بۆ ناوەڕۆک بازبدە

مامە ڕیشە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مامەڕیشە

لەدایکبوون١٩٥٣
مەرگ٢٤ی کانونی دووەمی ١٩٨٥ (٣١ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگکوژران بە دەستڕێژی گولە
شوێنی گۆڕگوندی تاڵەبان
نەتەوەکورد
پەروەردەنەخوێندەوار
پیشەپێشمەرگە
چالاکبوون١٩٧٠–١٩٨٥
کارفەرماندەی کەرتی چواری جەباری
حیزبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئایینئیسلام
ھاوسەرنیشتمان حەسەن

نەجمەدین شکور ڕەئوف زەنگەنە ناسراو بە مامە ڕیشە (١٩٥٣ لە گوندی تاڵەبان، سلێمانی – ٢٤ی کانوونی دووەمی ١٩٨٥ لە گەرمیان) پێشمەرگە و شۆڕشگێڕێکی کورد بوو. ناوی مامە ڕیشە لە ناو کوردان و عێراقدا، بە ھۆی ئازایەتی و چاونەترسی ناوێکی دیار و ناسراوە؛ ئەو پێشمەرگەیەکی قارەمان و ئازا بووە و خەباتی بۆ ئازادیی کوردستان کردووە و لەو پێناوەدا جەنگاوە و گیانی خۆی بەخت کردووە و ئەو ئازایەتی و گیانفیداییەی بوو وای کرد کە بەناوبانگ ببێت.

نەجمەدین شکور ڕەئوف زەنگەنە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی تاڵەبانی قەزای چەمچەماڵ لە ناوچەی گەرمیان، لە بنەماڵەیەکی جووتیاری کوردپەروەر ھاتۆتە دنیاوە، لەبەر ھەژاری و بە ھۆی دەستکورتیی بنەماڵەکەی و نەبوونی قوتابخانەش لە گوندەکە نەیتوانیوە بخوێنێت و بە نەخوێندەواری ماوەتەوە.

لاوێتی

[دەستکاری]

سەردەمی لاوێتیی مامە ڕیشە واتە ساڵانی شێستەکان و حەفتاکان سەردەمی شۆڕش و خەباتی گەلان بوو بۆ ئازادی و سەربەخۆیی وەک فەڵەستین، جەزائیر، کوبا، ڤیێتنام، هەروەها سەربەخۆبوونی وڵاتانی ئەفریقی، ئینجا لە کوردستانیش، شۆڕشی ئەیلول لە گڕوتیندا بوو و ناوی کورد دەرکەوتبوو. دواتر سەرکەوتنی شۆڕشی کورد بە بەدەستهێنانی هەندێک لە مافی کورد بە سایەی بەیاننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠. لە هەمان کاتدا خەباتی گەلی فەڵەستین بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کاری تێ کردبوو؛ کاتێک لە ساڵی ١٩٧٢ دەبێتە سەربازی سوپای عێراق، بەشێک لەو سوپایە دەچێتە سوریا و لوبنان، ئەویش لەگەڵیاندا چووە. بەشداریی لە شەڕی دژی ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ١٩٧٣ لە ڕیزی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینی و برینداریش بووە لەوێ و لە ساڵی ١٩٧٧ دەگەڕێتەوە کوردستان، واتە پێنج ساڵێک لە سوریا و لوبنان ماوەتەوە. ئەمانە هەمووی ئەو گەنجەیان گۆش کردبوو بە ئارەزووی خەباتی چەکداری و تێکۆشان بۆ مافی گەلی خۆی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی.

پێشمەرگایەتی

[دەستکاری]

ساڵی ١٩٧٨ کە ڕژێم شاڵاوی تەعریب و ڕاگواستنی لە کوردستاندا گەیاندە ترسناکترین ئاست، کارەساتی گوندە کاولکراو و جووتیارە ڕاگوێزراوەکان مامە ڕیشەی هاندا چەکی پێشمەرگایەتی لە شان بکات و بەشداریی شۆڕشی نوێی گەلی کورد بکات. سەرەتا لە بەر بێ متمانەیی و باوەڕ نەبوون پێی لە پێشمەرگایەتی وەرنەگیراوە، ئیتر خۆی بە تەنیا و بە چەکی خۆی گوند بە گوند گەڕاوە و پڕۆپاگەندەی بۆ پێشمەرگە کردووە و ھەر ئەم ھەڵوێستەیشی وای کرد لە پێشمەرگایەتی وەربگیرێت.

لە بەر ھەژموون و گەورەییی ھێزی چەکدار و ھەڵسانەوەی شۆڕش و پەیڕەوی دروست و کۆبوونەوەی جەماوەر و بەھێزترین ھێزی چەکدار و سنووری ناوچەی مامە ڕیشە وەک لانکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم ھۆکارانە وایان کرد ببێتە پێشمەرگەی ئەو پارتە سیاسیە.

