عارف عورفی
عارف کوڕی شێخ مەحموود کوڕی مەلا نەسڕوڵڵای قازییە (١٨٩٦ – ١٩٦١) شاعیرێکی کلاسیکی کورد بوو. ناوی «عورفی» ھەڵبژاردووە وەک نازناو بۆ تۆماری شیعریی. لە ناو خەڵکی بە عارف قاپ ڕەش ناسراوە. ئەم ناوە لەوەوە ھاتووە لاقی تووکن بووە و بەشی قاپی پێی ڕەش کەوتووەتە بەرچاو.
ژیان
[دەستکاری]لە ساڵی ١٨٩٦ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە. ھێشتا منداڵ بووە دایک و باوکی کۆچی دواییان کردووە و ھەتیو ماوەتەوە ناچار مامی بووە بە باوک بۆی و بەخێوی کردووە. لە تەمەنی منداڵیدا ناردوویانەتە حوجرە و خوێندنی قورئان و کتێبە دانراوەکانی ئەو سەردەمەی تەواو کردووە. لە پاشاندا بووە بە قوتابی سەرەتایی ڕوشدییەی عەسکەری سلێمانی. بەھۆی ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانیی یەکەم نەیتووانیوە ڕوو بکاتە بەغدا بۆ تەواو کردنی خوێندن. ھەروا ماوەتەوە تا بەھۆی حاجی مستەفا پاشای یاموڵکی بە نووسەر (کاتب) لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس دامەزراوە.
عورفی لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا سەرباز بووە، بەدیل گیراوە و نێردراوە بۆ ھیندستان. لە پاش کۆتایی جەنگ و دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق گەڕاوەتەوە سلێمانی و چووەتە سەر کاری پێشووی تا لە ساڵی ١٩٣٧ چووە بۆ دەورەی مەندووبی (کۆمیسیاری – موفەوەزی) و سێ ساڵی بردووەتە سەر. پاشان لە ساڵی ١٩٣٠ ڕووی کردووەتە خوێندنی بەرزتر چووەتە لەم لایەنەوە تا بووە بە ئەفسەری پۆلیس. ئەم کارەی لە شارەکانی سلێمانی، ھەڵەبجە، پێنجوێن، قەڵادزێ، چوارتا و ھەولێر بردووەتە سەر تا لە ساڵی ١٩٤٩ خانەنشین کراوە.
نەجمەدین مەلا دەڵێت:
گەردوونی ڕۆژگار عارفی خستبووە پایەی پۆلیسییەوە لە سەردەمی پاشایەتی عێراقدا و نزیکەی ٢٥ ساڵ معاونی پۆلیس بوو بێ ئەوەی زیان بە کەسێک بگەیەنێ و کەسێک لێی دڵ زویر بێ.
مردن
[دەستکاری]لە بەرەبەیانی ١ی کانوونی یەکەمی ١٩٦١ بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کردووە، لەسەر ڕاسپاردەی خۆی لە گردی سەیوان نێژراوە.
