باڵندە
| باڵندە | |
|---|---|
| قەلمراوی ئەمریکایی[١] | |
| Scientific classification | |
| Kingdom: | |
| Phylum: | |
| Subphylum: | |
| Class: | باڵندەکان کارلۆس لینایۆس، ١٧٥٨ |

باڵندە، مەل یان پەلەوەر (بە ئینگلیزی: Bird) گیانلەبەرێکە لە لقی مازەداران، کە لەشی بە پەڕ داپۆشراوە. باڵندەکان لەسەر دوو لاق دەڕۆن و ھێلکە دەکەن، و زۆربەیان دەتوانن بفڕن.
نزیک بە ١٠٬٠٠٠ جۆر باڵندە لە جیھاندا ھەن. ئەم گیانلەبەرانە پڕجۆرترین مازەدارانی چوارئەندامین کە لە جەمسەری باکوورەوە بگرە تا جەمسەری باشوور لە ھەموو شوێنێکدا دەبینرێن. بچووکترین باڵندەی ئەم سەردەمە چۆلەکەمێشەیە کە ٥سم دەبێ و گەورەترینیان وشترمرخە بە ٢٬٧٥ مەتر درێژی. دێرینناسان لەو باوڕەدان کە باڵندەکان تەنیا کلادی دایناسۆرەکانن کە لە قەڵاجۆی خولی سێھەمی کرتاسە لە ٦٥٬٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، ڕزگار بوون و بەجێ ماون.
دڵی باڵندەکان چوار کەلێنی ھەیە و شاخوێنبەریان بەلای ڕاستداچەماوەتەوە. ئێسکەکانی سەریان پێکەوە لکاوە. لەم مازەدارانەدا ٩ کیسەھەوا بە سییەکانیانەوە لکاوە. ئێسکیان ھڵۆڵە تا سووک بێ. چاویان گەورەیە و ھەستی بیناییان زۆر بەھێزە.
ئەمڕۆکە باڵندەکان بەوە دەناسرێن کە: دەنووکیان ھەیە، لەشیان بە پەڕ داپۆشراوە، ددانیان نییە، ھێلکەی توێکڵدار دەکەن، میتابوولیزمی بەرز، دڵی چوارکەلێنی، ئێسکبەندی سووک و پتەویان ھەیە. باڵندەکانی ئەم سەردەمە ھەموو جووتێک باڵیان ھەیە، بێجگە «موئا» لە نیوزیلاند کە قەڵاچۆ بووە. ژمارەیەکی کەم لە جۆرەکانی باڵندەکان ناتوانن بفڕن، وەک پێنگوین. قەلان و تووتیان وریاترین جۆری باڵندەکانن. ھەندێ باڵندە ئامێر چێ دەکەن، ھەندێکیان ژیانی کۆمەڵایەتییان ھەیە و ئەزموونەکانی خۆیان دەخەنە بەردەست بەرەکانی داھاتوو.
زۆرێک لە باڵندەکان، ساڵانە کۆچی دوور و درێژ دەکەن. زۆر جۆری تریش لە باتی کۆچی دوور، ئازوگۆزی کورت و ناڕێکوپێکیان ھەیە. ئەم گیانلەبەرانە کۆمەڵژین و پێکەوە لە ڕێگای نیشانە، دەنگ، چریکە، بەشداری لە کارە کۆمەڵایەتییەکان، شەڕ، بەربەرەکانێ و گەلەکۆمە بۆ پاراستنی خۆیان، لە پێوەندیدان. زۆربەی جۆرەکانی باڵندەکان تاک ھاوسەرن؛ ھەڵبەت تەنیا بۆ یەک وەرزی زاوزێ، بڕێجاریش جووتی خۆیان تا چەندین ساڵ ناگۆڕن. لە چەند جۆریشدا «چەن ژنی» و بەدەگمەن «چەن شوویی» دەبینرێت. باڵندەکان لە ھێلانەدا ھێلکە دەکەن و لە سەری کڕ دەکەون تا ھەڵی دێنن. زۆربەی جووچکەکان دوای لە ھێلکە دەرھاتن بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەژێر داڵدەی دایک و باوکیاندان.
ئەم گرووپە لە زنجیرەی گیانلەبەران، لقی مازەداران، ژێرلقی بڕبڕەداران، پۆلی باڵندەکان بوونەتەوە و دوای گوانداران، گووراوترین جۆری گیانلەبەرانن.
باڵندەکان دەورێکی گرنگیان لە ئابووریدا ھەیە؛ بۆ وێنە سەرچاوەیەکی گرنگی خۆراکن. باڵندە دەنگخۆشەکان کەوی و ماڵی دەکرێن، جیقنەی باڵندەکان وەک پەین بەکار دێت. ئەم گیانلەبەرانە لەگەڵ فەرھەنگ، مەزھەب، شیعر و مۆسیقای مرۆڤەکاندا تێکەڵ بوون.
ھەڵسوکەوتی خراپی مرۆڤەکان لە سەدەی ١٧ی زایینیی بەملاوە، بووە ھۆی تیاچوونی ١٢٠ تا ١٣٠ جۆری باڵندە و سەدان جۆری تریش پێش لەوە قەڵاچۆ بوون. ئەمڕۆکە سەرەڕای دامەزرانی بنکەگەلی پاراستنی باڵندەکان، ١٢٠٠ جۆر لە مەترسی تیاچووندان.
