داریووش (گۆرانیبێژ)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
داریووش
داریوش
زانیارییەکان
ناوی لەدایکبوونداریووش ئیقبالی
لەدایکبووی (١٩٥١-٠٢-٠٤) ٤ی شوباتی ١٩٥١ (تەمەن ٧٣ ساڵ)
تاران، ئێران[١]
چەشنەکانپۆپی ئێرانی، مۆسیقای کۆنی فارسی
پیشە(کان)گۆرانیبێژ
ساڵانی چالاکبوون١٩٧٠–ئێستا
وێبگەdariush2000.com

داریووش ئیقبالیزادە (بە فارسی: داریوش اقبالی‎؛ لەدایکبووی ٤ی شوباتی ١٩٥١ لە تاران) ناسراو بە داریووش گۆرانیبێژ، ئەکتەر، و چالاکوانێکی کۆمەڵایەتیی ئێرانییە کە بە ستایلەکانی پۆپ و ڕۆک گۆرانی دەڵێت. شێوازی دەنگی بەیسە. داریووش ئەندامە لە ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی.[٢][٣][٤][٥]

ژیاننامە[دەستکاری]

منداڵی و لاوێتی[دەستکاری]

داریووش لە ٤ی شوباتی ساڵی ١٩٥١، لە شاری تاران لە ئێران لەدایکبووە، دایک و باوکی خەڵکی شاری میانەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵاتن. تەمەنی منداڵیی لە میانە و کەرەج و پارێزگای کوردستان بەسەر بردووە.[٦][٧][٨] مەحموود ئیقبالیزادەی باوکی خاوەن زەوی بووە لە شارستانی میانە. یەکەم گۆرانیوتنی سەر ستەیجی لە تەمەنی ٩ ساڵیدا بوو لە ئاھەنگێکی قوتابخانەکەی لە گەڕەگی شەھرارا. تەمەنی خوێندنی ناوەندیی لە قوتابخانەکانی فەرابی و کەرەج و ڕازی و ئازادگان بەسەر بردووە لە تاران-پارس و لە بۆنە و ئاھەنگەکاندا چالاکیی ھونەریی پێشکەش دەکرد. لە ١٩٧٠دا، حەسەن خەیاتباشیی دەناسێت و لەڕێی ئەوەوە داریووش بە فەرمی دەچێتە نێو بواری گۆرانیوتنی پیشەگەرەوە. لە ڕێگەی تەلەڤیزیۆنی نیشتیمانیی ئێرانەوە بە خەڵکی ناسێنرا و لە ھەمان ساڵدا لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بە گۆرانیی «بە من نگو دوست دارم» (پێم مەڵێ خۆشم دەوێیت) ناوبانگ دەردەکات کە مستەفا جەڤیدان ئاوازی بۆ دانابوو. یەکەم کاری سەربەخۆی بریتی بوو لە «نبستە پیمان» کە لە شیعری عەلی گەزەرسەز (ڕەھا) و وەرگیرابوو و ئاوازەکەشی ھی داریووش خۆی بوو.[٩]

پێش شۆڕشی ئیسلامی[دەستکاری]

داریووش لەسەر گۆڤاری دختران و پسرانی ژمارە ١٠١٥

پێش شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، داریووش لە ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن ڕاپرسییەکی گۆڤارێکی لاوانەوە بە بەناوبانگترین گۆرانیبێژی ئەوکاتی ئێران دەستنیشان کرا، ھەروەھا لەگەڵ زۆرێک لە گۆرانیبێژانی پێش شۆڕش کاری کردووە و گەلێک بەرھەمی بڵاوکراوەی ھەبووە.[١٠]

زیندانیبوون[دەستکاری]

لە ماوەی سەرکردایەتیی شانشینی پەھلەویدا داریووش چەند جارێک دەستگیر کراوە و زیندانی کراوە بەھۆی گۆرانییە سیاسییەکانی، وەک گۆرانییەکانی «جنگل» (جەنگەڵ)، «بنبست» (بن بەست)، «بوی گندم» (بۆنی گەنم)، «علی کنکوری» (عەلی کەنکووری) و «گل بارونزدە» (گوڵی باراناوی). بە قسەی پەرویز سابتی، یەکەم جار بەپێی دەستووری شا دەستگیر کراوە و دوای دەستگیرکردنی لە زیندانی تاکەکەسیدا ھێڵدراوەتەوە بۆ ماوەی ٦ مانگ و دوای ٩ مانگ ئازاد کراوە.[١١]لە ماوەی سەرکردایەتیی محەممەد ڕەزا پەھلەویدا کۆی ٢٦ مانگی لە زینداندا بەسەر بردووە.[١٢][١٣][١٤][١٥][١٦][١٧]