ھۆنراوەکان
[دەستکاری]وەسف و دڵداری
لە شیعرێکدا دەڵێ:
خۆزگە ئەمزانی دڵی من بۆ چی وا حەیرانتە | ھەر وەکوو پەروانە دەوری شەمعی ڕووی جانانتە | |
دڵ بە دڵ بۆ ڕابەرت ئیختیاری پێ نەما | دائیمەن فەرمانبەری فەرمانبەری فەرمانتە | |
فکری وا بوو بۆ ڕەقیب دەستی لە ئێمە ھەڵگرێ | ئەی دەخیلت بم نەکەی دەستی من و دامانتە | |
مەزرەعەی دڵ دەردی بێ ئاوی ئەکێشێ بۆ خوا | دەستوبردێ چاوەڕوانی قەترەیە بارانتە | |
دوا ئەوەی سینەم برینی کۆن سەری ھەڵدایەوە | تێگەییشتم زەخمی نووکی تیرەکەی موژگانتە | |
ھاژەیی فرمێسکی دوو چاوم بەکرەجۆی گرتۆتە بەر | غەیر لە دووری تۆیە بۆیە وا بەکوڵ گریانتە | |
جەژنی قوربانە بەقوربان نۆبەتی قوربانییە | بۆ تۆ قوربانی بەقوربان گیانی من قوربانتە | |
تۆ لە کوێ ڕیزەسواری نەوجەوانانت لە کوێ؟ | تازە بەم عومرە نیازی عەرزەیی مەیدانتە! | |
بەم ھەموو دەرد و غەمە کەوتوویتە حاڵی ھەمھەمە | تازە بێچارە نیازی بەزمی مەیخۆرانتە؟ | |
دڵ لە دووریت شەو ئەسووتێ وەک فەنەر تاکو سەحەر | غەیر لە ھیجرت شەوچراغی مەجلیسی دیوانتە | |
تافی جوانی چوو نەما کەوتوویتە حاڵی غەڕغەڕە | وا ئەزانم ئینتیزاری قەبرەکەی سەیوانتە | |
گردی سەیوان حورمەتی میوانەکانت ڕاگرە | پەنج و دوو ڕۆژێکی تر وا (عارف)یش میوانتە |
لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێ:
ئەگەرچی من لە عومرا چووم بە ساڵا | خەیاڵ ئەڕوا لەگەڵ دوو چاوی کاڵا | |
برادەر بۆچ ئەکەی لۆمەم لە عەشقا | عەجەب نەتبیستووە کاڵا بە باڵا | |
نەمانێ چاترە وەڵا لە بوونێ | نەبێ دەستێ بەسەر ڕوویی وردەخاڵا | |
دوو چاوی من لەبانی تەوقی سەرمە | کە یار پۆشی لیباسی ئاڵ و واڵا | |
ھەموو عومرم ئەچێ یەکجار بەتاڵان | نەکەم وەختێ پەڕەی لای ڕووی موتاڵا | |
چ خۆشە ڕابوێرێ ھەر سەحەرگاھ | لەگەڵ تازە گوڵاڵەی خوردەساڵا | |
لە مەدحی غونچە لێوانی بەڵەک چاو | دەماغم بەرز ئەبێ بۆ ئەوجی باڵا | |
وەکوو تیغی دەبانی تازە ساو بێ | زبانم موو ئەکا بڕوا کە لا لا |
نیشتیمانپەروەری و کوردایەتی
ئەی وەتەن ڕۆحی ڕەوانم قۆچەکەی قوربانتم
سەر لێ شێواو، دڵ سووتاوی دەردی بێ دەرمانتم
ئاھ چ دەردێکە ئەچێژم ئەی وەتەن بۆ حاڵی تۆ
ئەشکی چاوی من دەلیلە ڕۆژ و شەو گریانتم
بۆ برینی دەردی دڵ بەس بگری ئەی دایکی وەتەن
مەمسووتێنە جانفیدای ئێشەکەی زامانتم
ناڵەی قەھری دەروونم ئاسمانی گرتە بەر
سۆزی دڵ بۆ ڕۆڵەکانی بێ سەر و سامانتم
ئەی وەتەن دایکی ھەزاران تاجدار و ئەنبیا
کەسێ لەوان فریا نەکەوتووی بێکەسی و تاوانتم
دەردی بێ ئاوی بکێشی تا گوڵی ئەرزی وەتەن
ئەی فریشتە چاوەڕوانی قەترەیە بارانتم
موشکیلە دەس ھەڵگرم لێت خاکی شیرینی وەتەن
ئاخری عومریش ئەسیری خاکەکەی سەیوانتم
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- دیوانی عورفی عارف، ئامادەکردنی: ئومێد کاکە ڕەش (١٩٨٥)
- مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی شەشەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٣٩٣ تا ٤٠٥، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.