قەڵای ھەولێر
| قەڵای ھەولێر | |
|---|---|
| کرمانجی: Qelay Hewlêr, عەرەبی: قلعة أربیل | |
| ھەولێر، ھەرێمی کوردستان، ئێراق | |
وێنە لە ئاسمانگەوە | |
| پۆتان | 36°11′28″N 44°00′32″E / 36.191°N 44.009°E |
| جۆر | قەڵا |
| Site information | |
| Controlled by | حکوومەتی ھەرێمی کوردستان |
| Open to the public | بەڵێ |
| Condition | نوێ کراوە |
| مێژووی پێگە | |
| Battles/wars | داگیرکردن بە دەس مەغۆلەکان لە ١٢٥٨ زایینی |

قەڵای ھەولێر، یان قەراتی ھەولێرێ (بە کرمانجی: Keleha Hewlêrê) ھەروەھا بە قەڵات ناسراوە. تەپۆڵکەیەکی بازنەیی ڕووتەختە بە ڕووبەری ١٠٢٫١٩٠ مەتری چوارگۆشە لە ناوەڕاستی شاری ھەولێر، کە لە کۆنەوە ناوەندی شاری ھەولێر بووە.[١]ئەم قەڵایە لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١٤ەوە خراوەتە لیستی میراتی جیھانییەوە.[٢] شوێنەوارناسەکان مێژووی قەڵاکە بۆ سەردەمی سۆمەریەکان و ھەزاران ساڵ پێش زایین دەیگەڕێننەوە. بۆ یەکەمجار لە سەرچاوە مێژوویییەکان لە پارچە تابلۆی قوڕینی «ئیبلا» لە سووریا دەوروبەری ٢٣٠٠ پێش زایین ئاماژە بە قەڵای ھەولێر کراوە، و لە سەردەمی ئاشووری نوێدا گرنگییەکی تایبەتی بەدەستھێناوە. لە سەردەمی ساسانییەکان و خەلافەتی عەباسیدا، ھەولێر ناوەندێکی گرنگ بوو بۆ ئایینی مەسیحی. لە ساڵی ١٢٥٨ قەڵاکە لەلایەن مەغۆلەکان داگیرکرا. لە ماوەی سەدەی بیستەمدا دەستکارییەکی بەرچاو لە پێکھاتەی شارەکاندا کرا، لە ئەنجامدا ژمارەیەک خانوو و بینا گشتییەکان ڕووخان. ساڵی ٢٠٠٧ کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای ھەولێر (HCECR) بۆ سەرپەرشتیکردنی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە دامەزرا. لە ھەمان ساڵدا، سەرجەم دانیشتووانی قەڵاکە، جگە لە یەک خێزان وەک بەشێک لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەکە، لە قەڵاکە ڕاگوێزران. لەو کاتەوە، توێژینەوە شوێنەوارییەکان و کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە شوێن و دەوروبەری لەلایەن تیمە نێودەوڵەتییە جیاوازەکانەوە و بە ھاوکاری لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆیی ئەنجامدراون. حکوومەت پلانی ھەیە کاتێک قەڵاکە نۆژەن دەکرێتەوە، ٥٠ خێزان لە قەڵاکەدا بژین. ھەروەھا موتێل و چێشتخانە و کافتریای تێدادروست دەکرێت. بەگشتی قەڵاکە ڕووبەرێکی ھێلکەیی ھەیە و لە باری درێژییەوە ٤٣٠ مەتر و لە باری کورتییەوە ٣٤٠ مەترە (١٬٤١٠ پێ × ١٬١٢٠ پێ) کە ١٠٢ ھەزار مەتر چوارگۆشە (١٬١٠٠٬٠٠٠ پێی چوارگۆشە)یە. تاکە شوێنی ئایینی کە لە ئێستادا ماوەتەوە مزگەوتی مەلا فەندییە. ئەو تەپۆڵکەیە لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٢ مەتر (٨٢ بۆ ١٠٥ پێ) لە ڕووبەری دەشتی شارەکە بەرزترە، خاوەنی دوو دەروازەی سەرەکییە لە ئێستادا، بە ناوەکانی دەروازەی گەورەی باشوور و دەروازەی گەورەی باکوور، لەکۆندا دەرگایان ھەبووە. لە ناوەندیدا شەقامێکی ڕاست بە یەکیانەوە دەبەستێتەوە. ھەروەھا بەسەر سێ گەڕەکی فراوان لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا دابەش بووە: ئەوانیش سەرا، تەکیە و تۆپخانە. سەرا شوێنی نیشتەجێ بوونی خێزانە فەرمانڕەوا و خانەدانەکان بووە؛ گەڕەکی تەکیە، شوێنی نیشتەجێ بوونی دەروێش و موریدەکانی تەریقەتی قادری و نەقشبەندی بووە؛ و لە تۆپخانە خەڵکی ئاسایی و پیشەوەر و جووتیارانی تێدا نیشتەجێ بووە.
