بیر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

بیر توانایی و لێھاتووییی مێشکە لە بەکۆدکردن و کۆگاکردنی دراوەکان و ئاگادارییەکاندا (پێ ئەوترێ لەبەرکردن، بەر و بیر ھاوڕیشەن) و پاشان دۆزینەوە و ھێنانەوەیان لە کاتی پێویستدا (پێ ئەوترێ وەبیرھێنانەوە). ئەوەی کە مێشک لەگەڵ تێپەڕ بوونی کاتدا لێی ئاگادار ئەبێتەوە لە خۆیدا ھەڵی ئەگرێت بۆ ئەوەی لە داھاتوودا دەریان بخاتەوە و بەکاریان بێنێت.[١] ئەو ڕووداو و بەرسەرھاتەش کە لە ڕابردوودا ڕووی داوە و لە بیردا ماوەتەوە پێ ئەوترێ بیرەوەری.[٢]

ئەگەر تواناییی وەیادھێنانەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو نەدەبوو مەحاڵ بوو شتێ وەکوو زمان بتوانێ پەرە بستێنێ، یا کێیەتی و ناسنامەی مرۆڤەکان و پێوەندیی نێوانیان گەشە بکات.[٣] کاتێ بیر بەڕێکوپێکی کاری خۆی نەکات، لە حاڵەتی ئاساییدا فەرامۆشی یا بیرچوونەوە و، لە حاڵەتی توند و بەتاودا ئەمنێزیا (amnesia) -ی پێ ئەوترێ.

زۆر جار وا دێتە بەر چاو کە بیر سیستمێکە بە شێوەیەکی ئاشکرا یا نھێنی ئاگادارییەکان و زانیارییەکان ڕێک ئەخات، یا بە زمانێکی تر، پیانەوە دەئاژوێت (پرۆسیسیان دەکات) و، لە سێ بەش پێک دێ:

  1. ھەست ڕێکخەر: ئەم بەشە ڕێگە خۆش ئەکا بۆ ئاگادارییەکان و زانیارییەکانی دنیای دەرەوە کە بە شێوەی بزوێنەر و وریاکەرەوەی فیزیکی و کیمیایی بێنە ناوەوە و ھەستیان پێ بکرێت.
  2. بیری کورت-ماوە (یا خەریکی کار): ئەرکی ئەم بەشە بەکۆدکردنە و دۆزینەوە. ئاگاداری بە شێوەی بزوێنەر ئەکرێ بە کۆد و دواتر لە کاتی خۆیدا لە شوێنی کۆگاکراودا ئەدۆزرێتەوە و ئەخرێتەوە بەر دەست.
  3. بیری درێژ-ماوە: لە ئاکامدا، ئەوە ئەرکی ئەم بەشەیە کە بە بەکارھێنانی شێواز و نموونە جۆراوجۆرەکانی پۆلاندن داتاکە کۆگا بکات.[٤]

بیر پێواژۆیەکی بێنوقسان و بێکەمایەسی نییە و زۆر فاکتۆر ھەیە کە ئەتوانێ شوێنەواری خراپی لەسەر دابنێ و بە چەشنێ کارکردی تێک بدات. ئەو ڕێگایانەی بە ھۆیانەوە ئاگادارییەکان ئەکرێن بە کۆد و کۆگا ئەکرێن و ئەھێنرێنەوە ھەموو لەوانەیە کەندوکۆسپ یا بەربەستیان تێ کەوێت. ئەو ڕادە سەرنجەی بە بزوێنەرەکان و وریاکەرەوەکانی دەرەوەی مێشک ئەدرێ ئەتوانێ ڕادەی ئەو ئاگادارییەی کە وەرئەگیرێت و پاشان کۆگا ئەبێت دابەزێنێ. ھەروەھا، پرۆسەی کۆگاکردن بۆ خۆی ئەتوانێ بە ھۆی گەیشتنی ئاسیو و گەزەنی فیزیکی بە بەشە پێوەندیدارەکانی مێشک بەڕێکوپێکی نەچێتە پێشەوە. لەوانەشە لەبەر لەناوچوون و فەوتانی بیری درێژماوە ھێنانەوەی ئاگادارییەکان بکەوێتە کێشەوە.

وشەڕەتناسی[دەستکاری]

وشەکانی «بیر» و «بیرەوەری» هاوڕیشەن لەگەڵ وشەی «بەر»دا:

بەر لە وشەگەلێکدا وەک لەبەرخوێندنەوە و لەبەروتن و لەبەربوون و لەبەرکردندا مانای شتێک ئەدا کە لە مێشکدا پاشەکەوت کراوە. ئەم «بەر»ە لە ئەوێستاییدا var و لە پاڵەویدا varom بووە و لەگەڵ بەر بە مانای سینگ ھەر یەکن و بەگشتی یانی ئەوەی لە سینگدا پارێزراوە و ڕاگیراوە.[٥]

بیر لە ئەوێستاییدا vira و لە پاڵەویدا vir بووە. لە فارسیی کلاسیکیشدا بە شێوەی vir و bir ئەبینرێ.[٥] بۆ نموونە فیردەوسی لە شانامەدا ئەڵێ: ایا مرد فرزانه و تیز ویر / ز شاهوی پیر این سخن یادگیر.[٦]

وشەی بیرەوەریش ھەمان «بیرئاوەری»یە. ئاوەر لە لە چاوگی آوردن -ی فارسییەوە ھاتووە کە بە مانای ھێنان و هاوردنە.[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Lauralee Sherwood (1 January 2015). Human Physiology: From Cells to Systems. Cengage Learning. پەڕەکان 157–162. ISBN 978-1-305-44551-2. 
  2. ^ مەردۆخ ڕۆحانی، ماجد (۱۳۹۷). فەرھەنگی زانستگای کوردستان. سنە: پەخشانگای زانستگای کوردستان. پەڕەکان ۳۵۷. ISBN 9789642797912. 
  3. ^ Eysenck، Michael (2012). Attention and Arousal: Cognition and Performance. Berlin, Heidelberg: Springer Berlin Heidelberg. ISBN 978-3-642-68390-9. 
  4. ^ Baddeley، Alan (2007-03-15). Working Memory, Thought, and Action. Oxford University Press. ISBN 978-0-19-852801-2. doi:10.1093/acprof:oso/9780198528012.001.0001. 
  5. ^ ی ا ب نانەوازادە، عەلی (۲۰۱۷). فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی. تاران: پەخشانگای ھەمسەدا. پەڕەکان ۵۳۳، ۶۳۶، ۶۴۰. ISBN 9786009609574. 
  6. ^ شانامەی فیردەوسی لەسەر وێبگەی گنجور