زانین

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
کەسایەتیی مرۆڤانە بەخشین بە زانین (بەکەسکردن). بە یۆنانی لێی نووسراوە Επιστημη، واتە زانین.

زانین یان زانایی یان مەعریفەت (بەئینگلیزی: Knowledge، بە عەرەبی: معرفة) لە فەرھەنگەکاندا بەم جۆرە پێناسەکراوە:

  • شارەزاییگەل و پسپۆڕیگەلێک مرۆڤ لە ڕێگەی ئەزموون یان پەروەردەوە بەدەستیدێنێت؛
  • شتێک کە لە گۆڕەپانێکی تایبەتەوە یان بەگشتی دەزانرێت؛
  • ئاشنایی و ئاگاداریی بەدەستھاتوو بەھۆی ڕووداوێک یان بارودۆخێکەوە[١].

لە فەلسەفەدا، چەمکی زانین لە چەمکە بنەڕەتییەکانە. مەعریفەتناسی کە لە لقە سەرەکییەکانی فەلسەفەیە گرنگی بە سروشتی زانین و پرسیارەکانی دەوروپشتی زانین دەدات. باسە فەلسەفییەکان لە سەر زانین، بەگشتی، لە داڕشتنەکەی ئەفلاتوونەوە دەستیانپێکرد: "باوەڕی دروستی پاساوبۆھێنراو".

ئێستاکە ھیچ پێناسەیەکی پەسەندکراو بۆ زانین بوونی نییە و چاوەڕوان ناکرێت لە داھاتووی نزیکیشدا بوونی ھەبێت و بیردۆزە ناکۆک و دژبەیەکەکان وەکوو جاران دەمێننەوە.

پێناسکردنی زانین (فەلسەفە)[دەستکاری]

Vista-xmag.png وتاری سەرەکیمەعریفەتناسی

پێناسەی زانین لە گۆڕەپانی مەعریفەتناسیدا، بابەتی قسەملانێی ھەمیشەیی لە نێوان فەیلەسووفەکانە. پێناسە کلاسیکەکەی، شرۆڤەکراو بەڵام نە سەرەنجام پەسەندکراو لەلایەن ئەفلاتوونەوە، دەبێژێت بۆ ئەوەی کە زانین ھەبێت پێویستە لانیکەم سێ پێوەر بەجێبھێنرێن؛ کە بۆ ئەوەی وەکوو زانین بژمێردرێت، دەربڕین پێویستە پاساوبۆھێنراو، دروست و باوەڕپێکراو بێت (بـڕوانە: باوەڕی دروستی پاساوبۆھێنراو). ھەندێکەس بانگەشەدەکەن کە وەکوو ئەوەی نموونەکانی کێشەی گەتیەر وانیشاندەدەن، ئەم مەرجانە تەواو نین. لەباتی، ژمارەیەک جێگرەوە بۆ پێناسەکەی ئەفلاتوون پێشنیارکراون: ڕۆبەرت نۆزیک باسی پێویستییەکی نوێ دەکات؛ ئەوەی کە "زانین بە دوای ڕاستیدا بێت" و سیمۆن بلاکبێرن دەڵێت نابێت ئەو مەرجانە لە ڕێگەی "چەوت و خەوشدار"ەوە دەستەبەر بن. ڕیچارد کیرکھام پێشنیاردەکات کە پێناسەی ئێمە لە زانین پێویستی بەوە ھەیە کە "باوەڕەکە بۆ خاوەنباوەڕەکە بەڵگەنەویست بێت" [٢].

ڕاگەیاندنی زانین[دەستکاری]

ئەگەرچی زۆر کەسان لەگەڵ ئەوەن کە جیھانگرترین و بەرچاوترین ئامراز بۆ گواستنەوەی زانین نووسینە (بە گەلەک شێوەی جۆربەجۆرەوە)، بەڵام ھێشتا قسەوباس لەسەر بەسوودبوونی وشەی نووسراوە ھەیە و ھەندێک لە لێکۆڵەران بەگومانن لە کارتێکردنی لەسەر کۆمەڵگاکاندا.