پاش شۆڕشی ئیسلامی[دەستکاری]

پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران داریووش گەشتی کردبوو بۆ لەندەن بۆ چارەسەرکردنی ڕوخساری (بەھۆی ھێرشی تێزابەوە) لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکە نەگەڕایەوە بۆ ئێران و بوو بە بەشێک لە کۆمەڵەی مۆسیقای ڕەوەندی ئێرانی لە لۆس ئانجلەس. لە بڵۆگی تایبەتیی خۆیدا داریووش بەم شێوەیە باسی لە بەجێھێشتنی ئێران کردووە:[١٨]

«دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران و ئەو کوشتار و خوێنڕێژییەی خاکەکەمی بەڕێوە دەبرد، ناچار بووم کە نیشتمانم بەجێ بھێڵم. لەو کاتەوە، لە گەشتێکی بێکۆتادام، ھەوڵم داوە کە بەشدار بم لەگەڵ ھاونیشتمانیانم لە وتنەوەی سروودی ئازادیی ئێران.»

کار و بەرھەمەکانی پێکھاتوون لە زیاتر لە ٢٠٨ گۆرانی و زیاتر لە ٢٧ ئەلبومی بڵاوکراوە. لە دوو فیلمی ئێرانیشدا بەشداریی کردووە. لەو ماوەیەی کە لە دەرەوەی ئێران بووە، ھەمیشە یارمەتیدەری پەنابەرانی ئێران بووە.[١٩] ھەروەھا یارمەتیدەری کەسانی ئالوودە بووە بە دروستکردنی ڕێکخراوەکانی وەک آینە (ئاوێنە).[٢٠]

بە بەکارھێنانی شیعرەکانی ئەردەڵان سەرفراز، ئیرەج جەننەتی عەتایی، شەھیار قەنبەری، سیمین بەھبەھانی، مینا جەلالی، ھۆما میرەفشار، زۆیا زەکەریان، و شاعیرە گەورەکانی وەک مەولانا و حافز شیرازی، و وتنی گۆرانی کە دژی ڕەوشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێرانە، وەک ھەژاری و ئازادی و ئالوودەبوون، و بەھۆی ھەبوونی دەنگێکی تایبەت بووەتە یەکێک لە بەناوبانگترین گۆرانیبێژە ئێرانییەکان. یەکێک لە گرینگترین کارەکانی کە کردوویەتی لە ماوەی ھاوکاریی لەگەڵ عەبدی یەمینیدا بریتی بووە لە دروستکردنەوەی ھەندێک لە گۆرانییەکانی ١٩٧٠کان کە بە دەنگی داریووش وترابوون. گۆرانییەکانی بە شێوەیەکی یەکجار بەناوبانگن لە ئێران و ئەورووپا و ڕۆژھەڵاتی ناوین.[٢١]

ئالوودەبوون[دەستکاری]

داریووش لە یەکەم زیندانییەوە ئالوودەی ھێرۆین دەبێت و دوای ساڵانێک لە ئالوودەبوون، داریووش لە ٢٠٠٠دا بڕیاریدا کە واز لە ھیرۆین بھێنێت. لە گۆرانیی «معجزە خاموش» (موعجیزەی بێدەنگ) دا باسی خاڵی گۆڕانی ژیانی دەکات.[٢] یەکەم پڕۆگرامی سەرەکیی داریووش لەسەر ئالوودەبوون بە ناوی ئاوێنە لەسەر ڕادیۆی ئەی ئێف ئێن بوو، و لە ٢٠٠٣دا دووبارە ماڵپەڕی بەھبودەی خستەوە کار، کە یەکەم ماڵپەڕی ئێرانییە تایبەت بە یارمەتیدانی کەسانی ئالوودەبوو و خێزانەکانیان، و دواتر، بە ھاوکاریی دوو دکتۆر، ڕێکخراوێکی دامەزراند بە ناوی ئاوێنە تاکوو یارمەتیی ئالوودەبوان بدات. دامەزراوەکەی تا ئێستا یارمەتیی زیاتر لە ٤٠ ھەزار کەسی داوە تاکوو واز لە ئالوودەبوون بھێنن.[٢٢][٢٣]

چالاکیی کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

ڕێکخراوی ئاوێنە[دەستکاری]

ڕێکخراوی ئاوێنە ڕێکخراوێکە کە ئامانجی یارمەتیدانی ئالوودەبوانی ماددە ھۆشبەرەکانە. ئەم ڕێکخراوە لەلایەن داریووش ئیقبالییەوە دامەزراوە. ماڵپەڕێکی تایبەتی ھەیە کە چەند بەشێکی جیاجیای تێدایە. لەم ماڵپەڕەدا بەرنامە ڕادیۆیی و تەلەڤیزیۆنییەکان پەخش دەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخراوی ئاوێنە چەندین سیمینار ئامادە دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئالوودەبوون.[٢٤]

