کەمال موکرجی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کەمال موکرجی
کەمال موکرجی

کەمال گۆکول-چاند سەنکەر-چاند موکرجی ١ی تەممووز ١٩٣٣–٢٥ی شوبات ١٩٨٧٫ نەخشەساز و مامۆستای جوگرافیا و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بووە.[١] پاشان بووە بە بەڕێوەبەری چەند قوتابخانەیەک. لەوانە: ناوەندیی ئێوارانی سلێمانیی کوڕان٫ ناوەندیی وەتەنی کوڕان و ناوەندیی سەرچناری کوڕان.[٢] دواتر بووە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردە. ھاوکات بووە بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی نەخوێنەواری.[٣]

مناڵی[دەستکاری]

کەمال سێیەمین مناڵی گۆکول-چاند موکرجی و دووەم مناڵی خەیرییە ئەیوب غەیوبە. گۆکول-چاندی باوکی خەڵکی ھیندستان بووە و لە سوپای بەریتانیدا سەرباز بووە. لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا بۆ عێڕاق ھاتووە و دواتر لە سلێمانی نیشتەجێ بووە و لە خزمەتی سەربازی وازیھێناوە و ھەرگیز نەگەڕاوەتەوە. پێش خواستنی خەیرییە خانم دوو جاری تر ھاوسەرگیریی کردبوو. لەگەڵ ھاوسەری یەکەمیدا ماوەیەکی کورت پێکەوە ژیاون و مردووە. لەگەڵ ھاوسەری دووەمیدا کچێکیان بە ناوی (سەبیحە) و بووە. دواتر جیابوونەتەوە. سێیەم ھاوسەری موکرجی خەیرییە خانمە کە تەنھا کچ و کوڕێکیان بووە٫ ئەوانیش (شوکرییە ١٩٣١–٢٠١٨) و (کەمال ١٩٣٣–١٩٨٧)ن. کە ھەردووکیان لە شاری سلێمانی و لە گەڕەکی سابونکەران لەدایکبوون. ڕۆژی دیاریکراوی لەدایکبوونەکەی دیارنییە٫ لەسەر پێناسی باری شارستانییەکەی بە ١ی تەممووزی ١٩٣٣ تۆمارکراوە.[٤]

خوێندن[دەستکاری]

کەمال موکرجی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. قۆناغی ئامادەیی لە ئامادەیی سلێمانیی کوڕان تەواوکردووە. پاشان لە کۆلێژی پەروەردە٫ بەشی جوگرافیای زانکۆی بەغدا وەرگیراوە کە بە (خانەی باڵای مامۆستایان - دار المعلمین العالیة) بەناوبانگ بووە. لە ساڵی ١٩٥٩دا کۆلێژی ناوبراو تەواودەکات.

کارکردن[دەستکاری]

دوابەدوای دەرچوونی لە کۆلێژ٫ ھەر لەو قوتابخانەیەی خۆی لێیدەرچووە٫ واتە ئامادەیی سلێمانیی کوڕان بە مامۆستا دادەمەزرێتەوە. پاشان لە ناوەندیی شۆڕشی کوڕان دەبێتە مامۆستا. دواتر بەھۆی ئەوەی گومانی چالاکیی ڕامیاریی لێکراوە لەگەڵ کۆمەڵەی کاژیکدا؛ ئەوا بۆ بەسڕە دوورخراوەتەوە٫ لەوێ کراوە بە مامۆستا لە قوتابخانەی (ئەلنیزاڵ). پاشان بۆ ناوەندیی قەڵادزێی کوڕان لە قەڵادزێ دەگوێزرێتەوە. پاشان بۆ سلێمانی بۆ ناوەندیی شۆڕشی کوڕان و دواتریش بۆ ناوەندیی وەتەنی کوڕان ھەر وەک مامۆستا دەگەڕێنرێتەوە و بەردەوام دەبێ.[٥]

لە ساڵی ١٩٦٦دا دەبێتە یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئامادەیی سلێمانیی کوڕان. ساڵی دواتر دوو کاری ھاوکاتی یەکتر دەکات. ھاوکاتی مامۆستایەتی لە ناوەندیی وەتەنی کوڕان٫ لە ناوەندیی ئێوارانی سلێمانیی کوڕانیش دەبێ بە بەڕێوەبەر. ھەر ھاوکاتی کاری ئێوارانەکەی لە ١٩٧٠–١٩٧٣ لە ناوەندیی وەتەن دەبێتە یاریدەدەری بەڕێوەبەر. لە ١٩٧٣ و ١٩٧٤یشدا لە ھەردوو ناوەندییەکانی وەتەن و سەرچناری کوڕان دەبێتە بەڕێوەبەر.[٢]

