ژێرسوور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە تیشکی ژێر سوورەوە ڕەوانە کراوە)
وێنەیەکی (تیشکی ژێر سوور)ی دوو کەس بە پلەی ناوەند

تیشکی ژێر سوور (بە ئینگلیزی:Infrared Rays) تیشکێکی نەبینراوە بەشێکە لە تیشکی کارۆموگناتیسی کە لەرەلەری کەمترە لەو لەرەلەرەی کە چاو ھەستی پێ دەکات لەبەر ئەوە نابینرێ بەڵام ھەستی پێ دەکرێ لە ڕێگەی گەرمی، کە لەکۆتایی شەبەنگی کارۆموگناتیسی بینراو دایە کە درێژی شەپۆلی لە نێوان (٠. ٧ - ١) مایکرۆمەترە. خۆر سەرچاوەی سەرەکی تیشکی سروشتییە بۆ ھەموو جۆرە وزەیەکی کارۆموگناتیسی، ئەو تیشکەی کە خۆر دەینێرێ بەشێوەی شەپۆلی کارۆموگناتیسی لە سێ بەش پێک دێ کە درێژی شەپۆلی جیاوازیان ھەیە کە ئەمانەن:

  • تیشکی سەرو وەنەوشەیی کە لە سەدا دووی(٢ %) ی تیشکی خۆر پێکدێنێ.
  • تیشکی بینراو کە لە سەدا چل و حەوت(٤٧ %) ی تیشکی خۆر پێکدێنێ.
  • تیشکی ژێر سوور کە لە سەدا (٥١ %) ی تیشکی خۆر پێکدێنێ.

تیشکی ژێر سوور تیشکێکی گەرمیدارە و نەبینراوە کە خۆر سەرچاوەی سروشتییەتی دەکرێ لە سەرچاوەی دەستکرد بەرھەم بھێنرێ، درێژی شەپۆلی تیشکی ژێر سوور ھەمان درێژی شەپۆلی بەشی رووناکی لە شەبەنگی کارۆموگناتیسییە و لەگەل شەبەنگی رووناکی و شەبەنگی تیشکی مایکرۆوێڤ تێکەڵ دەبێ. زاراوەی (near infrared) لە تیشکی ژێر سوور بە نزیکترین درێژی شەپۆل لە شەبەنگی رووناکی دەوترێ. زاراوەی (far infrared) تیشکی ژێر سوور بە نزیکترین شەپۆلی درێژ لە تیشکی مایکرۆوێڤی لە شەبەنگی کارۆموگناتیسی دەوترێ.

بەکارھێنانەکانی بایۆلۆژی تیشکی ژێر سوور[دەستکاری]

وێنەیەکی بۆشایی ئاسمان کە بە تەلیسکۆبی تیشکی ژێر سوور وێنەی گیراوە

تیشکی ژێر سوور کە درێژی شەپۆلی لەنێوان (٤-١٦) مایکرۆنە پێی دەڵێن تیشکی ژێر سووری دوور (far infrared ray) بە ڕووناکی ژیان ناودەبرێ و ھەمان درێژی شەپۆلی تیشکی ژێر سووری ھەیە کە لەشی مرۆڤ دەری دەکات وە ھۆیەکە بۆ بوونی زیندەوەر ئەو درێژی شەپۆلەیە کە لەش دەیمژێ لە تیشکی خۆر لەکاتی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا بووندا زیاد دەبێ کاتی خۆدانە بەر خۆر وە زۆر باشە. تیشکی ژێر سوور توانایەکی بەھێزی چوونە ناوەوەی ھەیە کە سوودی ھەیە بۆ پێست و ھەرسکردن و سوڕی خوێن وە یارمەتی لەش دەدات بۆ وەرگرتنی ئۆکسجین و خواردن، وە وەک چارەسەر بەکاردێ بۆ ڕۆماتیزم و کەمکردنی ژان و ژانی دەمار لەکاتی وەرزش و کارکردن و کەمکردنی ژانی دەم و چاو.

ھەروەھا بەکاردێ لە کەشتی ئاسمانی و ئامێری وێنەگرتنی زەوی لە ئاسمانەوە وە بە فراوانی بەکاردێت لە ئامێرەکانی کۆنتڕۆلکردن لە دوورەوە. بەکارھێنانی تیشکی ژێر سوور لە بواری تەکنۆلۆژی و بایۆلۆژی ھەروەھا لایەنی سلبی و مەترسیداری ھەیە بۆ نموونە لە کاتی ھەڵئاوسان وشێرپەنجەی پێست و نەخۆشییەکانی دڵ و پاڵەپەستۆو ماندوو بوون و سیل و خوێن بەربوون بەکارناھێنرێت.

