ژان ژاک ڕوسۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ژان ژاک ڕوسۆ
لەدایکبوونژان ژاک ڕوسۆ
٢٨ی حوزەیرانی ١٧١٢
ژنێف
مەرگ٢ی تەممووزی ١٧٧٨
ئێرمێنۆنڤیڵ، شاھەنشاھی فەڕەنسا
نەتەوەفەڕەنسی

ژان ژاک ڕۆسۆ (بەئینگلیزی و فەڕەنسی: Jean-Jacques Rousseau، ٢٨ی حوزەیرانی ١٧١٢ - ٢ی تەممووز ١٧٧٨) فەیلەسووف و نووسەر و داڕێژەری رۆمانتیسیزمی دەربڕینی فەڕەنسیی خەڵکی ژنێڤ بوو. فەلسەفە سیاسییەکەی کاری کردە سەر شۆڕشی فەڕەنسی، سیاسەتی ھاوچەرخ، کۆمەڵناسی، ھەروەھا بیری پەروەردەیی. لەژێنێڤ لە دایک بووە، باوکی ئیزاک ڕۆسۆ سە‌عاتچییە‌کی ناسراو بووە، دایکیشی (سوزان بێرنارد) ماوە‌یە‌ک دوای لە دایک بوونی ڕۆسۆ دە‌مرێت، باوکی لایە‌نگرێکی بە‌بروای دە‌سە‌لاَتی کۆماری بوو دە‌یویست کورە‌کە‌یشی بە‌و شێوە‌یە پە‌روە‌ردە بکات، ڕۆسۆ لە‌تە‌مە‌نی پێنج ساڵییە‌و دە‌ستیکردوە بە کتێب خوێندنە‌وو تاکۆتایی ژیانی، (پلوتارک) خۆشە‌ویسترین نوسە‌ر بووە لە‌لای، پاش بە‌سە‌ربدنی چە‌ندین ساڵ لە‌تە‌مە‌نی تاراوگە‌و گەڕان بە شارە‌کاندا؛ ڕۆسۆ خە‌ریکی توێژینە‌وی توانستە‌کانی خۆی دە‌بێت، سە‌رە‌تا بە فە‌لسە‌فە دە‌ست پێدە‌کات، فە‌یلە‌سووفە‌کانی وک (جۆن لۆک و مالێبرانژ و دیکارت و لایبنیتس و ڤۆڵتێر) دە‌خوێنێتە‌و، ژیانی ئە‌م ساڵانە‌ی ڕۆسۆ پڕە لە‌گە‌ڕان بە نێو ئیتالیا و فە‌ڕە‌نسا و سویسرادا.

رۆسۆ فە‌یلە‌سوفە‌کان بە بە‌شێکی ئە‌و جییەانە دادە‌نێ، کە ڕە‌خنە‌ی لێدە‌گرن، بۆیە ھەموویان گوناەباردە‌کات، بە‌وی کە فە‌یلە‌سووفە‌کان گرنگی بە نەھێشتنە‌وی دامە‌زراوە‌کانی چە‌وساندنە‌و دە‌دە‌ن و کاریان بۆ دە‌کە‌ن، ژیانی ڕۆسۆ دوای بڵاوبوونە‌وی «دیکسۆرزی زانست و ھونە‌ر» بە‌تە‌واوە‌تی دە‌گۆڕێت کە دە‌توانرێت لە‌نێو «دیکسۆرزی زانست و ھونە‌ر» دا چە‌ند بیرورایە‌کی ڕۆسۆ وک (مرۆڤایە‌تی لە دۆخە بێگوناھ و سە‌رە‌تایییە‌کە‌ی ژێر پە‌ریوە) و (ئە‌و نە‌تە‌وانە‌ی لە ڕووی ھونە‌ری و زانستیە‌و دواکە‌وتوون لە و نە‌تە‌وانە سە‌روە‌رتن کە پێشکە‌وتوون) دیاریبکرێن.

فەلسەفەی سیاسیی ڕوسۆ

ڕوسۆ بیرمەندێکی تایبەت بوو و بۆچوونەکانی زۆر ناکەونە چوارچێوەیەکی دیاریکراوەوە. ڕوسۆ لە لایەکەوە ڕەخنەی لە ھەموو ڕەوتی شارستانییەتی دەگرت و لە لایەکی دیکەوە، کاریگەرترین فەیلەسووفی سیاسیی سەدەی ھەژدەھەم بوو و دواتر وەک باوکی شۆڕشی فەرانسە ناسرا. بەڵام ئەو جۆرە بۆچوونوونانە بۆنی جۆرێک ئیدیالیسمی لێ دێ.

