ئەل ڕیحلە ئەدیداس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Al Rihla
ئەل ڕیحلە
جۆرتۆپی تۆپی پێ
دروستکەرئەدیداس
دەستپێکبەهاری ٢٠٢٢
بەرھەمھێنەرئەدیداس

ئەل ڕیحلە ئەدیداس ئەو تۆپەیە كە بۆ یاری تۆپی پێ دروستكراوە و تۆپی فەرمی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ ی قەتەرە كە لەلایەن كۆمپانیای ئەدیداسی ئەڵمانیەوە دروستكراوە.

ئەل ڕیحلە بە تۆپی زیرەک دەناسرێتەوە بەهۆی بوونی سیستەمی هەستەوەری زیرەک تیایدا کە زانیاری ووردی جوڵەی تۆپەکە دەدات بە سیستەمی ڤیدیۆی یارمەتیدەری ناوبژیوان VAR.

ئەم تۆپە بە یەکەم تۆپی فیفا دادەنرێت کە لە دروستکردنیدا کەلوپەلی دۆستی ژینگەی تێدا بەکارهێنراوە.

ناو[دەستکاری]

ناوی ئەم تۆپە ئەل ریحلە بە زمانی عەرەبیە، کە بە مانای "گەشتەکە" دێت لە زمانی کوردی و بە مانای "The Journey" دێت لە زمانی ئینگلیزی. کە ئەم ناوەش لای کەلتووری ئەدەبیاتی عەرەبی چەند مانایەکی تایبەتی هەیە بە نموونە گەشت کردن بۆ گەڕان بەدوای زانست ، گەشت کردن بەرەو ماڵی خوا (حەج)، کتێبی بەناوبانگی الرحلة ی ئیبت بەتووتە.

تەكنیك[دەستکاری]

ئەم تۆپە پێش هەموو یاریەك پێویستی بە بارگاویکردن هەیە بەهۆی بوونی چەند هەستەوەرێکی وورد تێیدا IMU Sensor كە لە توانایدایە لە چرکەیەک ٥٠٠ سیگناڵ بنێرێت بۆ هەموو کامێراکانی ناو یاریگا و سیستەمی ڤیدیۆی یارمەتیدەری ناوبژیوان.

تەکنەلۆژیای ئەم تۆپە لەلایەن فیفا و کەنیکسۆن ەوە پەرەی پێدراوە لە شاری میونشن.

ئەل حیلم[دەستکاری]

تۆپی ئەل حیلم ئەدیداس لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ڕاگەیەندرا بۆ یاریەکانی قۆناغی پێش کۆتایی و کۆتایی. ئەل حیلم بە واتای "خەونەکە" دێت لە زمانی کوردی و بە واتای "The Dream" دێت لە زمانی ئینگلیزی کە ئاماژەیە بۆ خەونی هەموو نەتەوەیەک بۆ بەرزکردنەوە جامی جیهانی فیفا. ئەل حیلم جۆرێکی تری تۆپی ئەل ڕیحلەیە کە هەمانی تەکنیکی ئەل ڕیحلەی تێدابەکارهاتووە ئەوە نەبێت ڕووکەشەکەی گۆڕدراوە بەشێوەیەک ئاماژە دەکات بە ئاڵای ووڵاتی قەتەر و ئەو ووڵاتانەی میوانداری یاریەکانی ئەو دوو قۆناغە دەکەن لەگەڵ ئەوەش هێڵێکی زێڕینی تێدایە وەک ئاماژەیەک بۆ جامە ئاڵتونیەکەی فیفا. ئەل حیلم بە پێنجەمین تۆپی تایبەت دادەنرێت تایبەت بە یارییەکانی کۆتایی.

تایبەتمەندی[دەستکاری]

ئەل ریحلە بەوە لە هەموو تۆپەکانی جامی جیهانی پێشووتر جیادەکرێتەوە کە لە دروستکررنیدا رەنگ و چەسپی ئاوی بەکارهێنراوە بۆ پاراستنی ژینگە، خێراتر دەفڕێت لە کاتی هەڵدانیدا لە چاو هەموو تۆپەکانی پێش خۆی لە مێژوودا، لە ٢٠ پارچەی دەرەکی درووست کراوە کە ٨ یان پێك هاتوون لە سێگۆشەی یەکسانی پچووک پچووک و ١٢ دانەشیان لە سێگۆشەی گەورە، بەرگی ئەم تۆپە لە چەرمی پۆلی یوریسین درووستکراو کە وا لە تۆپەکە دەکات بەردەوامیەکی زیاتری هەبێت بە ووردی لە کاتی فڕیندا.

ئەم تۆپە لەلایەن ئەدیداسەوە چەندین تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی بۆکراوە بۆیە بە ووردترین و باوەڕپێکراوترین و خێراترین تۆپ دادەنرێت لەچاو هەموو تۆپەکانی پێش خۆی کە بەکار‌هێنراون لە جامی جیهانیدا.

ئەل ریحلە لە دەستی گۆڵ پارێزێکی ئەڵمانی

ئەل ریحلە بە شێوازێك ڕووکەش کراوە کە گوزارشت لە کەلتوور و تەلارسازی و ئاڵای وڵاتی قەتەر دەکات.

بەرهەم‌ هێنان[دەستکاری]

کۆمپانیای ئەدیداس ئەل ریحلە لە ووڵاتانی چین و پاکستان بەرهەم دەهێنێت .

سەرچاوە[دەستکاری]

https://en.wikipedia.org/wiki/Adidas_Al_Rihla

https://en.wikipedia.org/wiki/Rihla