مێژوو
[دەستکاری]ھەندێک لە بەشەکانی ئەم وتارە (ئەوانەی کە پەیوەندیان ھەیە بە مێژوو) پێویستە نوێبکرێنەوە. بەتایبەتی: مێژوو. |
مێژووی قەڵای ھەولێر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان و ھەزاران ساڵ پێش زایین. تەپۆلکەیەکی بازنەیی ڕووتەختە، ڕووبەرەکەی (١٠٢ ھەزار و ١٩٠) م٢ یە و لە ناوەڕاستی شاری ھەولێر ھەڵکەوتووە، ٤١٥م لە ئاستی ڕووی دەریا بەرزترە و بە بەرەنجامی ٢٦م و ٢٥سم لە ئاستی ڕووی شاری ھەولێر بەرزترە کە لە بەرزترین شوێن دەگاتە نزیکەی ٣٠م.
ھەندێک بیروڕا ھەیە دەڵێت قەڵای ھەولێر لەوەی ئێستا بەرزتر بووە، بەڵام لە ساڵی (٢١٦ز) ئیمپراتۆڕی ڕۆمانیا (کراکلا) لە کاتێ ھێرشی بۆ سەر تیسفۆن بە ھەولێردا ڕۆیشتووە و تەپۆلکەکەی قەڵا کە گۆڕستانی پاشا کوردیەکان بووە ڕووخاندوویەتی و ئێسک و پروسکی مردووەکانی دەرھێناوە. ئەم قەڵایە دێرینە لە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن ڕێکخراوەی یوونێسکۆە بە یەکێک لە گرنگترین ١٠٠ شوێنەواری جیھان دەستنیشانکراوە کە پێویستە وەک کەلتوورێکی مرۆڤایەتی پارێزگاری لێوەبکرێت.[٣]
زۆر بیر و بۆچوون سەبارەت بەم گردۆلکەیە ھەیە کە ناوەڕاستی دەشتایەکی پانوبەرین دەگرێت، ھەندێک ئەم گردە بە دەستکرد و تورەگە ڕێژ دەزانن کە لەلایەن ئاشوورییەکانەوە بە زۆرەملێ بە دیلەکانی جەنگ دروست کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشی دوژمنەکان.[٤]
زانای ئەمریکی (ئەداورد کە بیرا) مامۆستای زانستی ئاشوورییەکان لە زانکۆی شیکاگۆ دەڵێت: لە عێراقی ئێستادا ھەندێک شار ھەن کە تا ئێستا خەڵکیان تێدا دەژی کەچی خۆی لەسەر گوند و شاری کۆن درو ستکراوە، لەوانەش شاری ھەولێر و شاری کەرکووک، ئەوەی لەسەر تەپۆلکەی ئەم گردە دێرینە بڕوات شوێنەواری چەندین شارستانی کۆن دەبینێت کە بریتییە لە گردێک کە حەوت شارستانی لە خۆ دەگرێت، سەرەتای دروستبوونی سۆمەری بووە و دواتر چاخەکانی (بابلی، میدیا، یۆنانی، فارسی، ساسانی، ئیسلامی) بینوە، واتا شارەکە و خەڵکەکەی ماون بەڵام دەسەڵاتەکان بەپێی کات گۆڕاون واتا ئەم شوێنە لە ئاکامی چەندین شارستانییەتی پێش خۆیەتی و ھەر جارێک بەھۆی ھەر کارەساتێک تێکچووە، دواتر خەڵکەکەی لەسەر شارستانییەتە کۆنەکەی یەکێکی نوێیان دروست کردووە.[٥]بەڵام قەڵای ھەولێر تەنیا گردۆلکە نییە لە دەشتی ھەولێر و بەدەیەھا گردۆلکەی ھاوشێوە لەم دەشتە پان و بەرینە سەر دەردەخەن و باشترین بەڵگەش گردی (قالینج ئاغا)یە کە چەند کیلۆمەترێک لە قەڵا دوورە و نزیکەی ٧ مەتر لە شەقامی بەردەمی بەرزترە و بەپێی ئەو پشکنینەی لە ساڵی ١٩٦٥ بۆی ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەم گردۆلکەیە لە ھەزارەکانی(٥٠٠٠–٤٠٠٠)پ. ز، ئاوەدان بووە (لە چاخی حەلەف عوبید و وەرکا) و لە ھەزارەی سێیەم ژیانی لەسەر بڕاوتەوە.
