بۆ ناوەڕۆک بازبدە

گرانایی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ڕاکێشان (فیزیک)ەوە ڕەوانە کراوە)

لە فیزیکدا، گرانایی یا گرانی یا ڕاکێشان یەکێ لە جۆرە بنەڕەتییەکانی کارلێکترکردنی تەنە ماددییەکانە لە سروشتدا کە خۆی بە شێوەی ھێزێک نیشان دەدا کە ئەو تەنانە بەرەو لای یەک ڕادەکێشێ و، لە ئاست یەکتر قورس و گرانیان دەکا.

لە سەرەتاکانی دروستبوونی گەردووندا، گرانکەوتن و یەکتری بۆ لای خۆ کێشکردنی ھەوەڵین ھەورە ھیدرۆجینییەکان و تۆپەڵەکانی ماددەی تاریک بوو بە ھۆی یەکانگیریی ھیدرۆجینەکان و، بەرەبەرە لێک گڵۆفین و کەڵەکەبەستنیان و، سەرەنجام، بوونیان بە ئەستێرە. ھەر ئەمە لە ئەندازەی گەورەترا کاکێشانەکان و ھێشووەکانی بەدی ھێنا. کەوایە، گرانایی وەکوو وەگەڕخەری سەرەکیی پێکھاتە گەورەکانی گەردوون چاوی لێ دەکرێ.

تیۆرییە گشتییەکەی ئالبێرت ئاینشتاین دەرهەق بە ڕێژەییبوون، گرانایی بە پێی چەمینەوەی بۆشاییکات ڕوون دەکاتەوە. هۆی ئەو چەمینەوەیەش دەگەڕێنێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی ناڕێک و ناتەرازی کۆمەڵتە. نموونەی ھەرە توندی ئەم چەمینەوەیە کونی ڕەشە، کە ھیچ شتێ، تەنانەت ڕووناکیش، لێی دەرناچێ. واتە، ڕووناکی لە نێو کونی ڕەشدا ھێندە گران دەنیشێ کە ناتوانێ ھەڵسێتەوە. پێش ئەم تیۆرییە، یاساکەی نیوتۆن لە بابەت گرانیی تەنەکان لە گەردووندا بە ڕوونکردنەوەی زانستیی زاڵ حیساب دەکرا. ئەو یاسایە ھەر ئێستاش بەکارە و، دەتوانێ بە تەقریبێکی باشەوە گرانایی بپێوێ و ھەژماری بکا. یاساکە دەڵێ گرانایی ھێزێکی بەرەو یەکتر ڕاکێشەری نێوان دوو تەنە کە ڕاستەوانە ھاوڕێژەیە لەگەڵ بەرھەمی لێکدانی کۆمەڵتەکانیان و، پێچەوانە ھاوڕێژەیە لەگەڵ چوارگۆشەی مەودای نێوانیان.[١]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «Gravity»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، ١٥ی ئابی ٢٠٢٦، لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە

بەستەری دەرەکی

[دەستکاری]