ناوەکانی تر
[دەستکاری]لە زاراوەکانی زمانی کوردیدا ئەم ناوانەش ھاتووە:
- باڵندە، مەل، پەڕندە، فڕندە، پەلەور، پەڕننە، پەڕۆک، باڵنە، فڕننە، باڵدار، فڕا، باڵگرەوە، سر، توار، تەواڵ، تەرەوڵ
- زەڕنەقوتە: بەچکەی مەل کە لە ھێلکە دەردێت، ھێشتا پەڕی دەرنەکردووە.[٢]
یەکەمین پۆلاندنی زانستیی گیانداران لەلایەن فرانسیس ویلبی و جان ڕی لە ساڵی ١٦٧٦ لە کتێبی Ornithologiae دا پێشکەش کرا.[٤] لە ساڵی ١٧٥٨ کارلۆس لینایۆس ئەم کارەی پوخت کرد و دووزەنەیەکی ڕێکوپێکی داڕشت؛ ئەم دووزەنە ئێستاکەش برەوی ھەیە.[٥] پۆلاندنەکەی لینا، پۆلی فیلوجینیکی باڵندەکان لە کلادی دایناسۆرەکان دانا.[٦]
پۆلاندنی باڵندەکان
[دەستکاری]بۆ ناسینی باشتری باڵندەکان، پێویستە بیانپۆلێنین. کێشەی گەورە لەوەدایە کە باڵندەکان لە شێوە و پێکھاتەدا زۆر لە یەک دەچن، بە وتەیەکی تر گۆڕان و گوورانی نێو باڵندەکان زۆر بەرچاو نییە. لە لایەکی ترەوەزانیاریی توێکاری ئەم گیانلەبەرانە زۆر لە بەر دەستدا نییە.[٧]
پۆلاندنی زانستیی باڵندەکان، بەپێی جیاوازی ڕواڵەتی کۆئەندامەکانی ئێسک و ماسوولکەیانە. بڕێ لە باڵندەناسان ھەوڵ دەدەن بەپێی ڕێژەی پرۆتینی نێو ھێلکەی باڵندەکان یان ڕەوت و ڕەوشتی ھاوبەشیان بیانپۆلێنن. ئێستاکە بێجگە لە ڕواڵەت و تایبەتمەندی ژینگەیی، دۆخی دی ئێن ئەیی باڵندەکانیش، ڕچاو دەکرێت.
پۆلاندنی گیانداران بە گوێرەی پەیماننامە نێونەتەوەیییەکان، بە زمانی لاتینە، بۆ وێنە چۆلەکەی ئاسایی بەم شێوە دەپۆلێنرێ:[٨]
- Domain (دەڤەر): گیانداران
- Kingdom(زنجیرە): گیانلەبەران
- Division(لق): مازەداران
- ژێرلق: بڕبڕەداران
- Class(پۆل): باڵندەکان
- Order (تۆرەمە): چۆلەکەسانان
- Family (تیرە): چۆلەکان
- Genus (خێزان): چۆلەکە
- Species (جۆرە): چۆلەکەی ئاسایی
باڵندەناسی
[دەستکاری]باڵندەناسی، لقێکە لە زانستی گیانلەبەرناسی، سەبارەت بە ناسین، لێکدانەوە و پۆلاندنی باڵندەکان.[٩]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ ، بڕوانە فەرھەنگی باڵندە: ئەحمەد بەحریPhalacrocorax auritus
- ↑ بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. - کتێبی یەکەم، نەوشیروان مستەفا ئەمین، چاپی یەکەم - ٢٠١٢.
- ↑ توخمەگەشە
- ↑ del Hoyo، Josep (١٩٩٢). Handbook of Birds of the World, Volume 1: Ostrich to Ducks. Barcelona: Lynx Edicions. ژپنک ٨٤-٨٧٣٣٤-١٠-٥.
{{cite book}}: پارامەتری نەناسراوی|coauthors=چاوپۆشیی لێ کرا (|author=پێشنیار کراوە) (یارمەتی) - ↑ (لاتینی) Linnaeus، Carolus (۱۷۵۸). Systema naturae per regna tria naturae, secundum classes, ordines, genera, species, cum characteribus, differentiis, synonymis, locis. Tomus I. Editio decima, reformata. Holmiae. (Laurentii Salvii). لاپەڕە ۸۲۴.
- ↑ Livezey، Bradley C.؛ Zusi، RL (۲۰۰۷). «Higher-order phylogeny of modern birds (Theropoda, Aves: Neornithes) based on comparative anatomy. II. Analysis and discussion». Zoological Journal of the Linnean Society. ۱۴۹ (۱): ۱–۹۵. doi:١٠.١١١١/j.١٠٩٦-٣٦٤٢.٢٠٠٦.٠٠٢٩٣.x. ISSN ٠٠٢٤-٤٠٨٢. PMC ٢٥١٧٣٠٨. PMID ١٨٧٨٤٧٩٨.
{{cite journal}}: زیاتر لە یەک دانە لە|دوایین1=و|دوایین=دیاری کراوە (یارمەتی); زیاتر لە یەک دانە لە|یەکەم1=و|یەکەم=دیاری کراوە (یارمەتی); پارامەتری نەناسراوی|month=چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی) - ↑ لەم ساڵانەی دواییدا، ھەنگاوی زۆر باش بۆ ناسینی ھەڵسوکەوت و توێکاری پەلەوەران نراوەو بەم بۆنەوە گۆڕانکارییەکی فراوان لە شێوەی ناونانیان کراوە.
- ↑ fa:پرندھ
- ↑ فەرھەنگی فارسی-کوردیی زانستگای کوردستان، سێ بەرگی، لاپەڕەی ٥٠١