میرزا مارف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
میرزا مارف

میرزا مارف :(١٨٩٠-١٩٥٦) نووسەر ، شاعیر ،چالاكی سیاسی ، لەنەتەوەی كورد بووە.

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

ناوی محەمەد مەعرووف (مارف) کوڕی مەلا ئەحمەد موختار کوڕی محەمەد ئەمین و لە خێڵی (حەکیم باشی)ی شاری سلێمانییە، ساڵی ١٨٩٠ لە گەڕەکی (حاجی حان)ی شاری سلێمانی لەدایک بووە. بە منداڵی خراوەتە حوجرە و زیرەک بووە، خوێندنی دینیی تەواوکردووە. لە یەکەم جەنگی جیھانیدا کراوەتە سەرباز و پلەکەی گەیشتووتە (کوچک ضابط). لەبەر ئەوەی چاوی کزبووە، بە کاتبی عەسکەری لە نەخۆشخانە دانراوە. وڵاتانی تورکیا و سووریا و لوبنان بە سەربازی گەڕاوە.[١][٢]

وەزیفەكانی[دەستکاری]

لە یەکەم خولی حوکمی ڕاستەوخۆی ئینگلیزدا بە کاتب دامەزرێندراوە، براوەتە ناحیەکانی وارماوا، بازیان و پێنجوێن- ١٩٣٠. دواجار چووەتە دائیرەی مالییەی سلێمانی، گەیشتووەتە پلەی مودیرماڵی ھەڵەبجە. ١٩٣٦ بە مودەقیقی مالییە نێردراوەتە مووسڵ، پاشان ھێنراوەتەوە بۆ سلێمانی، کراوەتە مودیرماڵی چوارتا- ١٩٣٧، دوای ساڵێک (١٩٣٨) ھەڵەبجە و قەڵادزێ تا ١٩٤٣. گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی. ١٩٤٤ بە پلەی مودیرماڵی براوەتە کەرکووک تا لە دەوروبەری ١٩٤٩دا خانەنشین بووە. ئەوەبەدوا بە ئیستیخدام خراوەتەوە سەر وەزیفە، کراوە بە کاتب تەحریری کەرکووک. سێ چوار ساڵێک دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، کراوەتە موحاسیبی دائیرەی ئیعاشە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی ٢٩/٣/١٩٥٦ کۆچی دواییی کردووە و لە (گردی سەیوان) نێژراوە.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی[دەستکاری]

دوو ژنیشی ھێناوە: لە یەکەمیان کچێک و لە دووەمیان خاتوو "ئامینە"، دوو کوڕی (فەخری و عەبدوڵڵا) ناوانی بووە.[١][٢]

بەرهەمەكانی[دەستکاری]

میرزا مارف، تورکی و عەرەبی و فارسیی زانیون و زۆریش حەزی بە خوێندنەوە کردووە. لە ڕۆیشتنە عوموومییەکەی ڕۆژی ١٧/٦/١٩٢٣دا بە ماڵەوە چووەتە کەرکووک. زانراوە کە ئەندامێکی جەمعییەتی ھیوا-١٩٢٨ بووە.[١][٢]

شیعر و پەخشانی لە (ژین، گەلاوێژ، دەنگی گێتیی تازە)دا ھەیە. کتێبێکی دەستنووسی بە ناوی (حەقایقی وەجیزە)وە ھەبووە، ھێندێکی پێشتر لێ بڵاوکردووەتەوە، سۆراخی نییە.[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8185-8186
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج ڕۆژنامەی "ژیان"، یەکەم بەرگ، ل٤٠؛ عەلی مەحمود فەرەج، میرزا مارف شاعیر و بیرمەند و بەبەزەیی و چەند بیرەوەرییەک، گۆڤاری "سلێمانی، ژمارە ١٥٠، کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، ل٥١-٥٢.