ئەلێکساندەر گراھام بێڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە ئەلێکساندەر گراهام بێڵەوە)
Jump to navigation Jump to search
ئەلێکساندەر گراھام بێڵ
لەدایکبوون٣ی ئازاری ١٨٤٧
ئێدینبەرە لە ئیرلەند
مەرگ٢ی ئابی ١٩٢٢(١٩٢٢-08-0٢) (٧٥ ساڵ ژیاوە)
نۆڤا سکوشیا لە کەنەدا
ھۆکاری مەرگشەکرە
نیشتەجێبەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و کەنەدا
ناوبانگداھێنەری تەلەفۆن
کارە دیارەکانیداھێنانی تەلەفۆن
ھاوسەرمابێل ھابەرد
منداڵەکانچوار منداڵ (دوان لەساتی لەدایکبوون مردن)
واژوو
Alexander Graham Bell (signature).svg

ئەلێکسەندەر گراھام بێڵ (٣ی ئازاری ١٨٤٧ – ٢ی ئابی ١٩٢٢) لە سکۆتڵەندا لەدایک بووە، داھێنەر و زانا و ئەندازیارێکی ئەمریکی بوو، بە یەکەم داھێنەر و دۆزەرەوەی ئامێری تەلەفۆن دادەنرێ. ھەروەھا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای تەلەفۆن و تەلەگرافی ئەمریکیی (AT&T) لە ساڵی ١٨٨٥.[١]

باوک و باپیر و برای بێل کاریان لەسەر زمانی ڕەوانبێژی و قسەکردن دەکرد و دایک و خێزانی بێل کەڕ بوون، کە ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر کارەکانی بێل ھەبوو لەماوەی ژیانیدا. لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بیستن و قسەکردن وای لە بێل کرد کە ئامێری گوێگرتن دروست بکات و بێڵی گەیاندە ئەو ئاستەی کە یەکەم بڕوانامەی داھێنانی ئەمریکی بۆ تەلەفۆن وەربگرێ لە ٧ی ئازاری ساڵی ١٨٧٦. بێڵ ئەو داھێنانەی وەک ڕێگرێک دەبینی لە کارەکانی وەکو زانایەک بۆیە بەکارھێنانی تەلەفۆنی ڕەتدەکردەوە لە تاقیکردنوەکانی.

بێڵ چەندین داھێنانی تریشی ھەبووە لە قۆناغەکانی دواتری ژیانی، لەوانە داھێنانی ھێڵە پەیوەندییەکان لەنێو ئاودا وھایدرەفۆیل کە بۆ دوورخستنەوەی شەپۆلی ئاو بۆ بەلەم بەکاردێ و زانستی فرۆکەوانیی. ھەرچەندە بیڵ یەکێک نەبووە لە ٣٠ دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ناشنەڵ جیۆگرافی، بەڵام کاریگەرییەکی زۆری لەسەر گۆڤاری ناشنەڵ جیۆگرافی ھەبووە لەو کاتەی کە بە دووەم سەرۆکی گۆڤارەکە دامەزرا لە ٧ی مانگی یەکی ١٨٩٨ تاکوو ١٩٠٣.[٢]

جگە لە کارە زانستییەکانی، بێڵ داکۆکیکاری زۆرەملێی پرۆسەی خەساندن بووە، ھەروەھا وەک سەرۆکی چەندین ڕێکخراوی تایبەت بە کۆپی کردنی جینی مرۆڤ بۆ ھەڵبژاردنی ئاکاری بۆماوەیی خوازراو کاری کردووە.

ئەلێکساندەر بێڵ لە شاری ئێدنبیرە لە سکۆتلاندا لە ٣ی ئازاری ساڵی ١٨٤٧ لە دایک بووە. ماڵی خێزانەکەی لە گەڕەکی ساوث چارلۆت ستریت بووە، ئێستا بەردێکی لێیە کە نیشانەی شوێنی لە دایک بوونی ئەلێکساندەر گراھام بێڵە. بێڵ ٢ برای ھەبووە: مێلڤیڵ جەیمس بێل (١٨٤٥–١٨٧٠) و ئێدوارد چارلیس بێڵ (١٨٤٨–١٨٦٧) کە ھەردووکیان بە ھۆی نەخۆشی سیلەوە کۆچی دواییان کرد.[٣]

باوکی پرۆفیسۆر ئەلێکساندەر مێڵڤڵ بێل بوو کە زانای بواری دەنگەکان بوو، دایکیشی ناوی ئەلیزا گرەیس بوو. ھەر کە لە دایک بوو ناوی "ئەلێکساندەر بێڵ"یان پێ بەخشیوە، بەڵام لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا داوای لە باوکی کرد کە ناوی دووەمیشی بۆ دانێ ھەروەک براکانی. لە تەمەنی ١١ ساڵی و ڕۆژی لەدایکبوونیدا، باوکی ڕێگای پێدا کە ناوی گراھام بۆ خۆی زیاد بکات وەک ڕێزێک بۆ گراھام بێڵ ئەو پیاوە کەنەدییەی کە لەلای باوکی کاری دەکرد و ببوو بە ھاوڕیی خێزانی. بەڵام لەلایەن خێزان و ھاوڕێکانی ھەر بە "ئالێک" ناسرابوو.