ھەروەھا لەکاتی پشکنین بینراوە کە لە ٧ چین پێک دێت (ھەر چینێک گوزارشت لە شارستانییەتیێک دەکات و بە دەیەھا کەلوپەل و پارچەی گڵێنە و پەیکەری گیانلەبەر و سەرکەتەشی گڵێنە و جل و بەرگی جۆراوجۆری تێدا دۆزراوەتەوە کە ھەمووی گەواھیدەری ئەوەیە ئەم گردۆلکانە ھەبوونە و مرۆڤ زۆر ژیرانە بەکاری ھێناون و توانیویانە سوودیان لێ وەرگرن.[٦]تەمەنی قەڵای ھەولێر بە تەواوی دیار نییە، بەڵام لەسەروبەندی ساڵی ٢٠٠٠ پ. ز لە نووسراوەکانی پاشای سۆمەری (شۆلکی) بە ناوی (ئوربیلیم- urbilum) ھاتووە.[٧]بەڵام بەر لەوە و چاخی ئەکەدی(٣٣٥٠–٢١٥٠) پ. ز و لەسەردەمی یەکەم پاشایان (سەرجۆنی ئەکەدی) و لە ھەڵمەتەکەی بەرەو باکوور بۆ تەمێی کردنی گوتییەکان فراوانکردنی ئیپمراتۆرییەتەکەی بە ھەولێردا ڕۆیشتووە و باس لە ھەولێر کراوە.[٨]ئیتر لەم مێژووەوە بە دواوە و لە سەرجەم چاخەکان باس لە ھەولێر کراوە کە دەڵێین ھەولێر واتا (قەڵا) چونکە تا ساڵی ١١٩٠ ز کاتی سوڵتان موزەفەرەدین دەبێتە فەرمانڕەوایی ھەولێر و لەماوەی ٤٢ ساڵی فەرمانڕەوایەتی ھەولێر زۆر دەگەشێتەوە و لەم ماوەیەدا بەشی خوارووی ھەولێر (دەرەوەی قەڵا) دروست دەبێت (بەپێی نەخشەیەکی ساڵی ١٢٣٣ز (واتا دوایی ساڵێک لە کۆچی دوایی سوڵتان) لە خوارووی قەڵا دوو قوتابخانە و دوو مزگەوت و بازاڕی قەیسەری و بەشێکی گەڕەکی خانەقا ھەبوو و ئەم ھەمووەش بە شوورەیەکی درێژ دەورە دراوە کە سێ دەرگای ھەبووە، ئەوکات ڕووبەری ٣ کیلۆمەتر دووجا بووە و زۆربەی گەشەسەندنەکەی بەرەو باشوور و باشووری ڕۆژاوا بووە، و ئەم سێ دەرگایەش بەو ئاراستەیە بوونە.[٩]
تەلار و نەخشەسازی
[دەستکاری]
قەڵاکە لەسەر تەپۆڵکەیەکی گەورە ھەڵکەوتووە کە شێوەیەکی ھێلکەیی ھەیە لە نێوان ٢٥ و ٣٢ مەتر (٨٢ و ١٠٥ پێ) بەرزە. ڕووبەری سەرەوەی تەپۆڵکەکە ٤٣٠ در ٣٤٠ مەتر (١٬٤١٠ × ١٬١٢٠ پێ) دەبێت و ١٠٢ ھەزار مەتر چوارگۆشەیە. لە قووڵایی ٣٦ مەتر (١١٨ پێ) لە خوار ڕووی ئێستای تەپۆڵکەکەوە خاکی سروشتی دۆزراوەتەوە. سێ ڕێڕەو، کە دەکەوێتە سەر لێوارەکانی باکوور و ڕۆژھەڵات و باشووری گردەکە، بەرەو دەروازەکان لە ئەڵقەی دەرەوەی خانووەکاندا دەڕۆن. دەروازەی باشوور کۆنترین دەروازە بووە و لانیکەم جارێک ئاوەدان کراوەتەوە، و لە ساڵی ١٩٦٠ ڕووخێنراوە، خانووی دەروازەی ئێستا لە ساڵی ١٩٧٩ دروست کراوە، بەڵام بەھۆکاری ژینگەی