مرۆڤدۆستی[دەستکاری]

داریووش ئەندامە لە ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی. بێجگە لە ئالوودەبوون و چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان، داریووش سەرنجی بەخشیوە بە پەنابەرە ئێرانییەکان و کەمینەکان و منداڵانی کرێکار. لە ساڵانی دواییدا، کامپەینێکی دەستپێکرد تاکوو یارمەتیی ئەم کەسانە بدات بە یارمەتیی خوێندکاران.[٢٥]

ژیانی کەسی[دەستکاری]

خۆشەویست و ھاوسەرەکانی[دەستکاری]

داریووش سێ جار ھاوسەرگیریی کردووە، بەڵام بە قسەی خۆی یەک جار کەوتووەتە داوی خۆشەویستییەوە کە لە لاوێتیدا بووە پێش شۆڕشی ئیسلامی، لەگەڵ کچێکدا یەکتریان ناسیوە، دواتر کچەکە لە ڕووداوێکی ھاتوچۆدا کۆچی دواییی کردووە و داریووش گۆرانیی «شەقایق» (گوڵاڵەسوور) بەسەر ئەودا وتووە. چەند ساڵێک لە کالیفۆرنیا ژیاوە لەگەڵ ھاوسەری دووەمی فەیرووزە و کچەکەی بیتا. ڤینۆس سێیەم ھاوسەرییەتی و لە ٢٠٠٣وە ھاوسەرگیرییان کردووە. داریووش ئێستا لە لۆس ئانجلەس دەژی و کچ و کوڕێکی ھەیە بە ناوەکانی بیتا و میلاد.[٢]

ھێرشی تێزاب[دەستکاری]

وێنەی گۆڤارێک کە باسی ھێرشەکە دەکات، ١٦ی ئابی ١٩٧٧

لە ئابی ١٩٧٧دا ھەوادارێک بە تێزاب ھێرشی کردە سەر داریووش لەکاتی گۆرانیوتنیدا. ھەوادارەکە ناوی مریەم بوو.[٢٦] یەکێک لە کارمەندەکانی خۆرەم کەبارەت، ئەو شوێنەی داریووش گۆرانیی لێ دەوت، بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکەی کردووە:

«نزیکەی کاتژمێر ١١ی دوانیوەڕۆ بوو لە ڕۆژی چوارشەممەدا، داریووش تازە چووبووە سەر ستەیج و دوو گۆرانیی وتبوو، و خەریکی وتنی سێیەم گۆرانیی بوو بە ناوی نفرین نامە (نەفرەتنامە). لەم کاتەدا، ئافرەتێک لەپشت یەکێک لە مێزەکانەوە دانیشتبوو لە پێشەوە، ھەستایە سەر پێ و بەخێرایی بەرەو ستەیجەکە ڕۆیشت. داریووش زۆرینەی جار بە چاوی داخراوەوە گۆرانی دەڵێت، و ئەم گۆرانییەشی بە چاوی داخراوەوە دەوت و بەھۆیەوە چاوی لە ئافرەتەکە نەبوو. دواتر بۆمان دەرکەوت کە ئەم ئافرەتە شووشەیەکی گەورە تێزابی کردووە بە داریووشدا.»

فیلمۆگرامی[دەستکاری]

