۆیشتبوو
  • ئازاد بۆ بازاڕ ڕۆیشتبوو.

لێرە وا ھەست دەکەین کە ئەو کارە ماوەیەکی پێش ئێستا ئەنجام دراوە.

کاری ڕابردووی تەواو[دەستکاری]

ئەو کاری ڕابردوەیە کە وا پیشان دەدات، کاتی باسکردنی ئەنجامدانی کارەکە تەواو بووە. پاشگری (وە) یان (یە)ـی پێوەیە، بەڵام ئەگەر چاوگەکە تائی یان دالی بوو، پاشگری (ووە) یان (ییە) وەردەگرێ.

  • سووتاوە
  • کوژرایە
  • مردییە
  • ڕۆیشتووە

لێرە وا ھەست دەکەین کە ئەو کارە ماوەیەکی پێش ئێستا ئەنجام دراوە

کاری ڕابردووی بەردەوام[دەستکاری]

ئەو کارەیەیە کە لە ڕابردوودا ئەنجامدراوە لەکاتی ڕوودانی کارێکی دیکە، وە پێشگری دە وەردەگرێ.

  • خانووەکە دەسووتا کاتێک ئەوان هاتن
  • ئەگەر نەهاتبای دەڕۆیشتم

کاری ڕانەبردوو[دەستکاری]

ئەو کارەیە کە لە پێشوودا نەکرا بێت یان نیازی ئەنجام دانی تیابێت چ لە ئێستا یان داهاتوو بۆ نمونە(دواتر نانەکە دەخۆم) یان (ئێستا نانەکە دەخۆم) و واتە کارەکە تاوەکوو ئێستا ئەنجام نەدرابێت


کاری داخوازی[دەستکاری]

ئەو کارەیە کە کەسی یەکەم فرمان بە کەسی بەرامبەری دەکات کە بۆ کەسی دووەمی تاک جێناوی لکاوی(ـە) وەردەگرێ وە لە کۆجێناوی لکاوی (ن) وەردەگرێ، بە شێوەی ئەرێنی، لە نیشانەی فرمانب+ڕەگی کار یان نەرێ لە مە+ڕەگی کار پێکدێن، نموونە (بخۆ ، مەخۆ) (بخۆن، مەخۆن) ، لە کاری دخوازی کەسی سێھەم تێدا نییە

کاری تێپەڕ و تێنەپەڕ[دەستکاری]

کاری تێپەڕ[دەستکاری]

ئەو کارەیە کە لە ڕستەدا پێوستی بە بەرکارێک ھەیە بۆ ئەوەی واتاوی ڕستەکە تەواو بکات.

  • (تۆ گۆڤارەکەت خوێندەوە)
تۆ: بکەر
گۆڤارەکە: بەرکار
ت: جیناوی لاکاو بۆ کەسی دووەمی تاک بۆ بکەر دەگەریتەوە
خویندەوە:کاری رابردووی تیپەڕ

کاری تێنەپەڕ[دەستکاری]

ئەو کارەیە کە لە ڕستەدا پێوستی بە ھیچ بەرکارێک نیە بۆ ئەوەی واتاوی ڕستەکە تەواو بکات.

  • (منداڵەکە خەوتوە)
منداڵەکە: بکەر
ەکە: نیسانەی ناساندن
خەوتوە: کاری ڕابردوی تەواوی تێنەپەرە

ھیچ بەرکارێک لەم ڕستەیەدا نابینرێت بۆیە تێنەپەڕە

جیاکردنەوەی کاری تێپەڕ و تێنەپەڕ[دەستکاری]

ئەگەر کارێک لە ڕستەدا نەبوو بۆ ئەوەی بزانیت کە ئایە تێپەڕە یان تێنەپەر ئەوا بەم شێوەیە تاقی دەکەینەوە:

ئەگەر کارەکە کۆمەڵەی یەکەمی جێناوە لکاوەکان (م - مان ، ت- تان ، ی - یان) وەرگرت ئەوە تێپەڕە.