ڕووخاوە، ساڵی ٢٠٠٩ دووبارە لەسەر ھەمان شێوە دروست کراوەتەوە. ئەو خانووە پێشتر شوێنی موتەسەریف و فەرمانڕەواکانی قەڵاکە بووە. دەروازەی ڕۆژھەڵات ناوی دەروازەی حەرەم بووە و. زیاتر ژنان بەکاریان ھێناوە. پێدەچێت ڕوون نەبێتەوە کە دەروازەی باکوور کەی کرابێتەوە. سەرچاوەیەک بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ساڵی ١٩٢٤ کراوەتەوە، لەکاتێکدا سەرچاوەیەکی دیکە تێبینی دەکات کە لە ساڵی ١٩٤٤دا تەنھا دوو دەروازە ھەبووە – دەروازەی باشوور و ڕۆژھەڵات؛ بەڵام لە ئێستادا تەنھا دوو دەروازە سەرەکی ھەیە بۆ گەیشتنە قەڵا ئەویش دەروازەی باشوور کە دەروازەی سەرەکییە لەگەڵ دەروازەی باکوور.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سێ مزگەوت و دوو قوتابخانە و دوو تەکیە و حەمامێک لەسەر قەڵاکە ھەبووە. ھەروەھا قەڵاکە تا ساڵی ١٩٥٧ کەنیسەی تێدابوو. تاکە پێکھاتەی ئایینی کە لە ئێستادا ماوەتەوە مزگەوتی مەلا فەندییە کە لەسەر شوێنی مزگەوتێکی پێشووتری سەدەی نۆزدەھەم دروستکرایەوە و بە کۆنترین مزگەوتی شاری ھەولێر دادەنرێت و لەلایەن نەوەی ١٨ھەمینی بنەماڵەی مەلا فەندی بەڕێوەدەبرێت و نوێژی ڕۆژی ھەینی تێدا دەکرێت. لە نزیک مزگەوتەکە حەمامێک ھەیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە ٤٠٠ بۆ ٣٠٠ ساڵ. لە سێ ھۆڵ پێکھاتووە و لە کۆتایی حەفتاکان وەک حەمامێکی کراوە بەکار نەھات بەھۆی خراپی و کۆنی شوێنەکە و لە ساڵی ١٩٧٩ نۆژەنکرایەوە، ھەرچەندە زۆرێک لە وردەکارییە ڕەسەنەکانی تەلارسازی تێدا تێکدرا. یەکێکە لەو شوێنانەیی بڕیاری نۆژەنکردنەوەی درا.[١٠]
قەڵاکە بەسەر سێ گەڕەکی فراواندا دابەش بوو لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا ئەوانیش گەڕەکەکانی سەرا، تەکیە و تۆپخانە بوون. سەرا شوێنی نیشتەجێ بوونی خێزانە فەرمانڕەوا و و خانەدانەکان بووە؛ گەڕەکی تەکیە، شوێنی نیشتەجێ بوونی دەروێش و موریدەکانی تەریقەتی قادری و نەقشبەندی بووە ھەروەھا بەھۆی بوونی تەکیە و مزگەوتەوە ئەو ناوەی لێ نراوە؛ و لە تۆپخانە خەڵکی ئاسایی و پیشەوەر و جووتیارانی تێدا نیشتەجێ بووە. لێکۆلێنەوەیەک ساڵی ١٩٢٠ دەری خست کە لەو کاتەدا قەڵاکە دابەش بووە بەسەر ٥٠٦ پارچە خانوودا. پاشان بەرە بەرە ژمارەی خانوو و دانیشتووانی کەمی کردووە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٨٤دا ٤٤٦٦ کەس لە ٣٧٥ خانوودا ژیاون، لەکاتێکدا سەرژمێرییەکی ساڵی ١٩٩٥ دەری خستووە کە قەڵاکە تەنیا ١٦٣١ کەسی تێدایە کە لە ٢٤٧ خانوودا دەژین. تا کردنەوەی ڕێگای سەرەکی باکوور-باشوور، ڕێڕەوەکانی سەر قەڵاکە وەک لقەکانی دارێک لە دەروازەی باشوورەوە بەرەو دەرەوە دەدرەوشایەوە. شەقامەکان لە نێوان ١ بۆ ٢٫٥ مەتر (٣ پێ ٣ ئینج و ٨ پێ ٢ ئینج) پان بوون و درێژییان لە ٣٠٠ مەتر (٩٨٠ پێ) بۆ کۆڵانەکانی سەرەکی تا ٣٠–٥٠ مەتر (٩٨–١٦٤ پێ) بۆ بنبەستکان بوو.
