ئاسۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئاسۆ ھێڵێکی ڕواڵەتییە کە جیاکەرەوەی ڕووی تەنێکی گەردوونی و ئاسمانەکەیەتی، کاتێ کە لە بەرجەوەنی ڕوانەرێکەوە چاوی لێ بکرێت کە لەسەر یان لە نزیک ڕووی تەنەکەوە دەڕوانێ.[١]

ئاسۆی کاتی خۆراوابوونی بیابانێک لە کالیفۆرنیا

ژمارەیەکی کەمی لێ دەر چێت، گشت ئینسانگەلێک کە تا ئێستا ژیاون بۆ خۆیان جگە لە ئاسۆی زەوی ئاسۆی ھیچ تەنێکی گەردوونیی دیکەیان نەدیوە. ئەستێرەگەڕەکانی ئەپۆلۆ کە لەسەر مانگ نیشتوونەتەوە و لەوێوە ئاسۆی مانگیان دیوە، جیاوازن. ھەروەھا، بە بەکارھێنانی کەشتیگەلی بۆشاییگەڕی بێ کەشتیوان، لە ئاسۆی ھەندێکی تر لە تەنەکانی کۆمەڵەی خۆر، بە تایبەت مەریخ، فیلم گیراوە و لە بەردەستە.[١]

ئاسۆی ڕاستین[دەستکاری]

ئاسۆ لە مانای باو لەنێو خەڵکدا بە سنووری نێوان ئاسمان و زەوی دەگوترێت. ھێڵێکە لە دوورەدەستدا کە لە ڕوانگەی ڕوانەرەوە ئاسمان و زەوی لەوێ پێک دەگەن، و بە لێوارەی ژێرینی ئاسمانی دیار و لێوارەی ژوورینی زەوی و ھەموو بەرزی و نزمییەکانی دەژمێردرێت. دیمەنی کێو و دار و بینا دەبنە ھۆی ئەوە کە ئاسۆ بازنەیەکی ڕاستەقینە (ئەندازەیی) نەبێت. ئەگەر کەند و لەند و بەرزی و نزمی بەر چاوی ڕوانەری نەگرتبێ، بۆ نموونە ئەگەر لە کەنار دەریاوە بڕوانێ و ئاسمان بگاتە ڕووی ئاوەکە، بەو ئاسۆیە کە ڕوانەر دەیبێنێ دەڵێن ئاسۆی ڕاستین (true horizon).[٢]

وشەڕەتناسی[دەستکاری]

وشەی ئاسۆ نزیکایەتیی زۆرە لەگەڵ وشەی ئاسماندا. ھەردوو لە ڕەگ و ڕیشەیەکەوە دەرکەوتوون کە بە مانای بەرد و تیژ دێ.[٣] ڕەنگە ھۆکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە لە کۆندا وایان دەزانی ئاسمان گومەز و قوبەیەکی ھەڵدراو و بەرپاکراوە کە لە بەرد دروست بووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا "Horizon", Wikipedia (بە ئینگلیزی), 2021-11-03, retrieved 2021-11-16
  2. ^ "افق | دانشنامه ایران | مرکز دائرةالمعارف بزرگ اسلامی". www.cgie.org.ir. Retrieved 2021-11-21.
  3. ^ نانەوازادە, عەلی (2017). فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی. Vol. 1. هم صدا. 90.