بەرەبەیانی مەسیحییەت
بەرەبەیانی مەسیحییەت (بەئینگلیزی: Early Christianity، بەعەرەبی: المسيحية المبكرة)، زاراوەیەکە ئاماژە دەدات بە مەسیحییەت لەماوەی دوای مردنی یەسووع، لەساڵانی ٣٣ ی زایینی بەپێی تەقلیدی کڵیسایی و هەتاوەکوو ساڵی ٣٢٥ ی زایینی و بەستنی ئەنجوومەنی نیقییەی یەکەم، ئەو زاراوەیە زۆر جار بەهۆی بەرتەسکی ئەو ماوەیەوە بەکاردێت، چوونکە تەنها یەکەمین کڵێسای مەسیحییەت لەخۆ دەگرێت کە قوتابییەکانی یەسووع و هاوچەرخەکانیانی لەخۆ گرتبوو.
لەیەکەمین سەدەکاندا، مەسیحییەت ترازا لە یەهوودییەت و جیابووەوە بە شێوەیەکی تەواوەتی، بەمەش کڵێسا پەیمانی نوێ ژیا، لەسەر مەسیحییەکانیش ئەرک بوو کە بەرگری لە بیروباوەڕیان بکەن لەڕووبەرووبوونەوەی ئایینەکانی تردا کە بەسەرتاپای ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانیدا بڵاو بووبووەوە، هەروەها کۆمەڵێک چەوساندنەوەی زۆر بەسەریاندا هات کە ئیمپڕاتۆرە ڕۆمانییەکان بەرپایان دەکرد دژ بە مەسیحییەت و شوێنکەوتووەکانی.
[دەستکاری] مێژوو
لەسەرەتای سەدەی دووەمی زایینیدا، مەسیحییەت بریتیی بوو لە کۆمەڵێک جەماعەتی پەرتەوازەی بچووک لەنێو کۆمەڵگادا لەنێو ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا، هێزی باوەڕ و ڕۆشنبیری ڕۆمانییان شتێکی ناسراو بوو، ئەمە بەدەر بوو لەو کەسانەی کە نوێ بوون بۆ ئایینەکە. لەلایەکی ترەوە، گەورەترین ترس بۆ ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی بریتیی بوو لە رەتکردنەوەی مەسیحییەکان بۆ پەرستی ئیمپڕاتۆر کە رەگەزی یەکبوونی ئیمپڕاتۆرییەتەکە بوو، ئەمە جگە لە رەنکردنەوەیان بۆ سەرجەم بۆنە فەرمییەکان، هەروەها ئاشکرا کردنیان بۆ قۆرخکردنی ڕاستی و هەڵبژاردنی مردن لەبری لادان لە ئایینەکە، هەر ئەمەش بوو وایکرد کە وتاردەری ڕەوانبێژ لۆقیانۆس بڵێت کە ئەمانە مێشک و بیریان سووک و سادەیە و تاوانبار نین بەڵکو یەسووعی دووڕوو هەڵیخڵەتاندوون و پێشەوا ئایینیەکانیش یارییان پێ دەکەن.[١]، لەگەڵ ئەمەشدا مەسیحییە پێشەنگەکان ئەوەیان بەشێوەیەکی تایبەت ڕەت دەکرەوە کە لەیەک خستن هەبێت بە زانستە دنیاوییەکانەوە بەهۆی پەیوەندیداربوونی بەشێوەیەکی قایمەوە بە ئایینە بتپەرستەکانەوە. [٢]، ئەمە وایکرد کە مێژووناسی ڕۆمانی سەلەس دەوروبەری ساڵی ١٧٥ لۆمەی مەسیحییەکان بکات لەسەر پاڵپشتیکردن و بەرگریکردنیان لە نەزانی خۆیان. [٣].
