گۆکول چاند موکرجی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
گۆگۆل جاند مکورجی
گۆگۆل جاند مکورجی

گۆکول چاند سەنکەر چاند گۆکول موکرجی (بە ئینگلیزی: Gokul Chand Mukerjee) (بە عەرەبی: کوکول جاند سنکر جاند مکرجی) (ماوەی ژیان: ١٨٩٤ - ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٠)[١][٢] شۆفێر و میکانیکیی و مامۆستای شۆفێریی بوە. سەرباز بوە لە سوپای بەریتانییدا، دوابەدوای جەنگی جیھانیی یەکەم لەگەڵ سوپای بەریتانییدا ھاتۆتە عێڕاق. یەکەمین کەس بوە ئوتومبێلی ھێناوەتە شاری سلێمانییەوە[٣] و یەکەمین مامۆستای شۆفێریی بوە لە شاری سلێمانی[٣]. خاوەنی ڕەگەزنامەی ھیندیی-بەریتانیی بوە[١]. لە ساڵی ١٩٣٢ بۆتە خاوەنی بڕوانامەی تەجەنوسی شانشینی عێڕاقیی[١]. دواتر لە ساڵی ١٩٣٦دا بۆتە خاوەنی دەفتەری ڕەگەزنامەی عێڕاقیی.[٤]

لە مانگی ٣ی ١٩١٩دا لەسەر داوای مێجەر سەون کە حاکمی سیاسیی سلێمانی بوە دەنێردرێت بە شوێنیدا و لە بەغداوە دێت بۆ سلێمانی. لەو ڕۆژەوە ھەتا مردنی لە ١٨/١٢/١٩٨٠ نەگەڕاوەتەوە بەغدا و کوردستانی بەجێنەھێشتوە. لە گردی سەیوان نێژراوە لە شاری سلێمانی[٣].

لە ساڵی ١٩٢١دا لەسەر داوای خۆی وازی لە سەربازیی ھێناوە و بۆتە کەسێکی مەدەنیی و لە شاری سلێمانی ژیاوە.[٥][٦] لە ساڵی ١٩٢٢ کە ئینگلیزەکان سلێمانی بەجێدەھێڵن گۆکول چاند مکورجی لە سلێمانی دەمێنێتەوە و دەبێت بە ھاوڕێی شێخ مەحموودی حەفید و حەپسەخانی نەقیب و خۆشیانویستوە. مکورجی ئوتومبێلەکەی خۆی پێشکەشی شێخ مەحموود کردوە و ھەر خۆشی بوە بە شۆفێری. شێخ مەحموود ناوی "گۆکول چاند مکورجی" بەلاوە قورسبوە، خۆی ناوی ناوە "غەفوور ھیندیی" یان "غەفوورە ڕەش" یان "غەفوور مکورجی"و بەم ناوانەوە ناسراوە[٢].

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

بڕوانامەی تەجەنووسی گۆگۆل جاند مکورجی
بڕوانامەی تەجەنووسی گۆکول چاند مکورجی زانیاریی تەواوی ساڵ و شوێنی لەدایکبوونی خۆی و باوک و دایکی تێدایە - هاوکات ناوی مناڵەکانیشی تێدایە.

مکورجی لە ناوچەی مانیکگۆنج لە شاری دەکا لە بەنگلادیش لە ساڵی ١٨٩٤ لەدایکبوە[٧]. ئەوکاتە ئەو ناوچەیە سەر بە وڵاتی ھیندستان بوە. دایکی ناوی (سوگنی سادە) بوە و لە ساڵی ١٨٥٠ لەدایکبوە. باوکی ناوی (سەنکەر جاند مکورجی) بوە و لە ساڵی ١٨٤٢ لەدایکبوە[١]. باوکی کارمەندی پۆلیس بوە، بە ھۆی کارەکەیەوە گوێزراوەتەوە بۆ شاری گایا لە ھیندستان[٢]. گۆکول چاند مکورجی نۆیەمین مناڵی خێزانەکەیەتی و لە ھەموان مناڵتر بوە. حەوت برا و خوشکێکی ھەبوە. ھەر لە شاری گایا خوێندنی سەرەتایی خوێندوە. لە تەمەنێکی گەنجییدا بوە کە دایک و باوک و چەند برایەکی بە نەخۆشیی تاعوون مردوون[٢].

