پێترۆس

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
(ڕەوانەکراوە لە بوتڕوسەوە)
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
سەمعان بوتڕوس
پایەبەرز بوتڕوس کاتێ کە کلیلەکانی مەلەکوتی ئاسمان بەدەستییەوە هەڵدەگرێت، نیشانەیە بۆ دەسەڵاتی بەسەر کڵێساوە.
پایەبەرز بوتڕوس
بوتڕوس، سەمعانی کوڕی یوحەننا، کوڕی یوحەننا، سەمعان، سەمعان بوتڕوس، بوتڕوسی بەردین...
لەدایکبوون سیدا، جەلیل، فەڵەستین
کۆچی دوایی ٦٧ زایینی.
ڕۆما
ڕێزلێنراوە بە کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی، کڵێسای ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژهەڵات، تایەفەی ئەنجلیکانی، لوسەریانیزم، ئیسلام[١]
شوێنگەی سەرەکی کاتدرائییەتی پایەبەرز بوتڕوس
مێژووی یادەوەری ٢٩ ی حوزەیران (لەگەڵ پایەبەرز پۆڵس)
(کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی، کڵێسای ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژهەڵات، تایەفەی ئەنجلیکانی، لوسەریانیزم)
کورسی پایەبەرز بوتڕوس لە ڕۆما ١٨ ی کانوونی دووەم.
دانپێدانانی پایەبەرز بوتڕوس ١٨ کانوونی یەکەم.
هێماکان کلیلەکانی بەهەشت، پاپایەتی کاسۆلیکی.

بوتڕوس (بەئینگلیزی: Peter) یان پایەبەرز بوتڕوس (بەئینگلیزی: Saint Peter)، ناوی سەمعانی کوڕی یوحەنایە و ناسراوە بە سەمعان بوتڕوس (بەئینگلیزی: Simon Peter، بەگریکی: Πέτρος)، یەکێکە لەپێشەوا مەسیحییە دەستپێکەکان، کە لەنێو پەیمانی نوێ و کرداری نێردراوەکاندا پلەیەکی بەرزی هەیە و یەکێکە لە دوانزدە قوتابییەکەی کە یەسووع هەڵیبژاردن کە ببنە شوێنکەوتووی. هەندێک لەگرتەکانی ژیانی بوتڕوس لەڕێگەی چوار ئینجیلە باوەڕپێکراوەکەەوە دەست دەکەوێت.

ناوەکانی[دەستکاری]

بوتڕوس یان پیتەر (لەئینگلیزیدا) و ناسراویشە بە کوڕی یوحەننا لای ئارامییەکان و عیبرییەکان، بوتڕوس بەواتای بەرد دێت. پیترا و بوتڕوس (بەگریکی: Κηφᾶς)، کیفا (کیفا و سیفاس כיפא، دیسان بە واتای بەرد دێت)، سیفاس بەئارامی. بەپێی بەسەرهاتەکانی نێو کتێبی پیرۆز بێت، سەمعان، ناوی بوتڕوسی لە لایەن یەسووعی مەسیحەوە پێ دراوە.

ژیاننامە[دەستکاری]

بوتڕوس لەگووندی سیدا لە جەلیل لە فەڵەستین لەدایکبووە و هەر لەوێش پەروەردە بووە، لەوێ خەریک بووە بە ئیش و کاری ڕاوکردنی ماسییەوە لەگەڵ ئاندرۆسی برایدا پێش ئەوەی یەسووع بانگهێشتی بکات تا ببێتە یەکێک لە شوێنکەوتووەکانی. بەڵام دواتر بووە پێشەوای نێردراوەکانی یەسووع. [٢] هەروەها یەکەمین کڵێسای دامەزراند و بەڕێوەی برد.

زۆرینەی زۆری مەسیحییەکان دان بە پایەبەرزی و پیرۆزی بوتڕوس دا دەنێن و دانی وەکوو یەکەمین پاپای ڕۆما. لەلایەکی ترەوە هەندێک تایەفەی مەسیحی دیکە بە یەکەمین سەرەک قەشەی ئەنتاکیا ی دادەنێن کە دواتر بووەتە سەرەک قەشەی ڕۆما. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دەسەڵاتێکی سەرەک قەشەیی زۆرتری هەبوو بێت لە سەرەک قەشەکانی دیکەی دنیا، بەو بەڵگەیەی کە پڕۆتێستانتەکان وشەی پایەبەرز بەکار نابەن لەکاتی باسکردنی بوتڕوس دا بەڵکو بەتەنها وەک قوتابییەک یان نێردراوێکی یەسووع باسی لێ دەکەن. بوتڕوس بەپەرۆش بوو بۆ بەرگریکردن لە یەسووعی مامۆستای و کاتێ کە یەسووع چۆنییەتی مردنەکەی خۆی ئاشکرا کرد، بوتڕوس پێی گوت: "من ئامادەم لەگەڵتدا بێم بۆ زیندان، تەنانەت بۆ مردنیش لەگەڵت دێم."، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا بوتڕوس سێ جار نکۆڵی لە ناسینی یەسووع دەکات بەپێی بەسەرهاتەکانی ناو ئینجیل، ئەگەرچی یەکەم کەسیش بوو دانی نا بە خودایەتی یەسووعدا و باوەڕی پێی هێنا.