داریووش لە فیلمی ھاواری ژێر ئاو

داریووش لە لووتکەی ناوبانگیدا لە لاوێتیدا بەشداریی لە دوو فیلمدا کرد، یاران (١٩٧٤), کە لەلایەن فەرزان دەلجۆ و ئەمیر موجاھیدەوە دەرھێنانی بۆ کرابوو، کە گۆرانیی یارانی فەرەیدون فەڕوغیی تێدابوو، و ھاواری ژێر ئاو (١٩٧٧)، کە لەلایەن سیروس ئەلڤەندەوە دەرھێنانی بۆ کرابوو، ھەروەھا دوو گۆرانیی وتووە بۆ ساوندتراکی فیلمەکە بە ناوی «فریاد زیر اب» (ھاواری ژێر ئاو) و «اجازە» (ڕێپێدان). ھاواری ژێر ئاو تاکە فیلمە کە داریووش بە ڕۆڵی سەرەکی تێیدا بەشدار بووبێت. فیلمەکە باس لە کوڕێکی ھەژار دەکات کە عاشقی کچێکی دەوڵەمەند دەبێت، بەڵام دواتر بۆی دەردەکەوێت کە کچەکە لە ڕاستیدا لەشفرۆشێکە و لەگەڵ پیاوی دەوڵەمەنددا کار دەکات. دواتر ھەوڵ دەدات کە ئەم کچە لەم گێژاوە دەربھێنێت. داریووش گۆرانیی «زندونی» (زیندانی)ی وتووە بۆ فیلمی گذر اکبر (ڕێگای ئەکبەر) و یەکێکە لە گۆرانییە سیاسییەکانی، و گۆرانیی «زھرە» (ڤینۆس)ی بۆ فیلمی رھایی (ڕەھایی) وتووە، و گۆرانیی «دستای تو» (دەستەکانی تۆ)ی بۆ فیلمی دشنە (خەنجەر) وتووە.[٢٧]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Dariush: Biography". Webcitation.org. Archived from the original on 29 January 2013. Retrieved 6 November 2013. ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ ئ ا ب "به عبارت دیگر: گفتگو با داریوش اقبالی". بی بی سیی فارسی. 2011-12-22. Retrieved 2011-09-06.
  3. ^ "جمع‌آوری خبر از ما، انتخاب از شما - Kodoom". Kodoom.com (بە فارسی). Retrieved 2023-03-05.
  4. ^ "Iran Chamber Society: Iranian Music: Dariush". www.iranchamber.com. Retrieved 2023-03-05.
  5. ^ "Iran Chamber Society: Iranian Music: Dariush". www.iranchamber.com. Retrieved 2023-03-05.
  6. ^ https://gulfnews.com/uae/stage-set-for-dariush-1.380689
  7. ^ https://www.amazon.com/Amaz-Az-Dariush/dp/B0000DESFC
  8. ^ https://www.iranchamber.com/music/dariush/dariush.php
  9. ^ "Dariush Songs, Albums, Reviews, Bio & More". AllMusic (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-03-06.
  10. ^ "به عبارت دیگر: گفتگو با داریوش اقبالی". BBC News فارسی (بە فارسی). 2011-12-20. Retrieved 2023-03-06.
  11. ^ "BBC Persian". www.bbc.com. Retrieved 2023-03-06.
  12. ^ در دامگه حادثه- خاطرات پرویز ثابتی در گفتگو با عرفان قانعی فرد- شرکت کتاب- 1390
  13. ^ بهزاد بلور (2004-02-27). "روز هفتم" (بە فارسی). Retrieved 2021-02-04.
  14. ^ "منع خروج داریوش اقبالی از کشور/ شورشیان خیابان شاهپور آزاد شدند/2 دانشجوی تظاهر کننده محکوم شدند" (بە فارسی). 2013-01-22. Retrieved 2021-02-04.
  15. ^ "ماجرای حبس «داریوش» در دهه 50: روزنامه‌های کثیرالانتشار - 16 شهریور 1355". www.asriran.com (بە فارسی). 2015-10-17. Retrieved 2021-02-04.
  16. ^ "به عبارت دیگر: گفتگو با داریوش اقبالی". BBC News فارسی (بە فارسی). 2011-12-20. Retrieved 2021-02-04.
  17. ^ ایران, عصر (2017-10-17). "ماجرای حبس «داریوش» در دهه 50" (بە فارسی). Retrieved 2023-03-06.
  18. ^ "تولد ۷۰ سالگی داریوش" (بە فارسی). BBC News فارسی. 2021-01-20. Retrieved 2021-02-04.
  19. ^ "به نقل از ڕادیو فردا". Archived from the original on 2007-09-27. Retrieved 2007-06-18.
  20. ^ "حمایت از پناهجویان در اروپا". Archived from the original on 2007-06-15. Retrieved 2007-06-18. ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٠٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  21. ^ Nanquette, Laetitia (2021). Iranian Literature after the Islamic Revolution: Production and Circulation in Iran and the World. Edinburgh University Press. doi:10.3366/j.ctv1nwbqn0. ISBN 978-1-4744-8637-8.
  22. ^ "به عبارت دیگر: گفتگو با داریوش اقبالی". BBC News فارسی (بە فارسی). 2011-12-20. Retrieved 2023-03-06.
  23. ^ "gooya news :: society: داريوش و ترک "عمل"، دنا رباطي، شهروند". mag.gooya.com. Retrieved 2023-03-06.
  24. ^ "بنیاد آینه دوازده ساله شد". Radio Sweden Farsi/Dari (بە فارسی). Retrieved 2021-02-04.
  25. ^ "داریوش: همیشه از آزادی و صلح ترانه خواهم خواند (مصاحبه)" (بە فارسی). 2009-01-10. Retrieved 2021-02-04.
  26. ^ "Dariush at Hospital after Acid Attack". Diaries of an Exiled Persian. Retrieved 2023-04-07.
  27. ^ "داریوش – دستای تو". Discogs. Retrieved 2023-04-07.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]