ئیشکردن[دەستکاری]

پاش مردنی دایکوباوک و ھەندێ لە براکانی، گۆکول چاند دەچێتە شاری پاتنا لە ھیندستان. لەوێ لە ماڵی خزمێکیان دەمێنێتەوە کە ئەوانیش ھەژار بوون. مکورجی ناچاربوە لە تەمەنێکی مناڵییەوە دەستبکات بە ئیشکردن. یەکەم جار بوە بە چاودێر لە فەرمانگەیەکدا. پاشان بوە بە عەریزەنووس لەبەردەم پۆستەخانەی مەرکەزیی شارەکەدا. پاشان بوە بە جابی ترام. پاشتر لە ڕێکەوتی ٥ی شوباتی ١٩١٨دا دەبێت بە سەرباز لە سوپای بەریتانیی و دەنێردرێت بۆ شاری ڕاولپیندی (کە ئێستا دەکەوێتە ھەرێمی پونجاب لە پاکستان) و لەوێ فێری شۆفێریی و میکانیکیی کراوە[٧][٢]. لەو سەردەمەدا بە پلەی سەرباز وتراوە "سیپۆی"[٧]. دوای وەرگرتنی کۆرسی شۆفێریی و میکانیکیی، لە ڕێکەوتی ٤ی ئازاری ١٩١٨دا بەڕێکەوتوە بۆ عێڕاق و لە ڕێکەوتی ١١ی ئازاری ١٩١٨دا گەیشتۆتە عێڕاق.[٨]

لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩١٩دا لەسەر داوای مێجەر سەون ھاتۆتە سلێمانی. لە کتێبی شاری سلێمانیی ئەکرەمی مەحموودی ساڵحی ڕەشە بەم شێوەیە لێیدەدوێت:

لە ساڵی ١٩١٩ی زاینیدا ھەروەکو باسمانکرد مێجەڕسۆن بوو بە حاکمی سیاسی لە سلێمانیدا. ئەمیش دوو شۆفێری ھیندیی لەگەڵا بوو.. لەبەرئەوەی ئەم دوو شۆفێرە ئۆتۆمبیلەکانیان بە شکاوی لای تاسلوجە و کەندەکەوەوە بەجێ ھێشتووە نەیانزانیبوو چاکی بکەنەوە ھەردوکیانی بە دەست بەسەری ناردنەوە بۆ بەغدا وەداوای لێکردبوون کە ئۆتومبێل چییەکی زۆر باشی بۆ بنێرن بەمەرجێک میکانیکییەکی باش بێت وە ھەروەھا ئینگلیزییەکی چاکیش بزانێت.

ھەر لەم کاتەدا لاوێکی ھیندی میکانیکی زان ھاتبوە بەغداوە ھەموو ڕۆژێک بە فەرمانی عەسکەری لە ئوردوگای ھیندییەوە واتە (معسکر ڕشید) بە ئوتومبیلە عەسکەرییەکەیەوە دەچوو بۆ (باب المعظم). لەبەر ئەوەی کە ئەم لاوە زۆر بەڕەحم بوە لە رێگای خۆیدا ھەرچی پیرو مناڵ و ئافرەتێکی بەدی بکردایە، سواری دەکردن لەسەر ئەم کردارە لێپرسراوەکەی کە باش چاوەشێکی ئینگلیزی دڵڕەق دەبێت. ڕقی لێ ھەڵ دەگرێت. کەداواکەی مێجەرسۆن دێتە لایان. ئەم ئینگلیزە دڵڕەقە ئەو لاوە ھیندییە بانگ دەکات و پێی دەڵێت: ئەوا ناوی تۆی بەڕەحم درا بەو کاربەدەستانە کەبت نێرن بۆلای بێ ڕەحمێکی زۆر توند کە حاکمی شارێکە کە زۆر دوورە لە بەغداوە٫ ھەر بەم جۆرە پاش چەند ڕۆژێک (گۆگۆل جان مکورجی) دەکەوێتە ڕێ لە بەغداوە بەرەو شاری سلێمانی ئەو شارەی کە خۆشی ویست٫ ھەرگیز بەجێی نەھێشت٫ وەلەو رۆژەوەی کە ھات کە لە مانگی مارتی ١٩١٩ز یەوە مایەوە ھەتاکو رۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی ١٨/١٢/١٩٨٠ کە وەفاتی کرد وە لە خاکی پاکی گردی سەیوان نێژرا...

لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٢٠دا مێجەر سەون بڕیاردەدات لەسەر دەستی گۆکول چاند مکورجی بۆ یەکەم جار لە شاری سلێمانی خولێکی شۆفێریی بکرێتەوە و گەنجانی سلێمانی فێری شۆفێریی بکرێن. خولەکە لە موھەندیسخانە دەکرێتەوە. ھەندێک لەو کەسایەتییانەی بەشدار دەبن پێکھاتوون لە (عەبدەی ئوتومبێلچی، مەحموودی قالە شەوقە، عەلی چاوەش و کوڕەکەی، مەحموود شەوکەت دانساز، نامیق ئاغا، فەتاحی چایچی، عەلی ناجی)[٦].

لەسەر داوای خۆی لە ڕێکەوتی ١ی کانوونی دوەمی ساڵی ١٩٢١ـەوە لە خزمەتی سەربازیی دەرچوە و بوە بە ھاووڵاتییەکی مەدەنیی[٥]. ھەرچەندە ئینگلیزەکان لە ساڵی ١٩٢٢دا سلێمانییان بەجێھێشتوە، بەڵام مکورجی ھەر لەوێ ماوەتەوە و بۆتە ھاوەڵی شێخ مەحموود و ئوتومبێلەکەی خۆی پێشکەشکردوە، شێخ مەحموود پارەی ئوتومبێلەکەی داوەتەوە و ھەر خۆشی کردوە بە شۆفێری خۆی. ھەرچەندە مێژووی وازھێنانی مکورجی لە شۆفێریی شێخ مەحموود نەزانراوە، بەڵام دواتر خۆی دەستی کردوە بە کاری شۆفێریی و لە ھێڵی نێوان سلێمانی-ھەڵەبجە دا کاریکردوە. ھاوکات چەند ئوتومبێلێکی نوێشی کڕیوە و خستوونییەتە ئیشەوە[٦].

لە ساڵی ١٩٦٩دا مۆڵەتی شۆفێرییەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت و تازەیناکاتەوە و بە ڕەسمیی واز لە لێخوڕینی ئوتومبێل و کارکردن دەھێنێت.[٩]

ھاتنی بۆ عێڕاق و سلێمانی[دەستکاری]

ژمارە ٣٠٨ی ڕۆژنامەی اتحاد. چیرۆکی گۆگۆل جاند مکورجی
ژمارە ٣٠٨ی ڕۆژنامەی اتحاد. چیرۆکی گۆکول چاند مکورجی
ژمارە ١٧٠٦ی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ. چیرۆکی گۆگۆل جاند مکورجی
ژمارە ١٧٠٦ی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ. چیرۆکی گۆکول چاند مکورجی

لە ١١/٣/١٩١٨ لەگەڵ سوپای بەریتانییدا دەنێردرێت بۆ عێڕاق. لە سەرەتادا دەنێردرێتە شاری بەسرە، دواتر بۆ کەرکوک و دواتر بۆ بەغداد. لە ٦/١/١٩١٩ دەکرێت بە شۆفێری سەربازیی نێوان سەربازگەی ڕەشید کە ئەوکاتە پێیدەوترا "ئۆردوگای ھیندییە" و "بابولموعەززەم - باب المعظم"[٢][١٠]. مکورجی کەسێکی میھرەبان بوە، لە ڕێگای کارکردنەکەیدا ھەر کەسێکی دیبا سواری ئوتومبێلەکەی دەکردن و دەیگەیاندنە جێگەی مەبەست. لەسەر ئەم کردارانەی سزادراوە و لێپرسراوەکەی ڕقی لێھەڵگرتوە[١٠].

