بۆ ناوەڕۆک بازبدە

قەڵای ھەولێر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە قەڵای هەولێرەوە ڕەوانە کراوە)
  ئەم وتارە سەبارەت بە قەڵای ھەولێر نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە قەڵا (ڕوونکردنەوە).
قەڵای ھەولێر
کرمانجی: Qelay Hewlêr, عەرەبی: قلعة أربیل
ھەولێر، ھەرێمی کوردستان، ئێراق
قەڵای ھەولێر بە ماڵەکانی چوار دەور
وێنە لە ئاسمانگەوە
قەڵای ھەولێر is located in ھەولێر
قەڵای ھەولێر
قەڵای ھەولێر
پۆتان36°11′28″N 44°00′32″E / 36.191°N 44.009°E / 36.191; 44.009
جۆرقەڵا
Site information
Controlled byحکوومەتی ھەرێمی کوردستان
Open to
the public
بەڵێ
Conditionنوێ کراوە
مێژووی پێگە
Battles/warsداگیرکردن بە دەس مەغۆلەکان لە ١٢٥٨ زایینی
تابلۆی داگیرکاری مەنگۆلەکان لەھەولێر بەرامبەر قەڵای ھەولێر لەسەدەی پازدەمی زایین

قەڵای ھەولێر، یان قەراتی ھەولێرێ (بە کرمانجی: Keleha Hewlêrê) ھەروەھا بە قەڵات ناسراوە. تەپۆڵکەیەکی بازنەیی ڕووتەختە بە ڕووبەری ١٠٢٫١٩٠ مەتری چوارگۆشە لە ناوەڕاستی شاری ھەولێر، کە لە کۆنەوە ناوەندی شاری ھەولێر بووە.[١]ئەم قەڵایە لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١٤ەوە خراوەتە لیستی میراتی جیھانییەوە.[٢] شوێنەوارناسەکان مێژووی قەڵاکە بۆ سەردەمی سۆمەریەکان و ھەزاران ساڵ پێش زایین دەیگەڕێننەوە. بۆ یەکەمجار لە سەرچاوە مێژوویییەکان لە پارچە تابلۆی قوڕینی «ئیبلا» لە سووریا دەوروبەری ٢٣٠٠ پێش زایین ئاماژە بە قەڵای ھەولێر کراوە، و لە سەردەمی ئاشووری نوێدا گرنگییەکی تایبەتی بەدەستھێناوە. لە سەردەمی ساسانییەکان و خەلافەتی عەباسیدا، ھەولێر ناوەندێکی گرنگ بوو بۆ ئایینی مەسیحی. لە ساڵی ١٢٥٨ قەلاکە لەلایەن مەغۆلەکان داگیرکرا. لە ماوەی سەدەی بیستەمدا دەستکارییەکی بەرچاو لە پێکھاتەی شارەکاندا کرا، لە ئەنجامدا ژمارەیەک خانوو و بینا گشتییەکان ڕووخان. ساڵی ٢٠٠٧ کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای ھەولێر (HCECR) بۆ سەرپەرشتیکردنی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە دامەزرا. لە ھەمان ساڵدا، سەرجەم دانیشتووانی قەلاکە،جگە لە یەک خێزان وەک بەشێک لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوکە، لە قەڵاکە ڕاگوێزران. لەو کاتەوە، توێژینەوە شوێنەوارییەکان و کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە شوێن و دەوروبەری لەلایەن تیمە نێودەوڵەتییە جیاوازەکانەوە و بە ھاوکاری لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆیی ئەنجامدراون. حکومەت پلانی ھەیە کاتێک قەڵاکە نۆژەن دەکرێتەوە، ٥٠ خێزان لە قەڵاکەدا بژین. ھەروەھا موتێل و چێشتخانە و کافتریای تێدادروست دەکرێت. بەگشتی قەلاکە ڕووبەرێکی ھێلکەیی ھەیە و لە باری درێژییەوە ٤٣٠ مەتر و لە باری کورتییەوە ٣٤٠ مەترە (١٬٤١٠ پێ × ١٬١٢٠ پێ) کە ١٠٢ ھەزار مەتر چوارگۆشە (١٬١٠٠٬٠٠٠ پێی چوارگۆشە)یە. تاکە شوێنی ئایینی کە لە ئێستادا ماوەتەوە مزگەوتی مەلا فەندییە. ئەو تەپۆڵکەیە لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٢ مەتر (٨٢ بۆ ١٠٥ پێ) لە ڕووبەری دەشتی شارەکە بەرزترە، خاوەنی دوو دەروازەی سەرەکییە لە ئێستادا، بەناوەکانی دەروازەی گەورەی باشوور و دەروازەی گەورەی باکوور، لەکۆندا دەرگایان ھەبووە. لە ناوەنددیدا شەقامێکی ڕاست بە یەکیانەوە دەبەستێتەوە. ھەروەھا بەسەر سێ گەڕەکی فراوان لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا دابەش بووە: ئەوانیش سەرا، تەکیە و تۆپخانە. سەرا شوێنی نیشتەجێ بوونی خێزانە فەرمانڕەواو و خەنەدانەکان بووە؛ گەڕەکی تەکییە، شوێنی نیشتەجێ بوونی دەروێش و موریدەکانی تەریقەتی قادری و نەقشبەندی بووە.؛ و لە تۆپخانە خەڵکی ئاسایی و پیشەوەر و جووتیارانی تێدا نیشتەجێ بووە.

