بۆ ناوەڕۆک بازبدە

تێگەیشتن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕۆبێرت ڕید، تێگەیشتن (١٨٩٦)

تێگەیشتن یان فامین واتە سەردەرکردنی ئینسان لە بابەتێ کە لە دەرەوە پێی نوێنراوە. وەک ئەو کاتە کە مامۆستایەک پرسێکی ماتماتیک بۆ خوێندکارێک شی ئەکاتەوە و خوێندکارەکە لە سەربەیەکتری بوون و پێک گەیشتنەوەی شتەکان لەو پرسەدا سەر دەر ئەکات.[١]

سەردەرکردن و حاڵیبوون لە شتێ ئەوەیە کە بتوانی مانای ئەو شتە تەسەوور بکەی. بۆیە لە کۆنەوە وتراوە کە تێگەیشتن تەسەوورکردنی مەعنایە.[٢]

ڕوانگەی کانت

[دەستکاری]

بۆ کانت، زانین پرۆسەیەکە، لە ھەستکردنەوە دەست پێ دەکا و، لە تێگەیشتنا کۆتاییی پێ دێ. کانت دەیوت تێگەیشتن ھێزی دەرکردنی حوکمە لەمەڕ ئەو شتە کە ھەستی پێ کراوە. ئەم کارەش بە ھۆی چەمکەوە دەکرێ. چەمکیش دوو جۆرە: ئەزموونی و پێش-ئەزموونی. چەمکی ئەزموونی لە ڕێگەی داڕووتاندن و دەرھەستاندنی ئەزموون و ھەستەوە بە دەست ھاتووە، وەک چەمکی «پشیلە». کاتێ حوکم دەکەین «ئەوە پشیلەیە» یانی لەوەی کە دیومانە تێگەیشتووین. چەمکی پێش-ئەزموونی یا چەمکی پێشینی بەو چەمکە دەوترێ کە بە دەرھەستکاری لە ئەزموونەکاندا بە دەست نایێت، خۆی نابینرێ و بەدی ناکرێ، بەڵام ئەقڵ بە بەکارھێنانی دەتوانێ خۆی لەوەی کە بینراوە و بەدی کراوە تێ بگەیێنێ. بۆ وێنە، کە حوکم دەکەین «ئەوە پشیلەیە»، جگە لە چەمکی «پشیلە» کە ئەزموونییە، چەمکێکی تریشمان بە کار ھێناوە کە پێشینییە، ئەویش کانت وتەنی چەمکی «تەواوێتی»یە (totality). حوکمەکە بۆ «تەواوێتی»ی ئەو گیاندارە دەر چووە. یانی زەینی ئێمە لە «تەواوێتی» تێ دەگات و ئەم تێگەیشتنەشی لە ڕێی ئەزموونەوە دەست نەکەوتووە.[٣]

ڕوانگەی ھایدێگەر

[دەستکاری]