لێکۆڵینەوە و نۆژەنکردنەوە
[دەستکاری]

لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ تیمێک لە زانکۆی بۆھێمیای ڕۆژاوا بە ھاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین لە ھەولێر، ھەڵسەنگاندنیان بۆ تەواوی قەڵاکە ئەنجامدا. وەک بەشێک لەم پڕۆژەیە، پێوانە جیۆدیزیاکانی قەڵاکە گیرا و ئەمانە لەگەڵ وێنەی مانگی دەستکرد، وێنەی فۆتۆگرافی ئاسایی تێکەڵکران بۆ دروستکردنی نەخشە و مۆدێلی سێ ڕەھەندی تەپۆڵکەی قەڵاکە و خانووەکانی سەرەوەی. گەڕانی جیۆفیزیکی لە ھەندێک ناوچەی قەڵاکەدا ئەنجامدرا بۆ دیاریکردنی شوێنەواری تەلارسازی کۆن کە لەژێر خانووەکانی ئێستادا ماونەتەوە. لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان بریتی بوون لە ڕووپێوییەکی شوێنەواریی لەسەر لێواری ڕۆژاوای تەپۆڵکەی قەڵاکە، ھەروەھا ھەڵکەندنی خەندەقێکی بچووکی تاقیکردنەوە لە بەشی ڕۆژھەڵاتی قەڵاکە. لە ساڵی ٢٠١٢ لیژنەی باڵای پاراستن و نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر بڕیاریدا بە دەستنیشانکردنی حەوت ناوچەی ناو قەڵاکە بۆ ئەنجامدانی ھەڵکەندن، ھەروەھا بۆ گەڕان بە دوای پاشماوەی شورا و دیواری قەڵاکە، بۆ ھەر شوێنێک پیتێکی ئینگلیزیان دیاریی کرد. لێژنەکە خاڵی E ی ھەڵبژارد، چونکە لە لێواری باکووری ڕۆژاوای قەڵاکەدایە، ڕۆژاوای دەروازەی سەرەکی (دەرگای ئەحمەدیە)یە، کە ئەمەش پرۆسەی دۆزینەوەی دیواری مێژوویی قەڵاکە ئاسانتر کرد.[١١] پرۆسەی ھەڵکۆڵینەکان لە ماوەی چوار وەرز لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٤-٢٠١٥ ئەنجامدران.[١٢] بە سەرپەرشتی د. عەبدوڵڵا خورشید قادر بەشێک لە دیواری کۆنی قەڵاکە دۆزرایەوە، کە ئاماژەی پێ کراوە زیاتر وەک شوێنی بەرگریکردن لە بەرامبەر ھێرشی دوژمنان و داگیرکەران سوودی لێ وەرگیراوە.[١٣][١٤] ھەڵکۆلینەکان بەردەوام بوون، حەوت چین لەژێر زەوی قەڵاکە دیارکراوە ھەر چینێک ئاماژەیە بۆ سەردەمێکی جیاوازی مێژووی شارەکە.
پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٨دا گۆڕێکی ژووری سەردەمی ئاشووری نوێ لە کاتی کارکردن لە قەڵا دۆزرایەوە. دواتر لەلایەن شوێنەوارناسانی ناوخۆ و شوێنەوارناسانی پەیمانگای ئەڵمانی (DAI) کنە و پشکنینیی بۆ ئەنجامدرا. گۆڕەکە لە کۆندا تاڵان کراوە بەڵام ھێشتا چەند پارچە شوێنەوارێکی تێدا دۆزرایەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٨ و حەوتەمی پێش زایین.[١٥][١٦]