مەعریفەتی زانستی[دەستکاری]

گەشەی پێڕەوی زانستی بەشێکی هەرە گرنگی تێگەیشتنی ئێمەی لە چەمکی زانین دروستکردووە. هەروەها زانست و سروشتی مەعریفەتی زانستی بوونەتە بابەتی لێکۆڵینەوە لە فەلسەفەدا. ئیساک نیوتن دەڵێت: بۆ ئەوەی ڕەوابێت وشەی زانستی بخەینە پاڵی پێڕەوێکی تۆژینەوەوە، پێویستە ئەو پێڕەوە لە سەر بنچینەی بنەما تایبەتەکانی بەڵگەهێنانەوە، بەڵگەی ئەزموونی و شایەنی لێڕوانین و شایەنی پێواندن کۆبکاتەوە.[٣]

پێڕەوی زانستی پێکھاتووە لەم قۆناغانە: کۆکردنەوەی دراوەکان لەڕێگەی تاقیکردنەوە یان ڕوانینەوە، بەڕێساکردن و ھەڵسەنگاندنی گریمانەکان.

ژ بیر نەکەن مەعریفەتناسی واتە کۆڵینەوە لە زانین و چۆنیەتیی بەدەستھێنانی زانین. زانست واتە "پێڤاژۆی ھەر ڕۆژ بەکارھێنراو بۆ ژیرانە جێبەجێکردنی بیرەکان لەڕێگەی ئەنجامگری لە شتگەلی ڕاستەقین کە تاقیکردنەوە بە وردی داڕێژراوەکان ئاشکرایکردوون". فرانسیس بەیکن کەسی ھەرە بەرچاو لە گەشەی مێژووییی پێڕەوی زانستیدایە. کارەکانی ئەو بوون کە بڕەویاندا بە شێوازی ھەڵھێنجانی لە لێکۆڵینەوەی زانستیدا. ئەم ئامۆژگارییە بەناوبانگە ھی ئەوە کە "زانین دەسەڵاتە".

واتای ئایینیی زانین[دەستکاری]

لە زۆرێک لە دەرکەوتنەکانی خاچپەرستیدا، زانین یەکێکە لە حەوت دیارییەکەی گیانی پیرۆز.

لە ئیسلامدا، زانین گرنگایەتییەکی زۆری پێدراوە. زانا (بە عەرەبی: عالم) لە ناوەکانی خواوەندە. قورعان دەڵێت زانین لە خواوەندەوە دێت[٤] و ژمارەیەکی زۆریش حەدیس ھەن کە موسڵمانان بۆ پەیداکردنی زانین ھاندەدەن. وتراوە کە موحەممەد وتوویە "لە بێشکەوە ھەتا گۆڕ بۆ زانین بگەڕن" و "بەڕاستی کە پیاوانی زانین میراتبەرانی پێغەمبەرانن".

پەرتووکە پیرۆزەکانی ھیندۆسەکان دوو جۆر زانین پێشکەشدەکەن: "پارۆکشا گنیانا" و "ئاپۆرۆکشا گنیانا". پارۆکشا گنیانا (یان پارۆکشا-ژنانا) زانینی دەستەدووە: ئەو زانینەی لە پەرتووکەکان و دەنگۆکانەوە و شتی لەم چەشنەوە بەدەستدێت. ئاپۆرۆکشا گنیانا (یان ئاپۆرۆکشا -ژنانا) ئەو زانینەیە کە لە ئەزموونی ڕاستەوخۆوە بەدەستدێت[٥].

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. فەرهەنگی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرد
  2. چاو لەم بەڵگەنامەیە بکەن: [١]
  3. یاساکان بۆ لێکۆڵینەوەی فەلسەفەی سروشتی، ئیساک نیوتن، پرەنسیپە بیرکارییەکانی فەلسەفەی سروشتی، کتێبی ٣، سیستەمی جیهان.
  4. سوورەی بەقەرە، ئایەی ٢٣٩
  5. سوامی کریشناناندا، بەشی حەوتەم. فەلسەفەی پانچاداسی.