ھایدێگەر، لە کتێبی بوون و کاتدا، باوەڕی ئەوەیە کە بۆ وەڵامدانەوە بە پرسیارە سەرەکییەکەی فەلسەفە، یانی پرسیاری «بوون چییە؟»، دەبێ بوونی ئەو بووە شی بکەینەوە کە ئەم پرسیارە دەپرسێ، یانی بوونی خۆمان. بوونی ئێمەش شێوازێکی تایبەتی ھەیە کە ھایدێگەر پێی دەڵێ دازاین. دازاین وشەیەکی ئەڵمانییە کە مانای لە زمانی ئاساییدا «ھەبوون»ە، بەڵام ئەگەر جیای بکەینەوە، دەبینین کە لە دوو پار دروست بووە: «دا» بە مانای ئەوێ و، «زاین» بە مانای بوون؛ کە بەسەریەکەوە دەبێتە «بوونی ئەوێ». ھایدێگەریش مانای پیت بە پیتی وشەکەی مەبەست بووە نەک مانا ئاسایییەکەی. بۆ ھایدێگەر «دا» یا «ئەوێ» شوێنێکی تایبەت و دیاریکراو نییە، بەڵکوو ئەو ھەلومەرجە یا ئەو ڕێکەوتەیە کە تێیدا مامەڵە لەگەڵ ھەبووەکان بەردەوامە. بوونی مرۆڤ لە سەرەتاوە و ئەغڵەب وەھایە کە دەڵێی جموجووڵێکە لە ھەلومەرجێکدا. دازاین ھەموو کەڕەت لە پێشان لە ھەلێکدایە و، لەوێوە ڕێگای خۆی بەرەو ھەلی نوێ دەکاتەوە. «دا»ی دازاین ئەو ھەلومەرجەیە کە لە دەوراندەوری جموجووڵیدا شێوەی گرتووە. جا ھایدێگەر دەڵێ یەکێ لەو شتانەی ئەو «دا»یەی بە پێوە وەستاندووە «تێگەیشتن»ە. ئەم تێگەیشتنە لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەی کە لە نەریتی فەلسەفیدا، بە تایبەت لە دوای دێکارت و کانت، باسی کراوە، جیاوازیی ھەیە و، بە چەشنێک بناخە و بنەڕەتی ئەوەیە. فەیلەسووفان پێشتر پێیان وابوو کە سەرەتا شتە ڕووت و پەتییەکان خۆیان پێشکەشی ھێزی ھەستپێکردن و بەبیناوھێنانی ئێمە دەکەن و، ئەوسا ئێمە مانا و دەلالەتیان دەخەینە سەر و لێیان تێ دەگەین. بەڵام، ھایدێگەر دەڵێ ئێمە ھەموو کات لە پێشان لە ھەلومەرجەکە تێگەیشتووین. ھەرگیز وا نییە کە سەرەتا شتەکان بۆ ئێمە ڕووت و بێمانا بن، ھەمیشە لە پێشان لە «ئەوێ»، یانی لە «دا»کەی دازایندا، تێگەیشتن ھەیە. ڕووت و پەتی دیتنی شتێ پێویستی بە خۆڕێکخستنەوەی ئێمەیە: دەبێ ڕوانینمان وەھا بگونجێنین تا پەیوەندییەکانی ئەو شتە لەگەڵ شتەکانی تر بپچڕێ و لە تانوپۆ و زەمینە دەربێ و زەق ببێتەوە.[٤]

ئەم تێگەیشتنە کە ڕاگری «ئەوێ»یە ئێپیستیمۆلۆژیک نییە، بەڵکوو ئۆنتۆلۆژیکە. بە زمانی سادە، دەکرێ بوترێ ئەم تێگەیشتنە ئاگاداری لە شتێ کە پێشتر نایزانین نییە. ئاگاداری لە شتێکی دەرەکیی دیاریکراو نییە. بەرھەمی لێکۆڵینەوەی زانستی نییە. فامکردنی مانای وشە یا قەزیەیەک نییە. پرۆسەیەکی تیۆریک یا بەڵگەھێنانەوەی لۆژیکی نییە. لە بنەڕەتدا جۆرێکی تایبەت لە ماریفەت و زانایی کە جیاواز بێ لە جۆرەکانی تر نییە. فێربوونی شتێ نییە. زۆرتر، توانینە تا زانین. جۆرێ مامەڵەی ئێگزیستانسیاڵە لەگەڵ ھەبووەکان و لەگەڵ ئەموئەودا. دازاین پێش ھەر جۆرە تێگەیشتنێ بە مانا باوەکەی، لە بوون تێ دەگات. جموجووڵی ڕۆژانەی بەبێ تێڕامان و وردبوونەوەی دازاین تێگەیشتنێکمان بۆ ئاشکرا دەکا کە پێش تێگەیشتن بە مانای ڕاڤەکردن و تێگەیشتن بە مانای ڕوونکردنەوە دەکەوێ.[٥] کاتێ دازاین نوقمی کارێکە کە تێیدا بەڕاستی مامۆستا و شارەزایە و، بۆ ئەنجامدانی پێویستی بە ھیچ وردبوونەوە و تێڕامانێ نییە، بۆ نموونە کاتێ دارتاشێکی لە کاری خۆیا زۆر وەستا خەریکی چەکوشکارییە و وەستایانە چەکوشەکە بە کار دێنێ، ئەو بەکارھێنانی چەکوشە بەو شێوەیە، بە مانای ئەوەیە کە وەستای دارتاش بە بنەڕەتیترین شێوە لە چەکوش تێ دەگا. بەبێ ئەوەی بزانێ کە چەکوشەکە چ تایبەتمەندیگەلێکی ھەیە، بۆ نموونە کێشی چەند کیلۆگرامە، یا لە چ کانزایەک دروست بووە، یانی ئەو قەزیە و حوکمانە کە کانت پێی وابوو «تێگەیشتن» ئەوانەیە.[٤]