ئاژانسی ئاسمانی ئەمەریکی (ناسا) یەکەم لایەنە کە سوودی لە خاسیەتەکانی تیشکی ژێر سوور وەرگرتووە کە جل و بەرگ و کەشتی ئاسمانی لە دیوی ناوەوە بە سیرامیک ناوپۆش دەکرێ، بۆ ئەوەی تیشکی ژێر سووریان پێببەخشێ کە لە لەشیان ون دەبێ لە ئاسماندا. تیشکی ژێر سوور زیانی نییە تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر بەر مرۆڤ بکەوێ، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر پێویستە بۆ ژیان لەبەر ئەوە پزیشک منداڵی تازە لەدایک بوو لە دایەنگە دادەنێن کە تیشکی ژێر سوور دەردەکا، تیشکی ژێر سوور بە ڕووناکی ژیان (light of life) دەناسرێ ھۆیەکی سەرەکییە لە ژیانی ھەموو زیندەوەرێک، گرنگترین کارەکانی تیشکی ژێر سوور زیاد کردنی بەرگری لەشە بۆ نەخۆشی (reinforcement immune system) لە ئەنجامی زیادکردنی سوڕی خوێنی بچووک و زیادکردنی گۆڕانی خواردەمەنی (metabolism) و دواخستنی پیر بوون (slow down the aging process). لەشی مرۆڤ تیشکی ژێر سوور دەردەکا کە پێی دەڵێن (biogenetic ray) کە بڕەکەی لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێ، کە بڕی تیشکی ژێر سووری لە لەش دەرچوو کەم دەبێ و لەش نەخۆش و ماندوو و لاواز و پیر دەبێ و بەرگەی نەخۆشی ناگرێ، کاتێک کە بڕی تیشکی ژێر سوور لە لەش نزیک سفر دەبێ ئەو مرۆڤە لە مردن زۆر نزیکە. ھەندێ کەس توانای زاڵ بوونی بەسەر نەخۆشی ھەیە چونکە توانای بەرھەمھێنانی تیشکی ژێر سووریان ھەیە لە لەشیان کە ئەمەش لەش بەھێز دەکات کە پێ ی دەگوترێ (q-gong) لە ھەندێ کەس ئەم وزە زۆر بەھێزە وەک (ریکی) کە وزە دەنێرێ بۆ نەخۆش بەمەبەستی چارەسەرکردن کە ئەویش وزەی تیشکی ژێر سوورە کە بە چاو نابینرێ کە گەرمییەک دەبەخشێتە نەخۆش، ئەم ڕێگایە لەگەڵ ھەزارەھا نەخۆش بەکار ھاتووە کە نەخۆشی تەنگە نەفەس و پالەپەستۆی خوێن و شەکرە و پەنکریاس و سەرئێشەی پێ چارەسەر کراوە. خەڵک لە ڕابردوودا ئاوی زێ و کانیاوی پڕ لە تیشکی ژێر سووریان بەکار دەھێنا لەبەر ئەوە تەندروستیان باش بوو، کاتی کڕکەوتنی مریشک لەسەر ھێلکە تیشکی ژێر سوور دەردەکات وە کیسەڵی دەریا ھێلکەکانی لە قومی کەنار دەریاکاندا دەشارێتەوە کەبە تیشکی ژێر سووری خۆر دەتروکێ. ھەر تەنێکی گەرم لە پلەی سوور بوونەوە ڕووناکی دەداتەوە کە گەرمییەکەی دەگاتە پلەی (٢٧٣)س وە لە پلەی (٣٠٠-٥٠٠س) تیشکێکی سووری تیژتر دەردەکات، وە لە پلەی(١٠٠٠)س تیشکێکی زەرد دەردەکات، وە لە پلەی (١٢٠٠س) یان زیاتر تیشکێکی سپی دەردەکات کەلە ھەر پلەیەکی گەرمیدا درێژی شەپۆلی تیشکەکان جیاوازە و بەم شێوەیە:

  • یەکەم جار تیشکی ژێر سووری دوور (far infrared) دەردەکات ئینجا تیشکی ژێر سووری نزیک (near infrared) وە لە کاتی سوور بوون تیشکی بینراو دەردەکات و لەکاتی دانەوە تیشکی سپی تیشکی ژێر سوور و بینراو و سەرو وەنەوشەیی دەردەکات.

دیارکردنی بڕی تیشکی خۆر و ھێزو گۆڕانی بەپێی باری کەش و ھەوا کارێکی ئاسان نییە، لەبەر ئەوە سەرچاوەی تیشکی دەستکرد بەکار دێ کە تیشکی ژێر سوور دروست دەکات بە گەرمکردنی تەنەکان (ئەگەر بۆ زیاتر لە ٣٠٠٠ پلەی سەدی گەرم بکرێ ئەوا تیشکی سەرو وەنەوشەیی و شەپۆلی کارۆموگناتیسی جۆراوجۆر دەردەکات بەپێی یاساکانی فیزیا). بەشێک لە تیشکی کارۆموگناتیسی لە لایەن لەشەوە دەمژرێ، کە بەندە بە درێژی شەپۆل و لەرەلەر و گۆشەی بەرکەوتنی بە لەش و کاتی خایانراو و تیژی مژین و باری لەش. دەتوانرێ ڕوو و پێکھاتەی تەنەکان بپشکنرێ بە تیشکی ژێر سوور لەبەر ئەوە لە تۆژینەوەی جۆرەکانی بەرد وکانزاکان بەکاردێ.

سەرچاوە[دەستکاری]