مێژوو

[دەستکاری]

مێژووی قەلای ھەولێر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەریەکان و ھەزاران ساڵ پێش زایین، ئەم قەڵایە لەلایەن کوردەکانەوە بنیات نراوە. تەپۆلکەیەکی بازنەیی ڕووتەختە، ڕووبەرەکەی (١٠٢ ھەزارو ١٩٠) م٢ یە و لە ناوەڕاستی شاری ھەولێر ھەڵکەوتووە، ٤١٥م لە ئاستی ڕووی دەریا بەرزترە و بە بەرەنجامی ٢٦م و ٢٥سم لە ئاستی ڕووی شاری ھەولێر بەرزترە کە لە بەرزترین شوێن دەگاتە نزیکەی ٣٠م.

ھەندێک بیروڕا ھەیە دەڵێت قەڵای ھەولێر لەوەی ئێستا بەرزتر بووە، بەڵام لە ساڵی (٢١٦ز) ئیمپراتۆڕی ڕۆمانیا (کراکلا) لە کاتێ ھێرشی بۆ سەر تیسفۆن بە ھەولێردا ڕۆیشتووە و تەپۆلکەکەی قەڵا کە گۆڕستانی پاشا کوردیەکان بووە ڕووخاندوویەتی و ئێسکوپروسکی مردووەکانی دەرھێناوە. ئەم قەڵایە دێرینە لە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن ڕێکخراوەی یوونێسکۆە بە یەکێک لە گرنگترین ١٠٠ شوێنەواری جیھان دەستنیشانکراوە کە پێویستە وەک کەلتوورێکی مرۆڤایەتی پارێزگاری لێوەبکرێت.[٣]

زۆر بیر و بۆچوون سەبارەت بەم گردۆلکەیە ھەیە کە ناوەڕاستی دەشتایەکی پانوبەرین دەگرێت، ھەندێک ئەم گردە بە دەستکرد و تورەگە ڕێژ دەزانن کەلەلایەن ئاشورییەکانەوە بە زۆرەملێ بە دیلەکانی جەنگ دروست کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشی دووژمنەکا .(بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی پشتڕاستکراوە نیە) [٤]