تۆمارکردنی لە میراتی جیھانیی یوونێسکۆ
[دەستکاری]لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠، کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای ھەولێر (HCECR)و دەستەی عێراق بۆ شوێنەوارە دێرین و کەلەپورییەکان (SBAH) قەڵای ھەولێریان وەک یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی عێراق کاندید کرد بۆ ئەو شوێنانەی وەک میراتی جیھانی ھەژمار دەکرێن.[١٧]دوو ڕێککەوتنی دیکە لە نێوان کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای ھەولێر و یوونێسکۆ لە مانگی ئازاری ٢٠١٠ بۆ ئەو مەبەستە واژوو کرا. ھەروەھا پارێزگای ھەولێر بە بڕی ١٣ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی پارەی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە دابین دەکات.[١٨] کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٠ دەستی پێکرد. قەڵاکە لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە لیستی میراتی جیھانیی یوونێسکۆ تۆمارکرا،[١٩][٢٠] لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧ یوونێسکۆ ئاماژەی بەوەدا بەھۆی کەمتەرخەمی و خاوی لە نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە، دەتوانرێت ئەو شوێنە لە لیستەکەدا لاببرێت.[٢١][٢٢]
پێشانگا
[دەستکاری]- قەڵای ھەولێر ساڵی ٢٠٢٤
- وێنەیەکی کۆنی قەڵای ھەولێر، ساڵی وێنەگرتن نەزانراوە
- دەروازەی پێشەوەی قەڵای ھەولێر، دوای نۆژەنکردنەوەی
- دەرگای ئەحمەدییە
- ناوەندی قەڵای ھەولێر
- ئەنتیکەخانەی قەڵا
- مۆزەخانەی ڕستن و چنینی کوردەواری
- قەڵای ھەولێر

بەستەرە دەرەکییەکان
[دەستکاری]https://www.academia.edu/122463145/وينه_ى_خانووه_كانى_ده_وروبه_رى_قه_ڵای_ھەولێر ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ ناسا: قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنە لە جیهان تاکو ئێستا ژیانی تێدا بێت
- ↑ «قەڵای هەولێر بووە یەكێك لەشاكارە مرۆییەكانی جیهان». www.rudaw.net. لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ↑ https://kurdistanmedia.com/so/news/ناسا-قەڵای-هەولێر-کۆنترین-شوێنە-لە-جیهان-کە-یستاش-ژیانی-تێدا-دەکرێت ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ↑ «هەولێر لە لیستی كەلەپووری جیهانی دەردەكرێت». لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ ھێنراوە.