بەناوبانگبوون

[دەستکاری]

مامە ڕیشەی قارەمان لە ماوەیەکی کەمدا بە چالاکیە پڕ جەربەزەکانی توانی نەک ھەر دڵسۆزیی خۆی بۆ شۆڕش بسەلمێنێت، بەڵکو وەک پاڵەوانێکی کەموێنە لەو دەشتە کاکی بەکاکیانەی ناوچەکانی (ھەمەوەند و جەباری و قادرکەرەم و دەوروبەری شاری کەرکووک) ناوبانگ دەربکات. گورزە بەھێزەکانی مامە ڕیشە لە ھێزی داگیرکەر ھێندە کاریگەر بوون بە جۆرێک ھەر لەگەڵ هاتنی ناوی ئەو جەنگاوەرە قارەمانی کورد سەربازانی دوژمن و جاشەکان زارەترەک دەبوون و ترسیان لێ دەنیشت.

لە ساڵی ١٩٧٩ەوە ئەم ئازایەتیە دەگمەنەی تێکەڵاوی کاری پێشمەرگایەتی و شۆڕش کردووە و لە کەرتی چواری بازیان درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتی داوە. لەگەڵ ھەموو چالاکیەکدا ناوبانگی ئەم شۆڕەسوارە بەرزتر دەبووەوە و خۆشەویستیەکەی لە دڵی میللەتدا زیاتر دەبوو.

دوای ئەوەی مامە ڕیشە کرایە فەرماندەی کەرتی چواری جەباری، ڕژێمی بەعس ھەموو ھاتن و چوونێکی لە نێوان کەرکووک و بازیاندا قەدەغە کرد. لێرەوە ناوی مامە ڕیشە زیاتر دەنگی دایەوە و کەوتە ناو سروود و دروشمە جەماوەریەکان.

زۆربەی داستانە پڕ سەروەریەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەر لە شەڕی تەپە عارەبی نەریمان و حەمک تا داستانی ڕزگار کردنی بێتواتە جێپەنجەی مامە ڕیشەیان پێوە دیارە. ئەم پێشمەرگە چاونەترسە لە شەڕی پێشمەرگایەتیدا چوار جار بریندار بووە و لەسەر ئەو ھەڵوێست و ناوبانگەش کاربەدەستانی ڕژێم باوکی مامە ڕیشە و ئەحمەدی برایان شەھید کردووە.

هەڤاڵ کوێستانی لە بیرەوەریەکانیدا (ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو) دەڵێت: مامە ڕیشە وەهای ناو دەرکردبوو کە بووبووە جێی کینەی بەرپرس و فەرماندەکان. لە ئاهەنگی نەورۆزی ١٩٨٤ شەپۆلی گوێدێرانی وتاری مام جەلال لە کاتی هاتنی مامە ڕیشەدا هەموو بەرەو لای ئەو دەجمن. دواتر تۆمەتی کوشتنی دوو جەیشی شەعبی لە کاتی گفتوگۆدا، لە مامەڕیشە دەدەن و بەو هۆیەوە ئەو ئەفسانەی شۆڕشگێڕیە سزا دەدەن؛ ڕیشی دەتاشن، چەکی دەکەن و لە گوندێکی سوورداش دەستبەسەری دەکەن.[٢]

کوژران

[دەستکاری]

مامە ڕیشە بە پلانێکی پێشوەختەی ئەوکاتی حکومەتی بەعس و بەکارھێنانی خۆفرۆشان (جاش)، ئەم زاتەیان لە خشتە برد بە ناوی دانوسان و ھاتنە ڕیزی پێشمەرگە لەگەڵ کۆمەڵێک لە خۆفرۆشان بچێتە کۆبوونەوە. کاتێک بەڕێ دەکەوێت بۆ ناوچەی کۆبوونەوە و شوێنی نھێنی لە ڕێگادا و لە ناوچەی جەباری سەر ڕێگای نێوان گوندی خاڵە بازیانی و گوندی کەوەڵەدا دەکەوێتە بۆسەی خۆفرۆشانەوە و بەم جۆرە لە ٢٤ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ دوو ھاوڕێ و ھاوسەنگەری بە ناوەکانی (سەردار و موحسین) بە دەستی (تەحسین شاوەیس) کە بە پلانی پێشوەختە و بە بەشداریی خۆفرۆشان شەھید کرا.[٣]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. http://www.gksat.tv/details.aspx?jimare[بەستەری مردوو]
  2. ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەموان بوو، هەڤاڵ کوێستانی (٢٠٢٤). چاپخانەی کارۆ، سلێمانی. لاپەڕە ٣٥٧-٣٥٩. {{cite book}}: پارامەتری |title= ونە یانیش واڵایە (یارمەتی)
  3. مامە ڕیشە چۆن شەهید کرا؟؟