بوتڕوس بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە فەڵەستین و فینیقیە بەردەوام بوو لەسەر بڵاوکردنەوەی ئایینەکە، پاشان لەوێ ڕۆیشت لە ساڵی ٤٤ ی زاینییدا. پاشان گەرایەوە بۆ ئۆرشەلیم لەهەمان ساڵدا، هیرۆدس لەو کاتەدا فڕێی دایە زیندانەوە و فریشتەی خودا ڕزگاری دەکات بەپێی بەسەرهاتەکە، بۆیە بڵاوکردنەوەی ئایینەکەی کەمێک دواخست، پاشان ئەنجوومەنی یەکەمی لەگەڵ نێردراوەکاندا بەست و یەکەمین نامەی خۆی نووسی. پاشان گەڕایەوە بۆ ڕۆما و لەوێ سایمۆنی جادوگەری بەزاند و پەردەی لەسەر فرت و فێڵەکانی و هاوکاربوونی لەگەڵ ڕۆحە خراپەکاندا لادا. بوتڕوس لەلای نیرۆنی پادشاوە خۆشەویست بوو، کەچی دواتر لەبوتڕوس توڕە بوو تا گەیشتە ئەو ئەنجامەی بڕیاری گرتنی دەردا و خستیە زیندانەوە و لەخاچی دا. بوتڕوس لێرەدا لە تەوازوعدا داوای کرد کە بەپێچەوانەی یەسووعی مامۆستایەوە لەخاچ بدرێت، ئەمەش لەلایەن چەندین پایەبەرزەوە سەلمێندراوە و هاوکات ئاسەوارە مێژووییەکانی ڕۆماش بۆخۆیان بەڵگەن لەسەر ئەو ڕووداوە. بوتڕوس بەپەیمانێک لەگەڵ پۆڵسدا چووە ڕۆما، بەڵام پاش ئەوەی کڵێساکەی دامەزراند، لەسەردەمی نیرۆندا کوژرا لەدەوروبەری ساڵی ٦٧ی زایینی.

ناونانی بەناوی بەردەوە[دەستکاری]

لەگفتوگۆیەکدا لەنێوان یەسووع و قوتابییەکانی (لە ئینجیلی مەتتا بەشی ١٦ ئایەتی ١٦ تا ٢٠ دا)، یەسووع لەتەلەبەکانی پرسی: "خەڵک لەسەر من چی دەڵێن؟"، هەندێک لەتەلەبەکانی وەڵامی جیاوازیان پێ دا و لەزمانی خەڵکەوە دەیان گێرایەوە کە دەڵێن ئەو پێغەمبەرە یان یوحەننایە یان ئیلیای پێغەمبەرە یان پیاوێکی چاکەکارە. پاشان کە یەسووع پرسیارێک ئاڕاستیە قوتابییەکان دەکات و دەڵێت: "ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟"، بوتڕوس وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: "تۆ مەسیحی کوڕی خودای زیندوویت". لێرەدا یەسووع ناوی لێنا بەرد یان تاشە بەرد و پێی گووت تۆ ئەو بەردە دەبیت کە کڵێساکەمی لەسەر بنیاد دەنێم و دەرگاکانی جەهەننەم پێی ناوێرن. ئەمە یەکەمین دانپێدانان بوو بە وەحی خودای لەدوای یوحەننای بەئاوەشۆرەوە، یان بە لێکدانەوەیەکی باوتر کە لێکۆڵەرەوە پیتەر دانیاڵ هارینگتۆن کردوویەتی؛ بوتڕوس هێما بووە، لەهەمان کاتدا یەکێک بووە لە قوتابییەکان و یەکەم کەس بووە کە بانگهێشتکراوە و کاری کردووە وەک وتەبێژی کۆمەڵەی یەکەم، هەروەها بوتڕوس قودوە بووە بۆ باوەڕی سەرەتا و بەرەبەیانەکانی مەسیحییەت.