باردودۆخەکان لەدوای نیوەی سەدەی دووەمی زایینییەوە بەرەو گۆڕان چوو، چوونکە مەسیحییەکان درکیان بەوە کرد کە دووەمین گەڕانەوەی چاوەڕوانکراوی یەسووع کاتێکی زۆر درێژ دەخایەنێت و مانەوەیان لەسەر زەوی درێژە دەکێشێت، بۆیە هەوڵیان دا کە باوەڕەکەیان بەشێوەیەکی پڕتر لە عەقڵانییەت و سیستەم پێشکەش بکەن بە بەکارهێنانی ڕۆشنبیرییەکانی سەردەمەکەیان، ئەم درکپێکردنە گەیشتە ئەوەی کە ئەگەر کڵێسا نەیەوێت ڕەزاگران بێت لەلای کۆمەڵگا، ئەوا پێویستە لەسەر کە بەزمانی ڕۆشنبیرانی سەردەمەکە و خودی سەردەمەکە خۆی قسە بکات[٤]، بەم جۆرە یەکەمین بەرگریکار لە مەسیحییەت جۆستینۆس بوو کە کوژرا لە ماوەی چەوساندنەوەکانی ساڵی ٥٦٠دا.[٥]. لەدوای ئەمەشەوە نووسراو پەڕتووکەکانی بەرگری ڕووی لەزۆربوون کرد؛ هبراپۆلیس، ئەبۆلینارۆس و میڵتۆن نووسراو و پەڕتووکەکانیان پێشکەشی ئیمپڕاتۆر مارکۆس ئۆریلیۆس کرد، هەروەها ئەسیناگۆراس و مڵیتادیس نووسراوەکانیان بڵاوکردووە لەدەوروبەری ساڵی ١٨٠دا[٦]، کەسانی ڕۆشنبیریش وەکوو کجولیانۆس و ئەگناتیۆس کە بووبوونە مەسیحی؛ بەشدارییان کرد لەڕێگەی خۆشکردن بۆ مەسیحییەت کە بچێتە ناو کۆمەڵگایەکی زاڵەوە. لەکۆتایی سەدەی دووەمدا ئیدی کێشەیەکی ئەوتۆ بوونی نەما، بەجۆرێ کە تەنانەت باوکانی مەسیحیش منداڵەکانیان دەناردە قوتابخانە بتپەرستییەکان چوونکە لەپەروەردەیەکی مەسیحی درووست جیاواز نەبوو تەنها لە کۆرسە ئایین و ئەخلاقییەکاندا نەبێت[٧]، هەروەها قوتابخانە مەسیحییەکان و پەڕتووکە مەسیحییەکان پەیدابوون دامەزران لەگەڵ دەستپێکی سەدەی سێیەمی زایینیدا و ژمارەی مامۆستایانی مەسیحی لە قوتابخانە یۆنانییەکان و ڕۆمانییەکاندا ڕووی لە زۆربوون کرد و لەساڵی ٢٦٤دا ئەناکۆلیۆس بووە سەرەک قەشەی لازقیە، یەکەمین ڕاگری مەسیحی لە کۆلیجی فەلسەفە لە زانکۆی ئەسکەندەرییە، پاشان قەشە مالیخۆن بووە بەڕێوەبەری قوتابخانەی وتاردان و ڕەوانبێژی لە ئەنتاکیە.
ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆڵەرەوان وا دەبیین کە مەسیحییەت لە یەهوودییەتەوە گەلێک نزیک بووە لەڕووی داب و نەرییتەوە تا کۆتایی سەدەی دووەمی زایینی، بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە مەسیحییەت چووە ناو شارستانییەتی هێلینییەوە کە بوارێکی تری بڵاوبوونەوەی بۆ دەڕەخسێنێت لەگەڵ دەستپێکردنی سەدەی سێیەمی زایینییەوە[٨]، لەلایەکی ترەوە، ئێریک کۆفمان ئاشکرای دەکات کە مەسیحییەکان سیستەمێکی کۆمەڵایەتی چالاکییان لەسەر تیشکی ئینجیلەوە گەشەپێداوە، بەپێچەوانەی بتپەرستەکانەوە؛ مەسیحییەکان لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا گرنگییان بە نەخۆشەکانیان دەدا ئەمە هاوشانی گرنگیدان بە کەمئەندامەکانیان، ئەمە جگە لە جەختکردنەوە لەسەر بەوەفابوونی نێرەکان لە هاوسەرگیریدا و یەکێتی ئەو هاوسەرگیرییە، ئەمە جۆرێک لە خێزانی سەربەخۆ و جێبەخۆگرتووی درووست کرد کە کۆمەڵگای ڕۆمانی لەدەستی دابوو، هاوشانی ئەمانەش یاریدەدەری ئافرەتە باوەڕدارە نوێیەکانیان دەکرد لەچوارچێوەی ئەو جێگیرییەدا تا منداڵیان ببێت و ژمارەیەکی زۆرتر لە منداڵ پەروەردە بکەن، ئەمە لەگەڵ هەبوونی ژیانێکی کۆمەڵایەتی بێ وێنە و بێ هاوتا لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵەیەکی دیاریکراودا و یارمەتیتدانی بەردەوامیان بۆ یەکتر.[٩].