خزمەتنامەی کەمال موکرجی لە قوتابخانەکاندا[٢]
قوتابخانە شوێن پیشە لە بۆ
ئامادەیی سلێمانیی کوڕان سلێمانی مامۆستا ١٩٥٩ ١٩٦١
ناوەندیی شۆڕشی کوڕان سلێمانی مامۆستا ١٩٦١ ١٩٦٢
ناوەندیی ئەلنیزاڵی کوڕان بەسڕە مامۆستا ١٩٦٢ ١٩٦٤
ناوەندیی قەڵادزێی کوڕان قەڵادزێ مامۆستا ١٩٦٤ ١٩٦٥
ناوەندیی شۆڕشی کوڕان سلێمانی مامۆستا ١٩٦٥ ١٩٦٦
ناوەندیی وەتەنی کوڕان سلێمانی مامۆستا ١٩٦٦ ١٩٦٧
ئامادەیی سلێمانیی کوڕان سلێمانی یاریدەدەری بەڕێوەبەر ١٩٦٦ ١٩٦٧
ناوەندیی ئێوارانی سلێمانیی کوڕان سلێمانی بەڕێوەبەر ١٩٦٧ ١٩٧٤
ناوەندیی وەتەنی کوڕان سلێمانی مامۆستا ١٩٦٧ ١٩٧٠
ناوەندیی وەتەنی کوڕان سلێمانی یاریدەدەری بەڕێوەبەر ١٩٧٠ ١٩٧٣
ناوەندیی وەتەنی کوڕان سلێمانی بەڕێوەبەر ١٩٧٣ ١٩٧٤
ناوەندیی سەرچناری کوڕان سلێمانی بەڕێوەبەر ١٩٧٣ ١٩٧٤

لە ساڵی ١٩٧٤ەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی بووەتە شارەزای بواری نەھێشتنی نەخوێنەواری. ساڵی داھاتوو بووە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردە بۆ بواری نەھێشتنی نەخوێنەواری. لە ساڵی ١٩٧٧دا بووە بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەھێشتنی نەخوێنەواری. مامۆستا کەریم زەند یاریدەدەری بووە. ھاوکاتی کارەکانی بۆ نەھێشتنی نەخوێنەواری بووە بە پسپۆڕی پەروەردەیی و کارگێڕی. لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠وە باری تەندروستیی تێکچووە. لەسەر ئەرکی حکوومەت بۆ چارەسەر بۆ دەرەوەی عێڕاق نێرراوە. لە ساڵی ١٩٨٤ەوە بەھۆی لاوازیی باری تەندروستییەوە داوایکردووە تەنھا وەک چاودێری پەروەردەیی بمێنێتەوە. بۆیە بووە بە پسپۆڕی پەروەردەیی وانە کۆمەڵایەتییەکان.[٣]

نەخشەی پارێزگای سلێمانی بە قەڵەمی مامۆستا کەمال موکرجی لە ماوەی ھەشت ساڵ کارکردندا کێشراوە.
نەخشەی پارێزگای سلێمانی بە قەڵەمی مامۆستا کەمال موکرجی لە ماوەی ھەشت ساڵ کارکردندا بە نھێنی کێشراوە. وێنەی ماکی ئەم نەخشەیە ٥٨سم بە ٥٥سم دەبێ. مامۆستا کەمال ھاوکاتی گەشتی کارەکەی بۆ دێ و شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی زانیاریی پێویستی نەخشەی جوگرافیی کۆکردووەتەوە و ھێناونییەتییەوە بۆ ماڵەوە و لەسەر چەند ڕەشنووسێکی نەخشە تۆماریکردوون. ئەم نەخشەیە لە سەردەمی بەعسدا بووە و ناچار بووە بە نھێنی تێیدا کاربکات. چونکە ناوی زۆر لادێ و شوێنی کوردستانی پاراستووە کە ڕژێمی بەعس خاپووریکردوون و ناویانی سڕیوەتەوە.

بەھۆی سروشتی کارەکەی و بۆ چاودێریی قوتابخانەکان سەردانی زۆر لادێ و شارۆچکەی سەر بە پارێزگای سلێمانی کردووە. ھاوکاتی گەشتی کارەکەی؛ لە لاوە زانیاریی پێویستی نەخشەی جوگرافی و ناوی سەرجەم شوێنەکان و بەرزییان لە ئاستی ڕووی دەریای تۆمارکردووە. چووەتەوە ماڵەوە و ئەو زانیارییانەی لەسەر چەند ڕەشنووسێکی نەخشە تۆمارکردووە. پاش نزیکەی ھەشت ساڵ کارکردن لەو نەخشەیەدا کە بە نھێنی کێشاویەتی٫ کۆچی دوایی کردووە و نەخشەکە بە ناتەواوی بەجێھێڵراوە. ئەو نەخشەیە ناوی زۆر دێ و شوێنی تێدایە کە ھەموویان لەلایەن ڕژێمە بەعسەوە خاپوورکراون و ناویان سڕراونەتەوە. وێنەی ماکی نەخشەکە ٥٨سم بە ٥٥سم دەبێت. لای دامێنەکەیەوە کەمێک شێ لێیداوە و نووسینەکانی تەڵخکردووە٫ بەڵام ھێشتا دەخوێنرێنەوە.