ڕۆیشتن لەسەر ئاو[دەستکاری]

سیان لە چوار ئینجیلەکە بەسەرهاتی ڕۆیشتن لەسەر ئاویان گێڕاوەتەوە، ئەو ئینجینلانەش بریتیین لە مەتتا و مەرقۆس و یوحەننا، لەو ئینجیلانەدا باس لەوە دەکرێت کە یەسووع لەسە ئاو دەڕۆیشت، بەبوتڕوسی گووت وەرە، بوتڕوسیش لەگەڵ یەسووعدا لەسەر ئاوەکە ڕۆیشت، بەڵام لەکاتی بەرزبوونەوەی شەپۆلەکاندا بوتڕوس ترسا و دەستی کرد بە ژێر ئاو کەوتن، بەڵام یەسووع گرتیەوە و ئاگاداری کرد سەبارەت بە کەمیی باوەڕی.[٣]

شتنی پێیەکانی[دەستکاری]

لەسەرەتای دواین خواندا، یەسووع دەستی کرد بە شتنی پێیەکانی قوتابییەکانی تا وانەیەکیان بداتێ لە بچووکی و تەوازوعدا، بوتڕوس لەسەرەتادا ڕەتیکردەوە کە ڕێگە بە یەسووع بدات کە قاچەکانی بشوات، بەڵام کاتێک کە یەسووع پێی گووت: "ئەگەر پێیەکانت نەشۆم، چارەنووست لەگەڵ من نییە"، پاش ئەو وەڵامەی یەسووع، بوتڕوس گووتی: "گەورەم، تەنها پێیەکانم نا، بەڵکو دەستیشم و سەریشم."[٤].

کۆچی دوایی[دەستکاری]

هەریەک لە بابیاس و ئیرۆنیمۆس و ئیکلیمیندەسی ئەسکەندەری و تەرتولیانۆس و کایۆس و ئۆریجانۆس و یۆسابیۆس کە لە پایەبەرزانی کڵێسا و مێژوونووسانی کڵێسان، چەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لە ٢٩ ی حوزەیران ی ساڵی ٦٤ی زایینیدا کوژراوە. لەکاتێکدا هەندیک لە لێکۆڵەرەوان پێیان وایە کە مردنەکەی لە ١٣ ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٦٤ دایە. بەپێی بڕوای کڵێساکانیش لەخاچدراوە لەسەر دەستی دەسەڵاتی ڕۆمانی. بەپێی یەکێک لە پەڕتووکەکانی ئەپۆکریفیا (کتێبە ئایینییە پەسەندنەکراوەکان لەلایەن کڵێساوە) کە بە پەڕتووکی پەرتووکی بوتڕوس ناودەبرێت، بوتڕوس بەپێچەوانەوە (سەری بۆ خوارەوە و قاچی بۆ سەرەوە) لە خاچدراوە. کڵێسای کاسۆلیکیش شوێنی ناشتنەکەی بە ژێر سەرپەڕێنگەی باڵا لە بازیلیکی پایەبەرز بوتڕوس لە ڤاتیکان، دیاری دەکات.

کەسایەتی[دەستکاری]

لەخاچدانی بوتڕوس، کێشانی کاراڤاجیۆ

دەتوانین لەڕێگەی ئەو نووسینانەوە کە لەسەر بوتڕوس هەن لە کتێبی پیرۆزدا ئەوە دەستنیشان بکەین کە کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕانەی بەپەرۆشی هەڵەشەی هەبووە و هەندێک جار پەلەی کردووە لەبڕیاردان یان لە پەیماندان دا.

هەندێک لە لێکۆڵەرەوانی پەیمانی نوێ پێیان وایە کە لەسەرەتادا بوتڕوس قوتابی یوحەننای ئاوەشۆرەییکەر بووبێت پێش ئەوەی دوای یەسووعی مەسیح بکەوێت و ببێتە کەسایەتی دیار لەنێوان قوتابییەکاندا، لەنێو ئینجیلەکاندا بەشێوەیەکی گەورە و جیاوازتر لە قوتابییەکانی تر باسی لێوە کراوە،

بەپێی کتێبی پیرۆز، لەکاتی گرتنی یەسووع و پێش لەخاچدانی هەر وەک چۆن یەسووع لە پێشگوێییەکدا لە دواین خواندا بە بوتڕوسی دەڵێت، بوتڕوس سێ جار نکۆڵێ لەناسینی یەسووعی مەسیح دەکات، بەڵام دواتر پەشیمان دەبێتەوە لەو کارەی و یەسووع تۆببەکردنەکەی قبووڵ دەکرێت، پاش هەستانەوەی یەسووع لەمردن بوتڕوس و هاوڕێ نێردراوەکانی هێزیانی لە ڕۆحی پیرۆزەوە پێ درا و هەنگاویان نا بەرەو پێش بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینەکە لەهەموو شوێنێکدا.[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. Historical Dictionary of Prophets In Islam And Judaism, Brandon M. Wheeler, Disciples of Christ: "Muslim exegesis identifies the disciples as Peter, Andrew, Matthew, Thomas, Philip, John, James, Bartholomew, and Simon"
  2. (ئینجیلی مەتتا ١٦.١٨) و (ئینجیلی یوحەننا ٢١.١٥-١٦)
  3. ئینجیلی مەتتا 14:28-31
  4. ئینجیلی یوحەننا 13:2-11
  5. ویکیپیدیای عەرەبی