کێشەی سەرەکی کڵێسا لە ماوەی هەردوو سەدەی دووەم و سێیەمدا لە چەوساندنەوەی مەسیحییەکان لەلایەن ڕۆمانەوە خۆی دەبینێتەوە، لەسەرەتای دەرچوونی بەیاننامەی دەرکردنی مەسیحییەکان لەڕۆما لەساڵی ٥٨دا و تەنانەت تا ساڵی ٣١٢، مەسیحییەکان دەیان ناڵاند لەجۆرەها جۆری چەوساندنەوە، کە ناخۆشترینیان بریتیی بوو لەچەوساندنەوەی نیرۆن کە ئاگرکەوتنەوە لە ڕۆمای لێ کەوتەوە، دۆمیتیانۆس کە سی و حەوت ساڵ بەردەوام بوو لەسەر چەوساندنەوەی مەسیحییەکان؛ سەرەتای ڕۆژژمێری ناسراو بە ڕۆژژمێری قبتی یان میسڕی دەستەبەر کرد، و بەپێی سەرچاوە و ژێدەرەکانی کڵێسای قبتی ئۆرسۆدۆکسی؛ سەدان هەزار کەس لەماوەی ئەو چەوساندنەوەیەدا کوژراون[١٠]، هەریەک لە تراجان، مارکۆس ئۆریلیۆس، سێپتیمۆس سێڤیریەس، ماکسیمین، دێکیۆس، جالینۆس، ئۆریلیان و دیۆكلتيانۆس، بەگشتی لەمێژووی مەسیحییەتدا بە ١٠ چەوساندنەوە گەورەکە ناو دەبرێن[١١]، بەڵام دۆخەکان بەرەو باشبوون چوو لەگەڵ دەرچوونی بەیاننامەی لێبوردانەی گالیریۆس و هەنگاوەکانی ئیمپڕاتۆر قوستەنتین کە بووە هۆی دەرچوونی بەیاننامەی میلانۆ لەساڵی ٣١٢ دا کە تێیدا دان دەنێت بە مەسیحییەتدا وەکوو یەکێک لە ئایینەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی، وێڕای هەموو ئەو چەوساندنەوانەش، هێزی دیمۆگرافی مەسیحییەت گەشەی دەسەند لەگەڵ ئەوەی کە تا دەوروبەری ساڵی ٣١٢ ـەش لە ناو ئیمپڕاتۆرییەکەدا کەمینە بوون، بەڵام دواتر بوونە هێزێک کە ئیمپڕاتۆرییەت نەی دەتوانی دایان پۆشێت یان دانیان پیادا نەنێت.[١٢].
[دەستکاری] سەرچاوەکان
- ↑ الكنيسة والعلم، جورج مينوا، ترجمة موريس جلال، دار الأهالي، طبعة أولى، دمشق 2005، ص.
- ↑ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.78
- ↑ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.82
- ↑ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.81
- ↑ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.83
- ↑ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.83
- ↑ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.84
- ↑ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص. 86
- ↑ بڕوانە مێژووی شارستانییەت بوخچەی سێیەم، پەڕتووکی پێنجەم، بەشی ٢٨، بەندی یەکەم
- ↑ سەرەتایەک بۆ ڕۆژژمێری قبتی
- ↑ شەهیدبوون لە مەسیحییەتدا
- ↑ لكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.109