ھەورامییەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھەورامی بە دەستەیەک لە کوردە گۆرانەکان دەوترێت کە بە شێوەزاری ھەورامی قسە دەکەن. ھەورامییەکان زۆرتر لە مەڵبەندی ھەورامان نیشتەجێین، بەڵام جەماوەرێک لەوانە لە ھەندێک گوندی ناوچەکانی دیکەش پەرت و پڵاو بوونەوە و ھەروەھا لە سەدەی بیستەم بەدوا کۆچیان بۆ شارەکانی گەورەی دیکە وەکوو کرماشان، سنە، سلێمانی و ... کردووە. شیای ئاماژەیە ھەورامییەکان تەنیا دانیشتووانی ھەورامان نیین و جگە لە ئەوانە جافەکانیش لە ھەوراماندا دەژین.

زمان[دەستکاری]

زمانی کوردە ھەورامییەکان شێوەزاری ھەورامییە کە زۆرتر لە گشت لەگەڵ زمانەکانی باجەڵانی، شەبەکی، سارلی و زازاکی لێکچوونیی ھەیە. ئەم گرووپە زمانییە بە ھۆی کوردبوونی ئاخێوەرانیان زۆرجار بە "زاراوەی کوردی" ناودەبرێن، بەڵام لەباری زمانەوانییەوە لەگەڵ زمانەکانی دیکەی گۆرانی و زازاکی لە دەستەی گۆرانی-زازایی پۆلینبەندی کراونە. شیای ئاماژەیە ئەگەرچە ئاخێوەرانی ھەر دوو دەستەی زمانە کوردییەکان و زمانە گۆرانی-زازایییەکان لە درێژای مێژوو خۆیان وەکوو کورد پێناسە کردووە، بەڵام لە سەدەی دواییەوە زمانەوانانی بیانی زمانەکانی کوردەکانیان لە دوو دەستەی جیاواز پۆلێنبەندی کردووە و ناوی کوردیان تەنیا بۆ سەر دەستەیەک لەم زمانانە داناوە و لەسەر دەستەی دیکەیان ناوی گۆرانی-زازایی داناوە. ھەورامیش وەکوو لقێکی سەربەخۆ لە زمانی گۆرانی و دەستەی زمانە گۆرانی-زازایییەکان دەستەبەندی کراوەتەوە.

ئایین[دەستکاری]

لە باری ئایینییەوە زۆربەی کوردە ھەورامییەکان سەر بە ئایینی ئیسلامی سوننەی شافیعین. بەڵام کوردەکانی ھەورامیی گوندی کەنووڵە لە پارێزگای کرماشان و ھەورامییەکانی ئێڵی عەبدوڵمەلەکی لە ناوچەکانی قوروەی پارێزگای کوردستان و تووسرکان لە ھەمەدان و چوارقەڵا لە مازەندەران سەر بە ئایینی ئیسلامی شیعەن و ھەروەھا کوردە ھەورامییەکانی گوندی زەردەیش سەر بە ئایینی یارسانن.

جوگرافیا[دەستکاری]

زۆربەی ھەورامییەکان لە ناوچەی ھەوراماندا دەژین. بەڵام لە ھەندێک ناوچەی دیکەی کوردستان و تەنانەت لە دەرەوەی کوردستانیش جەماوەرەکانێک لە کوردە ھەورامییەکان دەژین. ھەورامان بە شێوەی سرووشتی بریتی لە دوو بەشی لوھۆن و تەختە، بەڵام ئێستاکە لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراقیش دابەش کراوە. لە پاوە وەکوو ناوەندی ھەورامانی لوھۆن و لە ھەورامان تەخت وەکوو ناوەندی بەشی ھەورامانی تەخت ناو دەبرێت.

جگە لە ھەورامان، کوردە ھەورامییەکان لە ناوچەکانێک لە شارستانی قوروەی پارێزگای کوردستان، گوندەکانی کەنووڵەی شارستانی سەحنە و زەردەی شارستانی داڵاھۆ لە پارێزگای کرماشان، تووسرکان لە پارێزگای ھەمەدان و ھەروەھا چوارقەڵای پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران دەژین.

سەرچاوەکان[دەستکاری]