ڕوانگەی ھێرمینۆتیک

[دەستکاری]

زانایانی ھێرمینۆتیک دەڵێن فام یا تێگەیشتن ھەمان لێکدانەوە و وەدیارخستنی مەعنای شتەکانە، بۆ وێنە، مەعنای وشەکان و نیشانەکان و ڕووداوەکان. ئەم کارەش لە ڕێگەی تێکەڵکردن و یەکپارچەکردنی ئەو شتانە لە ناو دڵی تەڤاھییەکی مەعناییدا بە ئەنجام دەگات. تێگەیشتن وەرگرتن و گواستنەوەی پەتیی زانیاری نییە؛ لە زانین ئەولاتر دەچێ. بۆ تێگەیشتن مرۆڤ دەبێ ھەم فاکتەکان وەربگرێ و ھەم ئاوێتەی تێکڕایییەکی مەعناداریان بکات و لەوێ لە جێگای خۆیان دایان نێت. بۆ نموونە، کاتێ مرۆڤ سندووقێ ببینێ کە وشەی «fragile» یا «زوو دەشکێت» بە سەریەوە نووسراوە، ھەوڵ دەدا لە ھەڵگرتن و گواستنەوەیدا زۆرتر وشیار و وریا بێ، ئەگەرچی ناشزانێ چیی تیایە. ئەمە لەبەر ئەوەیە کە خێرا ئەو وشەیە ئاوێتەی تێکڕایییەکی مەعنادار دەکا کە لە تەرازی زانیاریی پەتی ئەولاترە، ئەولاتر لە شیکردنەوەی زمانەوانانەی وشەکە. وشەکە بە گوێرەی ئەوەی لە ژیانی خۆیدا بە سەریا ھاتووە و، بە گوێرەی شێوەی ڕوانینی ئەو کولتوورەی تێیدا گەورە بووە بۆ ماڵ و دارایی، لێک دەداتەوە و تەفسیر دەکاتەوە.[٦]

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. خوانساری، محمد (۱۳۵۶). فرهنگ اصطلاحات منطقی. انتشارات بنیاد فرهنگ ایران. صفحه ۱۱۶. {{cite book}}: پارامەتری نەناسراوی |nopp= چاوپۆشیی لێ کرا (|no-pp= پێشنیار کراوە) (یارمەتی)
  2. جورجانی. تەعریفات.
  3. هارتناک، یوستوس (١٤٠١). نظریه معرفت در فلسفه کانت. هرمس. لاپەڕە ٣٢-٤١.
  4. 1 2 Dreyfus، Hubert. Being-In-The-World.
  5. جمادی، سیاوش. زمینە و زمانە پدیدارشناسی.
  6. Zimmermann، Jens (٢٠١٥). Hermeneutics: a very short introduction.