  • خویندنەوە >>>> (خویندمەوە، خویندمانەوە، خویندتەوە، خیندتانەوە، خویندەیەوە، خوێندیانەوە) ھەموو ئەم وشانە دروستن و تێک نەچوون کەواتە کارەکە تێپەڕە


بەڵامئەگەر کارەکە کۆمەڵەی یەکەمی جێناوە لکاوەکان (م - مان ، ت- تان ، ی - یان) وەرنەگرت ئەوە تێنەپەرە.

  • خەوتوە >>>> ئێمە ناتوانین بڵێین (خەوتمەوە، خەوتمانەوە، خەوتتەوە، خەوتتانەوە، خەوتیەوە، خەوتیانەوە)ھەموو ئەم وشانە نادروستن و تێک چوون کەواتە کارەکە تێنەپەڕە

بەرکار[دەستکاری]

وشەیەکە لە ڕستەدا مەبەستی کاری ڕستەکە ڕون دەکاتەوە، ڕستە بەبێ بەرکاریش دەبیت بەڵام بەرکار بۆ زیاتر ڕونکردنەوەی واتای کارەکەیە، وەڵامی وەشەی پرسی "چی و کێ ؟"دەداتەوە.

  • من سێوەکەم خوارد
(من چیم خوارد؟) >> سێو. کەواتە سێو بەرکارە
  • ھەڤاڵ ڕۆژنامە دەخوێنیتەوە
(ھەڤاڵ چی دەخوێنێتەوە؟) >> ڕۆژنامە. کەواتە ڕۆژنامە بەرکارە

من کاروانم بینی . من کێم بینی ؟ کاروان ..... کەواتە کاروان بەرکارە

نیھاد[دەستکاری]

بریتییە لە (ناو، ھاوەڵناو، جێناو). نیھاد ھەمیشە پێش گوزارە دێت و ئەو بەشەیە لە ڕستە کە لێی دەدوێین یان ھەواڵێک لە بارەیدا دەدەین.

نمونە

گەلی کورد ئێستا ئازادە.

  • گەلی کورد: نیھادە

گوزارە[دەستکاری]

گوزارە (PREDICATE) ھەواڵێکە کە لە بارەی نیھادەوە دەدرێت و ھەمیشە دەکەوێتە دوای نیھادەوە. وشەی بنچینەیی لە بەشی گوزارەدا کردارە.


نمونە

فەرھاد وانەکانی نوسیوە

  • فەرھاد: نیھادە
  • وانەکانی نوسیوە:گوزارەیە

چاوگ[دەستکاری]

Vista-xmag.png وتاری سەرەکیچاوگ (ڕێزمان)

چاوگ بە وشەیەک دەوترێت کە ناوی کارێکە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی کەس و کات، جێبەجێبوونی کارێک نیشاندەدا و بە پیتی نون «ن» کۆتایی دیت وەک : «مردن، سوتان، بردن، ....»
پێنج جۆر چاوگ ھەیە لە کوردیدا:

جۆری چاوگ ڕوونکردنەوە وێنە
چاوگی واوی ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش کۆتایی واتە نوونەکە (ن) پێکھاتووە لە پیتی واو (و) چوون، بوون
چاوگی دالی ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش کۆتایی واتە نوونەکە (ن) پێکھاتووە لە پیتی دال (د) کردن، بردن، خواردن
چاوگی یایی ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش کۆتایی واتە نوونەکە (ن) پێکھاتووە لە پیتی یاء (ی) زانین، بینین
چاوگی ئەلف ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش کۆتایی واتە نوونەکە (ن) پێکھاتووە لە پیتی ئەلف (ا) سووتان، برژان
چاوگی تایی ئەو چاوگەیە کە پیتی پێش کۆتایی واتە نوونەکە (ن) پێکھاتووە لە پیتی تاء (ت) نووستن، بیستن


جێناو[دەستکاری]

ئەو وشەیەیە کە لە ڕستەدا شوینی(جێی) ناو دەگرێتەوە و ھەموو ئەرکەکانی ناو دەبینێت. بە شیوەیەکی گستی جێاوە کەسیەکان دەکرێن بە دوو بەش (جیناوە سەربەخۆکان ، جیناوە لکاوەکان

جێناوی سەربەخۆ[دەستکاری]

ئەو جێناوانەن کە بە سەربەخۆیی لە ڕستەدا دین، واتە پێوێستیان بە ھیچ پێوە لکاوێک نیە بۆ پیدانی واتای تەواو.)