یەکەم داھێنانی[دەستکاری]

ھەر لە تەمەنی منداڵیدا، بێڵ ئارەزووی زانینی ھەبوو دەربارەی جیھانی دەوروبەریی. ھەر لە بچووکییەوە ھەڵدەستا بە کۆکردنەوەی نموونەی ڕووەکی و لێکۆڵینەوەی لەسەریان دەکرد. نزیکترین ھاوڕێی ناوی بێن ھاردمان بوو کە دراوسێشیان بوو و خێزانەکەی کاری ئاشی ئاردیان دەکرد. لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بێڵ ئامێرێکی دەستکردی دروستکرد کە پێکھاتبوو لە ئاسنێکی خولاوە و چەند فڵچەیەک. دوای ئەوەی ئامێری ھاڕینی دروستکرد لە ئاشەکە، لەوێ بەکاردەھێنراو بۆ ماوەیەکی زۆر بە بەردەوامی کاری پێ دەکرا. باوکی بێڵ کە ناوی جۆن ھاردمان بوو وەک خەڵاتێک شوێنێکی بچوکی کارکردنی دا بە ھەردوو کوڕەکە بۆ ئەوەی کاری داھێنان بکەن لەوێ.[٤]

ھەر لە سەرەتای ژیانیدا بێڵ حەز و ئارەزوویەکی سروشتیانە و بەھرە ھەبووە بۆ ھونەر و شعر و مۆسیقای کە دایکی ھاندەری بووە. بەبێ ھیچ ڕاھێنانێکی فەرمی، فێری ژەنینی پیانۆ بوو و بووە پیانۆژەنی خێزانەکەی. ھەرچەندە بێل بە سروشتی خۆی کەسێکی ھێمن و کەمدوو بوو، بەڵام حەزی بە لاسایی کردنەوەی دەنگەکان دەکرد «واتە فێڵی دەنگەکان» وەک ئەوەی لە ناخەوە بدوێ و بەم شێوەیە دڵی میوانەکانی خۆشدەکرد لەکاتی سەردانەکانیان.

لە دەستدانی ھەستی بیستنی دایکی لە ناخەوە کاریگەری کردبووە سەر بێڵ (دایکی ھەستی بیستنی دەستی بە کەمبوون کرد کاتێک بیڵ تەمەنی ١٢ ساڵ بوو)، ھەروەھا فێری زمانی پەنجەکان بوو بۆ ئەوەی بتوانێ لە تەنیشتیدا دابنیشێت و بە بێ دەنگی ئەو باسانەی کە لە دەوروبەری دەگوزەرا لە ھۆڵی خێزانەکەیدا پێیرابگەیەنێت. ھەروەھا شێوازێکی قسەکردنی دانا کە بە شێوەیەکی ڕوون و تۆنێکی ھاوسەنگ بە ئاراستەی نێوچەوانی دایکی دەدوا بۆ ئەوەی دایکی بە ڕوونی لیی تێبگات. ھەر ئەو بارودۆخەی دایکی وای لە بێڵ کرد کە لەسەر دەنگەکان لێکۆڵینەوە بکات.

خێزانی بێڵ بۆ ماوەیەکی درێژ بوو کە وانەی ڕەوانبێژیان دەگوتەوە. باپیری، ئەلێکساندەر بێڵ لە لەندەن و، مامی لە دەبلین و، باوکی لە ئێدنبڕا، ھەموویان ڕەوانبێژ بوون. باوکی زۆر بەرھەمی بڵاوکردەوە لەسەر ئەم بابەتە، تەنانەت ھەندێکیان تاوەکوو ئیستاش ھەر ماون و دیارن بە تایبەت کتێبی «پێوەری ڕەوانبێژ» کە لە ساڵی ١٨٦٨ لەشاری ئێدنبڕا بڵاوکراوە. ئەم کتێبە ١٦٨ جار چاپ کرا لە بەریتانیاو نزیکەی یەک چارەگ میلیۆن کۆپی تەنھا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێ فرۆشترا. لەم لێکۆڵینەوەیەدا، باوکی باسی ڕێگاکان و چۆنییەتی فێرکردنی کەسانی نابیست و لاڵ دەکات کە چۆن بتوانن وشەکان و جوڵەی لێوی کەسی بەرامبەر بخوێننەوە بۆ ئەوەی باشتر تێبگەن. باوکی بێڵ، بێڵ و براکانی تەنھا فێری نووسین نەکرد بەڵکو فێری ئەوەشیانی کرد کە چۆن بتوانن وشەکان بناسنەوە لە ڕێگای دەنگ و ھێماکانیان. بێڵ بە شێوەیەک بەھرەمەند بوو کە توانی ببێتە بەشێک لە ڕوونکردنەوە گشتییەکانی باوکی و توانی سەرنجی ئامادەبووان بۆ تواناکانی خۆی ڕابکێشێت. ئەو توانای جیاکردنەوەو تیگەیشتنی قسەکانی ھەبوو لە ھەموو زمانێکدا لەوانەش زمانی لاتینی و سکۆتڵەندی تەنانەت زمانی سانسکیرتیش. ھەروەھا توانای خوێندنەوەی ھەبوو لەم زمانانە بە بێ ئەوەی پێشتر ھیچ شارەزایییەکی ھەبووبێ لە دەنگاکان و شێوازی دەربڕینی وشەکانیان. .[٥]