زانای ئەمریکی (ئەداورد کە بیرا) مامۆستای زانستی ئاشوورییەکان لە زانکۆی شیکاگۆ دەڵێت: لە عێراقی ئێستادا ھەندێک شار ھەن کە تا ئێستا خەڵکیان تێدا دەژی کەچی خۆی لەسەر گوندو شاری کۆن درو ستکراوە، لەوانەش شاری ھەولێر و شاری کەرکووک، ئەوەی لەسەر تەپۆلکەی ئەم گردە دێرینە بڕوات شوێنەواری چەندین شارستانی کۆن دەبینێت کە بریتییە لە گردێک کە حەوت شارستانی لە خۆ دەگرێت، سەرەتای دروستبوونی سۆمەری بووە و دواتر چاخەکانی (بابلی، میدیا، یۆنانی، پارسی، ساسانی، ئیسلامی) بینوە، واتا شارەکە و خەڵکەکەی ماون بەڵام دەسەڵاتەکان بەپێی کات گۆڕاون واتا ئەمشوێنە لە ئاکامی چەندین شارستانییەتی پێش خۆیەتی و ھەر جارێک بەھۆی ھەر کارەساتێک تێکچووە، دواتر خەڵکەکەی لەسەر شارستانییەتە کۆنەکەی یەکێکی نوێیان دروست کردووە.[٥]بەڵام قەڵای ھەولێر تەنیا گردۆلکە نییە لە دەشتی ھەولێر و بەدەیەھا گردۆلکەی ھاوشێوە لەم دەشتە پان و بەرینە سەر دەردەخەن و باشترین بەڵگەش گردی (قالینج ئاغا)یە کە چەند کیلۆمەترێک لە قەڵا دوورەو نزیکەی ٧ مەتر لە شەقامی بەردەمی بەرزترە و بەپێی ئەو پشکنینەی لە ساڵی ١٩٦٥ بۆی ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەم گردۆلکەیە لە ھەزارەکانی(٥٠٠٠–٤٠٠٠)پ. ز، ئاوەدان بووە (لە چاخی حەلەف عوبید و وەرکا) و لە ھەزارەی سێیەم ژیانی لەسەر بڕاوتەوە. ھەروەھا لەکاتی پشکنین بینراوە کە لە ٧ چین پێک دێت (ھەر چینێک گوزارشت لە شارستانییەتیێک دەکات و بە دەیەھا کەلوپەل و پارچەی گڵێنەو پەیکەری گیانلەبەر و سەرکەتەشی گڵێنە و جل و بەرگی جۆراوجۆری تێدا دۆزراوەتەوە کە ھەمووی گەواھیدەری ئەوەیە ئەم گردۆلکانە ھەبوونە و مرۆڤ زۆر ژیرانە بەکاری ھێناون و توانیویانە سوودیان لێ وەرگرن.[٦]تەمەنی قەڵای ھەولێر بە تەواوی دیار نییە، بەڵام لەسەروبەندی ساڵی ٢٠٠٠ پ. ز لە نووسراوەکانی پادشای سۆمەری (شۆلکی) بە ناوی (ئوربیلیم- urbilum) ھاتووە.[٧]بەڵام بەر لەوە و چاخی ئەکەدی(٣٣٥٠–٢١٥٠) پ. ز و لەسەردەمی یەکەم پاشایان (سەرجۆنی ئەکەدی) و لە ھەڵمەتەکەی بەرەو باکوور بۆ تەمێی کردنی گوتییەکان فراوانکردنی ئیپمراتۆرییەتەکەی بە ھەولێردا ڕۆیشتووەو باس لە ھەولێر کراوە.[٨]ئیتر لەم مێژووەوە بە دواوەو لەسەرجەم چاخەکان باس لە ھەولێر کراوە کە دەڵێین ھەولێر واتا (قەڵا) چونکە تا ساڵی ١١٩٠ ز کاتی سوڵتان موزەفەرەدین دەبێتە فەرمانڕەوایی ھەولێر و لەماوەی ٤٢ ساڵی فەرمانڕەوایەتی ھەولێر زۆر دەگەشێتەوەو لەم ماوەیەدا بەشی خوارووی ھەولێر (دەرەوەی قەڵا) دروست دەبێت (بەپێی نەخشەیەکی ساڵی ١٢٣٣ز (واتا دوایی ساڵێک لە کۆچی دوایی سوڵتان) لە خوارووی قەڵا دوو قوتابخانە و دوو مزگەوت و بازاڕی قەیسەری و بەشێکی گەڕەکی خانەقا ھەبوو و ئەم ھەمووەش بە شوورەیەکی درێژ دەورە دراوە کە سێ دەرگای ھەبووە، ئەوکات ڕووبەری ٣ کیلۆمەتر دووجا بووە و زۆربەی گەشەسەندنەکەی بەرەو باشوور و باشووری ڕۆژاوا بووە، و ئەم سێ دەرگایەش بەو ئاراستەیە بوونە.[٩]

