عەبدولڕەحمان کوڕی ئەبووبەکر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

عەبدولڕەحمان کوڕی ئەبووبەکر (عەرەبی: عبد الرحمن بن أبي بكر) فەرماندەیەکی سەربازی موسڵمانی عەرەب بووە لە خزمەت پێغەمبەر و خەلیفەکانی ڕاشدین ئەبووبەکر و عومەر، دایکی ناوی ئوم ڕۆمان بوو و برای عائیشە بوو.[١][٢]

عەبدولڕەحمان کوڕی ئەبووبەکر
عبد الرحمن بن أبي بكر
ناو(ەکان)ی ترئیبن ئەبووبەکر
لەدایکبووننز. ٥٩٦ یان ٦٠٥
مەککە, حیجاز, نیمچەدوورگەی عەرەبی
مردننز. ٦٧٥ (٧٠ یان ٧٩ ساڵ ژیاوە)
مەککە, خەلافەتی ئەمەوی
دڵسۆزیقوڕەیش (624–628)
محەممەد (628–632)
خەلافەتی ڕاشدین (632–641)
خزمەت/لقسوپای ڕاشدین
سوارچاکەکانی ڕاشدین
ساڵانی خزمەت٦٢٤-٦٤١
فەرماندەیی
پێکدادانەکان/جەنگەکان
ھاوسەر(ەکان)قورەیبەی کچی ئەبوو ئومەییە
مناڵەکان
  • ئەبووعەتیق محەممەد
  • عەبدوڵڵا
  • ئەسما
  • ئوم حەکیم
  • حەفسە

بەپێچەوانەی باقی خانەوادەکەیەوە کە باوکی ئەبووبەکر و عائیشەی خوشکیشی، تا سوڵحی حودەیبییە نەبۆتە موسڵمان لە ساڵی ٦٢٨.[٣]

ژیاننامە[دەستکاری]

عەبدولڕەحمان لە کاتێکدا کە هێشتا موسڵمان نەبوو، لە شەڕەکانی بەدر و ئوحود لە لایەنی قوڕەیشەوە شەڕی دەکرد.

لە شەڕی بەدردا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە باوکی ئەبووبەکر بکوژێت، بەڵام ئاراستەکەی گۆڕی، دوای چەند ساڵێک دوای ئەوەی موسڵمان بوو، باسی ئەمەی بۆ باوکی کرد، لەسەر ئەوە ئەبووبەکر لە وەڵامدا وتی: ئەگەر دەرفەتێکی لەو شێوەیەم هەبوایە، بەزەییم پێتا نەداهاتەوە.

لە شەڕی ئوحود پێش ئەوەی شەڕەکە دەست پێبکات، هاتە پێشەوە بۆ دوئێل، ئەبووبەکر ئەو تەحەدایەی قبوڵ کرد، بەڵام پێغەمبەر ڕێگری لێکرد و وتی: شمشێرەکەت هەڵگرە، با بەردەوام بین لە قازانجکردن بە ئامۆژگارییە ژیرەکانت.

عەبدولڕەحمان دوای موسڵمانبوون بەشداری لە هەموو ئەو شەڕانەی موسڵمانان کردووە و ناوبانگێکی وەک جەنگاوەرێکی ئازا و قارەمان بەدەست هێنا، بەتایبەت لە داگیرکردنی شام. یەکێک بوو لە پاڵەوانەکانی موباریزون و لە شەڕەکاندا بۆ سوپای موسڵمانان. یەکەی موباریزونی سوپای ڕاشدین لە جەنگاوەرانی نوخبە کە لە شمشێرباز و ڕم و تیرهەڵگری پاڵەوان پێکهاتبوو. لە بەرەکانی شەڕدا ڕۆڵی ئەو بریتی بوو لە تێکدانی ورەی دوژمن پێش دەستپێکردنی شەڕەکە بە کوشتنی پاڵەوانەکانیان لە دوئێل.

لە شەڕی یەمامە موحەکەمی کوشت کە ژەنەراڵەی فەرماندەیی هێزەکانی موسەیلیمەی دڕۆزن بوو.

لە شەڕی یەرمووک فەرماندەی گشتی هێزی بیزەنتین پێنج جەنگاوەری هەڵبژارد و ئەوانیش تەحەدای موسڵمانانیان کرد بۆ دوئێل، ئەوە عەبدولڕەحمان بوو کە ئەو تەحەدایەی قبوڵ کرد، دەیان دوئێل لە دەشتەکانی یەرمووک ئەنجامدرا، عەبدولڕەحمان یەک لە دوای یەک هەموویان کوشت.