جێناوە سەربەخۆکان ئەمانەن

(من - ئێمە ، تۆ - ئێوە ، ئەو - ئەوان)


جیناوە سەربەخۆکان بە پێی کەس و (تاک و کۆ)یی بەم شیوەیە دابەش دەبن

کەس تاک کۆ
یەکەم من ئێمە
دووەم تۆ ئیوە
سێیەم ئەو ئەوان

(من چوم بۆ بازاڕ) .... من:جێناوی سەربەخۆیە بۆ کەسی یەکەمی تاک "پێویستە بە ھیج پیوە لکاویک نیە"

(ئەوان ماڵیان لە کوردستانە) .... ئەوان:جێناوی سەربەخۆیە بۆ کەسی سێیەمی کۆ "پێویستە بە ھیج پیوە لکاویک نیە"

جێناوی لکاو[دەستکاری]

ئەو جێناوانەن کە بە لکاوی بە وشەی ترەوە لە ڕستەدا دێن، واتە پێویستیان بەوە ھەیە کە بە وشەیەک بلکێن بۆ ئەوەی واتای تەواو بدەن. جێناوە لکاوەکان دەکرێن بە شێ کۆمەڵەک


کۆمەڵەی یەکەم[دەستکاری]

جێناوە لکاوەکانی کۆمەڵەی یەکەم ئەمانەن
(م - مان ، ت - تان ، ی - یان)

دابەش بونیان بە پێی کەس و (تاک و کۆ)یی بەم شیوەیەیە

کەس تاک کۆ
یەکەم م مان
دووەم ت تان
سێیەم ی یان


(دەچم بۆ بازاڕ) .... م:جێناوی لکاوە بۆ کەسی یەکەمی تاک "پێویستە بە پێوە لکاوێک ھەیە کە ؛دەچ؛ـە ، واتە بە بێ وسەی ؛دەچ؛ جێناوی ؛م؛بە تەنیا دەمینێتەوە بۆیە واتای نامێنێتەوە بەم شیوەیەی لی دێت :: م بۆ بازاڕ :::"

کۆمەڵەی دووەم[دەستکاری]

جێناوە لکاوەکانی کۆمەڵەی یەکەم ئەمانەن

(م - ین ، یت - ن ، ێت/ات - ن)


دابەش بونیان بە پێی کەس و (تاک و کۆ)یی بەم شیوەیەیە

کەس تاک کۆ
یەکەم م ین
دووەم یت ن
سێیەم ێت/ات ن

(چویت بۆ بازاڕ؟) .... یت: جیناوی لکاوە بۆ کەسی دووەمی تاک

کۆمەڵەی سییەم[دەستکاری]

جێناوە لکاوەکانی کۆمەڵەی یەکەم ئەمانەن

(م - ین ، یت - ن ، _ - ن)


دابەش بونیان بە پێی کەس و (تاک و کۆ)یی بەم شیوەیەیە

کەس تاک کۆ
یەکەم م ین
دووەم یت ن
سێیەم - ن

(-) واتە نیە


(چوون بۆ بازاڕ.) .... ن: جیناوی لکاوە بۆ کەسی سێیەمی کۆ

ھاوەڵناو[دەستکاری]

ھاوەڵناو یان ئاوەڵناو وشەیەکە کە (وەسف) پێناسەی ناو دەکات لە رستەدا. ھەر وەک لە ناوەکەی دیارە ھاوەڵناو ، ھاوڕێی ناوە.

  • جوان
  • زیرەک
  • باش
  • ھێمن (وەک سیفەت)
مرۆڤی ھێمن ھەمیشە سەرکەوتوە.
ھیمن: ھاوەڵناوە "باس لە ھیمنی ناوەکە واتە مرۆڤ دەکات"

ھاوەڵکار[دەستکاری]

ھاوەڵکار وشەیەکە ڕویەکی ڕودانی کاری ڕستە دەربارەی (کات، شوێن، چۆنیەتی، چەندێتی، ڕێکخستن) دەردەخات لەم ڕوەوە سنورێک بۆ تەواوکردنی واتاکەی دادەنێت. دەبێتە تەواوکەری کار.