تەلار و نەخشەسازی

[دەستکاری]
خانووەکانی ناو قەڵای هەولێر،لە سەر شەقامی سەرەکی سەر قەڵاکە ئاڵای کوردستان دانراوە.

قەڵاکە لەسەر تەپۆڵکەیەکی گەورە هەڵکەوتووە کە شێوەیەکی هێلکەیی هەیە لە نێوان ٢٥ و ٣٢ مەتر (٨٢ و ١٠٥ پێ) بەرزە. ڕووبەری سەرەوەی تەپۆڵکەکە ٤٣٠ در ٣٤٠ مەتر (١٬٤١٠ × ١٬١٢٠ پێ) دەبێت و ١٠٢ هەزار مەتر چوارگۆشەیە. لە قووڵایی ٣٦ مەتر (١١٨ پێ) لە خوار ڕووی ئێستای تەپۆڵکەکەوە خاکی سروشتی دۆزراوەتەوە. سێ ڕێڕەو، کە دەکەوێتە سەر لێوارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات و باشووری گردەکە، بەرەو دەروازەکان لە ئەڵقەی دەرەوەی خانووەکاندا دەڕۆن. دەروازەی باشوور کۆنترین دەروازە بووە و لانیکەم جارێک ئاوەدان کراوەتەوە، و لە ساڵی ١٩٦٠ ڕووخێنراوە، خانووی دەروازەی ئێستا لە ساڵی ١٩٧٩ دروستکراوە،بەڵام بەهۆکاری ژینگەی ڕووخاوە،ساڵی ٢٠٠٩ دووبارە لەسەر هەمان شێوە دروستکراوەتەوە.ئەو خانووە پێشتر شوێنی موتەسەریف و فەرمانڕەواکانی قەلاکە بووە. دەروازەی ڕۆژهەڵات ناوی دەروازەی حەرەم بووە و .زیاتر ژنان بەکاریان هێناوە. پێدەچێت ڕوون نەبێتەوە کە دەروازەی باکوور کەی کرابێتەو. سەرچاوەیەک بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ساڵی ١٩٢٤ کراوەتەوە،لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی دیکە تێبینی دەکات کە لە ساڵی ١٩٤٤دا تەنها دوو دەروازە هەبووە – دەروازەی باشوور و ڕۆژهەڵات.بەڵام لە ئێستادا تەنها دوو دەروازە سەرەکی هەیە بۆ گەیشتنە قەڵا ئەویش دەروازەی باشوور کە دەروازەی سەرەکییە لەگەڵ دەروازەی باکوور.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سێ مزگەوت و دوو قوتابخانە و دوو تەکیە و حەمامێک لەسەر قەڵاکە هەبووە.هەروەها قەڵاکە تا ساڵی ١٩٥٧ کەنیسەی تێدابوو. تاکە پێکهاتەی ئایینی کە لە ئێستادا ماوەتەوە مزگەوتی مەلا فەندییە کە لەسەر شوێنی مزگەوتێکی پێشووتری سەدەی نۆزدەهەم دروستکرایەوە و بە کۆنترین مزگەوتی شاری هەولێر دادەنرێت و لەلایەن نەوەی ١٨هەمینی بنەماڵەی مەلا فەندی بەڕێوەدەبرێت و نوێژی ڕۆژی هەینی تێدا دەکرێت.لە نزیک مزگەوتەکە حەمامێک هەیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە ٤٠٠ بۆ ٣٠٠ ساڵ . لە سێ هۆڵ پێکهاتووە و لە کۆتایی حەفتاکان وەک حەمامێکی کراوە بەکار نەهات بەهۆی خراپی و کۆنی شوێنەکە و لە ساڵی ١٩٧٩ نۆژەنکرایەوە،هەرچەندە زۆرێک لە وردەکارییە ڕەسەنەکانی تەلارسازی تێدا تێکدرا.یەکێکە لەو شوێنانەیی بڕیاری نۆژەنکردنەوەی درا .[١٠]

