عێزەدین حوسەینی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە شێخ عیزەدین حسێنیەوە)
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان


شیخ عێزەدین حوسەینی
لەدایکبوون ٢٩ی رەمەزانی ١٣٤٠ کۆچی مانگی.(بەھاری ١٩٢٢ز.)
١٩٢٢
بانە
مەرگ ٢٠١١
ئۆپسالا، سوید
ھۆکاری مەرگ بەتەمەن
شوێنی گۆڕ سولەیمانی
نەتەوە کورد
حیزبی سیاسی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، ک. ژ. ک

شێخ عێزەدین حوسەینی (١٩٢١-٢٠١١) زانایەکی ئایینی و کەسایەتییەکی سیاسیی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٤٣ دا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان و لە پێکھاتنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد بەشداریکردووە. ماوەیەک ئیمامی نوێژی ھەینیی شاری مەھاباد بووە و لە چالاکییە ڕزگاریخوازانەکانی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ساڵانی دوای تێکچوونی حکومەتی شا وەک سەرکردەیەکی ناسراو بەشداری بووە. شێخ عێزەدین حوسەینی ١٠ی شوباتی ٢٠١١ لە شاری ئۆپسالای سوید، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دواییکردوە. ڕۆژی ١٧/٢/٢٠١١ تەرمەکەی لە شاری سلێمانی لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.[١]

ژیانی سەرەتایی[دەستکاری]

شێخ عێزەدین حوسەینی لە دایکبوی ٢٩. ٩. ١٣٤٠ کۆچی مانگی کە دەبێتە ٥. ٣. ١٣٠١ کۆچی ھەتاوی یانی ٢٦. ٥. ١٩٢٢ زایینی لە شاری بانە لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لە دایکبووە. باوکی، شێخ ساڵح لە ساداتی بەرزنجی بووە، شێخ ساڵح کە لە سەردەمی خۆیدا زانایەکی ئایینی ناودار بوو، دژایەتی حکومەتی ڕەزا شای دەکرد، بە نھێنی لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید پەیوەندی ھەبووە. ماوەیەک لە شاری بانە قازی بوو. دوایە دەسی کێشاوە لە مەحکەمە، دەیگوت ناتوانێ راستگۆیانە بە قەزاوەت رابگات. شێخ ساڵح لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣١٩ (١٩٤٠)لە تەمەنی ٦٣ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. لە شاری بانە ھەتا ساڵی ١٩٣٦ خوێندنگای حوکومی نەبووە وشێخ عێزەدین سەرف و نەحوی عەرەبی، قورئان گولستان و بووستان سەعدی لەلای باوکی خوێندووە. ھاوینی ساڵی ١٩٣٨(١٣١٧) لە گوندی سیسێر لەلای مەلا سەید حوسەین چووە فەقێیەتی. لەوساڵانەدا خەباتێکی چەکداری دژی حوکومەتی رەزاخان لە ناوچەی سەردەشت بەرپابوو. کە لە ناوچەکە دا زۆر لایەنگری لێ کراوە. سەرکردایەتی بزوتنەوەکە لە ئاوایی قەلەرەشە بۆوە. سێ ساڵ لەسیسێر ماوەتەوە، پاشان دەچێتەوە بانە و دواتر لە نمەشیر، دیسانەوە سیسێر و ماوەیەکیش دوای تێکچونی کۆماری مەھاباد، لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ ماوەی ٧مانگ لای مامۆستا مەلا باقر لە ئاوایی بالک لە ناوچەی مەریوان خوێندویەتی. ساڵی ١٩٤٢ بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە ناوچەی موکریان کە لەوێ ھەڵسووڕانی سیاسی و ھەستی نەتەوایەتی بەرز بووە. مامۆستا وانەکانی خوێندنی زۆربە باشی فێر بۆوە. ساڵی ١٩٤٣ لە ناوچەی بۆکان، بە نازناوی نھێنی «ھەوێن» ئەندامەتی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (کومەڵەی ژ-ک) پێبەخشرا و بووە چالاکی سیاسی. ماموستاشێخ عیزەدین لە بۆکان پێوەندی دۆستانەی لە گەڵ ھەژارموکریانی ومامۆستاحەقیقی زۆرخۆش بوو. دۆستی نیزیکی قازی کاکە حەمەو حاجی رەحمان ئاغابۆوە. ھەر لەوساڵانە دا مامۆستا شێخ جەڵالی برای لە گەڵ بۆوە وئەویش بۆتە ئەندامی چالاکی کۆمەڵەی ژ. ک وپێکەوە لە کۆبونەوەکانی کۆماری کوردستان لە بۆکان ومەھاباد بەشداریان کردۆوە.[٢]