خوێندن[دەستکاری]

ھەر لە بچوکیدا، بێڵ وەکو براکانی لەلایان باوکییەوە لە ماڵەوە وانەیان پێ دەوترا. لە تەمەنی بچوکیدا چووە قوتابخانەی ئامادەیی ئێدنبڕای شاھانە لە سکۆتڵاندا و لەتەمەنی ١٥ ساڵیدا بەجێی ھێشت کە تەنھا ٤ کۆرسی لەوێ خوێند. لە قوتابخانەی ئامادەییدا نمرەکانی باش نەبوون و ڕۆژانی نەھاتووشی زۆر بوو.[٦]

ئارەزووی سەرەکی ھەر لە زانست بوو بە تایبەتی زیندەزانی و گرنگی بە بابەتەکانی تر نەدەدا لە قوتابخانە. ئەوەش وای کرد کە باوکی لێی توڕە بێت. دوای جێھێشتنی قوتابخانە بێڵ چووە لەندەن بۆ ئەوەی لەگەڵ باپیرەی بژیت. لە میانەی ئەو ساڵەی کە لەگەڵ باپیرەی دەژیا، خولیای خوێندن دووبارە لە ناخی بێڵ دروست بوو. ئەوەش وای کرد بە شێوەیەکی جددی چەندین کاتژمێربە گفتوگۆی قوڵ و خوێندن بەسەر ببات. باپیرەی بێڵ زۆر ھەوڵی دەدا بۆ ئەوەی نەوەکەی فێری قسەکردن بە ڕوونی و بە باوەڕەوە بکات کە ئەمەش ئەو لێھاتووییانە بوون کە لە دواڕۆژدا وەکو مامۆستایەک پێوستی پێ دەبێ.

بێڵ لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا دەستی بە کاری وانە وتنەوەی مۆسیقا و وتار کرد لە ئەکادیمیای وێستۆن ھاوس لە ئێلگن، مۆرای، لە سکۆتڵاند. ھەرچەندە خۆی وەک قوتابییەک وانەی لاتین و یۆنانی دەخوێند، بەڵام خۆی وانەی دەداوە بۆ بەدەستھێنانی ژەمە خۆراک و ١٠ پاوەند بەرامبەر ھەر وانەیەک. ساڵی دواتر چووە زانکۆی ئێدنبڕا پاش ئەوەی براکەی مێلڤڵ ساڵی پێشووتر چووبووە ھەمان زانکۆ. لە ساڵی ١٨٦٨و ماوەیەکی کەم پێش ئەوەی بچێتە کەنەدا لەگەڵ خێزانەکەی، بێڵ بەشداری تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی کرد و لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن وەرگیرا.[٧]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "bell, n.1Oxford English Dictionary, 1st ed.، Oxford: Oxford University Press، 1887 .
  2. ^ "bell, v.4Oxford English Dictionary, 1st ed.، Oxford: Oxford University Press، 1887 .
  3. ^ Falkenhausen (1994), 134.
  4. ^ The National Cyclopaedia of Useful Knowledge, Vol III, (1847) London, Charles Knight, p.126.
  5. ^ Glockenfampf (24 September 2015). Salzburg (Austria) The bells of Salzburg cathedral. YouTube. لە ڕێکەوتی ٠٦ی ئەیلوولی ٢٠١٨ ھێنراوە. 
  6. ^ Jennings، Trevor (1988). Bellfounding. Princes Risborough, England: Shire. پەڕە 8. ISBN 0-85263-911-2. 
  7. ^ "Why do Hindus ring bell in temple". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە 12 March 2015. لە ڕێکەوتی ٠٤ی ئازاری ٢٠١٥ ھێنراوە. 

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]