قەڵاکە بەسەر سێ گەڕەکی فراواندا دابەش بوو لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا ئەوانیش گەڕەکەکانی سەرا ، تەکیە و تۆپخانە بوون. سەرا شوێنی نیشتەجێ بوونی خێزانە فەرمانڕەواو و خەنەدانەکان بووە؛ گەڕەکی تەکییە، شوێنی نیشتەجێ بوونی دەروێش و موریدەکانی تەریقەتی قادری و نەقشبەندی بووە هەروەها بەهۆی بوونی تەکیە و مزگەوتەوە ئەو ناوەی لێ نراوە؛ و لە تۆپخانە خەڵکی ئاسایی و پیشەوەر و جووتیارانی تێدا نیشتەجێ بووە.لێکۆلێنەوەیەک ساڵی ١٩٢٠ دەریخست کە لەو کاتەدا قەڵاکە دابەش بووە بەسەر ٥٠٦ پارچە خانوودا. پاشان بەرە بەرە ژمارەی خانوو و دانیشتووانی کەمی کردووە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٨٤دا ٤٤٦٦ کەس لە ٣٧٥ خانوودا ژیاون، لە کاتێکدا سەرژمێرییەکی ساڵی ١٩٩٥ دەریخستووە کە قەڵاکە تەنیا ١٦٣١ کەسی تێدایە کە لە ٢٤٧ خانوودا دەژین. تا کردنەوەی ڕێگای سەرەکی باکوور-باشوور، ڕێرەوەکانی سەر قەڵاکە وەک لقەکانی دارێک لە دەروازەی باشوورەوە بەرەو دەرەوە دەدرەوشایەوە. شەقامەکان لە نێوان ١ بۆ ٢.٥ مەتر (٣ پێ ٣ ئینج و ٨ پێ ٢ ئینج) پان بوون و درێژییان لە ٣٠٠ مەتر (٩٨٠ پێ) بۆ کۆڵانەکانی سەرەکی تا ٣٠-٥٠ مەتر (٩٨-١٦٤ پێ) بۆ بنبەستکان بوو .