چالاکیی سیاسی[دەستکاری]

ساڵی ١٩٤٥ (١٣٢٤)چالاکانە لە ڕێوڕەسمی ھێنان و ھەڵدانی ئاڵای کوردستان لە شاری بۆکان بەشداریکرد. بەھاری ساڵی ١٩٤٦ ١٣٢٥)دەچێتە مەھاباد کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا بوو و ھەتا پاییز لای مامۆستا مەلا حوسەین مەجدی وە زیری عەدلیەی کۆماری کوردستان درێژە بە خوێندن دەدات. دوای تێکچونی کۆمار لە ساڵی ١٣٢٦ لەگەڵ مامۆستاشێخ جەلال دەچێتە ناوچەی مەریوان لە ئاوایی باڵەک لە قوتابخانەی مەلا عەلی باقرکە مامۆستایەکی ناوداری ئایینی بوو. ساڵی ١٩٤٨ (١٣٢٧) دەگەرێتەوە لای مەلا عەلی وەڵزی لە گوندی حەمامیانی بۆکان و ئیجازەی ئیفتا و تەدریس وەردەگرێت و بە ڕەسمی دەبێتە مەلا و مودەڕیس لە گوندی کانییە ڕەش لە ناوچەی موکریان. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥١ تا ١٩٥٨ (١٣٢٧ ـ ١٣٣٧)لە گوندەکانی کانییە ڕەش، گۆلێ و قارەوای موکریان مەلا بووە ووانەی بە شاگردەکانی کوتۆتەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ ھەتا ١٩٥٣ (١٣٢٩ ـ ١٣٣٢)بزووتنەوەی جوتیاران لەو ناوچەیە زۆر بەھێزبووە و مامۆستا کەوتووەتە بەر ھێرشی ئاغا و مالیکی ناوچەکە و بەو بۆنەشەوە ناچارکراوە گوندەکەی گۆڵێ بەجێبھێڵێت. مامۆستا بە ھۆی ھەڵوێستە بوێرانەکانی بەناوبانگ بوو، لە گەڵ دیاردەی شێخ ودەرەبەگایەتی کێشەی بۆوە. لە ژیانی دا دژ بە خۆرافاتی ئایینی بوو، لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکاندا دژایەتی دەکرد لەگەڵ دیاردەی کچ بە پچوکی بەشوودان، گەورە بە پچوک، ژن بە ژن و سێ‌تەڵاقە. ئەمە ھاوکات بوو لەگەڵ سەردەمێک لە ئێران کە کێشەی خۆماڵی کردنی نەوت لەلایەن دەوڵەتی دوکتور موحەممد موسەدیقەوە لە ئارادا بوو. ساڵی ١٩٥٨ (١٣٣٧)لە مەھاباد دەبێتە مودەریس لە مەدرەسەی علوومی دینی، پێش ئەو سەردەمەدا مامۆستا لایەنگری بیروبۆچوونی ئیمام شێخ موحەمەد عەبدو (محمد عبدە) بوو، کتێبی «رسالة التوحید»ی ئەوی دەگوتەوە. مامۆستاشیخ عیزەدین ھەڵکەوتەیەکی پێشکەوتنخوازی ئایینی ونەتەوەیی کوردبوو. ئەوکەسایەتێکی بیرمەندوبڵیمەت بوو. ئەو کەسانەی چ لە مەھاباد و چ ساڵەکانی پێشووتر، لای مامۆستاشێخ عێزەدین دەیانخوێند، لە پەنای خوێندنی ئاسایی فەقێیەتی و ئایینی، لەگەڵ مێژووی تێکۆشان و خەباتی گەلی کورد ئاشنا دەبوون. تێکۆشەری بەناوبانگ مەلا ئەحمەد شەڵماشی ناسراو بە مەلا ئاوارە یەکێک بو لەو کەسانەی کە لە حوجرەی مامۆستالە ئاوایی گۆڵێ خوێندبووی. مەلا عەبدوڵای (حەیاکی) حەسە‌ن زادە چەندساڵ لە خزمەت ئەو دەرسی خوێندۆە و لە مەھابادلە لای ئەو ئیجازەی وەرگرتۆوە. زۆرخەباتکار وتێکۆشەری چالاکی رێگەی کوردایەتی لە حوجرەکەی دا وانەیان خوێندۆوە. ساڵی ١٩٦٨ (١٣٤٧)بو بە پێشنوێژ و وتارخوێنی جومعە لە مەھاباد. ھەر ئەو ساڵە شەپۆلێکی بەکۆمەڵی گرتنی