دەروازە:کوردستان/مێژوو
مێژوو ١
نەورۆز لە کوردەواریدا جێژنێکی تایبەتە و مێژوویەکی کۆنی ھەیە. لە ھەموو شوێنەکانی کوردەواریدا ئەم جەژنە بەڕێوە دەچێ. یەکێ لە خاڵە ھاوبەشەکان لە نێوان زۆربەی کوردەواریدا ئاگر ڕۆشن کردنی نەورۆزە. یەکەمین نووسەری کورد کە بە کوردی باسی دابونەریتی نەورۆزی کردبێ ئەحمەدی خانی بووە. زۆرێک شاعیرانی تری کوردیش ھۆنراوەیان بۆ نەورۆز داناوە. ئاگر ھێمای نەورۆز لەلای کوردەکان،ھەموو ساڵێکیش بە ئاگر یادی دەکەنەوە.
مێژوو ٢
شانشینی کوردستان ئەو دەوڵەتە کوردییە بوو لە باشووری کوردستان کە لەلایەن شێخ مەحموودی حەفید لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ دامەزرا و دوایی لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٤ ھەڵوەشێنرایەوە، ھاوکاتیش ھیچ لایەنێک بە فەرمی پاڵپشتی ئەو دەوڵەتەی نەکردبوو، پایتەختی ئەو دەوڵەتە شاری سلێمانی بوو و زاراوەی سۆرانی زمانی فەرمی ئەو دەوڵەتە بووە، ھەروەھا کورمانجی و زازاکی، ئاینیی ئیسلام بە ئاینی یەکەمی دەوڵەتەکە دانرا.
مێژوو ٣
ڕەشەکوژیی دەرسیم، بریتییە لە کوشتاری کوردە عەلەوییەکان لە ناوچەی دەرسیم کە ئێستا پێی دەوترێت پارێزگای تونجەلی لە باکووری کوردستان، بە دەستی دەوڵەتی تورکیاوە. ئەم کوشتارە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیادا ئەنجام درا بە دوای شۆڕشی سەید ڕەزا لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٧ ھاتە ئاراوە. ئەم کۆمەڵکوژییە کە مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٣٧-١٩٣٩، بووە ھۆی کوژرانی ١٣ ھەزار کەس لە ھاوڵاتیانی شاری دێرسیم.
مێژوو ٤
ڕاپەڕینی ١٩٩١ یان ڕاپەڕینە مەزنەکە ناسراو بە ڕاپەڕین بریتیی بوو لە ڕاپەڕینێکی جەماوەریی خەڵکی باشووری کوردستان لەدژی ڕژێمی بەعس بەپاڵپشتی ھێزە چەکدارەکانی بەرەی کوردستانی کە ئەوکات یاخیی بوو لەڕژێم و لەچیاکانی کوردستاندا دژ بەڕژێم ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجام دەدا. ڕاپەڕین لە ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لەپاش ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی ھات کە بەو شێوەیە دام و دەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە باشووری کوردستان کرانە دەرەوە و سەرجەم ھێز و سەربازەکانیان کوژران و ڕاونران.