لە ھەمان ساڵدا دوو شۆفێری ھیندیی مێجەر سەون لە ڕێگای تاسڵووجە و کەنەکەوە لە سلێمانی ئوتومبێلەکانیان پەکیانکەوتوە و نەیانزانیوە چاکیانبکەنەوە، لەبەرئەوە بەجێیانھێشتوون. مێجەر سەون ھەردوکیانی سزاداوە و بە دەستبەسەریی ناردوونییەتیەوە بۆ بەغداد و داوایکردوە ئوتومبێلچییەکی باشی بۆ بنێرن بە مەرجێک میکانیکییەکی باشیش بێت و ئینگلیزییش بزانێت. کە ئەم داواکارییە دەگاتە ئۆردوگای ھیندییە، لێپرسراوە ئینگلیزەکەی گۆکول چاند بانگکردوە و پێیوتوە "ناوی تۆی بە ڕەحم درا بەو کاربەدەستانە کە بتنێرن بۆلای بێڕەحمێکی زۆر توند کە حاکمی شارێکە کە زۆر دوورە لە بەغدادەوە". پاش چەند ڕۆژێک بەڕێدەکەوێت بەرەو سلێمانی[١٠]. مکورجی دەچێتە سەر ئوتومبێلە جێھێڵراوەکان و لە پارچەی یەکێکیان ئەوی تر چاکدەکاتەوە و بە ئوتومبێلە چاککراوەکەش ئەوی تر ڕادەکێشێت بۆ سلێمانی بۆ ناوچەی (موھەندیسخانە). مێجەر سەون ئەم لێھاتوییەی مکورجی ستایشکردوە و لە بەھاری ١٩٢٠دا فەرمانیداوە کە لە سلێمانی خولێکی شۆفێریی و میکانیکیی بکرێتەوە بە سەرپەرشتی گۆکول چاند مکورجی. خولەکە ھەر لە موھەندیسخانە وتراوەتەوە[١١].

لە ٢٠/٢/١٩٢١ لەسەر داوای خۆی واز لە سەربازیی دەھێنێت و دەبێت بە کەسێکی مەدەنیی. ئوتومبێلی تازەی کڕیوە و لە ھێڵەکانی سلێمانی-کەرکوک و کەرکوک-ھەولێر و کەرکوک-کفری خستوونییەتە ئیشەوە[١١]. ھەر لەم ماوەیەدا بۆتە ئاشنای شێخ مەحموودی حەفید و حەپسەخانی نەقیب. خۆشیانویستوە و ڕێزیان لێگرتوە. مکورجی ئوتومبێلەکەی خۆی پێشکەشی شێخ مەحموود کردوە، بەڵام شێخ مەحموود پارەکەی داوەتەوە[٢]. دواتریش لەسەر داوای شێخ مەحموود ھەر خۆی بوە بە شۆفێری. شێخ مەحموود ناوی "گۆکول چاند مکورجی" لەسەر زمان قورسبوە، بۆیا ناویناوە "غەفوور ھیندیی" یان "غەفوورە ڕەش" یان "غەفوور مکورجی" و بەم ناوانەوە دەناسرێت.

پێکەوەنانی خێزان و مردن[دەستکاری]

خەیرییە ئەیوب غەیوب
خەیرییە ئەیوب غەیوب، سێیەمین ژنی گۆکول چاند مکورجی
گۆڕی گۆکول چاند مکورجی لە گردی سەیوان - سلێمانی
گۆڕی گۆکول چاند مکورجی لە گردی سەیوان - سلێمانی

مکورجی سێ جار ژنی ھێناوە. ژنی یەکەمی ناوی (حەبە خان) بوە و تەمەنێکی کورت پێکەوە بوون و مردوە. ژنی دوەمی ناوی (ئامینە) بوە. لەگەڵ ئامینەدا کچێکیان ھەبوە بە ناوی (سەبیحە). پاشتر جیابوونەتەوە. ژنی سێیەمی ناوی (خەیرییە ئەیوب غەیوب) بوە. خەڵکی کفری بوە. لە ٢٥/٨/١٩٢٥ لە شارۆچکەی کفریی مارەیکردوە[٢]. خەیرییە لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٨٤ کۆچی دوایی کردوە. کچ و کوڕێکیان ھەبوە بە ناوی (شوکرییە مکورجی ١٩٣١) و (کەمال مکورجی ١٩٣٣-١٩٨٧). ھەردوکیان مامۆستا بوون[٢]. مکورجی لە گەڕەکی سابوونکەران لە شاری سلێمانی ژیاوە و پاشتر چۆتە گەڕەکی عەلی ناجی. لە ١٨/١٢/١٩٨٠[١٢]دا لە شاری سلێمانی بە نەخۆشیی کۆچی دوایی کردوە و لە گردی سەیوان نێژراوە[٢].

