زەویی تەخت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
نەخشەیەکی زەوی تەخت کە لە ساڵی ١٨٩٣ لە لایەن ئۆڕلاندۆ فێرگۆسۆن بەرھەم ھاتوە. لە چەند شوێنێکی ئەم نەخشەیەدا ئاماژە بە تەوڕات کراوە.

مۆدێلی زەویی تەخت (بە ئینگلیزی: Flat Earth model) چەمکێکی کۆنە کە لە لایەن زۆرێک لە نەتەوە جیاجیاکانی دونیا باوەڕ پێکراو بوەو و بە گشتی یۆنانییەکان لە پێشەوەی ئەم نەتەوانە بوونە کە پێیان وابووە کە زەوی لە شێوەی دەفرێکی ڕووتەختە. لەبەر ئەوەی کە ڕووبەری زەوی زۆر بەرفراوانە و مەودای دیتنی مرۆڤ دیاری کراوە، وە ھەروەھا تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو نەبووە لەو سەردەمەدا، مرۆڤەکان بەم شێوەیەیان بیر کردۆتەوە. ھەروەھا ھێزی ڕاکێشانی زەوی لە سەردەمی کۆن ناسراو نەبوو و بەم ھۆیەشەوە پێیان وابوو گەر کەسێک لە پشتەوەی زەوی بێت دەکەوێتە خوارەوە.[١]

کاتێک لەناو بەلەمێک دادەنیشتن دەریایان بە شێوەی تەخت دەدیت و ئاسمانیان وەک کاسەیەکی بەراوژوو دەبینی کە بەسەر زەویدا کراوە. ئەو شوێنەی کە ئاسمان و زەوی بەیەک دەگەیشتن ناویان لێنابوو ئاسۆ. ئەم ئاسۆیە وەک بازنەیەک وایە کە ئێوە لە ناوەڕاستی ئەم دا جێگیرن. ئاماژە بەم بیردۆزە، ئەوان وایان بیر دەکردەوە کە بەیانیان ڕۆژ لە ڕۆژھەڵات ھەڵدێت و پاش تێپەڕینی بە بازنەی ئاسماندا لە ڕۆژ ئاوا بەرەو ئاوابوون دەچێت و ڕۆژی دواتر خۆرێکی نوێ لە ڕۆژھەڵات ھەڵدێت کە لەوەی دوێنێ جیاوازە و پێشیان وابوو کە ئاوابوو لەناو دەچێت. ھەندێکیش پێیان وابوو کە کاتێک خۆر ئاوادەبێت دەکەوێتە ناو بەلەمێک و دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی یەکەمجاری و بەیانی جارێکیتر ھەمان خۆر ھەڵدێتەوە!

مێژوو[دەستکاری]

نەخشەیەکی بابلییەکان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەش سەدە پێش زایین.

ھەندێک لە نەتەوەکانی ڕۆژاوای ئاسیا پێیان وابوو کە خۆر وەک گالیسکەیەکی زەرد و پڕ بڵێسەیی وایە کە ھەندێک ئەسپ و باڵندەی نادیار ڕایدەکێشن. و پێشیان وابوو کە خواوەندی خۆر بەیانیان سواری گالیسکەکەی دەبێت و خۆر لە خۆرھەڵاتەوە ڕادەکێشێت بەناو ئاسماندا و لە دەمی ئێوارێ دەیگێنێتە خۆراوا. و کاتێک شەو دادەھات وای دەکرد کە بەبێ ئەوەی کەس بیبینێت دەگەڕایەوە شوێنی دوێنێ و دووبارە خۆی بۆ بەیانییەکی تر ئامادە دەکرد. ئەگەرچی باوەڕیان بە تەخت بوونی زەوی ھەبوو، بەڵام زۆرجار ئەمەشیان بە بیردادەھات کە قووڵاییی زەوی چەندە، و ئایا دەکرێت بە قووڵ کردنی زەوی بگەین بەوسەر زەوی؟ ئەی لە دیوی ئەولای زەوی کەس دەتوانێت بە بێ بەربوونەوە بوەستێت؟ یاخود زەوی خۆی چۆن بەرنابێتەوە؟! ھیندییەکان بڕوایان وابوو بۆ ئەوەی زەوی بەرنەبێتەوە پێویستە چەند فیلێکی گەورە ھەڵیانگرتبێت. ھەروەھا فیلەکانیش لەسەر کیسەڵێکی زۆر گەورەترن و کیسەڵەکەش لەسەر زەریایەکی زۆر بەرفراوان مەلەدەکات. بەڵام دیسان ئەم پرسیارەش دروست دەبوو کە ئایا قوڵایی ئەم زەریایە ئاخۆ چەندە؟! گەرچی خەڵکانی زۆر کۆن ئەم بیرۆکەیەیان ھەبوو بەڵام وەڵامی گشت پرسیارەکانیان لا ئەستەم بوو.[٢]

نەخشەیەکی جیھان کە گریمانە دەکرێت ھی سەردەمی ئاناکسیماندرۆس بێت.

