میم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
میم
نووسەرشێرزاد حەسەن
زمانکوردی
چەشنچیرۆک

میم یەکێک لە چیرۆکەکانی کۆمەڵەچیرۆکی گوڵی ڕەشە، لە نووسینی شێرزاد حەسەن کە ساڵی ١٩٨٦ بڵاو کراەوەتەوە. ناوی چیرۆکەکە لە پیتی «میم»ی پاشگرەوە وەرگیراوە، ھەر وەک کەسایەتیی سەرەکی چیرۆکەکە دەڵێت: "ئێستاش ڕقم لە پیتی میمە، ئای کە بێزم لەو میمەیە.. میمی پاشگر، گەر بۆم بکرێت لە زمانی کوردیدا نایھێڵم".[١]

کورتە[دەستکاری]

چیرۆکەکە لە زمانی نووسەرێک بە ناوی ئەمینەوە دەگێڕدرێتەوە کە نەخۆشیی ئیفلیجی پەکی خستووە و خۆی بە کتێب و ڕۆمانخوێندنەوە سەرقاڵ دەکات. ئەمین بەردەوام لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەلەفۆنی بۆ دەکرێت و ئەو کەسانە گاڵتەی پێ دەکەن و دەڵێن، ژنەکەی گوڵناز، خیانەتی پێ دەکات.

بەشێک لە چیرۆک[دەستکاری]

ئەوانەی تامی خۆشەویستییان نەکردبێت، حەز ناکەن کەس یەکدی خۆش بوێت. خەڵکانی نەگریس و دڵڕەش زۆرن، توانییان کەعبەی ئەوینی من بڕوخێنن، ئێستا تەنیام، پیاوێکی بیوەمێرد، خۆم و ژوورێک و کۆمەڵێ کتێب، سەرینی تەنیا، بۆن و ڕەنگ و تۆزی غەریبیم لێ نیشتووە، ڕیش ناتاشم، بەر سمێڵ قووت ناکەم، ماوەیەکی درێژیشە پێڵاو لە پێ ناکەم، پڕ بە دڵ بیری چاکەت و پانتۆڵ دەکەم. یان پێڵاو بۆیاغکردن، پیاسە.. جاران ئەم شتانە چەن بێبایەخ بوون.. ئێستا خەڵکی بە پێی خۆیان لەسەر جادە و شەقامەکان پیاسە دەکەن، بای خۆش و دڵڕفێنی دەرەوە لێیان دەدا، سەیری کچانی جوان و ناشیرین دەکەن.. منیش لێرە تەنیام، خۆم و دووکەڵی جگەرە، خۆم و یادگارەکانی حەز و ئەوینی گوڵناز، خۆم و گومان و خەمی جیابوونەوە، خۆم و خەونەکانم. پرۆژەی چەندھا چیرۆکی چاو بە فرمێسکم، خۆم و ترس لە داھاتووی نادیاری کچەکانم، خۆم و کاسێتی مۆسیقا ناسک و دڵگیرەکان، گۆرانییە بریندار و شیعرە زۆر غەمگینەکان، ڕۆمانە پڕ لە کارەساتەکان، من و نەخۆشی و دەمی کراوەی گۆڕێکی ناشیرین.. ئای کە مەرگ شتێکی پیسە.. کەسێک کە ھێشتا ھەزارەھا ھیوا و خەون و ئامانجی گەورەی مابێت، گوناھە بمرێت... مەرگ زۆر کەرە.. خۆی لە پیاوی کەر لا دەدات و سواری سەری ئەسپێکی وەک من دەبێت... بەڵێ لە نێو مێشکما ھەزارەھا ڕەوە ئەسپی ئومێدی دەم بە حیلە لە غار ناکەون.. کوفرە بمرم..

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ میم، شێرزاد حەسەن

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

کتێبی دەنگیی میم