مکورجی حەزی لە نووسین و گۆرانییەکانی (ڕابیندرەنات تاگۆر) بوە و زۆرێکیانی لەبەربوە[١١]. شەش زمانی زانیوە ئەوانیش (ھیندیی، ئینگلیزیی، فارسیی، تورکیی، عەرەبیی، کوردیی) بوون[٢].

پەڕاوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ a b c d    بڕوانامەی تەجەنووس ژمارە ٩٦٣ – فۆڕمی ژمارە ٦. ١٩٣٢
  2. ^ a b c d e f g h i j k کوردستانی نوێ – ژمارە ١٧٠٦ ساڵی ١٩٩٨. لاپەڕەی ژمارە ٥
  3. ^ a b c ساڵحی ڕەشە، ئەکرەم مەحموود (١٩٨٧). شاری سلێمانی - بەرگی یەکەم. بەغداد - عێڕاق: وزارة الثقافة و الاعلام - دار الثقافة و النشر الکردیة - التسلسل ١٦٥. پەڕەکان ٥٠٥، ٥٠٦. 
  4. ^ دەفتەری ڕەگەزنامەی عێڕاقیی بۆ پیاوان. ژمارە ٢٠١٢. حکومەتی عێڕاقیی - لە ڕێکەوتی ٢٩ی نیسانی ١٩٣٦دا دەرچوە.
  5. ^ a b بڕوانامەی مەرجداری دەرچوون لە خزمەتی سەربازیی بۆ کەسایەتییە ھیندییەکان بۆ گواستنەوەی کار لە سەربازییەوە بۆ مەدەنیی لە وڵاتی میسۆپۆتامیا - سوپای بەریتانیی - O.F. A-61.
  6. ^ a b c ساڵحی ڕەشە، ئەکرەم مەحموود (١٩٨٧). شاری سلێمانی - بەرگی یەکەم. بەغداد - عێڕاق: وزارة الثقافة و الاعلام - دار الثقافة و النشر الکردیة - التسلسل ١٦٥. پەڕەکان ٥٠٨. 
  7. ^ a b c دەفتەری ژمێریاریی سەربازی ھیندیی - ژمارە ٠٥٢٠٢٤، لە ساڵی ١٩١٨دا دەرچوە لە لایەن سوپای بەریتانییەوە. لاپەڕە ١٠
  8. ^ دەفتەری ژمێریاریی سەربازی ھیندیی - ژمارە ٠٥٢٠٢٤، لە ساڵی ١٩١٨دا دەرچوە لە لایەن سوپای بەریتانییەوە. لاپەڕە ٧
  9. ^ داواکاریی گەڕاندندەوەی مۆڵەتی شۆفێریی - جی سی مکورجی
  10. ^ a b c ساڵحی ڕەشە، ئەکرەم مەحموود (١٩٨٧). شاری سلێمانی - بەرگی یەکەم. بەغداد - عێڕاق: وزارة الثقافة و الاعلام - دار الثقافة والنشر الکردیة - التسلسل ١٦٥. پەڕەکان ٥٠٦. 
  11. ^ a b c ساڵحی ڕەشە، ئەکرەم مەحموود (١٩٨٧). شاری سلێمانی - بەرگی یەکەم. بەغداد - عێڕاق: وزارة الثقافة و الاعلام - دار الثقافة والنشر الکردیة - التسلسل ١٦٥. پەڕەکان ٥٠٧. 
  12. ^ ساڵحی ڕەشە، ئەکرەم مەحموود (١٩٨٧). شاری سلێمانی - بەرگی یەکەم. بەغداد - عێڕاق: وزارة الثقافة و الاعلام - دار الثقافة والنشر الکردیة - التسلسل ١٦٥. پەڕەکان ٥٠٩. 

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]