- ↑ مێژووی قەڵای ھەولێر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەریەکان
- ↑ پێوەندیی نێوان قەڵای ھەولێر و گەردەکانی دەروروبەری ناڕوونە
- ↑ قەڵای ھەولێر - گەنجینەی زانیاریی ڕادیۆ نەوا[بەستەری مردوو] - سەردانی ٢٢/٦/٢٠٠٩
- ↑ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ↑ https://www.rachlaken.com/Default.aspx?page=Article&id=31547&l=3%5B%5D
- ↑ «The 6,000-year saga of the Citadel of Erbil». Middle East Institute (بە ئینگلیزی). لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ↑ «شورەی کۆنی قەڵای هەولێر دەدۆزرێتەوە». www.rudaw.net. لە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ↑ Contributor، Geographical (١٧ی تەممووزی ٢٠٢٢). «Restoring Erbil's ancient citadel». Geographical (بە ئینگلیزیی بریتانیایی). لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
{{cite web}}:|دوایین=has generic name (یارمەتی) - ↑ «Erbil Revealed - Archaeology Magazine». www.archaeology.org. لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ↑ «دۆزینەوەی شۆرایەکی کۆن لەناو قەڵای ھەولێر». www.aa.com.tr. لە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ↑ «Welcome! | Deutsches Archäologisches Institut». web.archive.org. ٧ی حوزەیرانی ٢٠١١. لە ڕەسەنەکە لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ↑ Hausleiter، Arnulf؛ Petiti، Emmanuele؛ Tourtet، Francelin؛ Ess، Margarete van (١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢). «Excavations in the City of Arbil, 2009-2011: The Neo-Assyrian Tomb (M. van Ess, A. Hausleiter, H.H. Hussein, N.B. Mohammed with contributions by F. Tourtet, E. Petiti 2012)». Zeitschrift für Orient-Archäologie.
- ↑ Centre، UNESCO World Heritage. «Erbil Citadel». UNESCO World Heritage Centre (بە ئینگلیزی). لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ↑ Centre، UNESCO World Heritage. «Erbil Citadel». UNESCO World Heritage Centre (بە ئینگلیزی). لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ↑ «قەڵای هەولێر بووە یەكێك لەشاكارە مرۆییەكانی جیهان». www.rudaw.net. لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ↑ administracion (٢٦ی حوزەیرانی ٢٠١٤). «Gobierno Regional del Kurdistán | یونیسكۆ قەڵای هەولێر وكو شوێنەوارێكى جیهانى ناساند – ڤیدیۆ». لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ↑ «قەڵای هەولێر لە لیستی كەلەپووری جیهانی دەردەكرێت». www.wishe.net. لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ↑ Staff، Editorial (٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧). «Kurdistan's Erbil Citadel at risk of being removed from UNESCO World Heritage list». Kurd Net - Ekurd.net Daily News (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ڕەسەنەکە لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٣ ھێنراوە.