تێکۆشەرانی کورد کەوتەڕێ و بەتایبەت پادەگانی جەڵدیان بو بە زیندانێکی گەورە. مامۆستا بۆ ماوەیەکی کورت گیرا، لەو ماوە کورتەیشدا کەسایەتی ئایینی شاری مەھاباد و خەڵکی شار کەوتنە گەر و ئەگەری خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ھەبوو. لەو ساڵانەدا کە لە مەھاباد بوو بەردەوام لە پەیوەندیدا بو لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ، روناکبیران ونوسەرانی ناودار وئەندامان و خەباتکارانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەتایبەت لە ساڵەکانی ١٩٦٨ و ١٩٦٧ (١٣٤٦ ـ ١٣٤٧)دا پەیوەندی گەرم و گوڕی ھەبو لەگەڵ تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کوردستان. ٥ی حوزەیرانی ١٩٧٨ (١٥ی خەرمانانی ١٣٥٧) لە ڕێوڕەسمی ناشتنی عەزیز یووسفی کە ساڵێک پێش بە نەخۆشی لە زیندان ئازادکرابوو وتارێکی گرینگی پێشکەش کرد. شێعری پێ ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن وگرین ــ نامرن ئەوانە وا لەدڵی میللەتا ئەژین (خوێندەوە)، دیارە مەبەستی ئەوە بوو کە عەزیز یۆسفی شەھیدە وماوەیەکی زۆرلە بەندیخانەلە ژێرئازارو ئەشگەنجەدا بوو، بە ھۆی نەخۆشی لە بەند رزگاری بوو وپاش ماوەیەک کۆچی دوایی کرد. ئەم وتارە لەسەر گۆڕی ئەو تێکۆشەرە لە شاری مەھاباد کە بە بەشداری ھەزاران کەس لە ھەمو شارەکانی کوردستانەوە بەڕێوەچوو، دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو. ماموستالەورۆژە داسێ رۆژی پرسە راگەیاندوبە باشی بەرێوە چوو. ئەمە بە دەستپێکی بزوتنەوەی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە دژی حوکمڕانی شا دەژمێردرێت. لە سێ رۆژانەی (١٧ی خەرمانانی١٣٥٧)ئەو پرسەیە دا کۆمەڵێکی زۆر خەڵک لە گۆرستانی شار کۆبونەوە. چەند کەس لەوێ وتاریار دا وخۆپێشاندان دەسی پێکرد. ھێزی ئاسایشی شار خۆپێشاندانەکەی تێک دا ودواتر ٤٢ کەس لە مەھاباد قۆڵ بەست کران بۆ بەندیخانە. ماموستا شیخ عیزەدین حوسەینی دوای ئەو بەسەرھاتە زۆر چالاکتر بوو. بە ھەموتوانای خۆی داکۆکی لە و خەباتە کرد. دەسی کرد بە وتارو نوسین وراگەیاندن. ھەمو بەیان وراگەیاندنەکانی بە نێو وواژۆی خۆی بڵاو دەکردەوە. ئەو نوسراوانە زۆربەیان ماون. لە کاتی راپەرین دژی دەسەڵاتی شای ئێران بە ھەر شێوەیەک بەرگری دەکرد لە قوربانی دانی زۆرتر لەوخەباتەدا. لە مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا بووە سەرۆکی شورای شاری مەھاباد، بەردەوام لەو شارە و لەشارەکانی دیکەی کوردستان لە بۆنەی جیاوازدا قسەی بۆ خەڵک دەکرد و ھانیدەدان بۆ خەبات ویەکگرتویی وپێکەوەسازان. بە ڕوخانی رژیمی پاشایەتی لە ئێران، رۆڵی مامۆستا شێخ عێزەدین زۆر گرنگتر بووەوە. ھەموو نوێنەرانی حکومەت و کاربەدەستانی ناوچەکە کاتێک دەھاتنە کوردستان دەچونە لای مامۆستا.[٣][٤]

ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٨١[دەستکاری]

رۆژی ١٨ی شوباتی ١٩٧٩ یەکەم دەستەی نوێنەرایەتی حکومەت کە داریووش فروھەر یەکێک لە ئەندامانی بوو، ھاتە مەھاباد و یەکڕاست چوونە لای مامۆستا. دواتر لە کۆبونەوەیەکی گەورەدا بڕیارنامەیەک لەلایەن نوێنەرانی شارەکانی کوردستانەوە (لەوانە رێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە) پێشکەشی نوێنەرانی دەوڵەت کرا کە یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەبوو کە شێخ عێزەدین دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە سەرۆکایەتی ھەر لیژنەیەک بکات کە لەلایەن گەلی کوردەوە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی‌دا دەکەوێتە وتووێژ. نەورۆزی ١٩٧٩ دوای کارەساتی خوێنین لە شاری سنە، مامۆستا لایەنێکی سەرەکی بوو لە وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت کە بریتی بون لە ڕەفسەنجانی، بەنیسەدر، بەھەشتی، تاڵقانی و کەسانی دیکەش. لەو کۆبوونەوەدا بوو کە مامۆستا لە کاتی فڕینی فرۆکە شەڕکەرەکان بەسەر شاری سنەدا و لە گەرمەی وتووێژەکاندا گوتی: «فەرقی تاج و عەمامە چییە؟ حکومەت نەگۆڕدراوە، تاجی پاشایەتی لاچووە و عەمامە ھاتوەتە جێگای.» رۆژی ٢٦ی ئازاری ١٩٧٩ مامۆستا ڕایگەیاند لەبەر ئەوەی ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی نادیارە لە ڕیفراندۆمدا بۆ دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەشداری ناکات. مانگێک دواتر لەسەر بانگھێشتی وەزیری ناوخۆ سەفەرێکی کرد بۆ تاران و قوم. لەم سەفەرەدا لەگەڵ خومەینی، مەھدی بازرگان سەرۆک وەزیر، وەزیری ناوخۆ و چەندین کەس لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دیداری کرد. لە دیدار لەگەڵ خومەینیدا کاتی خوداحافیزی خومەینی دەڵێت ھێمنایەتی کوردستانم لە تۆ دەوێت، مامۆستایش دەڵێت منیش خودموختاری کوردستانم لە ئێوە دەوێت. لەو سەفەرەدا لە زانکۆی شەریف لە تاران لەناو خوێندکارانی زانکۆ لە وتارێکدا وتی: «ئەو ئایینەی خەڵک بە گژ یەکدا دەکات، ئایینی ئیلاھی نییە... سانسۆر نمونەیەکە لە گەڕانەوەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی. کۆنەپەرستی لە ھەر جلوبەرگێکدا و بەھەر ڕەنگێک بێت مەحکومە... ئێمە لایەنگری ھەڵسوڕانی ھەمو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانین.. شۆڕش ھێشتا بە ئاکام نەگەیشتوە چونکو ئامانج لە شۆڕش گۆڕانی بنەڕەتییە.»

سەرەتای ساڵی ١٩٧٩ شێخ عێزەدین لەناو بەخێرھێنانی ئاپۆرەی خەڵکدا لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان گەڕایەوە بۆ کوردستان و سەردانی سنە، دیواندەرە، سەقز، بانە و بۆکانی کرد و گەڕایەوە بۆ مەھاباد. لە ٦ی حوزەیرانی ١٩٧٩ ھۆشداریدا: «ئەگەر وریا نەبین تووشی شەڕی چەکداریمان دەکەن... پارێزگاری لە شارەکان دەبێت لەژێر چاوەدێری شۆرای شارەکاندا بێت... بڵاوکردنەوەی چەک لە کوردستان [لە لایەن حکومەتەوە] وایکردوە کە ئەگەر کارێکی بۆ نەکرێت، کوردستان لە سەردەری شەڕی ناوخۆدا دەبێت.»

