موعازی کوڕی جەبەل

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

موعازی کوڕی جەبەل یەکێک بوو لە ھاوەڵانی پێغەمبەر محەممەد. موعاز ئەو ھاوەڵە گەورەیە بوو کە زۆر زوو موسڵمان بوو و پێغەمبەریش سوێندی خوارد ئەی موعاز سوێند بە خوا من تۆم خۆشدەوێت، موعازیش تەواو پێغەمبەری خوای لا خۆشەویست بوو و ھەردەم لە خزمەتیدا بوو.

موعازی کوڕی جەبەل لە مەدینە دەژیا دوور لە شاری لە دایکبوونی پێغەمبەر.

موعاز باڵابەرز و ھەڵکەوتە و جوان و بۆن خۆش بوو، ڕەنگی سپی و چاوەکانی گەورە بوون، کوڕێکی زۆر نەرم و نیان بوو.

لە مەدینەدا سەرقاڵی ئیش و کار بوو تا ئەوەی جارێکیان ھەواڵی پێغەمبەری بیست، بۆیە کاتێ لەگەڵ خەڵکدا چوون بۆ مەککە بۆ حەج، لەوێ لە مەککە لە شاخی عەقەبەدا پێغەمبەری خوای بینی و لەگەڵ ھاوڕێکانیدا موسڵمان بوون و بەیعەتیان دا بە پێغەمبەر.

دواتر گەڕانەوە بۆ مەدینە، ئیتر لەوێ موعاز بەردەوام بانگەوازی دەکرد بۆ ئیسلام و ھەوڵی دەدا خەڵکی لە بێباوەڕییەوە بەرەو لای خوا ڕاکێشێت.

پیاوێک ھەبوو کە گەورەی ھۆزەکەی موعاز بوو ناوی عەمر بوو، کوڕی ئەم پیاوەش ناوی موعاز بوو، ئەویش لەگەڵ موعازدا موسڵمان بوو بوو.

عەمر لە ماڵەکەی خۆیدا بتێکی دانا بوو و دەیپەرست و زۆر خزمەتی ئەو بتەی دەکرد و ڕۆژانە دەیشۆرد و بۆنی خۆشی لێدەدا و دەیپەرست، ناوی ئەو بتەی نابوو (مەنات).

موعازی کوڕی جەبەل لەگەڵ موعازی ھاوڕێی و چەند گەنجێکی تری موسڵماندا شەو چوون و بتەکەیان برد و فڕێیاندایە ناو شەخەڵەوە تا عەمر بزانێ ئەو بتە ھیچی بەدەست نییە و ئیتر ئەو بتە نەپەرستێ.

بەیانی کە ڕۆژ بوویەوە عەمر ھات سەیری کرد بتەکەی دیار نەماوە، بۆیە خێرا چوو تا بگەڕێ بەدوای بتەکەدا.

سەیری کرد لەناو شەخەڵدا فڕێ دراوە، خێرا ھەڵی گرت و شۆردی و بۆنی خۆشی بەسەردا کرد و چوو لەناو خەڵکەکەدا تووڕە بوو و وتی کێ ھێرشی بردووەتە سەر خواکەمان.

بۆ سبەی شەو ھەمان شت ڕوویدایەوە و بەیانی سەیری کرد لەناو پیساییدایەو ھەمتر شۆردی و بۆنی خۆشی پیاداکرد و پێی وت من نازانم کێ وات لێدەکات دەی ئەگەر ڕاستە تۆ خوایت و سوودت ھەیە خۆت بپاریزە.

شەو موعاز و ھاوڕێکانی چوون بتەکەیان بردو بەستیانەوە بە سەگێکی تۆپیوەوە و فڕێیان دایە ناو شەخەڵ.

بەیانی عەمر سەیری کرد بتەکە نەماوە، بۆیە خێرا چوو بەدوایدا گەڕا تا دۆزییەوە، کە سەیری کرد وا پیس کراوە و نەیتوانیوە خۆی بپاریزێ وازی لە بتەکە ھێناو زانی ئەو بتە خوا نییە و ئایینی ئیسلام ڕاستە، بۆیە چوو مسوڵمان بوو.

ئینجا کەوتە قسەکردن بۆ ھۆزەکەی و پێی وتن ئەو مسوڵمان بووە و داوای کرد ئەوانیش موسڵمان بن، ھۆزەکەشی ھەمویان موسڵمان بوون.

