ئەحمەد ڕەفیق

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەحمەد ڕەفیق : (١٩١٠-١٩٦٩) "پسپۆڕی ئەکادیمیی بواری تووتنناسی" ئەحمەد ڕەفیق کوڕی حاجی فەرەج کوڕی حاجی حامید و لە نەوەی سەیید محەمەدی سەیید قادری گەورەی ھەمەدانە .

پێشینەی خێزانیان[دەستکاری]

دایکی، خاتوو ڕەعنای حاجی برایم‌ئاغایە. سەیید محەمەد، خاوەندی کاروانی گەورەی بازرگانی بووە و دەورانی حوکمی میرایەتیی بابان، ھاتوچۆی قەڵاچوالانی کردووە و دۆستایەتیی لەتەک ئیبراھیم‌پاشای بابان ھەبووە. کە پاشای بابان جێی ئێستای سلێمانیی بۆ پایتەختی میرایەتییەکەی دەست‌نیشان‌کردووە، ئەویشی لەگەڵ بووە و کۆشکە دەرگا زێڕینەکەیی بە وەستای ھەمەدانی لەو جێیەدا دروست‌کردووە کە پاشتر بە (دەرگەزێن) ناسراوە. حاجی فەرەجیش، بازرگانێکی موڵکداری ناوبەدەرەوەی شار بووە، لە گرانیی یەکەم جەنگی جیھانی‌دا، پێ‌بەپێی کەریمی عەلەکە، فریای خەڵک کەوتووە و عەماری گەنم و جۆی خستووەتە سەر پشت و بەسەر ھەژارانی‌دا بەشیوەتەوە. جگە لەوە، داڵدەی ژمارەیەکیشی لێ‌داون و تا لە خەم ڕەخسیون، بەخێوی‌کردوون . [١][٢]

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

ئەحمەد ڕەفیق

ئەحمەد ڕەفیق ساڵی ١٩١٠ لە گەڕەکی (دەرگەزێن)ی شاری سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. ١٩١٧ چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی. باوکی پاشان ناردوویە بۆ بەغدا، بۆ خوێندنی سانەویی مەرکەزی، کە ساڵی ١٩٣١ تەواوی‌کردووە. ئەمجا لە وەزیفەی حکوومەتی‌دا دامەزراوە. ١٩٣٣ نێردراوە بۆ خوێندن لە پەیمانگای تووتنی ئیزمیر لە تورکیا. دوو ساڵ لەوەبەدوا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ڕاسپێردراوە لە تووتنی کوردستان بکۆڵێتەوە و ڕاپۆرتێکی لەبارەوە ئامادەبکا، بە سەرکەوتوویی بە ئەنجامی گەیاندووە. ناوەڕاستی ساڵانی سی، نێردراوە بۆ ئەمریکا بۆ خوێندن، گەواھینامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی کشتوکاڵی ویلایەتی کارۆلینای باکوور بەدەست‌ھێناوە. ئەمجا گواستوویەتیەوە بۆ زانکۆی کینتاکی و گەواھینامەی ماجستێری لە پسپۆڕیی تووتن‌دا وەرگرتووە . [١][٢]

گەڕاندنەوەی بۆ عێراق[دەستکاری]

کۆتاییی ١٩٣٩ گەڕاوەتەوە بۆ عیراق و لەبەرئەوەی دووەم جەنگی جیھانی ھەڵایساوە، ژمارەیەکی زۆر پاپۆڕی مەدەنی نوقوم‌بووە و دوچاری مەترسی ھاتووە، سەفەرەکەی لە لەندەنەوە بۆ ئەسکەندەروونە دوو مانگ پتری خایاندووە. کاربەدەستانی بەغدا پشتیوانیی پڕۆژەکەییان کردووە بۆ بنیاتنانی شارێکی کشتوکاڵیی زانستی و کراوە بە بەڕێوەبەری (مەزرای بەکرەجۆ - حقل بکرەجو) کە ھەر خۆی جێیەکەی ھەڵبژاردووە و دانراوە بە ھەموو پێویستییەکی وەک میوانخانە، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، پڕۆژەی ئاو و کارەباخانە جێ‌بەجێی بکا، لە کاتێک‌دا جۆرەھا تۆوی بیانیی گوڵ و میوەھات و سەوزەواتی لە ئەمریکاوە لەگەڵ خۆی بۆ ھێنابووەوە. بەوپێیە ڕێیە سەرەکییەکانی بەکرەجۆی بە گێلاس و داری‌تری میوە و گوڵ ڕازاندووەتەوە. ناوەڕاستی ساڵانی چل، باخێکی گشتیی بەرامبەر بە دەروازەی بەکرەجۆ دامەزراندووە و ناویی‌ناوە (باخی بەختیاری) بە ناوی بەختیاری کوڕیەوە . [١][٢]

بەرپرسیی ئینحیسار و بژارکردنی تووتن[دەستکاری]