ڕوسۆ لە سەرەتای لاویدا بابەتێکی نووسی و باسی ئەوەی کرد کە بەپێچەوانەی بۆچوونی باوی ئەو کاتە، پێشکەوتنی ھونەر و زانست و فەلسەفە لە سەدەی ڕابردوودا نەک نەبووەتە ھۆی بەختەوەریی مرۆڤ بەڵکوو چارەڕەشیشی لێ کەوتووەتەوە. ئەو بۆچوونەی ڕوسۆ بەپێچەوانەی ڕەوتی ڕۆشنگەری بوو کە پێی وا بوو مرۆڤ تەنیا بە یارمەتیی عەقڵ و زانست دەتوانێ ڕزگار بێ. دیارە ڕۆشنگەرەکان باوەڕێکی پتەویان بە بیرۆکەی پێشکەوتن ھەبوو و پێیان وا بوو مرۆڤایەتی خەریکە بە ڕێگەیەکی زۆر باش و پێشکەوتنخوازانەدا دەڕوا. بەڵام ئێمە ئێستا کە نزیکەی سێسەد ساڵ دوای ڕوسۆ دەژین، دەزانین کە ئەو گەشبینییەی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری زۆریش بەجێ نەبووە و ڕوسۆ زۆر باشتری بۆ چووە. ڕەخنەکانی ڕوسۆ لە شارستانییەتی مۆدێرن دواتر لەلایەن کەسانی دیکەشەوە درێژەی پێ درا. بەڵام پێویستە سەرنج بدەین بەو خاڵە گرینگە کە ڕەخنەکانی ڕوسۆ لە شارستانییەتی بە واتای گەڕانەوە بۆ ژیانی ساکاری ڕابردوو نییە. تەنانەت ئەو شتەی کە بە زمانی ڕوسۆوە دەکرێ کە گوایە لایەنگری «گەڕانەوە بۆ سروشت» بووە، لە نووسینەکانی ڕوسۆدا نییە.

لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە ڕوسۆ بەپێچەوانەی بیرمەندانی ڕۆشنگەری، باوەڕی بە توانای بێسنووری عەقڵ نییە. بە بۆچوونی ڕوسۆ، مرۆڤ ناتوانێ بەپێی تواناکانی عەقڵ کۆمەڵگەیەکی دڵخواز پێکبێنێ. بیرمەندانی ڕۆشنگەری، بە تایبەتی ڤۆلتر و دیدەرۆ، پێیان وا بوو کە ئەگەر مرۆڤ کردەوەکانی خۆی لەسەر بنەمای شیکردنەوەی لۆژیکال دابمەزرێنێ و سەرچاوەکانی داھاتووی لەسەر بنەمای ئەو موحاسەبانەی زانایانی زانستی سروشتی دەیکەن دابنێ، دەتوانێ بگاتە بەختەوەری. بەڵام لە ڕوانگەی ڕوسۆوە، ئەو موحاسەبەیە کارێکی جوان نییە. ڕوسۆ جێگرەوەیەکی دیکە بۆ عەقڵ پێشنیار دەدا: ویژدان. بە بڕوای ڕوسۆ ویژدان گوێڕایەڵی عەقڵ نییە. ویژدان پەیوەندی بە ھەست و سۆز و تەنانەت غەریزەوە ھەیە. بەڵام عەقڵ بەردەوام تووشی سەرلێشێواوی دەبێ و ھەڕەشە لە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان دەکا. باوەڕ بە ویژدان پەیوەندییەکی پتەوی بە ڕوانگەی گەشبینانە بە سروشتی مرۆڤەوە ھەیە. ڕوسۆ لەو فەیلەسوفانەیە کە پێیان وایە مرۆڤ بەپێی سروشتی خۆی چاکە. بەڵام مەبەستی ڕوسۆ لە چاکبوونی مرۆڤ ئەوە نییە کە تاک بە تاکی مرۆڤەکان پاک و بێگوناحن بەڵکوو دەیەوێ ئاماژە بەوە بکا کە ھەستە سروشتییەکان و غەریزەکانی مرۆڤ لە ویژدانی ئەودا ڕەنگ دەدەنەوە. ھەر بۆیە ویژدان جێگەی نواندنی ھەستە سروشتییەکانە. ڕوسۆ پێی وا بوو کە ئەو کەسەی گوێڕایەڵی ویژدانی پاکی خۆیەتی، دەگاتە بەرزترین ئامانجی ژیان کە ئارامیی دەروونی و ئاشتی و دۆستایەتییە.[١]

کە وا بوو بۆ چی کۆمەڵگەی مرۆیی ئاوا نالەبارە؟ وەڵامی ڕوسۆ ئەوەیە کە پەرەسەندنی نالەباری کۆمەڵایەتی بووەتە ھۆی مردنی ویژدانی مرۆڤ. واتە مرۆڤ ڕێنوێنی غەریزیی خۆیان لە دەست داوە و سەرلێشێواو بوونە. ئەمە وای لە شرۆڤەکارانی ڕوسۆ کردووە کە پێیان وا بێ ڕوسۆ باوەڕی وایە کە مرۆڤ تەنیا لە دۆخێکی تەواو سروشتیدا دەتوانێ چاک بێ بەڵام لیدمان دەڵێ ڕوسۆش وەک ھابز و بەپێچەوانەی لاک ومۆنتسکیو پێی وایە کە چەمکی وەک چاکە و خراپە لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆمەڵگەدا بێواتایە و پێش لە پێکھاتنی کۆمەڵگە ھیچ واتایەکیان نەبووە. مرۆڤی سەرەتایی تەنیا گوێڕایەڵی غەریزەکانی بووە و ناتوانین بڵێین کە کردەوەکانی چاک و یان خراپ بووونە. ھاوکات پێکھاتنی کۆمەڵگەش بابەتێکی پێویستە و لە ڕاستیدا ئەوە غەریزەیە کە مرۆڤ بۆ لای پێکھێنانی کۆمەڵگە ھان دەدا. بە بۆچوونی ڕوسۆ، کۆمەڵگەیەک کە ویژدان ڕێبەری بێ، کۆمەڵگەیەکی نالۆژیکال نییە.

بەڵام گرینگترین بەشداریی ڕوسۆ لە فەلسەفەی سیاسیدا دەگەڕێتەوە بۆ گرێبەستی کۆمەڵایەتی، ھەرچەندە کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە لای ڕوسۆ واتایەکی جیاوازی ھەیە. لە ڕوانگەی ڕوسۆوە، تەنیا بە یارمەتیی چەمکی گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەتوانین تێبگەین کە بۆ چی کەمینە گوێڕایەڵی ویستەکانی زۆرینە دەبێ. ھەڵبەت ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی کە ڕوسۆ باسی دەکا تەنیا لە کۆمەڵگەی دڵخوازی ئەودا دەستبەر دەکرێ. گرینگترین بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی لای ڕوسۆ ئەوەیە کە ھەموو ئەو کەسانەی دەبێ گوێڕایەڵی یاسا بن، دەبێ لە پەسەندکردنی ئەو یاسایەشدا بەشدار بن. ھەموو ھاووڵاتیان دەبێ مافی ئەوەیان ھەبێ ھەتا لەو شتانەی کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانیانەوە ھەیە، بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشداری بکەن.[٢] ئەمە بە واتای ئەوە دێ کە ڕوسۆ لایەنگری ئەو شتەیە کە دواتر پێیان گوت دێموکراسیی ڕاستەوخۆ.

بە باوەڕی ڕوسۆ، گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەتوانێ بنەماکانی ڕێنیشاندەری کۆمەڵگەیەکی دڵخواز دیاری بکا. لە ڕوانگەی ڕوسۆوە، ھەموو ئەو کۆمەڵگەیانەی ئێستا ھەن، گەندەڵن. کۆمەڵگەی گەندەڵ ھاووڵاتیی گەندەڵ بەرھەم دەھێنێ؛ واتە تاقمێک مرۆڤ بەرھەم دەھێنێ کە دەنگی ویژدانیان کپ کراوە. ڕوسۆ دەڵێ تەنیا دوو ڕێگە ھەیە ھەتا کۆمەڵێک تاکی چاک بخوڵقێندرێن: ڕێگەی یەکەم پەروەردەی ڕاستەقینەیە کە منداڵ لە کارتێکەریی خراپی کۆمەڵایەتی دەپارێزێ. ڕێگەی دووھەم ئەوەیە کە ھەموو کۆمەڵگە بگۆڕدرێ. ڕێگەی دووھەمی پێشنیارکراوی ڕوسۆ بووەتە ھۆی ئەوەی کە فەلسەفەی سیاسیی ڕوسۆ وەک بانگەوازێک بۆ شۆڕش بناسرێ. لە سەردەمی شؤڕشی فەرانسەدا قسەکانی ڕوسۆ وەک پاساوێک بۆ گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە لە قەڵەم دەدرا و شۆڕشگێڕەکان ڕوسۆیان وەک فەیلەسووفی سیاسیی خۆیان دەناساند. بەڵام زۆر ڕوون نییە کە ئایا ڕوسۆ بە ڕاستی بانگەشە بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەکا یان نا چونکە ڕوسۆ بە گشتی، سەبارەت بە پێکھێنانی کۆمەڵگەیەکی چاک ڕەشبینە.