موعاز بەردەوام بەوجۆرە بانگەوازی دەکرد بۆ ئایینی خواو چاوەڕێ بوو پێغەمبەر بێت بۆ مەدینە، کاتێ پێغەمبەر ھات بۆ مەدینە موعاز زۆر دڵخۆش بوو و بەردەوام لەگەڵ پێغەمبەر بوو و زانستی لێ وەردەگرت تا ئەوەی بوو بە زانایەکی ناوداری ناو ھاوەڵان.

تەنانەت ھێندە جوان فێری قورئانی پیرۆز بوو بوو پێغەمبەر دەیفەرموو (قورئان لە چوار کەسەوە وەربگرن، ئیبن مەسعوود و موعازی کوڕی جەبەل و ئوبەی و سالمی مەولای ئەبو حوزەیفە) ھەروەھا ھێندە شارەزای شەریعەتی ئیسلام بوو بوو پێغەمبەر دەیفەرموو (لە ناو ئومەتەکەمدا شارەزاترین کەس بە حەڵاڵ و حەرام موعازە)

پێغەمبەر زۆر ڕێزی موعازی دەگرت و ھەمیشە لە خۆی نزیک دەکردەوە، تەنانەت جاری وا ھەبوو پێغەمبەر کە سواری گوێدریِژ دەبوو لە دوای خۆیەوە موعازی سوار دەکرد و قسەی بۆ دەکرد.

جارێکیان پێغەمبەر لە ناو ھاوەڵانیدا بوو وەسفی موعازی دەکرد و فەرمووی (بە ڕاستی موعاز پیاوێکی زۆر چاکە).

ئیتر خۆشەویستی نێوان موعاز و پێغەمبەر ناسراو و بەرچاو بوو.

موعاز کەسێکی زۆر خواناس و لەخواترس بوو، زۆر بە چاکی ئەمانەت و سپاردەی دەپاراست. ھەروەھا زۆر شەرمی دەکرد لە پەروەردگاری، تەنانەت لە کاتی موسڵمان بوونییەوە تا مردنی بۆ یەکجاریش لەلای ڕاستیدا تفی نەدەکرد، ھەمیشە زیکری خوای دەکرد و دەم بە زیکر بوو.

کاتێ پێغەمبەر بڕیاری دا کەسێک بنێرێت بۆ یەمەن تا فێری ئیسلامیان بکات موعازی کوڕی جەبەلی ھەڵبژارد، چونکە زۆر زاناو شارەزا بوو، پێغەمبەر موعازی ڕاسپارد تا بچێ و سواری وڵاخێکی کرد و خۆیشی بە پێ لەگەڵیدا چوو تا دەرەوەی مەدینە تا ماڵاوایی لەگەڵ بکات.

موعاز دەیزانی تا ئەو بێتەوە پێغەمبەر کۆچی دوایی دەکات بۆیە زۆر دڵگران بوو، چونکە پێغەمبەر پێی فەرموو

(ئەی موعاز لەوانەیە ساڵێکی تر دوای ئەمە بە من نەگەیتەوە و لەوانەیە بدەیت بە پاڵ ئەم مزگەوتەم و گۆڕەکەمدا)

ئیتر موعاز تەواو دڵگران و خەفەتبار بوو.

لەسەردەمی ئیمامی عومەردا کاتێ موعاز لە مەدینە دەژیا ئیمامی عومەر چوار سەد دیناری نارد بۆ موعازی کوڕی جەبەل، موعازیش ھەمووی دابەشکرد بەسەر خەڵکی ھەژاردا و تەنھا دوو دیناری بۆ خۆی ھێشتەوە.

دوای ئەوە موعاز لە ھەموو جەنگ و غەزاکاندا بەشداری دەکرد و بەرامبەر بە بێباوەڕان دەجەنگا بەتایبەت دژ بە ڕۆمەکان لە ڕۆژی جەنگی یەرمووکدا موعاز سەرکردەی لای ڕاستی سوپای ئیسلام بوو و بەسەختی دژ بە ڕۆمەکان جەنگاو خۆڕاگرانە بەرامبەریان وەستا.

دواتر موعاز کۆچی کرد بۆ شام و کەوتە بڵاوکردنەوەی زانست و گەیاندنی ئیسلام بە خەڵک، خەلیفە عومەر بڕیاریدا موعاز بکات بە ئەمیری شام تا کاروباری ئەوێ بەڕێوە ببات، بەڵام ھێندەی نەبرد تووشی نەخۆشی تاعوون بوو و خۆڕاگرو سوپاس گوزار بوو لەسەری تا ئەوەی شەوێکیان تەواو نارەحەت بوو و کۆچی دوایی کرد و بۆ بەیانییەکەی تەرمەکەی ئەسپەردە کرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

ناوەندی ئەییوبی - موعازی کوڕی جەبەل ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.