ئەحمەد ڕەفیق، ھەر ئەو ماوەیە بەرپرسیی ئینحیسار و بژارکردنی تووتنی وەرگرتووە و ھەوڵی‌داوە جۆری بەرھەمەکە باشتر و زیاتر بکا. لەبەرئەوەی خۆی مشووری ڕێکخستنی لیژنەکانی پشکنینی تووتن و پۆلێنکردنی بەرھەمی جووتیاران و دانانی پلەی گونجاوی تووتنی کردووە، تووتنی عیراقی لە کۆتاییی ساڵانی چل‌دا -بە قسەی چەند ڕۆژنامەیێکی ئەوروپایی- جێ‌وڕێیەکی بەرزی بازرگانیی لە بازاڕی جیھانی‌دا بۆ پەیدابووە و گەیشتنی بڕێکی زۆریشی بە بازاڕی ئەڵمانیا، بووەتە مایەی دابەزینی نرخی تووتنی وڵاتی ڕووسیا. ھەرچی بژار و جیاکرنەوەی تووتنیشە، ئەحمەد ڕەفیق ژمارەیەکی زۆری ئافرەتی -بەتایبەت- نەدار و بێوەژنی بۆ دامەزراندووە، بۆیە بە (باوکی فەقیران) ناوبانگی ڕۆیشتووە .[١][٢]

لەبەرئەوەی -ھەر لە دوادواکانی ساڵانی چل‌دا- گوێ لە قسەی ئەحمەد ڕەفیق نەگیراوە لە بەغدا و بڕی زۆری تووتنی ئامادەی بارکردن، بەبێ ڕەچاوکردنی کەش‌وھەوا و شێوەی گواستنەوە بۆ بەغدا، بە ناڕێکوپێکی گواستراوەتەوە و زیانێکی قورس بە ئابووریی ناوچەکە گەیشتووە [١][٢]

بەڕێوبەرایەتی[دەستکاری]

سەرەتای پەنجاکان دەستی لە وەزیفەی حکوومەتی کێشاوەتەوە و بە پلەی بەڕێوەبەر لە کۆمپانیای نەوتی عیراق دامەزراوە و ساڵی ١٩٥٥یش بە بەڕێوەبەری گشتیی دارستانی ناوچەی باکوور، کە ناوەندەکەی لە کەرکووک بووە، دانراوە. بەو ھۆیەوە، بە پێوەندیی خۆی، بەشێکی کۆمیانیاکانی ئەمریکای لە ڕێی حکوومەتەوە ھێناوەتە ناوچەکە و کۆمەک و ھاوکاریی زۆری جووتیارانی کوردی بە کەرەستە و گاسنی ئاسن و تۆو و ئامرازی کشتوکاڵی لێ مسۆگەرکردوون. ١٩٥٧ و پاش سەرژمێریی عیراق، چووەتە بەغدا و کراوەتە بەڕێوەبەر لە ئەمانەتی پایتەخت و پێنج ساڵ بەڕێوەبەری باخچە و شەتڵگەکان بووە. بە پێشنیای ئەو دائیرەیەکی تایبەت بە باخچە و شەتڵگە لە ناوچەی (زەورا) بەرامبەر بە فڕۆکەخانەی کۆنی بەغدا بنیات‌نراوە، ئیتر ناوچەکە بووژێندراوەتەوە و کراوە بە سەیرانگایەکی گەورە و ھەموو ساڵێک ئاھەنگی جەژنی دارودرەختی تێدا سازکراوە. پاشان خۆی خانەنشین‌کردووە و کارگەکانی بەرھەم‌ھێنانی جگەرە لەوەبەدوایش ڕاوێژیان پێ‌کردووە . [١][٢]

جگەرەی پایپی[دەستکاری]

لە کارگەی جگەرەی جمھووریی سلێمانی کاری‌کردووە و جۆرێک جگەرەی پایپی بەرھەم‌ھێناوە لە تووتنی کوردستان، کە ھاوتای باشترین جۆری جگەرەی ڕۆژئاوایی بووە .[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیری[دەستکاری]

ئەحمەد ڕەفیق، ڕۆژی ٢٦/١١/١٩٤٢ لەگەڵ خاتوو ناھیدە کچی ڕەفعەتی مەحموودئاغا خێزانی پێک‌ھێناوە و ئەمانەی لێ‌بووە: بەختیار ١٩٤٣، غونچە ١٩٤٥، سامان ١٩٤٦، ڤیان ١٩٥٦ . [١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

لە ڕۆژانی کۆتاییی تەمەنی‌دا تووشی نەخۆشییەک ھاتووە کە ھێندە درێژەی‌نەکێشاوە، ڕۆژی ٢٤/١٢/١٩٦٩ کۆچی‌ دواییی کردووە. [١][٢]

ئەلبوومی وێنەكانی[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ وێنە و چوار لاپەڕەی ژیاننامەکەی، ئامادەکراوی بەڕێز سامان ئەحمەد ڕەفیق بە عەرەبی.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 7998 - 8000 ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .