ماڵپەڕی گیارەنگ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

گیارەنگ ماڵپەڕێکی ئینتەرنەتییە.

وشەڕەت[دەستکاری]

گیارەنگ ناوی کێوێکی جوان ‌و ڕازاوەی ناوچەی سەردەشتی سەرسەوزە، لە قەدپاڵ ‌و بنار و داوێنی ئەو کێوە بەرزە دا دەیان گوند و ئاوایی بچوک و گەورە ھەن کە وەک ملوانکەیەک لە دەوری گیارەنگ ئاڵاون. لە مێژە گیارەنگ و گـــوندو‌ ئاوای‌یەکانی ئەو ناوچەیە دەست لە ملانی یەکترن و سروشتێکی جوان‌و رازوەیان پێک ھێناوە. لە وەرزی بەھــاران دا بە دەیان جــۆرە ســەوزە و گوڵ‌وگیای رەنگاورەنگ ئەو کێوە بەرزە دەنخشێنن و وەک بووکی ڕازاوە بەرامبەر بە ھاواڵـی دێرینی خــۆی لانک (کێــوێکی نێزیک گیارەنگە)خۆ دەنوێنـێ و پێکەوە سێبــەر و فێنکای و جــوانــی بۆ ناوچەکە پێک دێنن. لە وەرزەکانی دیکەی ساڵیش دا بە دائیم دانیشتوانی گوندەکانی دەوری گیارەنگــی پڕ لە گوڵ، بۆ کاری مەڕداری و وەرزێـری و ڕەزەوانی لە بست بە بستـــی خاکـــی دەوری گیارەنگ کەڵک وەر دەگـرن و بەشێک لە بژیوی ساڵانەی خۆیانی لێ دابین دەکەن. گیارەنگ بە سەدان ڕەوەزە شاخی قائیم و پر لە دار و دەوەنی لە باوەشی خۆی گرتووە. ئەو سروشتە جوان و قائیمەش وایکردوە کە لە ھەموو کاتەکانی شۆڕشی رزگاریخوازنەی گەلی کورددا، ئەو شوێنە بکرێت بە مەکۆی خۆراگری و سەنگەری لەشکان نەھاتووی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان. ناوی خۆشی گیارەنگ‌و جوانی‌و ڕازاوەیی ئەو کێوە بەرزە و ئەمەگ داری دانیشتوانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەرحەق بە شۆڕشگێرانی دێمۆکرات و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بوو بە ھۆی ئەوە کە لە ساڵی ١٣٦٥ی ھەتاویی دا ھێزێکی گەورەی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت بە ناوی گیارەنگ‌وە بکرێ. ئەگەر تاکوو ئەو کات ناوی گیارەنگ تەنیا وەک کێوێکی بەرز و رازاوە لە لایەن بەشێک لە خەڵکە‌وە ناوی دەبرا ئەوە ئەو جار گیارەنگ بوو بە ناوێکی رەمزی و ئاشنا بۆ بەشی ھەرە زۆری دانیشتوانی ناوچەی سەردەشت. ناوی گیارەنگ بوو بە خۆشەویستی گشت لایەک، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەیان منداڵ دوای لە دایک بوونیان ناوی" گیارەنگ" ‌یان لێنرا. ئێستا ئەوانیش دڵخــۆش و رازین‌‌و وەک کێـوی گیارەنگـی سەربەرز، شانازی بە خــۆیان‌و بە ناوەکەیانەوە دەکـەن.

بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچەکانی بانە و پیرانشار و مەھاباد و بە تایبەت ناوچەی سەردەشت و بگرە دوورتریش شاھیدی چالاکی‌یەکانی ھێزی گیارەنگ ھەن، کە چۆن زراوی دوژمنیان تۆقاند بوو و دوژمنیان لەو ناوچەیە بە چۆک داھێنا بوو. ئێستاش دوژمن بە بیستنی ناوی گیارەنگ، زەربە گورچ ‌و برەکانی ھێــزی گیارەنگ و کەلاکــی زۆر و بــۆری کــوژراوەکانــی خــۆی وەبیــر دێتەوە کە بە دەستــی بە تــوانای پێشمــەرگەکانــی ھێــزی گیارەنگ دەکــەوتــە ســەر عــەرز و ھەمــوو ناوچــەی سەردەشت و دەوری گیارەنگیـان لێــدەکــرا بە گــۆرستــان. ھێــزی گیارەنگ لەرزە و چەق‌وچۆ‌یان دەخستە لەشی بۆگەنی بە ناو پارێزەرانی ئیسلام و وێرای ھێزەکانی‌ دیکەی پێشمەرگەی کوردستان تەنگیان بە دوژمنی ماڵ‌وێرانکەری جەھل و نەزانی ئاخوندی ئێران ھەڵچنی بوو و بەھەشتی کوردستانیان لێکرد بوون بە دۆزەخی ئاگرین. ھەر بۆیە گیارەنگ حەقی خۆیەتی لە جاران زیاتر سەر بەرز کات و خۆ چــڕوپڕ تر بکات و ئامێــزی خــۆی بــۆ پێشمەرگە شۆڕشگێرەکانی‌ کــوردستان و ھێــزی گیارەنگــی سەربەرز ئاواڵە بکا و جارێکـی تــر دارو دەوەنە چغــورەکانی خـۆی بۆ رزگاری یەکجارەکی کـوردستان بەرزتر بکا. پێم وایە ئەو چەند دێرە بەس بێت بۆ وڵامی ئەو ئازیزانەی کە سەردانی ماڵپەری گیارەنگ یان کردووە و بۆیان پرسیار بوو کە ماڵپەری گیارەنگ چی‌یە و بۆچی ئەو ناوەی بۆ ھەڵبژێردراوە.

بەڵێ ئازیزان، خۆشەویستی و جوانی و سەرسەوزی گیارەنگ و زەربە لێدانی ھێزی گیارەنگ لە دوژمنی داخ لە دڵی کورد و چەندین ھۆی دیکە بوونە ھۆی ئەوە کە ناوی ماڵپەرەکە بکەم بە گیارەنگ و ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ وەشانی خۆی ڕاستەوخۆ دەست پێ بکات.

چەند ساڵ بە سەر دامەزرانی ماڵپەری گیارەنگ دا تێپەری. ماڵپەری گیارەنگ بۆ خزمەت بە ھاوڵاتیانی کورد و دڵسۆزانی گەلی کوردی بەشخوراو دامەزرا و دەستی بە کار کرد. لە تەواوی ئەو ماوەیەش دا تا رادەیەک شان بە شانی ماڵپەرە کوردی‌یەکانی دیکە بۆ لە قاودانی پیلانی دوژمنانی کورد چوتە پێش و لە زۆر بواردا ھەواڵ و بابەتی جۆراوجۆری بڵاو کردۆتەوە. ماڵپەری گیارەنگ چەند ساڵ لە تەمەنی تێپەری و ‌لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا سەدان ھەزار جار چرکەی لە سەر کراوە و ھەروەھا سەردانی کراوە. ھەر بۆیە بە پێویستی دەزانم لە ساڵرۆژی دامەزران و دەست بەکار بوونی ماڵپەری گیارەنگ دا سوپاسی ھەموو ئەو کەسانە بکەم کە بابەت و نووسراوە و وێنە و ڕاپۆرتیان بۆ ماڵپەری گیارەنگ ئامادە کردووە. ھەروەھا سوپاسی ھەموو ئەو کەسانەش دەکەم کە سەردانی ماڵپەری گیارەنگ‌یان کردوە و بیروبۆچوونی خۆیان لە سەر ماڵپەری گیارەنگ بە ئێمێل دەر بریوە و بەشێک لە ھەڵە و کەم‌وکوری‌یەکانیان بۆ دەست نیشان کردووم و زیاتر ھانیان داوم کە بابەت و نووسراوەی نوێ دابنێم و کاتی زۆرتری بۆ تەرخان بکەم. لە کۆتایی دا سڵاو لە گیارەنگی خۆراگر و سڵاو لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە تایبەت ھێزی گیارەنگی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان. ھەزاران ئافەرین بۆ خــۆراگــری ‌و قارەمانەتــی و لەخۆبــردوویی‌ خەڵکــی کــوردستان ‌و ھێــزی پێشمەرگەی کوردستان.

ماڵپەری گیارەنگ ھاوکات لە گەڵ ڕۆژی کارەساتە دڵتەزێنەکەی بۆردمانی قەڵادزێ دا کە لە ساڵی ١٩٧٤ دا بە دەستی ڕێژیمی ئەفلەقی سەددام حوسێن وێران کرا، دەستی با کار و وەشانی خۆی کرد. ھەر بۆیە ھەموو ساڵێک لە ساڵیادی دامەزرانی ماڵپەری گیارەنگ دا بەڕێوەبەری ماڵپەر ڕێز و خۆشەویستی خۆی بۆ خەڵکی دوو جار شەھیدی قەڵادزێ دەر دەبڕی و یادی ئەم کارەساتەش دەکاتەوە.

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]