کۆمەڵە (ماتماتیک)
لە ماتماتیکدا، کۆمەڵە[١] گردوکۆی شتگەلی جیاجیایە.[٢] کۆمەڵە لە بنەڕەتیترین تێگەیشتەکانی ماتماتیکە. ئەگەرچی تیۆریی کۆمەڵە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەھەمدا داھێنرا، بەڵام، ئێستاکە بەشێکی ھەمیشە حازری ماتماتیکە. وەکوو بنەڕەتێکە کە دەکرێ ھەموو ماتماتیک لەسەری بینا بکرێتەوە.
پێناسە
[دەستکاری]گیۆرگ کانتۆر داھێنەری تیۆریی کۆمەڵە، ئاوا کۆمەڵە دەناسێنێ:
کۆمەڵە ئەوەیە کە ئۆبژەگەلی جیاجیا و دیاریکراوی ھەستپێکردنمان یا فکرکردنەوەمان، پێکەوە لە ناو سەرجەمێکدا خڕ ببنەوە - ئەم ئۆبژانە دەبنە ئەندامانی کۆمەڵەکە.[٣]
ئاندامانی کۆمەڵە دەکرێ ھەر شتێ بن، بۆ نموونە، دار، بەرد، ژمارە، مرۆڤ، پیتەکانی ئەلفوبێ. وا باوە کۆمەڵەکان بە پیتی گەورە نیشان بدرێن. کە دەڵێن «کۆمەڵەکانی A و B یەکسانن» یانی A و B ڕێک ھەمان ئەندامانیان ھەیە (ھەر ئەندامی A ئەندامی Bیە و بەپێچەوانەش).
لە کۆمەڵە نابێ ھیچ ئەندامێ دووبارە بێتەوە. ھەموو ئەو کارانەی بە کۆمەڵەکان دەکرێن، وەک یەکگرتن و یەکتربڕین و ئەمانە، ئەم تایبەتمەندییە کە ئەندام دەبێ تاقانە بێ و دووبارە نەبێتەوە، دەپارێزن. بە پێچەوانەی پاشیەکییەوە، ڕیزی ھەڵکەوتنی ئەندامەکانی کۆمەڵە گرنگ نییە. واتە، بۆ نموونە، کۆمەڵەی {A، B، C} یەکسانە لەگەڵ کۆمەڵەی {C، B، A}.
لە ڕاستیدا، ئەو پێناسەیە لە سەرەوە بۆ کۆمەڵە کرا «تەواو» نییە و، لە ماتماتیکدا تێگەیشتەی کۆمەڵە بەبێ پێناسە وەردەگیردرێ.
ئەندامەتی
[دەستکاری]ئەگەر B کۆمەڵەیەک بێ و، x ئەندامی B، دەنووسن x ∈ B و، دەیخوێننەوە «x لە Bدایە» یا «x ھیی Bیە».[٤] ئەگەر y ئەندامی B نەبێ، ئەوە دەنووسرێ y ∉ B و، دەخوێنرێتەوە «y ھیی B نییە» یا «y لە Bدا نییە».[٥][٦]
بۆ نموونە، لە بابەت کۆمەڵەکانی A = {1, 2, 3, 4} و B = {blue, white, red} و F = {n | n is an integer, and 0 ≤ n ≤ 19} -ەوە دەکرێ بڵێین
کۆمەڵەی بەتاڵ
[دەستکاری]کۆمەڵەی بەتاڵ (یا کۆمەڵەی چۆڵ) بەو کۆمەڵە تاقانەیە دەوترێ کە ھیچ ئەندامی نییە و، بە یەکێ لەم سیمبۆلانە نیشان دەدرێ ∅، ، { }،[٧][٨] ϕ،[٩] یا ϕ.[١٠]
ژێرکۆمەڵەکان
[دەستکاری]ئەگەر ھەر ئەندامێکی کۆمەڵەی A لە Bشدا ببێ، ئەوسا دەڵێن A ژێرکۆمەڵەی Bیە، یا لە نێو Bدایە و، دەنووسن A ⊆ B یا B ⊇ A. ئەوەش ڕەوایە بوترێ B ژوورکۆمەڵەی A یە، یا B لەخۆگری Aیە. دوو کۆمەڵە یەکسانن ئەگەر یەکتریان لە خۆ گرتبێ، یا بە واتایەکی دی، ژێرکۆمەڵەی یەکتر بن. A ⊆ B و B ⊆ A ھاوسەنگە لەگەڵ A = B.
ئەگەر A ژێرکۆمەڵەی B بێ، بەڵام یەکسان نەبێ لەگەڵیا، ئەوسا دەڵێن A ژێرکۆمەڵەی ڕاست و پاکی Bیە و، ئاوا دەنووسرێ A ⊊ B.[١١]
نموونەکان:
- کۆمەڵەی ھەموو مرۆڤەکان ژێرکۆمەڵەیەکی کۆمەڵەی ھەموو گواندارەکانە.
- {1, 3} ⊂ {1, 2, 3, 4}
- {1, 2, 3, 4} ⊆ {1, 2, 3, 4}
کۆمەڵەی بەتاڵ ژێرکۆمەڵەی ھەموو کۆمەڵەکانە و، ھەر کۆمەڵەیەکیش ژێرکۆمەڵەی خۆیەتی:
- ∅ ⊆ A.
- A ⊆ A.
کۆمەڵە گرینگەکانی ماتماتیک
[دەستکاری]- کۆمەڵەی ژمارە سروشتییەکان
- کۆمەڵەی ژمارە حیسابییەکان
- کۆمەڵەی ژمارە تەواوەکان
- کۆمەڵەی ژمارە ڕێژەیییەکان
- کۆمەڵەی ژمارە ناڕێژەییەکان
- کۆمەڵەی ژمارە ڕاستەقینەکان
- کۆمەڵەی ژمارە ئاوێتەکان
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ فەرھەنگی عەرەبی-کوردیی زاراوەگەلی ڕاگەیاندن و کارگێڕی و قوتابخانەیی بۆ وشەی مجموعە دایناوە: کۆمەڵ، کۆمەڵە.
- ^ Samuel Goldberg. Probability: An Introduction. Courier Corporation. p. 2. ژپنک ٩٧٨-٠-٤٨٦-٦٥٢٥٢-٨.
- ^ A set is a gathering together into a whole of definite, distinct objects of our perception or our thought—which are called elements of the set.
- ^ Halmos 1960, p. 2.
- ^ Measure, Integral and Probability. Springer Science & Business Media. 2004. p. 2. ژپنک ٩٧٨-١-٨٥٢٣٣-٧٨١-٠.
- ^ «Set Symbols». www.mathsisfun.com. لە 2020-08-19 ھێنراوە.
- ^ Halmos 1960, p. 8.
- ^ Elementary Set Theory, Part I/II. Hong Kong University Press. p. 27. ژپنک ٩٧٨-٩٦٢-٢٠٩-٠٢٦-٢.
- ^ Aggarwal، M.L. (2021). «1. Sets». Understanding ISC Mathematics Class XI. Vol. 1. Arya Publications (Avichal Publishing Company). p. A=3.
- ^ Sourendra Nath، De. «Unit-1 Sets and Functions: 1. Set Theory». Chhaya Ganit (Ekadash Shreni). Scholar Books Pvt. Ltd. p. 5.
- ^ Weisstein، Eric W. «Subset». mathworld.wolfram.com (بە ئینگلیزی). لە 2024-12-26 ھێنراوە.
ئەم «ماتماتیک» وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە کۆمەڵە (ماتماتیک) تێدایە. |