١٩ی ئابی ١٩٧٩ فەرمانی ھێرشی حکومەتی ناوەندی بۆ سەر کوردستان لەلایەن خومەینییەوە دەرچوو؛ مامۆستا لەگەڵ تێکۆشەرانی کورد چووە شاخ و لە ڕێگای ڕاگەیاندن و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانییەوە دەنگی گەلی کوردی بە ھەمو جیھان دەگەیاند. چەند ھەفتە دواتر «دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی» بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی مامۆستا پێکھات کە ئەندامەکانی ژمارەیەک لە کەسانی نزیک لە مامۆستا و تێکۆشەرانی خەڵکی چەند شارێکی کوردستان بون.

١ی تشرینی دووەمی ١٩٧٩ لەسەر داوای مامۆستا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بە ژمارەیەک لە خەڵکی کوردستان لە شار و شارۆچکە و لادێکاندا خۆپیشاندانی ڕێکخست بە پشتیوانی لە بزووتنەوەی کوردستان.

لە پاییزی ١٩٧٩دا چەندین کۆبوونەوە کرا لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت کە لە تارانەوە ھاتبوون بۆ دێھاتی ناوچەی سەرسنوری سەردەشت کە مامۆستا رۆڵی سەرەکی ھەبوو لەو کۆبونەوانەدا. لەم ماوەیەدا «دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد» بە سەرۆکایەتی مامۆستا بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵت پێکھات کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە و ڕێکخراوی چریک فیدایی ئەندامەکانی بوون.

١٢ی کانوونی یەکەم یەکەمین و تەنھا کۆبوونەوەی ڕەسمی نوێنەرانی حکومەت لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد پێکھات. ھەتا کۆتایی ساڵ بەردەوام کۆبوونەوە دەکرا لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت و نوێنەری تایبەتی خومەینی بۆ قسەوباس لەسەر چۆنییەتی درێژەدان بە وتوێژ بەڵام ھیچ ئاکامێکی نەبوو.

مانگی چواری ١٩٨٠ مامۆستا سەفەرێکی دەستپێکرد لە مەھابادەوە بۆ بۆکان و سەقز و دیواندەرە و سنە و مەریوان و بانە و لەھەمو لایەک لە کۆڕ و خۆپیشانداندا ڕایدەگەیاند گەلی کورد خوازیاری مافی ئاسایی خۆی و ئاشتی و پێکەوە ھەڵکردنە و دژ بە دەستپێکردنەوەی شەڕە. وێنە و فیلمی ئەم سەفەرە سیمای سەرکردەیەکی خۆشەویست نیشاندەدات. ھەر لەو مانگەدا خولی دووەمی ھێرشی کۆماری ئیسلامی بۆسەر شارەکانی کوردستان دەستی پێکردەوە.[٥]

ساڵانی ١٩٨٢ تا ١٩٨٩[دەستکاری]

سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ مامۆستا نوێنەری خۆی ناردە دەرەوە بۆ ئەورووپا بۆ ئاگارکردنەوەی بیروڕای جیھانی لەسەر بارودۆخی گەلی کورد و بزووتنەوەکەی و چەندین نامەی نارد بۆ پاپ لە ڤاتیکان، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین سەرۆکی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و یاسر عەرەفات. ھەروەھا پەیامێکی تایبەت بۆ ڕای گشتی جیھان و ئێرانییەکان و کوردەکان لەدەروەی وڵات کە بە زمانەکانی کوردی، فارسی و فەرانسە بڵاو کرایەوە.

لە پاییزی ساڵی ١٩٨٢ مامۆستا بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنج بۆ بارودۆخی گەلی کورد سەفەرێکی نۆ ھەفتەیی کرد بۆ پاریس و دواتر بۆ عەرەبستان. لە سەفەری پاریسدا لەگەڵ میدیاکانی فەڕانسە و ھەروەھا لەگەڵ رادیۆ بی‌بی‌سی بەشی فارسی گفتوگۆیەکی گرینگی کرد. لە عەرەبستان مامۆستا حەجی عەمرەی بەجێھێنا.