لە شەڕی بسرە لە شام، لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی ژێرزەویەوە دەچێتە ناو شاری بوسرە و پاشان بەپەلە بەرەو دەرگاکانی دەروازەی شارەکە کردەوە بۆ ئەوەی سوپای سەرەکی موسڵمانان بچێتە ژوورەوە.

دواتر جارێکی تر باس لە عەبدولڕەحمان کرا کە بەشدارە لە هەڵمەتی موسڵمانان بۆ بەهناسا لە میسر. هێزەکانی سودانی بیزەنتین بەرەو شارۆچکەی بەهناسا هەڵاتن و دەرگاکانی دەروازەکانیان قوفڵ کرد. بەدوای ئەواندا موسڵمانان هاتن کە شارۆچکەکەیان گەمارۆدا، لەکاتێکدا دوژمن بە هاتنی ٥٠ هەزار سەرباز بەهێزتر بوو، گەمارۆدانەکە چەند مانگێک درێژەی کێشا، تا خالید کوڕی وەلید فەرمانی بە زوبەیری کوڕی عەوام و زیرار کوڕی ئەزوور و فەرماندەکانی دیکە کرد گەمارۆکە چڕتر بکەنەوە، فەرماندەکانی ڕاسپارد کە نزیکەی ١٠ هەزار هاوەڵانی پێغەمبەر سەرکردایەتی بکەن و ٧٠ کەسیان سەربازی دێرینی شەڕی بەدر بوون. عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحمان وەک یەکێک لە فەرماندەکانی ئەم شەڕە باس کراوە. بیزەنتینییەکان و هاوپەیمانە قبیتییەکانیان تیر و بەردیان بەسەر سوپای ڕاشدیندا باران کرد، تا موسڵمانان بەسەر بەرگریکارەکاندا زاڵ بوون وەک چۆن زیرار یەکەم کەس کە دەرکەوت لە شەڕەکە هاتە دەرەوە و هەموو جەستەی بە خوێن پەڵە پەڵە بوو، لە هەمان کاتدا دان بەوەدا دەنێت کە بە شێوەیەکی شەخسی نزیکەی ١٦٠ سەربازی بیزەنتینی کوشتووە لە کاتی شەڕەکەدا. سوپای موسڵمانان توانیان دەروازەکە بشکێنن و شارەکە تەسلیمبوو. بەپێی مێژووەکان گەمارۆدانی بەهناسا ئەوەندە توند بووە کە تەنها لەم شەڕەدا ٥٠٠٠ هاوەڵانی پێغەمبەر لەم شەڕەدا شەهید بوونە.

دواتر هێزە موسڵمانەکان بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ گەمارۆی بارقایان دا (لیبیای ئێستا) و بێ سوود بوو، پاشان خالید کوڕی وەلید کە پێشتر بەشداری لە داگیرکردنی بەهناسا کردبوو، پلانێکی ڕیشەیی پێشکەش کرد بۆ دانانی کاتاپۆڵتێک (ئامێرێک بۆ تەقاندن یان هاویشتن) کە پڕ بکرێت لە لۆکە، پاشان کە شەو هات و پاسەوانی شارەکە خەوتـ خالید فەرمانی بە باشترین جەنگاوەرەکانی دا کە بریتی بوون لە عەبدولڕەحمانی کوڕی ئەبووبەکر و زوبەیری کوڕی عەوام و عەبدوڵڵا و فەزلی کوڕی عەباس و ئەبوو مەسعوود بەدری و عەبدولڕەزاق هەنگاو بنێنە ناو سەکۆی کاتاپۆڵتەکە، کاتاپۆلتەکە یەک بە یەک هەڵیدانە سەر دیوارەکە و ڕێگەی بەو جەنگاوەرانە دەدا کە بەسەر لوتکەی دیوارەکانی شاردا سەرکەون و دەروازەکان بکەنەوە و پاسەوانەکان بکوژن، بەمەش هێزە موسڵمانەکان توانیان بچنە ژوورەوە و شارەکە بگرن.

دوای مردنی عەبدولڕەحمان لە شاری مەککە بە خاک سپێردرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "ص240 - كتاب فتوح الشام - ذكر فتح البهنسا وما فيه من الفضائل وما وقع فيه للصحابة رضي الله عنهم - المكتبة الشاملة". shamela.ws. Retrieved 2023-06-13.
  2. ^ "فصل: ذكر فتوح البهنسا ونزول الصحابة وقتل البطريق:|نداء الإيمان". www.al-eman.com. Retrieved 2023-06-13.
  3. ^ "أخبار الخليج |". www.akhbar-alkhaleej.com (بە عەرەبی). Retrieved 2023-06-13.