ھزر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھزرڤانەکە درووستبوو بە دەستی ئۆگست ڕۆدن (١٨٤٠–١٩١٧)، لە باخی مۆزەخانەی ڕۆدن.

ھزر، کە ئەندێشە یا فکر یا بڕێ جار بیریشی پێ ئەوترێ، لە فەرھەنگەکان و وشەنامەکاندا وەھا مانا کراوەتەوە:

  • چالاکیی ئاگادارانەی زەین،[١] یان بەرھەمی وەھا چالاکییەک،[٢]
  • ھەوڵی مێشک بۆ پێگەیشتن و تێگەیشن و چارەسەریی مەسەلەیەک،[٣]
  • پرۆسەیەک لە زەیندا کە ڕێگە ئەدا مرۆڤ دەوروبەری لێک بداتەوە و بە پێی ئارەزوو و ئامانج و پلانەکانی، خۆی لەگەڵ بارودۆخدا پێک بێنی.[٤]

ڕا و بۆچوونی لێکۆڵەران لەسەر پێناسەی ھزر و ھزرین (یان ھاوماناکانی تری وەکوو تێفکرین، ئەندێشان و، بیرکردنەوە) یەک ناگرێتەوە. ھەندێکیان کە لایەنگری پێداگری ژیریی دەستکردن بڕوایان وایە کە ئەوەی مێشکی مرۆڤ بتوانێ بیکا، کۆمپیوتریش دەرەقەتی دێ. یانی کۆمپیوتریش ئەتوانێ تێ بفکرێ، بەو مەرجەی کە سەرەتا تێفکرینی پێ بناسێنی. ئەو خاڵەی کە دەنگی زۆرینەی لێکۆڵەرانی تێدا یەکانگیر ئەبێ ئەوەیە کە تێھزرین یان تێفکرین تەنیا تاقە چالاکییەک نییە لە زەیندا، بەڵکوو لە ژمارەیەک پێکھێنە (component) درووست بووە و ھەر جار کە مرۆڤ تێ ئەفکرێ یەک یا چەن دانە لەم پێکھێنانە چالاک ئەبنەوە. بەتایبەت ھەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە گرینگترینی ئەو پێکھێنانە چارەسەریی پرسە (Problem solving).[٥] تێھزرین یا تێفکرین ئەو کاتە خۆی دەر ئەخا کە مرۆڤ خۆی لەگەڵ پرسێک یا کێشەیەکدا ڕووبەڕوو ئەبینێتەوە کە ئەبێ وەڵامی باتەوە یا چارەی بۆ بدۆزێتەوە، یا بەگشتی گرێیەک لە ژینیدا پەیدا بووە کە ئەبێ بیکاتەوە. لە وەھا کاتێکدایە کە ھەوڵ و تێکۆشانێک بۆ چارەسەری لە مێشکدا دەست پێ ئەکات کە تێھزرین یا تێفکرینی ناوە.

ئێتیمۆلۆژی و بەکارچوون[دەستکاری]

ھزر[دەستکاری]

لە ھەنبانەبۆرینەکەی ھەژاردا وشەی «ھزر» بە مانای «بیر و فکر» ھاتووە.[٦] ئەم وشەیە لە کوردیی باکووریدا ساز بووە و لە کوردیی ناوەندیدا کەمتر بەکار ئەچێت. ھەر ئەمەش ھۆی نەبوون و نەدۆزرانیەتی لەو فەرھەنگە کوردییانەی کە لە لایەن نووسەرانی باشووری و ڕۆژھەڵاتییەوە لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمدا دانراون. وەکوو فەرھەنگی ئایەتوڵڵا مەردۆخ و فەرھەنگی خاڵ و فەرھەنگی تەوفیق وەھبی.

لە بابەت ڕەگ و ڕیشەی وشەکەوە دوو بیروڕای جیاواز ھەیە:[٧]

  • یەکەم بیروڕا (کە لەوە ئەچێ بە ھەقیقەتیشەوە نزیکتر بێ) ئەوەیە کە ھزر لە بنەڕەتدا وشەی «حزر» ی عەرەبی بووە کە بە مانای خەمڵاندن و مەزەندەکردن و بە حەدس و گومان دەرککردنە.[٨] «حزر» کە چۆتە ناو کرمانجیی سەروو، لەبەرا مانای مەزەندەی داوە بەڵام دواتر بە فکر بەگشتی وتراوە. لە نووسراوە کرمانجییەکاندا وشەکە بە شێوەی «حزرکرن» یش بینراوە کە ئاماژە بۆ بنچینە عەرەبییەکەی ئەکات.
  • بیروڕای دووەم ڕیشەی وشەکە ئەگەڕێنێتەوە بۆ «ژیر» و «ھەژیر». بە پێی ئەم لێکدانەوەیە ھزر و ھەژیر یەک شت بوونە لە بنەڕەتدا. بەڵگەی ئەم لێکدانەوەیە ئەوەیە کە ھزر لە کورمانجیی باکووردا بە شێوەی «ھژر» یش ھەیە. بەڵام زمانەوانان ئەم بەڵگەیە ڕەت ئەکەنەوە و ئەڵێن ئەگەر ھزر بە شێوەی ھژریش ھەبێت ئەوە ھەر ھزرە بۆتە ھژر، چونکە لە کورمانجیدا دەنگی «ز» جاروبار ئەبێ بە «ژ» وەک حەز کە بە شێوەی حەژیش ئەبینرێت.

ئەندێشە[دەستکاری]

چاوگی «ئەندێشان» ھەم بە مانای بیرلێکردنەوەیە ھەم بە مانای دڵەودوایی و نیگەرانی. قانع ئەڵێ: ئامۆزا دیسان مشت ڕائەکێشێ / لە کەس ناترسێ ھیچ نایئەندێشێ. وشەی ئەندێشە لەم چاوگەوە ھاتووە و ئەویش خۆی لە وشەی «ھەنتێشیتەن» ی پاڵەوەییەوە کە لە فارسیدا بووە بە اندیشیدن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ مەردۆخ ڕۆحانی, ماجد (2018). فەرھەنگی زانستگای کوردستان. سنە: پەخشانگای زانستگای کوردستان. pp. ٢٩٤١.
  2. ^ مەردۆخ ڕۆحانی, ماجد (2006). فەرھەنگی فارسی-کوردیی زانستگای کوردستان. سنە: زانستگای کوردستان. pp. ١٧٥٨.
  3. ^ عەلی, نانەوازادە (2017). فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی. تاران: پەخشانگای ھەمسەدا. pp. ٦٣٦.
  4. ^ "Glossary of Psychology Terms and Definitions". psychologenie.com. Archived from the original on 24ی Aprilی 2019. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  5. ^ "رابطه زبان و تفکر (فارسی)". ensani.ir.[بەستەری مردوو]
  6. ^ شەرەفکەندی, عەبدوڕەحمان (1990). ھەنبانەبۆرینە. تاران: سرووش. pp. ٩٤٦.
  7. ^ "ڕیشەی «ھزر» ی کرمانجی". Archived from the original on 11ی Aprilی 2019. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  8. ^ "تعريف و معنى حزر في معجم المعاني الجامع - معجم عربي عربي". www.almaany.com. Archived from the original on 11ی Aprilی 2019. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)