ژیانی تایبەتی و نەخۆشی و مردن[دەستکاری]

کەمال موکرجی چوار زمانی بە باشی زانیوە٫ ئەوانیش زمانەکانی عەرەبی٫ کوردی٫ تورکی٫ ئینگلیزی بوون.[١] بە درێژایی ماوەی ژیانی ھەر لە شاری سلێمانی ژیاوە. بەھۆی کارەکەیەوە چەند جارێک بۆ لوبنان و میسڕ چووە. لە ٢١ی تشرینی دووەمی ١٩٦٥دا خاتوو عەتێ فەرەج مەحموودی خواستووە.[٦] دە مناڵیان بووە بە ناوەکانی (ئاسۆ ١٩٦٦–١٩٨٩٫ سازان ١٩٦٨٫ نزار ١٩٦٩٫ گوڵاڵە ١٩٧٠ بە مردوویی لەدایکبووە٫ میران ١٩٧١٫ کارزان ١٩٧٣٫ ڕێبین ١٩٨٠٫ ھۆزان ١٩٨١٫ ئەحمەد ١٩٨٦٫ نەوا ١٩٨٧). تا ساڵی ١٩٧٠ ھەر لە گەڕەکی سابونکەران ژیاون. بەڵام دوای ئەو ڕێکەوتە بۆ گەڕەکی عەلی ناجی دەگوێزنەوە و تا کۆتایی تەمەنی ھەر لەوێ ژیاوە. لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٠دا باوکی دەمرێ[٧] و لە ١٣ی ئابی ١٩٨٤دا دایکی دەمرێ.[٨]

کەمال موکرجی نەخۆشیی دڵی ھەبووە. سەردانی وڵاتی سویسرای بە مەبەستی نەشتەرگەری کردووە. لەوێ نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدراوە. بەڵام لە شوباتی ١٩٨٧دا باری تەندروستیی دڵی دیسان تێکدەچێتەوە. ھەرچەندە بەپێی خۆی سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی دەکا؛ بەڵام دوو ڕۆژ دواتر و لە ڕێکەوتی ٢٥ی شوباتی ١٩٨٧ لە ھەمان نەخۆشخانە گیان دەسپێرێ.[٩] ھەر لە شاری سلێمانی و لە گردی سەیوان٫ نزیک ئارامگای باوکی دەنێژرێ. ئەو کاتەی دەمرێ ھێشتا نەزانراوە کە ژنەکەی بە دواھەمین مناڵی سکپڕە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا وەزارەتی پەروەردە٫ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی٫ خزمەتنامەی کمال کوکول جاند مکورجی٫ لاپەڕە ١
  2. ^ ئ ا ب وەزارەتی پەروەردە٫ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی٫ خزمەتنامەی کمال کوکول جاند مکورجی٫ لاپەڕە ٣ و ٤
  3. ^ ئ ا وەزارەتی پەروەردە٫ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی٫ خزمەتنامەی کمال کوکول جاند مکورجی٫ لاپەڕە ٥
  4. ^ وەزارەتی ناوخۆ٫ بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی٫ پێناسی ژمارە ٤٥٥٨١٦ی دەرچوو لە ڕێکەوتی ١٠/٧/١٩٨٠.
  5. ^ وەزارەتی پەروەردە٫ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی٫ خزمەتنامەی کمال کوکول جاند مکورجی٫ لاپەڕە ٣
  6. ^ دادگای شەرعیی سلێمانی٫ یادنامەی ڕێگەدێدانی ھاوسەرگیریی ژمارە ٥٨١/٩٦٥ دەرچوو لە ڕێکەوتی ٢١/١١/١٩٦٥.
  7. ^ وەزارەتی تەندروستی٫ بەڕێوەبەرایەتیی ئامار٫ تۆمارنامەی مردنی ژمارە ١٩٩/١٩٨٣–١٩٨٤ی دەرچوو لە ڕێکەوتی ١٨/١/١٩٨٤
  8. ^ وەزارەتی داد٫ دادگای باری شارستانیی سلێمانی٫ بەشنامەی شەرعیی ژمارە ٤٨٧/بەشنامە/٩٨٤ی دەرچوو لە ڕێکەوتی ١٥/١٢/١٩٨٤
  9. ^ وەزارەتی تەندروستی٫ بەشی ئامار٫ تۆمارنامەی مردنی ژمارە ٣٤٤٣٦٨ی دەرچوو لە ڕێکەوتی ٢٦/٢/١٩٨٧