نەڕان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
نەڕان
وڵات کوردستان[١]
 ئێران
پارێزگاکوردستان
شارستانسنە
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم١٬٠٠٠
نەتەوە و ئایین
 • نەتەوەکورد
 • ئایینموسڵمان (سوننە)
تەلەفۆن٠٨٧

گوندی نەڕان سەر بە شاری سنە و لە پارێزگای کوردستانە کە لە ٢٥ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژھەڵاتی سنە و لە ڕێگای سنە بۆ کامیاران ھەڵکەوتووە و حەشیمەتی زیاتر لە ١٠٠٠ کەس و زیادتر لە ٢٠٠ بنەماڵەی تێدایە.[٢]

گوندی نەڕان ھەم خاوەن سروشتی جوان و تایبەتە و ھەم لە باری مێژوویییەوە بەناوبانگە چونکوو کەسایەتییەکی گەورەی تێدا پەروەردە کراوە و نێژراوە ئەویش کەسێک نییە جگە لە سنجەرخانی قارەمان. ئیشی خەڵکی گوندەکە زیاتر ئاژەڵداری و باخدارییە و بەرھەمەکانیشیان گوێز، شڵانە و سێو و … ە. ئەگەر لە باری شێوەی بیناسازی گوندەکەشەوە بمانەوێت باس بکەین دەبێ بڵێین کە ماڵەکان بە شێوەی پلیکانی دروست کراوە کە لەم جۆرەدا سەربانی خانوویەک دەبێتە حەوشەی خانوویەکی دیکە و ئەوەش ھەر لە بەر کوێستانی بوونی ناوچەکە و لە ئاکامدا کەم بوونی جێگا بۆ کردنەوەی خانووەکانە. سەبارەت بە ناوی گوندەکەش چەند ڕا ھەیە ھەندێک دەڵێن ناوی گوندەکە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ھاتنی ئیسلام و لە وشەی "نەڕ" بە واتای گەورە کە وشەیەکی ئاوێستایییە و لەبەر ئەوە ئەوەیان پێوتووە کە کەسانێک لەوێ ژیانیان کردووە لە باری جەستەیییەوە بەھێز بوون و پاشگری " ان" کە پاشگری شوێنە. ھەندێکش دەڵێن کە وشەکە سەرەتا "نەھران" بووە کە وشەیەکی عەرەبییە بە واتای دوو جۆی ئاو ئەویش لەبەر ئەوە کە کانییەک لە کێوێکی ئەو گوندەوە دێتە خوارەوە و دەبێتە دوو لقەوە. یەکێک لە کێوە ھەرە بەناوبانگەکانی پارێزگای کوردستان کێوی سوڵتان سراجەدینە کە ھەر لە ئەو گوندە ھەڵکەوتووە و ھەموو ساڵێک گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی زۆر سەردانی دەکەن. لە کانییە بەناوبانگەکانی گوندی نەڕانیش دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر: سەراو، مشتەوا، کانی دریک، چاوکە، کانی ڕۆن، کانی ساولی و …. خەڵکی گوندی نەڕان ھەر بە زاراوەی ئەردەڵانی قسە دەکەن. ھەر وەک لە سەرەتاوە ئاماژەی پێدرا گوندی نەڕان شوێنی لەدایکبوونی کەسایەتیی بەناوبانگ و جێ شانازی کورد، سنجرخانە کە ھەر لە ئەو گوندە پەروەردە بووە و لە سەردەمی ھێرشی ڕووسەکان بۆ سەر ئێران گیانفیدایی و بوێری زۆری لە خۆیەوە نیشان دا و ھەر لە ئەو شەڕەشدا دەکوژرێت و لە گوندەکەی خۆی بە خاک دەسپێردرێت. ئێستا گۆڕی ئەو پیاوە گەورە کوردە لە ئاوایی نەڕانە و ساڵانە گەشتیاری زۆریش ھەر بەو بۆنەوە سەردانی گوندی نەڕان دەکەن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Kurdistan Regional Government. KRG.
  2. ^ اسلوب, جاذبه های تاریخی ایران جاذبه های طبیعی ایران جاذبه های گردشگری ایران کجاست جاذبه های گردشگری سنندج جاهای دیدنی جاهای دیدنی ایران کجاست جاهای دیدنی سنندج دیدنیهای ایران دیدنیهای سنندج ڕوستای نران نویسنده:. "روستای نران | جاهای دیدنی ایران" (بە فارسی). Retrieved 2021-05-21.{{cite web}}: CS1 maint: extra punctuation (link)