لە ساڵەکانی ١٩٨٥ تا ١٩٨٨دا مامۆستا لە ھەل‌ومەرجێکی دژواردا لە ناوچەکانی سەرسنووری عێراق و ئێراندا دەژیا و بەردەوام بو لە چالاکی سیاسی و دەرکردنی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ڕاو بۆچونەکانی. ھەر لەم ساڵانەدا بو کە مەقەڕی نیشتەجێبونی خۆی و بنەماڵەکەی لە ناوچەی سەرسنوری پارێزگای سلێمانی کەوتە بەر پەلاماری فرۆکە جەنگییەکانی حکومەتی بەعسی عێراق. کە لە ئاکامدا دوو کەس کوژران و مامۆستا و ھاوسەری و نۆ پێشمەرگەیش برینداربوون. ساڵی ١٩٨٨ سەفەرێکی کرد بۆ وڵاتی توونس بۆ دیدار لەگەڵ یاسر عەرەفات و دواتر سەردانی سوید و فەڕانسەی کرد و پاشان گەڕایەوە بۆ کوردستان.

ساڵانی پاش ١٩٩٠[دەستکاری]

لە کۆتایی ھاوینی ساڵی ١٩٩٠دا لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو. لە سەرەتای ساڵی ١٩٩١ لە شاری ستۆکھۆلم کۆنفرانسێک گیرا سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان کە شێخ عێزەدین و ژمارەیەک لە نووسەران و چالاکانی سیاسیی کورد و بیانی تێیدا بەشداربوون. لە پێکھێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە بروکسێلدا چەند ساڵێک چالاکانە بەشداربوو؛ لە لایەن گۆگرەی نەتەوەیی کورد بۆ ماوەی چەندساڵای سەرۆکی بەشی ئاشتی بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد. ھەروەھا لە چەندین کونفرانس و کۆنگرەی دیکە لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەشداری کردووە. جۆزەردانی ٢٠٠٤ رێز لێنانێکی تایبەت لە مامۆستا لەلایەن «انجمن پژوھشگران ایران» لە کونفرانسێکدا لە ستۆکھۆلم بەڕێوەچو کە بریتی بو لە قسەوباس لەسەر کەسایەتی مامۆستا و رێزلێنان بۆ ئەو ھەموو ساڵە خەبات و تێکۆشانەی. دوایین دەرکەوتنی مامۆستا لە میدیاکاندا لە ٧ی سیپتامبر ٢٠١٠ لە تەلەفزیۆنی فارسی بی‌بی‌سی لە بەرنامەی «بەعبارت دیگر»دا بوو؛ لەوێدا وتوێژێک بە زمانی فارسی لەگەڵ مامۆستا بڵاوکرایەوە. مامۆستا کە لە گەڵ ناردراوی ھەواڵنێری بی بی سی بۆ ئوپسالاقسەی دەکرد. کوتی: ھیچ تاوان و کوناح نیە کە میللەتی کورد دەوڵەت وحوکومەتی سەربەخۆی نە بێت. کۆمەڵگەی ئینسانی ئێستا بەرەروپێش چۆوە ومرۆڤایەتی ئێستاکەییشتۆتە سەردەمی زانکۆ وھەر بەرەو پێش دەچێ. ھەر بۆیە دوای ١٤٠٠ ساڵ ھیچ پێغەمبەرێکی تر نەھاتۆوە. مرۆڤەکان ھەمو یەکسانن، مامۆستا شێخ عیزەدین لە مێژ ساڵ بو لە سەر مافی یەکسانی ژن وپیاو داکۆکی دەکرد. دەیکوت ژن دەبێ بە تێکۆشان وحەولدانی خۆی لە سەرۆکایەتی وڵات وقەزاوەت دا بەشداری بکات.

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]

شێخ عێزەدین حوسەینی، زانای ئایینی و کەسایەتی سیاسی کۆچی دواییکرد

  1. ^ http://www.rudaw.net/sorani/opinion/10022017
  2. ^ http://sverigesradio.se/sida/artikel.aspx?programid=2200&artikel=4344853
  3. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". ئەرشیڤ کراوە، نووسراوەی سەرەکی لە ١٦ی شوباتی ٢٠١٧. وەرگیراوە لە ١٠ی شوباتی ٢٠١٧. 
  4. ^ https://www.youtube.com/watch?v=RGNdF1xHsHs
  5. ^ http://zagrospost.com/14046