ھەندێک لە یۆنانییەکان کە ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوپێش لە کەنارەکانی دەریای سپی دەژیان. یەکێک لەم کەسانە کە ناوی ئاناکسیماندرۆس بوو کە لەبری پەسەند کردنی ئەم بیروباوەڕە خۆی سەیری ئاسمانی دەکرد و لەخۆی دەپرسی: لەڕاستیدا ئەمەی ئەو دەیبینێت شتێکی جیاوازە. ئەو کۆمەڵە ئەستێرەیەکی دەبینی کە لەماوەی شەودا لەشوێن خۆیان دەجووڵان، جگە لە ئەستێرەی جەمسەری باکوور کە لە شوێن خۆی جێگیر بوو. ئەو تێبینی ئەوەی کرد کە ھەندێک لەو ئەستێرانەی (لە ڕوانینی ئەم بیرمەندەوە ئەستێرەن بەڵام لە ئێستادا بە ھەسارە ناسراون). ھەروەھا تێبینی کرد کە ئەم ئەستێرانە بەشێوەیەکی بازنەیی بە دەوری ئەستێرەی جەمسەری باکوور دەخولێنەوە. ئاناکسیماندرۆس بەوە گەیشت کە دەبێت ئاسمان وەک تۆپێکی بەتاڵ وابێت کە زۆر گەورەیە و بەدەوری تەوەرەیەکدا دەخولێتەوە کە لە سەرێکی گەیشتۆتە ئەستێرەی جەمسەری باکوور و سەرەکەی تری بە ناو زەویدا تێپەڕ بووە. بەپێی تێڕوانینی ئەو نە زەوی و نە ئەستێرەی جەمسەری باکوور لە شوێن خۆیان ناجووڵێن و بەڵکو گشت تەنە ئاسمانییەکانی ترن کە بەدەوری ئەم تەوەرەیەدا دەخولێنەوە. بەم شێوەیە ئاناکسیماندرۆس وای بیر دەکردەوە کە گشت ئەستێرەکان و تەنانەت مانگ و خۆریش بەم تۆپە گەورەیەوە نوساون و زەویش بە شێوەیەکی تەخت لە ئەم سەر بۆ ئەو سەری داگیر کردووە.

لەو سەردەمەدا و بە پێی ئەم جۆرە بیر کردنەوەیە خەڵکی وایان دەزانی گەر زۆر بڕۆیت لە کۆتاییدا دەگەیت بەو شوێنەی کە زەوی و ئاسمان دەگەن بەیەک و دەشێت گەر کەسێک بگاتە ئەم شوێنە دەست لە خۆر بدات. لەلایەکی تر کەسانێک ھەبوون کە بەشی باکووری زەوی بە کەشتی یا لەڕێی وشکانییەوە گەشتییان دەکرد بۆ بەشی باشووری زەوی و تێبینییان دەکرد ئەو ئەستێرانەی کە لە شوێنە نوێیەکە دەیبینن جیاوازن لەوەی لە ماڵەوە دەیانبینی. ھەروەھا تەنانەت ئەستێرەی جەمسەری باکووریش وردەوردە بەرەو دیارنەمان دەچوو و کاتێک لە باکوورەوە کەسێک بەرەو باشوور ڕێی دەکرد. لە ئەنجامدا ئەوان بەوە گەیشتن کە لەبەر ئەوەی ناتوانرێت ئەستێرەکان لە گشت خاڵێکی سەر زەوی ببینرێت کەواتە بۆی ھەیە زەوی تەخت نەبێت. لەگەڵ ئەمانەشدا، لە کاتی مانگ گیران تێبینی ئەوە دەکرا کە سێبەری زەوی لەسەر مانگ بەشێوەی بازنەیی دەردەکەوێت.

شێوەی بازنەییی سێبەری زەوی کە دەکەوێتە سەر مانگ.

لە چەمکی کێشکردنی تەنەکانمان ئەوە دەخرێتە ڕوو کە تەنە گەورەکان کێش کردنی زیاتر دروست دەکەن لەم ئاڵەتەشدا تەنەکان بۆ ئەوەی بەسەرئەکدا نەکەون پێویستە جەڵەیەکی گونجاویان ھەبێت و لەم ئاڵەتەشدا پێویستە تەنەکان لەشێوەی گۆ یا ھێلکەیی بن بۆ ئەوەی ئەم یاسایە پەیڕەو بکرێت.

سەرھەڵدانەوەی ئەم بیردۆزە لە سەردەمی نوێدا[دەستکاری]

لە سەردەمی نوێ دا لە زۆربەی کۆمەڵگەکان بیروباوەڕی زەویی تەخت سەری ھەڵداوەتەوە، بە جۆرێک کە لە ھەندێ شوێنی جیھان کۆبوونەوەی ساڵانە لە سەر ئەم پرسە ڕێک دەخرێت. بۆ نموونە لە کاڵیفۆڕنیا ساڵانە بە شێوەیەکی ڕێک ئەم کۆمەڵگەیە کۆنگرەی ساڵانە ڕێک دەخەن.[٣][٤] کۆمەڵگەی توێژینەوەی نێودەوڵەتیی زەویی تەخت (The International Flat Earth Research Society (IFERS)) کە بە کۆمەڵگەی زەویی تەخت ناسراون لە لایەن ساموێل شینتۆن (Samuel Shenton) لە ساڵی ١٩٥٦ز لە وڵاتی بریتانیا دامەزراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Flat_Earth
  2. ^ https://fa.wikipedia.org/wiki/نظریه_زمین_تخت
  3. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 3ی Octoberی 2019. Retrieved 3ی Octoberی 2019. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  4. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 10ی Octoberی 2019. Retrieved 3ی Octoberی 2019. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)