بەڵام سەرەڕای ڕەشبینبوونی ڕوسۆ، ئەو مۆدێلێک بۆ کۆمەڵگەی دڵخوازی خۆی پێشکەش دەکا. لە ڕوانگەی ڕوسۆوە، ھەر یەکەیەکی سیاسی دەبێ لە ڕووی ژمارەی دانیشتووان و بەربڵاوییەوە سنووردار بێ. لە یەکەی سیاسیی گەورەدا ھاووڵاتیان دەرفەتی بەشداریی سیاسیی ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆیان لێ دەستێندرێ. ھەر بۆیە ڕوسۆ ڕەخنەی زۆری لە کۆمەڵگەی مۆدێرن ھەبوو کە زۆربەی یەکەکانی زۆر گەورە و نالێکن و چاوەدێری بە سەر ئەواندا دژوارە. ھەروەھا ڕوسۆ پێی وایە کە لە کۆمەڵگەی دڵخوازدا پێویستە ڕێکخستنێکی ساکار ھەبێ. ئاستی بەستراوەیی ھاووڵاتیان لە ڕێکخراو یان گرووپی پسپۆڕانەی خۆیان نابێ لە بەستراوەیی ئەوان لە ھەموو کۆمەڵگە زیاتر بێ. تاکەکان لە ھەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبێ وەک تاکێکی ھاووڵاتی دەرکەون، نەک وەک نوێنەری بەشێکی تایبەت یان گرووپێک کە بەرژەوەندیی تایبەتیان ھەیە. ھەر بۆیە کۆمەڵگەی چینایەتی و ھەروەھا کۆمەڵگەیەک کە بەھۆی گرووپ و حیزبی سیاسی دابەش کراوە، کۆمەڵگەیەکی دڵخواز و چاک نییە.[٣]

دەوڵەتی دڵخوازی ڕوسۆ دەوڵەتێکی ساکار و نائاڵۆز و سنووردارە. دەتوانین بڵێین کە دەوڵەتی دڵخوازی ڕوسۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی مۆدێرن نییە بەڵکوو دەوڵەت-شارێکی ساکارە کە لەسەر بنەمای دێموکراسیی ڕاستەوخۆ دامەزراوە. بۆ ئەوەی ژیانی ھارمۆنیک دەستەبەر بێ، پێویستە ھەموو ھاووڵاتیان لەو بڕایارانەدا کە بۆ ھەمووان گرینگە، بەشدار بن. ھەروەھا لە ڕووی ئابوورییەوە، ھەر ھاووڵاتییەک دەبێ بڕێکی دیاریکراو سامانی ھەبێ. ھاوکات دەوڵەت (ھەڵبەت دەوڵەتێک کە بە پیی ورە و ویستی ھاووڵاتیان حوکم دەکا) دەبێ چاوەدێری بکا ھەتا ھیچ ھاووڵاتییەک سامانی خۆی بە بەھای دەستدرێژی بۆ خاوەندارێتی و سەربەخۆیی ھاووڵاتیانی دیکە پتر نەکا. ھەر بۆیە ئەوە ئەرکی دەوڵەتە کە یەکسانیی ئابووری لە کۆمەڵگەدا بپارێزێ. ھەڵبەت ئەو یەسانییە ئابوورییە نابێ ڕەھا بێ بەڵکوو ڕێژەیییە. بە گشتی، تاک تەنیا کاتێک دەتوانێ ئازاد بێ کە گوێڕایەڵی دەوڵەت بێ و بەم جۆرە گوێڕایەڵی «ورەی گشتی» (چەمکێکی پڕ لە مشتومڕ!) بێ. ھاووڵاتی بە گوێڕایەڵی دەوڵەت (کە لە ڕاستیدا گوێڕایەڵی بۆ ورەی گشتییە) دەتوانێ ئازادیی سروشتی ھەبێ.[٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Jonathan Marks, The Divine Instinct? Rousseau and Conscience, The Review of Politics, 68(04), November 2006, pp. 564 – 585.
  2. ^ Jean-Jacques Rousseau, The Social Contract, translated by Susan Dunn, Yale University Press, 2002, p. 164.
  3. ^ Ibid. , p. 75.
  4. ^ ئەییووب کەریمی، فەلسەفەی ڕزگاری، کەرەج: مانگ، ٢٠١٩، لل ٨٥–٩٠.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

کارەکانی ژان ژاک ڕوسۆ لە لایبریڤۆکس (دۆمەینی گشتی پەرتووکە دەنگییەکان)