ئەرکەکانی ھاوەڵکار ئەمانەن:

  • ھاوەڵکار لە ناو ڕستەدا ئەم ئەرکانە دەبینێت.
آ. دەبێتە تەواوکەری کار.
ب. دەبێتە دیارخەری ھاوەڵکارێکی تر و ھەردووکیان پێکەوە دەبنە تەواوکەر بۆ کارەکە.
  • ھاوەڵکار ھەمیشە دەبیتە تەواوکەری راستەوخۆی کاری رستە.


ھاوەڵکاری کاتی[دەستکاری]

ھاوەڵکاری کاتی ئەو ھاوەڵکارەیە کە کاتی ڕودانی کاری ڕستە نیشان دەدات (دەردەخات)، دەبێتە تەواوکەری کاری ڕستە.

  • (ئێستا، ئەمڕۆ، سبەی، دوای نیوەڕۆ، پشتی نیڤڕۆ، نھۆ، لەم ڕۆژانە، چەند ڕۆژێکی دی بەم زوانە، بەھاری، ئەمساڵ، جاران، لەمێژە، ھەمیشە، لەوساوە،...ھتد)
  • کە دەڵێن ئەمرۆ دەشت و کێو شینە
چەنـدە مەڵبـەنـدی ئێمە شیریـنـە (ھێمن)

ھاوەڵکاری شوێنی[دەستکاری]

ھاوەڵکاری شوینی ئەو ھاوەڵکارەیە کە شوێنی ڕودانی کاری ڕستە نیشان دەدات، دەبێتە تەواوکەری کاری ڕستە، وەڵامی وشەی پرسی (لە کوێ، لە کێندەرێ، بۆ کوی) دەداتەوە.

  • (سەر، ژێر، خوار، بن کن، پاش، پێش، لە بن، تەنیشت، چەپ، ڕاست، لەوێ، لێرە، خارێ،...ھتد)
  • لەژێر زەردی خۆرەتــاوا
بەناو چیمەنی گوێ ئاوا (گۆران)

ھاوەڵکاری جۆنیەتی[دەستکاری]

ھاوەڵکاری جۆنیەتی ئەو ھاوەڵکارەیە کە چۆنیەتی ڕودانی کاری ڕستە نیشان دەدات و وەسفی کاری ڕستە دەکات، دەبێتە تەواوکەری کاری ڕستە، وەڵامی وشەی پرسی (چۆن، کوو، چەوان) دەداتەوە.

  • (شێرانە، ئازایانە، مەردانە، ژیرانە، بە ڕاکردن، بە ساردی، بە گەرمی، بە باشی، بە نەخۆشی، بە توڕەیی، بە دروستی، ب پاکی، ب لەز،...ھتد)
  • ئەمڕۆژی ساڵی تـازەیە نەورۆزە ھـاتـەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەھاتەوە (پیرەمێرد)


ھاوەڵکاری چەندێتی[دەستکاری]

ھاوەڵکاری چەندێتی ئەو ھاوەڵکارەیە کە چەندێتی (بڕی) ڕودانی کارێکی تەواو(تێپەڕ و تێنەپەڕ)نیشان دەدات، دەبێتە تەواوکەری کاری ڕستە.

  • (زۆر، کەم، کێم، گەلێک، تۆزێ، پیچێک، فرە،...ھتد)
  • لە گەرووی شـمشاڵ لە تەلی کەمان
گەلێ ھەڵساوە ئاوازەی جوان جوان (گۆران)
  • ھەتاوی نەورۆز مانگی جۆ درەو
زۆر ھاتون وچون بە ڕۆژ بە شەو (گۆران)

ھاوەڵکاری رێکخستن[دەستکاری]

ھاوەڵکاری ڕێکخستن ئەو ھاوەڵکارەیە کە لە ڕستەدا شێوەی ڕێکخستنی ڕودانی کارەکە پیشان دەدات، ھەمیشە دەبێتە تەواوکەری کاری تەواو لە ڕستەدا.

  • (دەستە دستە، پۆل پۆل، جار جار، تاقم تاقم، جوان جوان، کۆمەڵ کۆمەڵ، سێ سێ، شەش شەش،...ھتد)
  • پیاوەکان دەستە دەستە ھاتن
  • باران تاڤ تاڤ دبارێت