باخچەی ئاژەڵانی ھەولێر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باخچەی ئاژەڵانی ھەولێر
ڕێکەوتی کرانەوە١٥ی مەی ٢٠٢٠
ڕۆژانی کرانەوەھەموو ڕۆژێک
شوێنباشووری کوردستان، ھەولێر، ڕێگای کۆیە
پۆتانەکان6588+F3 Kasnazan, Iraq
ڕووبەری زەوی٢٠٠ دۆنم
ژ.ی ئاژەڵەکان١٥٠
سەرجەمی قەبارەی حەوزەکان٣
سەردانیکەرانی ساڵانەتۆمارنەکراو
ئەندامێتیکۆمەڵەی جیھانی بۆ باخچەکانی ئاژەڵان و گۆمی ماسیان
پێشانگا سەرەکییەکانپێشانگای دیمەنی ھەولێر
خاوەنھاوبەشگای ئیمپایەر
بەڕێوەبەرھێرش خۆشناو
بەڕێوەبردنئەردەڵان عومەر

باخچەی ئاژەڵانی ھەولێر(بە ئینگلیزی: Erbil Zoo) گەورەترین باخچەی ئاژەڵانە لە سەرانسەری کوردستان و عێراق،[١] ئەم باخچەیە لەسەر ڕووبەری ٢٠٠ دۆنم زەوی لەبەری ڕۆژهەڵاتی شاری ھەولێر درووستکراوە،[٢] پتر لە ١٥٠ جۆر لە ئاژەڵ و باڵندە و گیانلەبەری دەگمەن لەخۆ دەگرێت،[١] سێ دەریاچەی ئاوی مەنگ و تاڤگەدار لەخۆ دەگرێت، باخچەیەکی ئەکادیمییە بۆ توێژینەوە زانستییەکان و ڕەوشتی گیانلەبەران.[٢] باخچەکە ئەندامی (WAZA) کۆمەڵەی جیھانی بۆ باخچەکانی ئاژەڵانە، لەبەر فراوانی و فرە ڕەنگی گیانلەبەرەکانی سەردانی ھەندێک بەشی تەنھا لە ڕێگای ترومبێلی تایبەتەوە دەبێت کە لەلایەن کارگێری باخچەکە دابین کراوە.[٣]

مێژوو[دەستکاری]

باخچەی ئاژەڵانی ھەولێر بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٦ لە شاری ھەولێر کرایەوە وەک پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت لە لایەن خەلیل سابیر کاوانی لە باخچەی گڵکەند کە کەوتبووە ناوەڕاستی شار، بەڵام لەبەر ئەوەی باخچەکە ھیچ تایبەتمەندییەکی باخچەی ئاژەڵانی لەخۆ نەگرتبوو بە ناچاری لە ٣ی نیسانی ٢٠١٤ داخرا و گیانلەبەرەکانیشی گوازرانەوە بۆ باخچەیەکی کاتی نزیک شارەدێی بنەسڵاوە، دواتر وەک پڕۆژەیەک پاڕێزگاری ھەولێر تەندەری خستە بەردەم وەبەرھێنەران، بەڵام بەھۆی قەیرانی ئابووری ھەرێم پڕۆژەکە ھەڵوەشێندرایەوە، لە ساڵی ٢٠١٧ وەک پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت لەلایەن ھێرش خۆشناو وەک خاوەن و بەرێوەبەری ھاوبەشگای ئیمپایەر باخچەکە چووە باری جێبەجێکردنەوە،[٢] پاڕێزگاری ھەولێر بڕی ٢٠٠دۆنمی زەوی بۆ تەرخان کرد تاوەکو ساڵی ٢٠٢٠ کاتی کردنەوەی پڕۆژەکە پتر لە ٩٠ میلیۆن دۆلاری لێ خەرج کراوە. [٤][٥]

بەشەکانی باخچەکە[دەستکاری]

  1. بەشی سرووشتی کوردستان (گیانلەبەرانی کوردستان).
  2. بەشی سروشتی جیھانی (گیانلەبەرانی کیشوەرەکانی جیھان بەگشتی).
  3. بەشی دەریاچەکان.
  4. بەشی ئاژەڵە وشکبووەوەکان.
  5. بەشی ئاژەڵە خشۆکەکان.
  6. بەشی دیمەنی ھەولێر (شاری ھەولێر بە بچووک کراوەیی بە ھەموو کوچە و کۆڵانەکانی).
  7. بەشی کوێستانی کراوە (ئاژەڵە گیاخۆر و جوانبەخشەکان).
  8. بەشی باڵندە کۆچەری و ماڵییەکان (قوللەی کۆتران).
  9. بەشی کەلتوری مرۆیی (چۆنیەتی و کار و پیشەی ژیانی کۆنی کوردەواری).
  10. بەشی منداڵان.

داھاتوو و پەرەپێدان[دەستکاری]

بەمەبەستی مانەوەی باخچەکە لە ڕێکخراوی کۆمەڵەی جیھانی بۆ باخچەکانی ئاژەڵان و گۆمی ماسیان لەلایەن ڕێکخراوەکەوە چەند داواکارییەکی لێکراوە تاوەکوو بێتە ئاستی ستانداری جیھانی وەک:

  1. دابەشکردنی ئاژەڵەکان بە پێی ژینگەی سروشتیان.
  2. دابەش کردنی باخچەکە بۆ کیشوەری سەربەخۆ (گیانلەبەرانی کیشوەری ئاسیا، گیانلەبەرانی کیشوەری ئەفریقا، گیانلەبەرانی کیشوەری ئەورووپا، گیانلەبەرانی هەردوو کیشوەری ئەمریکا و ئوسترالیا لەگەڵ گیانلەبەرانی جەمسەرە بەستەڵەکەکانی زەوی).
  3. کردنەوەی بەشی خۆراک درووستی و کۆگای ساردکەرەوە و خواردنی ھەڵگیراو.
  4. کردنەوەی نووسینگەیەکی ڤێتێرنەری سەربەخۆ و فەراھەمکردنی ژینگەی جووت بوونی ئاژەڵەکان و زاوزێکردنیان.
  5. مسۆگەرکردنی باری ئاسایش و پاراستنی گیانلەبەرەکان لەکاتی ڕووداوە سروشتی و مرۆییەکان.
  6. بەدوورخستنی گیانلەبەران لەکاری توندوتیژی و نمایشی ناچاری.
  7. کردنەوەی ھێلی گەرمی پەیوەندی بە باخچەکانی جیھان.
  8. دەبێت لە ٥١٪ فەرمانبەرانی پسپۆری بواری باخچەی ئاژەڵان بن و لە ٢٥٪ی فەرمانبەرانی ئەزموونی پتر لە پێنج ساڵی کارکردنیان ھەبێت لە باخچەکانی ئاژەڵان.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Opening the largest zoo in Erbil soon، ماڵپەڕی کوردئایوو، ١٤ی نیسانی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  2. ^ ئ ا ب وادەی کردنەوەی باخچەی ئاژەڵانی ھەولێر ئاشکرا دەکرێت، ماڵپەری باسنیوز، ٢٨ی شوباتی ٢٠١٩.
  3. ^ باخچەی ئاژەڵانی ھەولێر دەکرێتەوە، ماڵپەڕی وشە، ٥ی تەممووزی ٢٠١٧.
  4. ^ http://www.awene.com/detail?article=25775
  5. ^ پارێزگاری ھەولێر پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵانی ھەولێری بەسەرکردەوە[بەستەری مردوو]، ئاژانسی میدیایی تورکمان، ڕۆژی ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە.