سکانسێن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مەبەست لە سکانسێن ھەمان(Skantzen Hallstahammar)(سکانتزێن)ە. سکانسێن، ناوچەیەکی گەشتیارییە لەستۆکھۆڵم، کە مۆزەخانە و باخچەی ئاژەڵان و باخچەی کەلتوری کراوە لە خۆدەگرێت، لەلایەن ئارتۆر ھازێلیۆس دروستکراوە، لەڕێکەوتی ١١ تشرینی یەکەمی ١٨٩١ بۆیەکەم جار کرایەوە، ناوی سکانسێن لەناوی تەپۆڵکەیەکەوە خوازراوە لەلایەن کاڕڵی چواردەھەم یۆھان ناوی لێنڕاوە، کەمەبەست لێی باخچەیەکی یاریکردنی منداڵانەبووە کەتەنھا بۆ کوڕەکەی خۆی ئۆسکار درووستی کردبوو، تا یاری لەناودا بکات، ئەوتەپۆڵکەیە یاخود ئەم باخچەیە ئێستا (٢٠١٤)کەوتۆتە ناو ڕێزبەندی تەپۆڵکەکانی ستۆکھۆڵم بەناوی ھۆخیۆ، کە ١٤٠ کۆشک و باڵاخانەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، کە نوێنەرایەتی نمایشی تەلارسازی تەواوی ئەسکەندەنافیا دەکەن، کە سەردەمێکی زۆڕ کۆنیان ھەیە وەک تەلارەکانی (Vastveitloftet)کە لەھەر ھەموویان کۆنترە بۆ ساڵانی ١٣٠٠ ز دەگەڕێتەوە، سکانسێن سەرچاوەیەکی ئابووری باشی ھەیە بەھۆی گەشتیاڕانەوە، کە لەداھاتی خۆی ساڵانە پەرەی پێ دەدرێت، وەک زیادکردنی مۆزەخانە و ئاژەڵی جۆڕاوجۆر، لە ١یۆلیۆی ١٩٦٣ وەک بەشێک بەمۆزەخانەی باکور (Nordiska museet) لکێندرا، یەکێک لەشوێنە ھەرەسەرنج ڕاکێشەکانی ستۆکھۆڵم ھەژمار دەکرێت.

مێژوو[دەستکاری]

ئارتۆر ھازێلیۆس یەکەم بەڕێوەبەری سکانسێن، بەپەڕەموچەکانی یۆلیۆس کرۆنبێرگ کێشراوە.
دەروازەی وەرزشی پیران .

ئارتۆر ھازێلیۆس بەھۆی سکانسێنەوە توانی بەشێکی زۆڕ لە کەلتور و ڕۆشەنبیری سوێدی لە لەناوچوون بپاڕێزێت، کە بەخۆی لەئەنجامی گەشتێکی ھاوینە لە ١٨٧٢ بەتەواوی سوێد ھەموو لایەنەکانی سوێد و ئەسکەندەنافیای کۆکردەوە، سەرەتا لە شوێنێک نمایشی کردن بەناوی (Drottninggatan 71) لەستۆکھۆڵم لەژێڕ ناونیشانی (باڵەکانی داڤیدسۆن) دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ مۆزەخانەی باکور (١٨٨٠) ئەمیش دوای ئەوەی لەلایەن خودی پاشا وە شوێنێکی تایبەتی بۆ دیاریکرا، دواتریش لەوێش شوێنەکەی گۆڕدرا بۆ شوێنێکی تر بەھۆی داواکردنەوەی زەویەکە لەلایەن خاوەنەکەیەوە کەئەندام پەرلەمانێک بوو، بۆیە ناچاربوون شوێنێکی تر دیاری بکەن و ھەموو دەستکەوتەکانی تێدا نمایش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە کوخی بێکسێل دروستکرا کەیەکەم مۆزەخانەی کراوەی سوێد بوو، ئێستا بۆتە بەشێک لەمۆزەخانەی ڤاڕبێرگ.

ھەنگاوی دواتر بۆ بەدەست ھێنانی ڕووبەرێکی فڕاوانتر بۆ پاڕاستنی تەلار و بالاخانە کەلتورییەکان دەستنیشان کردنی ئەم پارچە زەویەبوو کە ئێستا پێی دەڵێن سکانسێن، بەڵام سکانسێن ھەروەک بەشێک لە مۆزەخانەی باکور مایەوە تاوەکو ١ یۆلیۆی ١٩٦٣ کە بوو بە باخچەیەکی کەلتوری سەربەخۆ.

سەرەتا سکانسێن بەھەموو بەشەکانییەوە ڕووبەرەکەی ٢٩٤٩٣ مەتر چوارگۆشەبوو.

لە ساڵی ١٨٩٢ ڕووبەرەکەی فراوان کرا بۆ ١٧٤٤١١ مەتری چوارگۆشە لەلایەن بەرێوەبەر بێلڤێدەرێ، ئێستاش ڕووبەرەکەی ٣٠ ھێکتارە.

لە ڕێکەوتی ١٧ یۆنیۆی ١٩١١ کاتژمێر ١٩:٣٠ لەشانۆیەکی کراوە یاری کراوەی لێ کرایەوە بەناوی(Värmlänningarna).

بەشی مێژووی سروشتی سکانسێن[دەستکاری]

سەگاوێک لەسکانسێن ١٩٠٨، پیاوێکی پۆشتە لەگەڵ شوانێک لەوێنەکە دەرچوون، ئەوکات بەشێک بوو لە مۆزەخانەی باکور. ناونیشانی وێنە لە مۆزەخانە: NMA.0048348

لە ساڵی ١٨٥٠ وەک بەشێکی بچوک باخچەیەکی ئاسایی گیانلەبەران درووستکرا، لەگەڵ ھەندێک لە شانۆگەری و وێنەخانەی داخڕاو، کە گیانلەبەران لەناو قەفەزێکی بچوک بەندکرابوون، دواتر پەرەی زیاتری پێدرا.

لەماوەی ساڵی ١٨٩٤ حەوزێکی ئاوی بۆ زیادکرا بۆ نمایشی گیانلەبەرە ئاویەکان.

تا ساتی کردنەوەی باخچەکە لە ١٨٩١ تەواوی گیانلەبەران ھی ناوەوەی سوێد بوون، دواتر ھەندێ لە ئاژەڵ و گیانلەبەری دەرەوەی سوێدیان ھاوردەکرد، وەک مامزی ئەمەریکایی.

لە ١٩٠١ بەشێوەیەکی بەرچاو جۆڕ و بڕی گیانلەبەرانی زیادکرا وەک ورچی جەمسەری و ورچی سێرک و جۆرەھای تر.

بەشی ئاژەڵناسی سکانسێن[دەستکاری]

ھۆڵێکی داخراوی سکانسێن.

لە ساڵی ١٩٢٤ بەشێوەیەکی فەرمی باخچەی گیانلەبەرانی کرایەوە، کەجۆڕەھا گیانلەبەری سەمەرەیان ھاوردەکرد وەک مەیمونی بایۆن و مەیمونی بچوک کەپێشتر خەلکی ئەسکەندەنافیا نەیانبینیبوو، لە ژووڕێکی داخراو نمایش دەکران کە خەڵک ناویان لێنابوو (ماڵی ئاژەڵەکە) دواتر حەوزێکی زۆڕ زیادکران بۆ نمایشی جۆڕەکانی ماسی، ھێنانی ئاژەڵە جۆڕبەجۆرەکانی وەک کیسەڵ و بەبەغا و باڵندەی ڕەنگاو ڕەنگ زیاتر بەناوبانگی کرد، ئەوکەش و ھەوایە سروشتییەی دروستیان کردبوو وەک ئەوەوابوو کە لەناوەڕاستی دارستانێک بیت.

ھەرچەندە لە ١٨٦٠ فیلیان ھاوردەکردبوو بەڵام لە ١٩٣٠ بەھێنانی فیلی ئەفەریکایی و زەبەڵاح ژمارەی گەشتیارانی بۆ ئاستێکی زۆڕ بەرزکردەوە.

شایی و دانسی تیڤۆڵی لە گالیێن[دەستکاری]

سکانسێن تەنھا بە باخچەکەی گیانلەبەران نەناسرابوو، بەلکو ڕووبەرێکی فراوانی تەرخانکراوبوو بۆ یاری منداڵان و یارییە ئاگرینیەکان و پیاسەی ئێوارانی گەنجان، گالیێن شوێنێکی تایبەت بوو بۆ شایی و دانس کە گەنجانی سوێد سەردانیان دەکرد، جگە لەھەبوونی نەخش و نیگار و دروستکردنی شێوەی گیانلەبەران لەسەر ڕوخساری منداڵان.

خانووی گوندنشینان[دەستکاری]

سکانسێن جگە لە نیشاندانی تەلاری شارەکانی سوێد، شێوەی خانوو و ماڵە گوندنشینەکانی سوێدی لێ نیشان دەدرا، گوندەکانی تەواوی سوێد لە باکور و باشور و ناوەڕاستی سوێد. کە خۆی لە ٤٠ خانوو دەبینێتەوە.

خزمەتگوزاری گشتی[دەستکاری]

سکانسێن لەگەڵ ھەموو نمایشە جۆربەجۆرەکانی چەندین کافتریا و کۆشکی خواردەمەنی و دەرمانخانە و بنکەی تەندروستی لەخۆ دەگرێت، بۆ زیاتر خزمەتکردنی گەشتیاران.

فڕۆشگای کەلتوری سکانسێن[دەستکاری]

کۆگایەکی فڕۆشتنی پێداویستی جەژنی لەدایک بوون.

لە ساڵی ١٩٣٠ بۆ یەکەم جار فڕۆشگایەکی لێ کرایەوە کەتایبەت بوو بە پێداویستییەکانی جەژنی لەدایک بون و چەژنی سەری ساڵ و بۆنەتایبەتییەکانی تر، پاشان وەک نەریتێکی لێ ھات و تاوەکو ئەمڕۆ پەرەی پێ دەدرێت.

کۆشک و فریاگوزارییە جۆربەجۆرەکان[دەستکاری]

  • دەرمانخانەی کرۆنان:دەرمانخانەیەکی دێرینی سکانسێنە، کەتاوەکو ئەمڕۆ لەشوێنی کۆنی خۆی ماوە.
  • نانەواخانە:نانەواخانەیەکی کۆنی سکانسێنە کەوتۆتە گەڕەکی سۆدێرماڵم لە سکانسێن.
  • میتۆلۆژیا ئەسکەندەنافیا، قوللەیەکی بەرزی شەش نھۆمییە لە ساڵی ١٨٩٢ دروستکراوە، لەلایەن یۆھان ئێریک سۆندرلۆند ھێلکاری کراوە، وەک بنکەیەکی پزیشکی بەکاردەھات، سەرەتا ناوی برادا بلیک بوو دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ میتۆلۆژیای ئەسکەندەنافیا.
  • چاپخانە و نامەبەر:تەلارێکی بورجوازییە لە ١٨٤٠ دروستکراوە، بەستراوە بە خانەی چاپ و نامەی ماڵان.

ئاھەنگە شاھانییەکان لە سکانسێن[دەستکاری]

یادی ڕۆژی نیشتمانی سوێد لە سکانسێن، ٢٠٠٩ کە شا و شاژن بەشداربوون.

ڕووداو و گەشتیاران[دەستکاری]

نمایشەکانی سکانسێن[دەستکاری]

نیوپەیکەری ئارتۆر ھازێلیۆس دامەزرێنەری سکانسێن، لەلایەن پەیکەرساز یۆھان ئەکسێڵ وێتەرلوند دروستکراوە.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]


بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]