لێکۆڵینەوە و نۆژەنکردنەوە

[دەستکاری]
خاڵی E
شوێنەواری دیواری قەڵای هەولێر

لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ تیمێک لە زانکۆی بۆهێمیای ڕۆژئاوا بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، هەڵسەنگاندنیان بۆ تەواوی قەڵاکە ئەنجامدا. وەک بەشێک لەم پڕۆژەیە، پێوانە جیۆدیزیاکانی قەڵاکە گیرا و ئەمانە لەگەڵ وێنەی مانگی دەستکرد, وێنەی فۆتۆگرافی ئاسایی تێکەڵکران بۆ دروستکردنی نەخشە و مۆدێلی سێ ڕەهەندی تەپۆڵکەی قەڵاکە و خانووەکانی سەرەوەی. گەڕانی جیۆفیزیکی لە هەندێک ناوچەی قەڵاکەدا ئەنجامدرا بۆ دیاریکردنی شوێنەواری تەلارسازی کۆن کە لە ژێر خانووەکانی ئێستادا ماونەتەوە. لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان بریتی بوون لە ڕووپێوییەکی شوێنەواریی لەسەر لێواری ڕۆژئاوای تەپۆڵکەی قەڵاکە، هەروەها هەڵکەندنی خەندەقێکی بچووکی تاقیکردنەوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی قەڵاکە. لە ساڵی ٢٠١٢ لیژنەی باڵای پاراستن و نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بڕیاریدا بە دەستنیشانکردنی حەوت ناوچەی ناو قەڵاکە بۆ ئەنجامدانی هەڵکەندن،هەروەها بۆ گەڕان بە دوای پاشماوەی شورا و دیواری قەڵاکە، بۆ هەر شوێنێک پیتێکی ئینگلیزیان دیارییکرد. لێژنەکە خاڵی E ی هەڵبژارد، چونکە لە لێواری باکووری ڕۆژئاوای قەڵاکەدایە، ڕۆژئاوای دەروازەی سەرەکی (دەرگای ئەحمەدیە)یە، کە ئەمەش پرۆسەی دۆزینەوەی دیواری مێژوویی قەڵاکە ئاسانتر کرد..[١١] پرۆسەی هەڵکۆڵینەکان لە ماوەی چوار وەرز لە نێوان سالانی ٢٠١٣-٢٠١٤-٢٠١٥ ئەنجامدران.[١٢] بە سەرپەرشتی د.عەبدوڵڵا خورشید قادر بەشێک لە دیواری کۆنی قەڵاکە دۆزرایەوە ،کە ئاماژەی پێ کراوە زیاتر وەک شوێنی بەرگری کردن لە بەرامبەر هێرشی دوژمنان و داگیرکەران سوودی لێ وەرگیراوە.[١٣][١٤] هەڵکۆلینەکان بەردەوام بوون، حەوت چین لە ژێر زەوی قەلاکە دیارکراوە هەر چینێک ئاماژەیە بۆ سەردەمێکی جیاوازی مێژووی شارەکە.

پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٨دا گۆڕێکی ژووری سەردەمی ئاشووری نوێ لە کاتی کارکردن لە قەلا دۆزرایەوە.دواتر لەلایەن شوێنەوارناسانی ناوخۆ و شوێنەوارناسانی پەیمانگای ئەڵمانی (DAI) کنە و پشکنینیی بۆ ئەنجامدرا.گۆڕەکە لە کۆندا تاڵان کراوە بەڵام هێشتا چەند پارچە شوێنەوارێکی تێدا دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٨ و حەوتەمی پێش زایین.[١٥][١٦]

تۆمارکردنی لە میراتی جیھانیی یوونێسکۆ

[دەستکاری]

لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠، کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای ھەولێر (HCECR)و دەستەی عێراق بۆ شوێنەوارە دێرین و کەلەپورییەکان (SBAH) قەڵای هەولێریان وەک یەکێک لە شوێنەوارە دیرێنەکانی عێراق کاندید کرد بۆ ئەو شوێنانەی وەک میراتی جیهانی هەژمار دەکرێن.[١٧]دوو ڕێککەوتنی دیکە لە نێوان کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای ھەولێر و یوونێسکۆ لە مانگی ئازاری ٢٠١٠ بۆ ئەو مەبەستە واژۆ کرا.هەروەها پارێزگای هەولێر بە بڕی ١٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی پارەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە دابین دەکات.[١٨] کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٠ دەستی پێکرد.قەڵاکە لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە لیستی میراتی جیھانیی یوونێسکۆ تۆمارکرا،[١٩][٢٠] لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧ یوونێسکۆ ئاماژەی بەوەدا بەهۆی کەمتەرخەمی و خاوی لە نۆژەنکردنەوەی قەلاکە،دەتوانرێت ئەو شوێنە لە لیستەکەدا لاببرێت.[٢١][٢٢]

پێشانگا

[دەستکاری]
وێنە ى پانۆراما قەڵای هەولێر

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]

وێنه ى خانووه كانى ده وروبه رى قه ڵای ھەولێر

https://www.academia.edu/122463145/وينه_ى_خانووه_كانى_ده_وروبه_رى_قه_ڵای_ھەولێر

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ناسا: قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنە لە جیهان تاکو ئێستا ژیانی تێدا بێت
  2. ^ «قەڵای هەولێر بووە یەكێك لەشاكارە مرۆییەكانی جیهان». www.rudaw.net. لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  3. ^ https://kurdistanmedia.com/so/news/ناسا-قەڵای-هەولێر-کۆنترین-شوێنە-لە-جیهان-کە-یستاش-ژیانی-تێدا-دەکرێت ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ «هەولێر لە لیستی كەلەپووری جیهانی دەردەكرێت». لە ڕەسەنەکە لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ ھێنراوە. {{cite web}}: |ڕەوشی ناونیشان=no نادروستە (یارمەتی)
  5. ^ مێژووی قەڵای ھەولێر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەریەکان
  6. ^ پێوەندیی نێوان قەڵای ھەولێر و گەردەکانی دەروروبەری ناڕوونە
  7. ^ قەڵای ھەولێر - گەنجینەی زانیاریی ڕادیۆ نەوا[بەستەری مردوو] - سەردانی ٢٢/٦/٢٠٠٩
  8. ^ http://www.kurdipedia.org/?lng=1&q=Erbil_Revealed[بەستەری مردوو]
  9. ^ https://www.rachlaken.com/Default.aspx?page=Article&id=31547&l=3[بەستەری مردوو]
  10. ^ «The 6,000-year saga of the Citadel of Erbil». Middle East Institute (بە ئینگلیزی). لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  11. ^ «شورەی کۆنی قەڵای هەولێر دەدۆزرێتەوە». www.rudaw.net. لە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  12. ^ Contributor، Geographical (١٧ی تەممووزی ٢٠٢٢). «Restoring Erbil's ancient citadel». Geographical (بە ئینگلیزیی بریتانیایی). لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە. {{cite web}}: |دوایین= has generic name (یارمەتی)
  13. ^ «Erbil Revealed - Archaeology Magazine». www.archaeology.org. لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  14. ^ «دۆزینەوەی شۆرایەکی کۆن لەناو قەڵای ھەولێر». www.aa.com.tr. لە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  15. ^ «Welcome! | Deutsches Archäologisches Institut». web.archive.org. ٧ی حوزەیرانی ٢٠١١. لە ڕەسەنەکە لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  16. ^ Hausleiter، Arnulf (2012-01-01). «Excavations in the City of Arbil, 2009-2011: The Neo-Assyrian Tomb (M. van Ess, A. Hausleiter, H.H. Hussein, N.B. Mohammed with contributions by F. Tourtet, E. Petiti 2012)». Zeitschrift für Orient-Archäologie.
  17. ^ Centre، UNESCO World Heritage. «Erbil Citadel». UNESCO World Heritage Centre (بە ئینگلیزی). لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  18. ^ Centre، UNESCO World Heritage. «Erbil Citadel». UNESCO World Heritage Centre (بە ئینگلیزی). لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  19. ^ «قەڵای هەولێر بووە یەكێك لەشاكارە مرۆییەكانی جیهان». www.rudaw.net. لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  20. ^ administracion (٢٦ی حوزەیرانی ٢٠١٤). «Gobierno Regional del Kurdistán | یونیسكۆ قەڵای هەولێر وەكو شوێنەوارێكى جیهانى ناساند – ڤیدیۆ». لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  21. ^ «قەڵای هەولێر لە لیستی كەلەپووری جیهانی دەردەكرێت». www.wishe.net. لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  22. ^ Staff، Editorial (٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧). «Kurdistan's Erbil Citadel at risk of being removed from UNESCO World Heritage list». Kurd Net - Ekurd.net Daily News (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.